بايكۆتكردنەكانی ئۆپۆزسیۆن لە كۆنـــــــگرەكاندا سیاسیە یان یاساییە؟  

 

 

سڤیل: سلێمانی

"ئـــۆپـــۆزسیــــۆن لەهەر شــــوێنێـــــك زانیبێتیان كەمینەن بایكۆتیانكردووە"

لەپاش دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕان و كارابوونی لایەنەكانی تری ئۆپۆزسیۆن، زۆر لەكۆنگرەو كۆبوونەوە گرنگەكان لەلایەن ئەوانەوە بەبیانووی جۆراوجۆرەوە كەوتنە بەر رەخنەو لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان بایكۆتیانكردووەو ئەمەش لای رۆشنبیران و چاودێرانی سیاسی خوێندنەوەی جۆراوجۆری بۆ دەكەن.
ئۆپۆزسیۆن چەند ساڵێكە لەكوردستان سەری هەڵداوەو بەدیاریكراویش لەدوای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان و لەساڵی 2009دا دروستبووەو هەر لەسەرەتای پێكهێنانی حكومەت لەلایەن د. بەرهەمەوە لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن دەنگیان پێنەداو بەشداریان لەپێكهێنانی حكومەتدا نەكردو دوابەداوی ئەوەش لەلایەن ئەوانەوە ژمارەیەك كۆنگرەی گرنگ بایكۆتكران لەوانە كۆنگرەی (سەندیكای رۆژنامەنوسان و سەندیكای تەندروستكاران و دواجاریش هەڵبژاردنی نوێنەرایەتی خوێندكاران و هتد).
بەبۆچوونی بەشێك لەچاودێرانی سیاسی و رۆشنبیران ئەم بایكۆتكردنەی لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئەوان نایانەوێت شەرعیەت بدەنەوە، بەو كۆنگرەو كۆنفرانسانەی دەبەسترێن، یاخود بەهۆی ئەوەوەیە لەهەر شوێنێك زانیبێتیان كەمینەن بایكۆتیانكردووە، لەبەرانبەریشدا بەوتەی دوو هەڵسوڕاوی لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن هۆكاری بایكۆتكردنەكان بۆ ئەوەدەگەڕێتەوە، ئەوان دەیانەوێت كاروبارەكانی وڵات بەیاسایی بكرێن نەك بەشێوەی نایاسایی و دەیانەوێت كۆی سیستەمەكە زیاتر بەرەو پێشەوە ببەن و دیموكراسی زیاتر بچەسپێنن.
عارف قوربانی سەرنوسەری رۆژنامەی ئاسۆ پێیوایە ئۆپۆزسیۆن بەكۆی رێكخراوە پیشەیی و دیموكراتیەكانیەوە هۆكاری رەتكردنەوەو بەشدارینەكردنەكەی بۆ ئەوەدەگەڕێتەوە ئەوان بەهۆی ئەوەی بەشداری حكومەتیان نەكردووەو لەكۆی دەسەڵاتەكەدا بەشدار نین، نایانەوێت لەرێگەی ئەوانەوە دەسەڵات و شەرعیەت بدرێت بەو سەندیكاو رێكخراوانە، ئەو گوتیشی "بێگومان لەمڕۆدا پارتی و یەكێتی زۆرینەی رێكخراو و سەندیكاپیشەییەكانی هەرێم پێكدەهێنن، ئەگەر هاتو لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن بەشدارییانكرد، ئەوا شەرعیەت دەدەن بەو سەندیكاو رێكخراوانەو ئەوە بەقازانجی پارتی و یەكێتی دەشكێتەوە". عارف قوربانی ئاماژە بۆ ئەوەشدەكات، دیوێكی تری ئەو بایكۆتكردنە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئەوان دەیانەوێت هەیبەت و دەسەڵاتێك ببەخشنە ئۆپۆزسیۆن و نایانەوێت بەتەواوەتی پەراوێز بخرێن و دەیانەوێت بەجۆرێك لەجۆرەكان بخوێنرێنەوەو حسابێكیان بۆ بكرێت و پەراوێزخراو نەبن لەكۆی سیستەمەكەدا.
لای خۆشیەوە ئەنوەر حسێن چاودێری سیاسی و ئەندامی ئەنجومەنی سەندیكای رۆژنامەنوسان هێما بۆ ئەوەدەكات، دەبوو ئۆپۆزسیۆن لەكۆی سیستەمە سیاسیەكەدا بەشداری بكردایە یاخود بایكۆتی بكردایە نەك لەلایەك بەشداری بكات و لەلایەكی تریش بایكۆتی بكات، ئەنوەر حسێن وتیشی "ئۆپۆزسیۆن لەسەری سەرەوەی هەرەمە سیاسیەكە كە پەرلەمانی كوردستانە بەشداریكردوەو دەوری هەیە، بەڵام من پێم سەیرە كە لەخوارەوەی هەرەمەكەدا بەشدار نابێت و رەخنەدەگرێت و بایكۆت دەكات، پێموایە بایكۆتكردنەكانی ئەوان زیاتر هۆكارەكانی سیاسیە نەك یاساییە، ئەگینا ئەوە خێرە لەیەكێتی مامۆستایان بەشدارن و لەسەندیكای رۆژنامەنوسان بایكۆتی دەكەن".
بەبۆچوونی ئەو ئەمە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن لەهەرشوێنێك یان هەر رێكخراو و سەندیكایەك زانیبێتیان ئەكسەریەت و زۆرینەن ئەوان بەشداریان كردوەو نمونەی ئەوەش دەهێنێتەوە، كە لەكۆنگرەی یەكێتی مامۆستایاندا بەشداریانكردووەو جێگری سكرتێریان پێدراوە، ئەو گوتیشی "بەشداریكرن و نەكردن پەیوەندی بە یاسایی و دیموكراسیەوە نییە، ئەگینا بەبۆچوونی من دەستێوەردان و حیزبیبوون لەچاو یەكێتی مامۆستایاندا، لەسەندیكای رۆژنامەنوسان دەیان قات كەمترە، بەڵام ئەوان بایكۆتی دەكەن، لەكاتێكدا كە مەحزەرمان هەیە كە برادەرانی گۆڕان و یەكگرتوو بەڵێنی بەشداریكردنیان داوە".
ئەنوەر حسێن گوتیشی "بەشێكی تری بایكۆتكردنەكەی ئەوان بۆ ئەوەدەگەڕێتەوە ئەوان دەیانەوێت هەمیشە فشارێك لەسەر دەسەڵات و كۆی سیستەمەكە دروستبكەن، دەبوو ئەو رێكخراوانەی ئەوان زیاتر بەتەنگ بەشداریكردنەوە بونایە بۆ ئەوەی لانی كەم سەربەخۆیی خۆیان بسەلمێنن، لەكاتێكدا كە خۆیان بانگەشەی ئەوەدەكەن پێویستە دەستی حیزب لەو سەندیكاو رێكخراوانە دووربێت، بەڵام لەمەوە بۆمان دەردەكەوێت مۆدیلی حیزبایەتی لەنێوان گۆڕان و پارتیدا و لەنێوان یەكگرتوو و یەكێتیدا، واتە لەنێوان حیزبەكانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆندا جیاوازیەك لەمۆدیلی كاركردنیاندا نییە".
لەبەرانبەر ئەو وتانەدا ئازاد چالاك هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕان و چاودێری سیاسی ئاماژە بۆ ئەوەدەكات، زۆرێك لەو رێكخراو و سەندیكایانە دەیانەوێت كاروبارەكانی كۆنگرەكانیان بەشێوەیەكی نایاسایی تێبپەڕێنن، بۆیە لەلایەن لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆنەوە بایكۆت دەكرێن و دەكەونە بەر رەخنە، ئازاد چالاك گوتیشی "زۆرجار پێش كۆنگرەكان لایەنەكانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن لەسەر چەند حاڵێك رێك دەكەون، بەڵام لەدواجاردا ئەو رێكەوتنە وەك خۆی جێبەجێناكرێت، بەنمونە دواین كۆنگرەی سەندیكای تەندروستكاران ئەوان دەیان ویست بەشێوەیەكی نایاسایی 34 كەس ببەنە كۆنگرەوە، ئەمەش بووە هۆی بایكۆتكردنەكە". ئەو گوتیشی "ئێمە دەمانەوێت كۆی سیستەمەكە زیاتر بەرەو دیموكراسی و كرانەوەی ببەین و تاكەكان لەسەر هەڵبژاردنێكی دیموكراسی و ئازاد رابهێنین و هەلی یەكسانیان لەبەردەمدا بۆ برەخسێنین و دەمانەوێت لەم رێگەیەوە خزمەتێكی زیاتر كۆمەڵانی خەڵك بكەین".
هەر بەهۆی رەخنەگرتن و بەشدارینەكردنی رێكخراوە قوتابی و خوێندكاریەكانی لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆنەوە پێدەچێت هەڵبژاردنی نوێنەرایەتی قوتابیان لەناوەندەكانی خوێندندا ئەنجام نەدرێت.
بورهان موزەفەر سكرتێری رێكخراوی گەشەپێدانی قوتابیانی كوردستانی سەر بە یەكگرتووی ئیسلامی ئاماژە بۆ ئەوەدەكات رەخنەو بایكۆتكردنەكانی ئەوان لەپێناو بەرژەوەندی گشتیدایەو هیچی بۆ خۆیان نەبووە، ئەو گوتی "بەنمونە كە بڕیارە هەڵبژاردنی نوێنەرایەتی قوتابیان ئەنجام بدرێت، ئەگەر بزانین لەرێگەی ئەم هەڵبژاردنەوە جارێكی تر شەرعیەت دەدەینەوە بەدوو رێكخراوەكەی سەر بە دەسەڵات بۆ ئەوەی بەخواستی خۆیان دەست بخەنە كاروباری خوێندنەوەو دەستی حیزب لەزانكۆو ناوەندەكانی خوێندندا دەمێنێت، ئەوا بەدڵنیاییەوە ئێمە بایكۆتی دەكەین و ناهێڵین ئەوە بەسەرماندا تێپەڕببێت".
سكرتێری رێكخراوی گەشەپێدان گوتیشی "ئەگەر بیشزانین پرۆسەیەكی دیموكراسیانەیە لەبەرژەوەندی گشتی قوتابیاندایە، ئەوە بەدڵنیاییەوە بەشدار دەبین، بەڵام تائێستا وەك دەبینرێت نابەرانبەری هەیە لەكۆی شتەكانداو هەلی یەكسان بۆ هەموو لایەنەكان وەك یەك نارەخسێت، بۆیە ئۆپۆزسیۆن بیر لەبایكۆت و رەخنەگرتن لەكۆی سیستەمەكە دەكاتەوە"، سەبارەت بەو وتەیەی كە دەوترێت دەبوو ئۆپۆزسیۆن لەكۆی سیستەمەكە بەشداری بكردایە یان رەتی بكردایەتەوە، بورهان بۆچوونی وایە لەهەندێك شوێن دیموكراسیەتێكی زیاتر پەیڕەوكراوە ئاساییە گەر لەسەندیكایەك یان رێكخراوێك بەشداربن و لەشوێنێكی تر بایكۆت بكەن، بەوتەی ئەو ئەو شتە لەزۆر لەوڵاتانی دونیادا پەیڕەو كراوەو ئاساییە.
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com