|
سڤیل:
دەزگاكانی حكومەت و هاووڵاتیان لە هەولێر و
سلێمانی زیاتر لە 83 ملیار دینار قەرزی
كارەبایان لەسەرە
لە
سلێمانی دامودەزگا حكومیەكان بڕی 3 ملیار و
594 ملیۆن و 97 هەزار و 486 دینار قەرزداری
كارەبان، هاوڵاتیان و شوێنە بازرگانیەكانیش 4
ملیار و 840 ملیۆن و 969 هەزار و 741 دیناریان
لایە، كارگە پیشەسازیەكانیش 2 ملیار و 256
ملیۆن و 93 هەزار و 533 دینار قەرزدارن
لەهەولێر دامودەزگا حكومییەكان بڕی 49 ملیار و
669 ملیۆن و 536 هەزار دینار قەرزی كارەبایان
لایە، هاوڵاتیان و كەرتی بازرگانی و پیشەسازیش
23 ملیار و 69 ملیۆن دینار قەرزارن
بەپێی ئەو ئامارانەی بە (سڤیل) دراوە، لەساڵی
2011دا دەزگاكانی حكومەت و هاوڵاتیان زیاتر لە
83 ملیار دینار قەرزی كارەبایان لایە، هەر
بەپێی ئەو ئامارانە زۆرترین قەرز لای
دەزگاكانی حكومەتە.
بەشداربووانی كارەبا پێكهاتوون لە پێنج بەش،
ئەم بەشانەش بەم شێوەیە پۆلێن دەكرێن:
فەرمانگە میرییەكان، پۆلی كشتوكاڵی و
پیشەسازی، لەگەڵ پۆلی بازرگانی و هاوڵاتیان.
بەگوێرەی لێكدانەوەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی
كارەبای هەولێر، لەئێستادا بەشداربوانی كارەبا
لەو پارێزگایە بڕی 72 ملیار و 738 ملیۆن و
536000 هەزار دیناری عێراقی قەرزارن.
ئەندازیار (حسێن محەمەد قادر) بەڕێوەبەری گشتی
كارەبای هەولێر بە "سڤیل"ی راگەیاند "سەبارەت
بە دامودەزگا حكومییەكان كە پارەی كارەبایان
نەداوە، بەڵێ راستە ئەوان تا كۆتایی مانگی 12ی
ساڵی 2011 سەرجەم دامودەزگا حكومییەكان
لەپارێزگای هەولێر بڕی “49،669،536،000”چل و
نۆ ملیار و شەسەد و شەشت و نۆ ملیۆن و پێنج
سەد و سی و شەش هەزار دیناریان لایە، واتە
ئەوان قەرزارن".
بەڕێوەبەری گشتی كارەبای هەولێر روونیشی
كردەوە "ئەو پارەیە تەنیا هی یەك ساڵ نییە،
بەڵام زۆربەی هەرە زۆری ئەو پارەیە هی ئەم
ساڵە"، حوسێن محەمەد هاوبەشەكانی تری كارەباشی
ئاشكرا كرد، كە ئەوانیش پارەی كارەبا قەرزارن،
وەك كەرتی كشتوكاڵ و بارزگانی، هەروەها
هاوڵاتیان و بەشێك لەلایەنە سیاسیەكان، وەك
ئەو گوتی "بەگوێرەی دوا ئاماری بەڕێوەبەرایەتی
كارەبای هەولێر هاوڵاتیان و كەرتی بازرگانی و
پیشەسازیش 23 ملیارد و 69 ملیۆن دیناری عێراقی
قەرزارن".
لەشاری سلێمانیش بە پێی ئەو ئامارانەی بە
(سڤیل) دراوە، لە هەر پێنج جۆری بەشداربواندا
پارەی كارەبا بە تەواوی نەدراوە، بەپێی ئاماری
بەڕێوەبەرایەتی دابەشكردنی كارەبای سلێمانی
بڕی داهاتی كارەبا لەسنوری پارێزگای سلێمانی
بۆ ساڵی 2011 بریتیە لە (39.810.516.600) (سی
و نۆ ملیار و هەشت سەد و دە ملیۆن و پێنج سەد
و شانزە هەزار و شەش سەد دینار) بووە. هەر
بەپێی ئامارەكانی ئەو بەڕێوەبەرایەتیە بڕی
قەرزی كارەبا لای دامودەزگاكانی حكومەت بڕی
(3.594.097.486) (سێ ملیار و پێنج سەد و نەوەد
و چوار ملیۆن و نەوەد و حەوت هەزار و چوار سەد
و هەشتاوشەش دینار، بڕی قەرزی كارەبا لای
هاوڵاتیانیش بە ماڵان و شوێنی بازرگانیەوە
بریتیە لە (4.840.969.741) چوار ملیار و هەشت
سەدو چل ملیۆن و نۆسەد و شەست و نۆ هەزار و
حەوت سەد و چل و یەك دینارە.
هەروەها كارگەكانی پیشەسازی بڕی
(2.256.093.533) (دوو ملیار و دوو سەد و
پەنجاو شەش ملیۆن و نەوەدو سێ هەزار و پێنج
سەدو سی و سێ دینار) قەرزاری كارەبان. بڕی
قەرزی كارەبا لای كەرتی كشتوكاڵیش بریتیە
413،078،458 (چوار سەد و سیانزە ملیۆن و
حەفتاو هەشت هەزار و چوار سەد و پەنجاو هەشت
دینارە)
سەرجەمی هەموو ئەو قەرزانەی دەكەوێتە لای
هاوڵاتیان و دامودەزگاكانی حكومەت بریتیە لە
(11.104.239.218) (یانزە ملیار و سەد و چوار
ملیۆن و دوسەد و سی و نۆ هەزار و دوو سەد و
هەژدە دینار (ژمارەی بەشداربوانی كارەبا
لەسنوری پارێزگای سلێمانی بۆ ساڵی 2011 بریتیە
لە 418744 بەشدار بوو).
بەپێی یاسا هەر هاوڵاتیەك پارەی كارەبا نەدات،
كارەباكەی دەبڕدرێت، بەڵام تائێستا هیچ
ئیجرائات بەرانبەر بەحكومەت نەكراوە، ئەمە
قسەی بەڕێوەبەری گشتی كارەبای پارێزگای
هەولێرە، (حسێن محەمەد) گوتی "بەگوێرەی ئەو
توانایەی كە تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتی كارەبای
هەولێر هەیەتی، ئێمە سەلاحیەتی ئەوەمان هەیە
كە هەر كەسێك پارە نەدات، كارەباكەی دەبڕین".
سەبارەت بەدامودەزگا حكومییەكانی هەرێمی
كوردستان، ئەندازیار (حسێن محەمەد قادر)
بەڕێوەبەری گشتی كارەبای هەولێر گوتی "سەبارەت
بە فەرمانگە میرییەكان هیچ ئیجرائاتێكمان
نەكردووە، لەبەر ئەوەی چاوەڕێین، كە راستەوخۆ
لەلایەن وەزارەتی داراییەوە ئەو قەرزانەی
كەوتۆتە سەر فەرمانگە حكومییەكان، لەڕێگەی
بودجەی ساڵانە پارەكەیان لێ ببڕێت، ئەو بڕە
پارەیەش بخرێتە سەر میزانیەی وەزارەتی كارەبا
و بەڕێوەبەرایەتیە گشتییەكانی كارەبا بۆ ئەوەی
پرۆژەكانی پێ جێبەجێ بكەین".
بەرێوەبەری گشتی كارەبای هەولێر گوتیشی "هەر
بۆ ئەو مەبەستە نوسراوێكمان بەرزكردۆتەوە بۆ
وەزارەتی كارەبا سەبارەت بەو قەرزەی لەسەر
فەرمانگە میرییەكانە بۆ ئەوەی وەزارەتی كارەبا
داوا بكات، لەبودجەی ساڵی 2012 هەموو
وەزارەتەكان بودجەی تایبەتیان بۆ تەرخان
بكرێت، بۆ ئەوەی بتوانن قەرزەكانیان بدەنەوە،
لەهەمانكاتیشدا سەرقاڵی ئامادەكردنی
پرۆژەیەكین، داواش لەسەروی خۆمان دەكەین، ئەو
قەرزانەی لەسەر فەرمانگە میرییەكانە بۆمان
بكرێتە پرۆژە".
ئەندازیار (حسێن محەمەد قادر) بەڕێوەبەری گشتی
كارەبای هەولێر، نرخ و چۆنێتی كڕین و فرۆشتنی
كارەبای بۆ (سڤیل) روونكردەوە كە بەچ جۆرێك
حكومەت لەكەرتی تایبەت دەكڕێت، پاشان چۆن چۆنی
دەیفرۆشێتەوە بە هاوڵاتیان، ئەندازیار (حسێن
محەمەد) گوتی "یەكەیەكی كارەبا تادەگاتە دەست
هاوڵاتی نزیكەی 160 دینار لەسەر حكومەت
دەكەوێت، بەڵام حكومەت بۆ هەر یەكە لەسەر
شێوازی بەرزبوونەوە پێیان دەفرۆشێت، بۆ نموونە
ئەگەر هاوڵاتی لەمانگێكدا 450 یەكە سەرف بكات،
نرخی هەر یەكەك 15 دینار دەوەستێت، بەڵام
ئەگەر بێت و لەمانگێكدا 900 یەكە خەرج بكات،
ئەوا نرخی 450 یەكەی دووەم بە 20 دینار لەسەری
رادەوەستێت، بۆیە بەگشتی ئەگەر نرخی یەكەی
كارەبا لەسەر هاوبەشانی كارەبا لێك بدەینەوە،
لەماڵان بۆ هەر یەكە لە 15 تا 20 دینار
رادەوەستێت".
بەڕێوەبەری گشتی كارەبا ئاماژەی بەوە كرد كە
لەوەرزی زستاندا هەولێر پێویستی بە (1000)
میگاوات كارەبا هەیە، ئاشكرایشی دەكات، كە
ساڵی پار نزیكەی 58 ملیار دینار پارەی
كارەبایان لەپارێزگای هەولێر وەرگرتووە، (حسێن
محەمەد) گوتی "لە پارێزگای هەولێر كۆی داهاتی
ساڵی پار لەفرۆشتنی كارەبا لەساڵی "2011"
نزیكەی (58) ملیار كرێی كارەبامان وەرگرتووە"،
بەڕێوەبەری كارەبای هەولێر تیشكی خستە سەر
چۆنێتی پێویستی كارەبا بۆ پارێزگاكەیان و
گوتیشی "ئێمە لەگەڵ وەرزەكان مامەڵە لەگەڵ
كڕینی كارەبادا دەكەین، بۆنموونە كە ئێستا
وەرزی زستانە نزیكەی "1000" مێگاوات كارەبامان
پێویستە بۆ هەولێر، لەوەرزی پایزدا نزیكەی
"450" مێگاوات كارەبامان دەوێت، هەروەها
لەوەرزی هاوینی رابردوو هەولێر نزیكەی "650"
میگاوات كارەبای پێویست بوو، بێگومان كڕینی
كارەباش تەنیا لەسەر حسابی پارێزگایەك ناكرێت،
بەڵكو ئەوە وەزارەتی كارەبا خۆی مامەڵە لەگەڵ
كڕینی كارەبادا دەكات، لەگەڵ هەر یەكەیەكی
بەرهەمهێنانی كارەبا لەكوردستاندا. لەئێستاشدا
ئەگەر هەر جێگایەكیش كێشەی نەبێت، 16 تا 17
كاتژمێر كارەبایان پێ دەدرێت، لەشەو و
رۆژێكدا".
|