بازرگانەكانی كوردستان پارەكانیان دەكەنە هۆتێـل و موتێل  

 

 

سڤیل: بیلال سەعید

لەساڵی 2011 هەر هەفتەی هۆتێلێك لەكوردستان دروست كراوە

زیادبوونی هاتنی گەشتیاری ناوخۆیی و جیهانی بۆ كوردستان، كاریگەری راستەوخۆی لەسەر دروستكردووە كە هۆتێلێك بەكرێ بگرێت، بەو مەبەستەی بتوانێ بەهۆی زۆربوونی هاتنی گەشتیار بۆ هەولێر بڕە پارەیەكی باش بەدەست بهێنێ، بەڵام ئێستا بیر لەوە دەكاتەوە وازبێنێ، چونكە بەبەراورد لەگەڵ ژمارەی گەشتیاران، هۆتێل لەشارەكە زۆر زیاتری كردووە.
ئەم ئەنجامەی بەڕێوەبەری هۆتێل سەن هێلز پێیگەیشتووە لەكاتێكدایە، ئامارەكان دەریدەخەن لەساڵی رابردوودا هەفتانە هۆتێلێك یان موتێلێك لەكوردستان دروست كراوە.
بەهۆی زیادبوونی ژمارەی گەشتیاری ناوخۆیی و جیهانی لەساڵانی رابردوو و كەمی هۆتێل لەشارەكانی كوردستان بەشێكی زۆری گەشتیاران لەسەر شەقامەكان و پاركەكان دەمانەوە، بۆیە لەگەڵ سەیركردنی ئامارەكانی زیادبوونی هاتنی گەشتیار بۆ كوردستان زیادبوونی هۆتێلیش هەستی پێدەكرێت. بۆنمونە لەساڵی 2007 ژمارەی قەرەوێلە لەهۆتێل و موتێلەكانی كوردستان تەنیا 10451 قەرەوێلە بووە، بەڵام لەساڵی 2011 رێژەكە زیادی كردووە بۆ 26811 قەرەوێلە.
هەفتەی هۆتێلێك یان موتێلێك
بەپێی ئامارێكی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان كە دراوەتە (سڤیل) هاتووە "لەساڵی 2007، تەنیا 106 هۆتێل لەكوردستان هەبووە، بەڵام لەساڵی 2011 زیادی كردووە بۆ 202 هۆتێل، هەر لەساڵی 2007 تەنیا 46 موتێل هەبووە، بەڵام لەساڵی 2011 زیادی كردووە بۆ 128 موتێل، بەڵام رێژەی گوندە گەشتیاریەكان زیادبوونێكی كەم هەستی پێدەكرێت، بۆ نمونە لەساڵی 2007 تەنیا 29 گوندی گەشتیاری هەبووە، بەڵام لەساڵی 2011 زیادی كردووە بۆ 44 گوندی گەشتیاری، لەئامارەكەدا دەردەكەوێت كە ساڵی 2011، 66 هۆتێل و موتێل لەكوردستان دروست كراوە، كە دەكاتە هەفتەی یەك هۆتێل یان موتێل لەكوردستان دروست كراوە".
بەسەیركردنێكی ئامارەكانی زیادبوونی هۆتێل لەكوردستان بەئاشكرا هەست بەزیادبوونی ژمارەی قەرەوێلە لەهۆتێل و موتێلەكانی كوردستان دەكەین، بۆنمونە لەساڵی 2007 ڕێژەی قەرەوێلە تەنیا 10451 قەرەوێلە و لەساڵی 2008، زیادی كردووە بۆ 11263 قەرەوێلە و ساڵی 2009 زیاتری كردووە بۆ 13480 قەرەوێلە و ساڵی 2010 ڕێژەكە گەیشتوەتە 22533 قەرەوێلە و ساڵی 2011 گەیشتوەتە 26811 قەرەوێلە. واتە بەپێی ئەو ئامارە بێت ساڵانە هەرێمی كوردستان دەتوانێت پێشوازی لە 9651960 گەشتیار بكات.
بەهۆی ئارامی هەرێمی كوردستان و بوونی ڕێژەیەكی زۆر ناوچەی گەشتیاری، هاتنی گەشتیار بۆ هەرێمی كوردستان ساڵ بەدوای ساڵ لەزیادبووندایە و حكومەتی هەرێمی كوردستانیش گرنگی دانی بەو كەرتە زیاتر كردووە.
ئامارەكانی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان ئاماژە بەوەدەكەن، كە ژمارەی گەشتیارانی هەرێمی كوردستان لەساڵی 2007، تەنیا 337.397 كەس بووە، كە 137118 ناو هەرێم و 186420 دەرەوەی هەرێم واتە ناوچەكانی ناوەڕاست و باشوری عێراق و 53859 بیانی بوون، بەڵام لەساڵی 2011 ژمارەكە بەرزبووەتەوە بۆ 1.702.000 كەس كە بە بەراورد بە ساڵی 2007 بە رێژەی 2011 35% زیادی كردوە.
بەپێی ئەو ئامارەی كە لەلایەن بەشی كاروباری هونەری گەشتیاری كوردستان دراوەتە (سڤیل) دەركەوتووە، كە داهاتی كەرتی گەشتیاری كوردستان لەساڵی 2011، 230485 ملیار دینار بووە، كە (154204) لەشاری هەولێر و (45857) لەشاری سلێمانی و (30424) دهۆك بووە.
گەورە هۆتێلەكانی جیهان روو دەكەنە كوردستان
زیادبوونی رێژەی هۆتێل لەكوردستان تەنیا كاریگەری لەسەر بازرگانەكانی ناوخۆی كوردستان دروست نەكردووە، بەڵكو كاریگەری راستەوخۆی لەسەر بازرگان و كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان هەبووە، كە سەرمایەگوزاری هۆتێل لەكوردستان دەست پێبكەن، هەرچەند بەڕێوەبەری هونەری دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان گلەیی و گازندەی ئەوەی هەیە، كە دروستكردنی ئەو هۆتێلە نێودەوڵەتیانە پرسیان پێ ناكرێت و موڵەت لەئەنجومەنی وەزیران وەردەگرن.
كۆمپانیای رۆتانا، كە ئۆفیسی سەرەكی لەدوبەیە، لەساڵی 2007 گرێبەستێكی لەگەڵ گرووپی كۆمپانیاكانی نالیای لوبنانی مۆركرد بۆ دروستكردنی هۆتێلێكی پێنج ئەستێرەیی لەهەولێر و لەساڵی 2011 لەمەراسیمێكدا بەئامادەبوونی سەرۆكی حكومەت و چەندین بەرپرسی باڵای كوردستان و لوبنان هۆتێلەكە وەك یەكەم هۆتێلی جیهانی لەكوردستان كرایەوە، لەكاتی كردنەوەی هۆتێل رۆتانا، ناسر نەوەیس نوێنەری گروپی كۆمپانیاكانی رۆتانا بۆ هۆتێل لەوتەیەكیدا رایگەیاند "ئەم هۆتێلە لە دووسەد ژوور و پێنج بەشی سەرەكی پێكهاتووە، بەشێكی تایبەتە بە سەرۆكایەتی، چوار چێشتخانەی سەرەكی تێدایە و هۆتێلێكی پێنج ئەستێرەییە".ئاماژەی بەوەشدا تا ئێستا لەسەرتاسەری جیهان، 41 هۆتێلمان هەیە، ئێستاش ژمارەیەكی زۆر هۆتێل لەژێر دروستكردندان، ساڵی 2012 ژمارەی هۆتێلەكانمان دەگاتە بە 70 هۆتێل، هۆتێلی هەولێر رۆتانا یەكێكە لەپڕۆژە ستراتیجیەكانمان، هەلێك دەدات بەئێمە بۆئەوەی بناغەی گەشتوگوزار لەهەرێمی كوردستان دابنێین.
لەساڵی 2011 بۆ یەكەمین جار لەشاری هەولێر بەردی بناغەی "بێست ویستران ئەربیل هۆتێل" دانراو بەپێی گرێبەستەكە وابڕیارە هۆتێلەكە لەساڵی 2014دا تەواو ببێت. سەمیر عەبدوڵا، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان لەوتەیەكدا رایگەیاند "ئەگەر لەهەرێمی كوردستان ئاسایشێكی تۆكمە نەبووایە، ئەو هۆتێلە لەهەولێر دروست نەدەكرا كە دەبێتە هۆی ئەوەی خزمەتێكی گەورەی ئابووری بەهەولێر بگەیەنێ".
هەڵگورد عەزۆ ئاكرەیی بەڕێوەبەری رێگەپێدراوی كۆمپانیای گۆڵدن لەكاتی بەردی بناغەی هۆتێلەكە گوتی "ئەو هۆتێلە لەسەر رووبەری 4 هەزار و 208 مەتر دووجا دروست دەكرێ، لە 13نهۆم پێكهاتووەو گوژمەی دروستكردنی 10 تا 15 ملیۆن دۆلارە". ئەوەشی روونكردەوە هاوشێوەی هۆتێلەكە لەجیهاندا ژمارەیان چوار هەزار و پێنجسەد هۆتێلەو بەدروستكردنی ئەو هۆتێلەش زنجیرەكەی دەبێتە چوار هەزار و پێنج سەد و یەك هۆتێل.
بەڕێوەبەری كاروباری هونەری گەشتیاری، نیگەرانی خۆی لەهۆتێلە بەناوبانگە جیهانیەكان نەشاردەوەو گوتی "هۆتێلە جیهانیەكان كە لەكوردستان كراونەتەوە، ئامارو زانیاری گەشتیار و هۆتێل لەئێمە وەردەگرن، بەڵام بۆ كردنەوەی پرسمان پێناكەن".
ئومێد كەیفی، بەڕێوەبەری كاروباری هونەری دەستەی گەشتیاری هەرێمی كوردستان بە (سڤیل)ی راگەیاند "لەگەڵ گلەیی و گازندەكانیشمان، بەڵام ئەوەمان لەبیر نەچێت، كردنەوەی ئەو هۆتێلە جیهانیانە بۆ كوردستان زۆر كاریگەری راستەوخۆی هەیە لەڕووی گەشتیاریەوەو دڵنیاییەك دەدات بەگەشتیاری جیهان كە كوردستان ئارامە".
نادر روستی، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان بە(سڤیل)ی راگەیاند، كردنەوەی هۆتێلە جیهانییەكان چەند كاریگەریەكی بۆ سەر هەرێمی كوردستان دەبێت، چونكە "ئەو كۆمپانیا زەبەلاحانە دێنە هەرێم پێشتر لێكدانەوەیەكی ئابوری و سیاسیان كردووە، بۆیە هۆتێل لەكوردستان دروست دەكەن و دەبێتە هۆی كێبەركێ دروستكردن بۆ خزمەتكردنی زیاتر بەمیوانەكان، كە ئەمەش راستەوخۆ دەبێتە هۆی بەرزكردنەوەی كوالێتی زیاتر".
داود سلێمان، مامۆستای بەشی گەشتوگوزار لەپەیمانگای تەكنیكی هەولێر هەمان ڕای بەڕێوەبەری كاروباری هونەری و وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەیەو دەڵێت "كردنەوەی هۆتێلە گەورەكانی جیهان، سەلمێنەری ئەوەیە كە كوردستان لەبواری گەشتیاری بەرەو پێش دەچێت".
"حكومەت پێویستە رێگر بێت"
ئایا زیادبوونی هۆتێلەكان هەماهەنگە لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی گەشتیارانی هەرێمی كوردستان؟
فەخرەدین نەجمەدین، بەڕێوەبەری هۆتێل "سەن هێلز" لەبەرئەوەی هۆتێلەكەی بەكرێی مانگانە گرتویەتی، بۆیە ئێستا ترسی ئەوەی هەیە ئەو بڕە پارەیەی بەكرێ داویەتی بۆی نەیەتەوە، چونكە ژمارەی گەشتیار لەئاست زیادبوونی هۆتێلەكان نییە لەشاری هەولێر، فەخرەدین بە(سڤیل)ی راگەیاند "ئەگەر زیادبوونی بەردەوامی دروستكردنی هۆتێل هەبێت لەشاری هەولێر، ناچارم وازبێنم، چونكە رێژەی گەشتیار بەو شێوەیە نەگەیشتوە كە بازرگانەكان دەستیان كردووە بەهۆتێل دروستكردن".
داود سلێمان، پسپۆری بواری گەشتیاری، بەهۆی نەبوونی پلان لەدروستكردنی هۆتێل لەكوردستان، بە پێویستی دەزانێ دەستەی گەشتیاری كوردستان یەكەی تایبەتی ئامار دامەزرێنن، بۆ ئەوەی بزانرێت رێژەی گەشتیاری بەرەو چەند بەرز دەبێتەوە، ئەوكات بۆ ئەوەی بزانرێت رێژەی گەشتیارو هۆتێل و مۆتێل هاوسەنگ دەبێت".
پسپۆرەكەی بواری گەشتیاری، توێژینەوەیەكی لەسەر كەرتی گەشتیاری كە ساڵی رابردوو لەكۆنگرەیەك لەشاری دهۆك خستویەتییە ڕوو، بەنمونە دێنێتەوەو گوتی "بەپێی توێژینەوەكە دەركەوتووە، كە خستنەڕوو لەداواكاری زیاترە لەسلێمانی، چونكە بەپێی ئەوەی دەوترێت لەهەرێمی كوردستان 25 هەزار قەرەوێلەمان هەیە، كەواتە بەپێی ئەو ئامارە ئەگەر رۆژانە هەموو ژووری هۆتێلەكان پڕبن، ساڵانە دەتوانین پیشوازی لە 9ملیۆن گەشتیار بكەین".
زۆر جار لەكوردستان بەتایبەت لەبۆنەكانی وەك جەژنی رەمەزان و قوربان و جەژنی نەورۆز، كە ژمارەیەكی زۆر گەشتیار روو دەكەنە هەرێمی كوردستان، هۆتێلەكان پڕ دەبن و ئەو رووداوەش كاریگەری تەواوی هەبووە لەدروستكردنی هۆتێلی زیاتر لەهەرێمی كوردستان.
داود سلێمان، رێگاچارەیەكی جیاواز بۆ دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم دەخاتەڕوو، دەڵێت "پێویستە وەك وڵاتانی دیكە بیر لەوە بكەینەوە، سود لەبەشە ناوخۆییەكان ببینین، چونكە ئەوكاتەی ژمارەی گەشتیار زیاد دەبێت، خوێندكاران لەپشودان، ئەوكات بڕە پارەیەكی باش بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا دروست دەبێت".
وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان باس لەوەدەكات، پێویستە بەشێوەیەكی دیكە سەیری بارودۆخی گەشتیاری بكەین، چونكە بەپێی ئامارەكان ژمارەی گەشتیاران لەكوردستان ساڵانە لەزیادبووندایە، بەپێی پلانی ستراتیژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان لەپلانی ستراتیژی 2010دا ژمارەی قەرەوێلەمان نزیك بە 10هەزار قەرەوێلە هەبووە، بۆیە بەپێی پلانەكەمان كار بۆ ئەوەدەكەین تا ساڵی 2015 ژمارەی قەرەوێلە بگەیەنینە 25 هەزار قەرەوێلە.
ئەستێرە زیادەكان لەهۆتێلەكان دەهێنرێتە خوارەوە
رێژەیەكی زۆر لەهۆتێلەكانی كوردستان 4 ئەستێرە و 5 ئەستێرەیان لەسەر باڵەخانەكانیان داناوە، بەڵام شارەزایانی بواری گەشتیاری دەڵێن بەشێك لەو هۆتێلانە مەرجی 5 ئەستێرەیان تێدانییە، بەرپرسانی گەشتوگوزاریش ئاماژە بەوەدەكەن، كە بەپێی رێنماییە تازەكان بەدواداچوونی ورد بۆ ئەو مەسەلەیە دەكەن.
هەرچەند زۆر لەسەرپەرشتیارانی هۆتێلەكان باس لەوە دەكەن، دیاردەكە پێشتر هەبووە، بەڵام ئێستا دیاردەكە كەمیكردووە، بەڵام ئەوەش ناشارنەوە، كە لەبەشێك لەهۆتێلەكان ئەستێرەی زیادەیان هەڵواسیوە، بەڕێوەبەری هۆتێل سەن هێلز لەشاری هەولێر كە هۆتێلەكەی 3 ئەستێرەیە لە 33 ژوور پێكهاتووەو باڵەخانەكەی 3 نهۆمیە ئاماژە بەوەدەكات "هۆتێلەكەی بەهەقی خۆی 3 ئەستێرەی بۆ دیاری كراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هۆتێلی دیكە هەیە ئەستێرەی زیادەی پێدراوە، بەپێی ئەو خزمەتەی دەیكات".
سەرۆكی كۆمەڵەی چێشتخانە و میوانخانەكانی هەرێم، هێرش ئەحمەد چاوشین نكۆڵی لەبوونی دیاردەكە ناكات لەپێشتر، بەڵام ئاماژە بەوەدەكات پێشتر بەمەبەستی ئەوەی پاڵپشتی هۆتێلەكان بكرێت، رێگا دراوە، بەڵام ئێستا دیاردەكە كەمی كردووە و بەرپرسانی گەشتوگوزاریش پۆلێنكردنی هۆتێلەكانیان باش كردووە.
بەڕێوەبەری كاروباری هونەری دەستەی گەشتیاری، نەیشاردەوە كە پێشتر لەبواری گەشتیاری كوردستان لاواز بووە، بۆیە هەندێك هۆتێل ئەستێرەی زیاتری پێ دراوە، لەگەڵ ئەوەشدا هۆتێل ئەوكات لەكوردستان زیاتر بووە. بەڵام ئومێد كەیفی گوتی "ئێستا هەریەك لە لیژنەی پۆلێنكردن و پشكنین جیاكراونەتەوە، بۆئەوەی بتوانن ئەو رێنماییە تازانەی كە دەركراوە بەسەر سەرجەم هۆتێل و چێشتخانەكان جێبەجێ بكرێن، بۆیە ئەوكات هەر هۆتێلێك بەپێی خزمەتگوزارییەكان و مەرجەكان ئەستێرەی پێدەدرێت".
وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەریمیش كە چەند كتێب و نووسین و راپۆرتێكی لەبواری گەشتیاری هەیە، باس لەوەدەكات، لەبەدواداچوونێكدا بۆیان دەركەوتووە هۆتێل هەیە، پێویستە دوو ئەستێرەی پێ بدرێت، بەڵام چوار ئەستێرەی پێدراوە، بۆیە ئێستا لیژنەی پۆلین و پشكنین جیا كراوەتەوەو لەگەڵ ئەوەش بیر لەوە كراوەتەوە ئەو كارە بدرێت بەكۆمپانیایەكی بیانی بۆ ئەوەی كارەكان بەباشتر بكرێن و بەدواداچوونی زیاتر لەسەر خزمەتگوزاری هۆتێلەكان و ئەستێرەكانیان بكرێت.
شارەزاكەی بواری گەشتوگوزاریش كە لەهەمانكاتدا مامۆستای بەشی گەشتوگوزاری پەیمانگای تەكنیكی هەولێرە، گوتی "ئەگەر سەیرێكی هۆتێلەكان بكەین، دەبینین بەپێی ئاستی خزمەتگوزاری و كوالێت ئەستیرە نەدراوە، چونكە هەیە پێویستە 2 ئەستێرەی پێ بدرێت، بەڵام 4 ئەستێرەی پێ دراوە. بۆ نمونە مۆتێل ناكرێت لەناو شار بێت، بەڵكو لەسەر ڕێگا بێت، بەڵام لەكوردستان ئەوەش هەیە".
نرخی مانەوە لەهۆتێلەكان گرانە
لەڕاپۆرتەكەی واشنت پۆست ناوی چەند هۆتێلێكی گەشتیاری بڵاوكردوەتەوە، وەك هۆتێل رۆتانای هەولێر كە دەڵێ هۆتێلێكی پێنج ئەستیرەییە لەمانگی شوباتی ئەمساڵ كراوەتەوە، نرخی یەك ژوور بە 199 دۆلارە، هەروەها باسی هۆتێلی هەولێر پلازا دەكات كە هۆتێلێكی مۆدێرن و خاوێن و ژوورەكانی گەورە و دڵخۆشكەرە، نرخی ژوورێك تەنیا 110 دۆلارە، لەگەڵ هۆتێل لالەزار كە تەنیا مانەوەی شەوێك نرخەكەی 165 دۆلارە.
بەشێك لەو گەشتیارانەی دێنە كوردستان گلەیی و گازندەی ئەوە دەكەن، كە نرخی مانەوەی شەوێك لەهۆتێلێك لەكوردستان زۆر زیاترە لەمانەوەی شەوێك لەهۆتێلێك لەئێران یان دوبەی. بەپێی تابلۆی هەڵواسراوی هۆتێل چوارچرا كە یەكێكە لەهۆتێلە پێنج ئەستێرە بەناوبانگەكانی كوردستان، نرخی یەك ژوور 135 دۆلارە و دوو ژوور بە 184 دۆلارە، لەگەڵ ئەوەشدا سویچ بە 239 دۆلارە، بەڵام لەهۆتێل "سەن هیلز" كە هۆتێلێكی سێ ئەستیرەیە، مانەوەی شەوێك بە 80 دۆلارە و دوونەفەری بە 100 دۆلارە.
كاروان رەمەزان، یەكێك لەبازرگانەكانی شاری سلێمانیەو ساڵانە چەند جارێك سەردانی دەرەوەی وڵات دەكات، ئاماژە بەوەدەكات، نرخی مانەوەی شەوێك لەهۆتێلێكی پێنج ئەستێرە لەهەولێر لەمانەوەی شەوێك لەهۆتێلێكی دوبەی و ئێران زۆر زیاترە، بۆیە پێویستە حكومەت بیرێك لەوە بكاتەوە، كە نرخی مانەوەی لەهۆتێلەكانی كوردستان ڕێك بخات بۆ ئەوەی زۆرترین گەشتیار رابكێشرێتە كوردستان.
خاوەنی هۆتێلەكان هۆكاری گرانی نرخی مانەوە لەهۆتێلەكانیان بۆ زۆری باج و پارەی كارەبای نیشتمانی دەگەڕێننەوە و ئاماژە بەوە دەكەن حكومەت هاوكاری كەرتی گەشتوگوزار ناكات.
هێرش ئەحمەد چاوشین سەرۆكی كۆمەڵەی چێشتخانە و مێوانخانەكانی هەرێم بە(سڤیل)ی راگەیاند "گرانی نرخی مانەوە لەهۆتێل و موتێلەكان حكومەت لێی بەرپرسیارە، چونكە هۆتێلەكان كێشەی زۆریی نرخی كارەبا و گرانیی باجی دەرامەت و چەندین كێشەی دیكەمان هەیەو حكومەت ئامادەنیە هاوكارمان بێت".
فەخرەدین نەجمەدین، بەرێوەبەری "سەن هێلز" بە(سڤیل)ی راگەیاند "بەشێكی زۆری گرانی نرخەكانی مانەوە لەهۆتێلەكان پەیوەندی بەوە هەیە بەشێك لەهۆتێلەكان بازرگانەكان بەكرێیان گرتووە، بۆیە زۆرجار بەو نرخەش ناتوانین پارەی كرێیەكە بەدەست بهێنین، لەگەڵ ئەوەشدا پارەی گاز و كارەبا و زۆری باج هۆیەكی دیكەیە".

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com