سەرۆكی‌ دەستەی‌ گشتی‌ گەشتوگوزار: تا ساڵی 2015 ژمارەی گەشتیار بەرز دەكەینەوە بۆ چوار ملیۆن كەس  

 

 

سڤیل: بیلال سەعید

سەرۆكی‌ دەستەی‌ گشتی‌ گەشتوگوزار لەهەرێمی‌ كوردستان بۆ (سڤیل) پلانی ستراتیژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان رووندەكاتەوە، ئامادەیی‌ دەستەكەیان‌ نیشاندەدات بۆ ئەوەی‌ باج لەسەر هەموو ئەو كۆمپانیایانە هەڵبگیرێت كە لەوڵاتانی‌ جیهانەوە گەشتیار بۆ شارەكانی‌ هەرێمی‌ كوردستان دەهێنن و دەشڵێ "بەپێی ئەو ستراتیژەی دەستەكەمان دایناوە تاوەكو ساڵی 2015 ژمارەی گەشتیار بەرز دەكەینەوە بۆ چوار ملیۆن كەس".
ئەندازیار مەولەوی‌ جەبار سەرۆكی‌ دەستەی‌ گشتی‌ گەشتوگوزار لەهەرێمی‌ كوردستان باس لەوەدەكات، "كار بۆئەوە دەكەین‌ باج و ڕسومات لەسەر تەواوی‌ ئەو كۆمپانیایانەی‌ لەوڵاتانی‌ جیهانەوە گروپی‌ گەشتیاری‌ بۆ شارەكانی‌ هەرێمی‌ كوردستان دەهێنن، هەڵگرین" و جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، كە پێویستە كۆمپانیاكان لەبری‌ ئەوەی‌ گەشتیار لەكوردستانەوە بۆ وڵاتانی‌ جیهان ببەن، بەپێچەوانەوە گەشتیار لەوڵاتانی‌ جیهانەوە بۆ كوردستان بهێنن.
لەكۆی‌ (102) پرۆژەی‌ گەشتیاری‌ كە لەلایەن وەزارەتی‌ شارەوانی‌ و گەشتوگوزاری‌ هەرێمی‌ كوردستان ئەنجامدراون، (56) پرۆژە لەهەولێر و (29) لەسلێمانی‌ و تەنها (17) پرۆژەشیان بەر پارێزگای دهۆك كەوتووە، ئەوە لەكاتێكدا كە لەماوەی‌ رابردوودا وەزیری‌ شارەوانی‌ و گەشتوگوزاری‌ حكومەتی‌ هەرێم ئاشكرای‌ كردبوو، وەزارەتەكەی‌ (10) ملیار دینار بۆ ماستەرپلانی‌ گەشتوگوزار و شوێنەوارە دێرینەكانی‌ كوردستان خەرج دەكات.
سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان، ئاماژە بەوەدەدات بەپێی ئەو پلانە ستراتیژیە كە دانراوە لەلایەن دەستەكەمانەوە هاوسەنگی تەواو لەنێوان سەرجەمی پارێزگا و شارەكانی كوردستان دەكەین و بەشێوەیەك كاردەكەین ئەو گەشتیارەی هاتە هەولێر حەزبكات بڕواتە سلێمانی و دهۆك، چونكە هەرچەند زیاتر لەهەرێمی كوردستان بمێنێتەوە قازانج و داهاتی زیاتر دەبێت بۆ كوردستان.
سەبارەت بەپلان و ستراتیژیەتی دەستەی گەشتوگوزاری لەهەرێمی كوردستان، سەرۆكی دەستە ئاماژە بەوەدەكات، كە كار لەسەر ئەوە دەكەن یاسای هاندان و پەرەپێدانی كەرتی گەشتوگوزاری كوردستان بەشێوەیەكی سەردەمیانە بەپێی یاسای ژمارە چواری ساڵی 2006ی دەستەی وەبەرهێنان و پابەندبوون و بەهەندوەرگرتنی سیاسەت و ستراتیژیی حكومەتی هەرێم لەچوارچێوەی گەشەپێدانی ئەم كەرتەو دامەزراندنی ئەنجومەنی باڵای گەشتوگوزارو دیاریكردنی بڕی 60 ملیۆن دینار ساڵانە وەك بودجەی گەشتوگوزاری و تەرخانكردنی بڕی یەك ملیار دینار بۆ بەڕێوەبەرایەتییەكانی گەشتوگوزار و ئیمزاكردنی رێككەوتننامەیەكی تایبەت بەراوێژكاریی گەشتیاریی لەگەڵ یەكێك لەكۆمپانیاكانی دەرەوەو دامەزراندنی كۆمپانیای گەشتوگوزار لەنێوان هەردوو كەرتی گشتی و تایبەتدا.
سەبارەت بەكاریگەری پەیمانگاكانی گەشتوگوزار لەدابینكردنی شارەزا لەبواری گەشتوگوزار، ئەندازیار مەولەوی گوتی "لەئێستادا ئەو پەیمانگایانە پێویستە گرنگی زیاتریان پێبدرێت و ئێستا كار لەسەر گەشەپێدانی مرۆیی دەكەین لەكوردستان بۆئەوەی بتوانین خزمەتگوزاریەكی زیاتر پێشكەشی گەشتیاران بكەین، چونكە ئەگەر كارمەندێك لەئوتێلێك نەتوانێت مامەڵەیەكی جوان لەگەڵ گەشتیارێك بكات، ئەوە بزانە كەموكوڕیمان هەیە لەرووی هۆشیاركردنەوەی كارمەندانی بواری گەشتیاری. لەگەڵ ئەوەشدا كار دەكەین بۆ كردنەوەی ئۆفیسی تایبەت بەپێشوازیكردنی گەشتیاران لەدەروازەی هەموو شارو شارۆچكەكان و فڕۆكەخانەكان و دامەزراندنی هێزی پۆلیسی گەشتیاریی و دابینكردنی ڤیزای گەشتیاریی بۆ ماوەی 20 رۆژ بۆ گەشتیاران و كردنەوەی خولی راهێنان بۆ كارمەندانی گەشتوگوزار و دابینكردنی یەكەی فریاكەوتنی خێرا بۆ ناوچە گەشتیارییەكان و لەگەڵ چەندین راسپاردەی تر".
بەپێی ئامارەكان ژمارەی‌ گەشتیارانی‌ هەرێمی‌ كوردستان رۆژ بەرۆژ لەبەرزبوونەوەدایە، بەگوێرەی‌ ئامارەكانی‌ دەستەی‌ گشتی‌ گەشتوگوزاریش، تەنیا لەماوەی نۆ مانگی ساڵی 2011 ژمارەی ئەو گەشتیارانەی سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردووە، یەك ملیۆن و 150 هەزار گەشتیار بووە. سەرۆكی‌ دەستەی‌ گەشتیاری هەرێمیش رایدەگەیەنێت كە كار بۆئەوە دەكەین كوردستان بكەین بەهەرێمێكی‌ گەشتیاری و بەپێی ئەو ستراتیژەی دەستەكەمان دایناوە، لەساڵی 2015دا ژمارەی گەشتیار بەرز دەكەینەوە بۆ چوار ملیۆن كەس، ژمارەی ژووری هۆتێلەكان لە 10 هەزار ژوورەوە بۆ 25 هەزار ژوور زیاد دەكەین، هەروەها زیادكردنی داهاتی گەشتیاریی لە 600 ملیۆن دۆلارەوە بۆ یەك ملیارو 500 ملیۆن دۆلارو دابینكردنی 40 هەزار هەلی كاركردن بۆ كارمەندانی گەشتیاریی لەو ساڵەدا.
لەساڵی 2011 دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان لە وۆركشۆپێكدا ئاماژەی بەوە كرد، كە دەستەكەیان ئامادەكاری كردووە بۆ دانانی میكانیزمێك بە مەبەستی بە بازاڕكردنی گەشتوگوزاری كوردستان. سەرۆكی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان ئاماژە بەوەدەكات كاركردن لەبواری بەبازاڕكردن هەرچەند خەڵكانێك بەلایانەوە سەیربێت، بەڵام وەك دەستە دەمانەوێت بەشێوەیەك ڕیكلام بكەین لەڕێگەی كەناڵە ناخۆییەكان و جیهانیەكانەوە كە هانی گەشتیار بدەین سەردانی كوردستان بكات و تەنانەت گەشتوگوزاری ناوخۆ دروست بێت، بۆنمونە هاوڵاتیەكی سلێمانی سەردانی دهۆك بكات، یان بەپێچەوانەوە".
هەرچەند لەكوردستان بانكی پیشەسازی و بانكی كشتوكاڵ كراوەتەوە بەمەبەستی خزمەتكردنی زیاتری ئەو كەسانەی لەو دوو كەرتە كاردەكەن، بەڵام تائێستا لەكوردستان بانكێك بۆ خزمەتكردن و گەشەپێدان بەكەرتی گەشتوگوزار نیە، سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزار تیشك دەخاتە سەر ئەوەی دەستەكەیان لەبەرنامەیدایە بۆ ساڵی 2012 بانكی گەشتیاری بكرێتەوەو گوتی "پرۆژەی كردنەوەی بانكێكی گەشتیاریمان لەهەرێمی كوردستان ئامادەكردو گەیاندمانە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، لەلایەن ئەوانەوە رەزامەندی لەسەر دراوە، رەنگە بەم زوانە رەوانەی پەرلەمانی كوردستان بكرێت بەمەبەستی پەسەندكردنی". گوتیشی "كردنەوەی ئەو بانكە زۆر لەو گرفتانە چارەسەر دەكات كە لەئێستادا لەبواری گەشتوگوزاری هەرێمدا بوونی هەیە، هەروەها دەبێتە پاڵپشتێك بۆ كۆمپانیا بیانییەكانی بواری گەشتوگوزاری لەهەرێمدا".
رێكخراوی ناشیوناڵ جیوگرافیك كە رێكخراوێكی نێودەوڵەتیەو لەلایەن وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاوە پاڵپشتی دەكرێت، هەرێمی كوردستانی وەك یەكێك لە 20 شوێنی بەناوبانگی گەشتیاری جیهانی دەستنیشانكرد، ژمارەیەكی زۆر لەگۆڤارو رۆژنامە جیهانیەكان، هەرێمی كوردستانیان وەك ناوچەیەكی گرنگی گەشتوگوزاری ئاماژە پێكرد، سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم ئاماژە بەوەدەكات، "بەگرنگەوە لەو مەسەلەیە دەڕوانین و هەموو هەوڵەكانمان لەو چوارچێوەدا چڕ كردوەتەوە، بەمەبەستی ئەوەی ساڵی 2012 یش بەهەمان شێوە بمێنینەوە".
سەبارەت بەجۆری ناوچە گەشتیارەكان لەكوردستان، ئەندازیار مەولەوی ئاماژە بەوەدەكات لەكوردستان لەهەموو بوارەكان شوێنی گەشتیاری هەیە و نمونەی ئەمساڵ دێنێتەوە كە گەشتوگوزاری زستانەمان زۆر زیادبووە بەتایبەت لەكاتی بۆنەی سەری ساڵ و دەڵێت "لەبەرنامەماندایە جگە لەگرنگیدان بەگەشتوگوزاری هاوینە، بایەخیش بەگەشتوگوزاری زستانە بدەین، ئەویش لەرێگەی بایەخدان بەچالاكیە وەرزشیەكان لەوەرزی زستان و ئەنجامدانی چالاكیە رۆشنبیری و تەندروستی و فەرهەنگیەكان دێتەدی، هەروەها بایەخی زیاتر بەمەزارگە ئایینیەكان و شوێنەوارە پیرۆزەكان و بەگەشتیاری سیاسی وەك ئەمنە سورەكە و مونومێنتی ئەنفال و هەڵەبجە دەدەین".
هەروەها مەولەوی باس لەوەدەكات، "تا ئێستا ژمارەیەك پڕۆژەی گەشتیاریی‌ لەسەرجەم هەرێمی كوردستان لەخاوەنەكانیان سەندراوەتەوە، بەهۆی ئەوەی بەپێی رێنماییەكان كاریان لەسەر پڕۆژەكان نەكردووە، كە رێژەیان 23 گرێبەستی‌ پڕۆژەی گەشتیاریەو هەڵوەشێندراوەتەوەو زەوی پڕۆژەكانیش بۆ دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان گەڕێندراوەتەوە"
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com