جارێكی دیكە تەواوكردنی خانووەكانی گروپی ئۆزاڵ دوادەكەوێت  

 

 

سڤیل: بەهمەن عومەر

پارێزەری كۆمپانیا: بەئیزنی خوا 6 مانگی تر تەواو دەبێت


چەند بەشداربوویەكی گروپی خانووەكانی ئۆزاڵ لەهەولێر، دەڵێن ئەو كۆمپانیایە پێیانگوتون تاسەرەتای ساڵی 2013 خانوەكانیان تەواو نابێت و پارێزەری كۆمپانیاكەش رایدەگەیەنێت "كە لە 31/7/2012 خانوەكانیان تەواو دەبێت و بەپێی گرێبەست هەر هەقێكیان بكەوێتە سەر ئێمە بۆیان دەگێڕینەوە".
لەڕاپۆرتێكی مەیدانیدا كە لەژمارەكانی رابردووی (سڤیل)دا، بڵاو كرایەوە، كێشە و كەموكورتییەكانی پڕۆژەی گوندی ئۆزاڵ خرابووەڕوو كە لەلایەن كۆمپانیای گروپی ئۆزاڵ دروست دەكرێت و لە 1000یەكەی نیشتەجێبوون پێكهاتووە، ئەو كات كۆمپانیاكە پێیان گوتبوو لەسەرەتای ساڵی 2012 پڕۆژەكەیان بۆ تەواو دەكەن، بەڵام لەچەند رۆژی رابردوودا و لەچەند پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا ژمارەیەك لەبەشداربووانی ئەو گروپە بە (سڤیل)یان راگەیاند، جارێكی دیكە بەڕێوەبەرانی كۆمپانیاكە پێیان راگەیاندون كۆمپانیاكەیان تاسەرەتای ساڵی 2013 ناتوانێت خانووەكانیان بۆتەواوبكات و ئەو كەسانە ئەوەشیان گوت كە بەپێی گرێبەست نێوان ئەوان و كۆمپانیاكە دەبوو لەمانگی ئەیلولی 2011 خانوەكانیان بەتەواوكراوی بەهەموو خزمەتگوزارییەكانەوە پێبدرێت، ئەگەر ئەوەش نەكرا بۆهەر مانگێگ بڕی 200 دۆلاری ئەمریكی قەرەبوویان بۆ بگێڕنەوە، تاكاتێك تەواو دەبێت، وەك ئەوان گوتیان هەرچەندە تائێستا زیاتر لە (5)مانگ لەوادەكە دواكەوتووە، بەڵام هیچ بڕە پارەیەكیان بۆ نەگێڕدراوەتەوە، ئەگەر تاكۆتایی ساڵی 2012 تەواو نەكرێت لەو كاتەدا كۆمپانیاكە دەبێت بۆهەر بەشداربوویەك لەو خانووە بەلانی كەمەوە 3000 سێ هەزار دۆلاریان بۆ بگێڕدرێتەوە.
لەو بارەیەوە مەحمود ئەحمەد پارێزەری كۆمپانیای ئۆزاڵ گروپ لە لێدوانێكدا بۆ (سڤیل) سەبارەت بەوەی كە بڕیار بوو لە 1/9/2011 پڕۆژەكە تەواوبێت، گوتی "راستە پڕۆژەكە دواكەوتووە، بەڵام سەبەبەكە ئەوەیە كە دەستەی وەبەرهێنان پارەیان نەبوو بیدەن بەئێمە، ئەوەش لە كاتی خۆیدا بووە هۆی دواكەوتنی پڕۆژەكە". گوتیشی "ئێمە بەردەوام كەشفمان لەسەرە لەلایەن دەستەی وەبەرهێنانەوە، ئەوان ئێستا دەڵێن دەبێت پڕۆژەكە كاملەن تەواوبێت، پاشان تەسلیم بكرێت، نەك بەتەنیا خانووەكان بەڵكو بەكارەبا و رێگاوبان و ئاو و ئاوەڕۆ و ئینارەی داخلی و ئینارەی خاریجی و هەموو شتەكانی دیكە".
ئەو پارێزەرەی كۆمپانیا رەتی كردەوە كە تا كۆتای 2012 نەتوانن پڕۆژەكە تەواو بكەن و رایگەیاند لە "31/7/2012 بە ئیزنی خوا تەواو دەبێت یانی شەش مانگێك دوادەكەوین". هەرچەندە بەپێی سەردانی مەیدانی پەیامنێری (سڤیل) بۆ سەر پڕۆژەكە تائێستا تەنانەت بەردی بناغەی قوتابخانە و باخچەی ساوایان و باخچەی ناو پڕۆژەكە دانەنراوە، بەڵام مەحمود ئەحمەدی پارێزەی كۆمپانیاكە دەڵێت "ئەگەر بەردی بناغەشی دانەنرابێت ئێمە هەر لەو وادەیەی كە بەڵێنمان داوە تەواوی دەكەین". سەبەرەت بەماوەی دواكەوتنەكەش ئەو گوتی "چەند بەشێكە لە هەندێكیان حەوت هەشت مانگ دواكەوتووین، لەهەندێكیان پێنج مانگ دواكەوتووین، لە هەندێكیان سێ مانگ". بەڵام سەبارەت بەقەرەبووكردنەوەش گوتی "بەپێی گرێبەستەكە لەوێ چی نوسرابێت چۆن نوسرابێت بەو شێوەیە قەرەبوویان دەكەینەوە".
لەراپۆرتی پێشووی (سڤیل)دا سەبارەت بەدواكەوتنی ئەو پڕۆژەیە، هێرش موحەڕەم سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان لەحكومەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ (سڤیل) گوتبووی "ئەو هاوڵاتیانەی كە گرێبەستیان ئیمزا كردووە، بەپێی گرێبەستەكە بۆیان هەیە داوای مافی خۆیان بكەن، ئێمەش وەك دەستەی وەبەرهێنان پشتیوانی لەهاوڵاتیان دەكەین". گوتیشی "ئەگەر ببێت بەكێشە لەنێوان وەبەرهێنەر و هاوڵاتیاندا بەراستی ئێمە پشتیوانی لەهاوڵاتیان دەكەین و لەگەڵیان دەچینە دادگاو بەرگریش لە داواكاراییە رەواكانیان دەكەین".
پڕۆژە گوندی ئۆزاڵ لەناحیەی كەسنەزان نزیك هەولێر لە 1000 یەكەی نیشتەجێبوون پێكهاتووە، لەلایەن گروپ ئۆزاڵ بۆ دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون، لەسەر رووبەری (375،000)م دووجا و لەلایەن خانەوادەی تورگۆت ئۆزاڵی سەرۆك وەزیرانی كۆچكردوی توركیاوە سەرپەرشتی دەكرێت.
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com