پارێزگاری هەولێر: ئەمساڵ لەهەولێر 8 هەزار خانوو بە نرخێكی هەرزان و مانگانەیەكی كەم بۆ خەڵكی كەمدەرامەت دروست دەكرێت  

 

 

سڤیل: هەولێر

پارێزگاری هەولێر بە (سڤیل)ی راگەیاند بۆ ساڵی 2012 لە پارێزگای هەولێر نزیكەی هەشت هەزار یەكەی نیشتەجێبوون دروست دەكرێت، سەرجەمیشیان بەسەر كەسانی كەمدەرامەت بە مانگانەیەكی كەم دابەشدەكردێت.
نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر بۆ (سڤیل)، پرۆژەو كار و بەرنامەكانی پارێزگاكەی بۆ ساڵی داهاتوو دەخاتە ڕوو، ئاشكرای دەكات، بەراورد بەساڵی رابردوو بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان زیادی كردووە، بۆیە پرۆژەكانیش لەچاو ساڵانی رابردوو زیاتر دەبێت.
نەوازد هادی گوتی "ئێمە مامەڵە لەگەڵ دوو بودجە دەكەین، بودجەیەكیان هی پەرەپێدانی پارێزگاكانە، ئەویتریشیان بودجەی وەزارەتەكانە، چونكە پلانی پرۆژەكان لەهەولێر لەڕێگای فەرمانگەكان بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگا دادەنرێت، واتا جۆرێك لەڕیزبەندی هەیە، چۆنیەتی وردكردنەوەی بودجە لەنێوان بودجەی پەرەپێدان و بودجەی وەزارەتەكان".
پارێزگاری هەولێر لەبارەی ئەولەویەتی پرۆژەكانی ساڵی 2012ی سنوری پارێزگاكەی ئەوەی خستە ڕوو، بەرنامەیان هەیە كارەبای نیشتیمانی بۆ گوندەكان رابكێشن، كە بەوتەی ئەو كەمتر لە 200 گوند ماوە كارەبای نیشتیمانیان بۆ ڕاكێشرا بێت، بەهەمان شێوە كارەبا بۆ گەڕەكە تازەكان رادەكێشرێت.
كەرتی 8ی حەسارۆك كە گەڕەكێكی تازەی شاری هەولێرەو زیاتر لە 16 هەزار زەوی تێدا دابەشكراوە، ئەگەرچی بڕیار بوو دوو ساڵی رابردوو خزمەتگوزارییەكانی بۆ دابین بكرێت، بەڵام تائێستا ئەوە نەكراوە، پارێزگاری هەولێر بۆ ئەوە گوتی "ساڵی پار خزمەتگوزارییەكان بۆ كەرتی پێنجی حەسارۆك بوو، ئێستاش ئەو كەرتە هەندێك كاری تری دەوێت و بەردەوامین لەئیشكردن تێیدا، جگە لەوەش چەندین گەڕەكی نوێ دروست بوون، كە ئێستا ئاوەدانن و پێویستیان بەخزمەتگوزاری هەیە، لەبەر ئەوەی ئەو بودجەیەی لەبەردەستمانە كەمە، بەشی ئەوە ناكات بەجارێك خزمەتگوزاری بۆ سەروی 110 هەزار پارچە زەوی كە لەهەولێر دابەشكراوە ببرێت".
لەبارەی هۆكاری پێنەدانی مۆڵەت بەزەوی ئەو كەرتە بۆ دروستكردنی خانوو، نەوزاد هادی ئەوەی خستەڕوو، "لەبەر ئەوەی ئیفرازی ئەو كەرتە ون بووە، پێویستە شارەوانی دووبارە ئیفرازی بكاتەوە، ئەوكات مۆڵەتیان پێ دەدرێت".
سەرەڕای ئەوەی ماوەی چەند ساڵە ژمارەیەكی زۆر زەوی بەسەر فەرمانبەران و چین و توێژەكانی پارێزگای هەولێر دابەشكراوە، چەندین شار و گوندی نیشتەجێبوون لەسنوری ئەو پارێزگایە دروستكراوە، بەڵام بەپێی ڕاپرسی هەندێك ڕێكخراو هێشتا، كێشەی نیشتەجێبوون، كێشە سەرەكیەكەی هاوڵاتیانە و ئەوەی كە تا ئێستا كراوە نەیتوانیوە كاریگەری لەسەر كەمبوونەوەی رێژەی كرێچی لەهەولێر هەبێت، بەڵام نەوزاد بۆچونێكی پێچەوانەی ئەوەی هەیەو دەڵێت "ئەوەی كە باسدەكرێت وا نیە، پێشتر لەهەولێر خانوو نەبوو بۆ كرێ، بەڵام ئێستا كوا وایە؟، بۆ نمونە لەتوڕەق كە گوندێكی 25 خانوو بوو، ئێستا 3 هەزار خانوی لێ دروستكراوە، ناوچەی بەستی قەتەوی هەتا بازگەی ئاسایش لەڕێی مەخمور 8 هەزار خانوو دروستكراوە، گوندی سێبەردان 3 هەزار خانوی لێیە، چەندین شوێنی تری هەولێر بەو شێوەیە و خەڵكی كەمدەرامەت و كرێچی بوون و ئێستا لەخانوی خۆیاندان، ئەمە جگە لەوەی ئەو گوند و شارانەی كە دروست كراون كاریگەری باشیان لەسەر كەمبوونەوەی ڕێژەی كرێچی، ئێستا لەهەولێر ژمارەی خەڵكی كرێچی ناگاتە 10 هەزار كرێچی".
نەوزاد هادی وردەكاری پرۆژەی دروستكردنی شاری كۆریەكان كە لەناو خەڵك وەها ناودەبرێت، باس دەكات، بۆ ئەوەش گوتی "ئەو پرۆژەیە بریتیە لەدروستكردنی 8 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون، بە نرخێكی هەرزان و مانگانەیەكی كەم دابەشدەكرێت بەسەر خەڵكی كەمدەرامەت و لەمساڵدا دەستی پێدەكرێت، ئەوە یەكێك دەبێت لەپرۆژە گرنگەكان بۆ خەڵكانی كرێچی".
لەسنوری پارێزگای هەولێر و لەهەندێك گەڕەكی نوێ، ژمارەیەكی زۆر خانو دروستكراون و تاڕادەیەك خزمەتگوزاریشیان بۆ دابین كراوە، بەڵام تائێستا ئەو خانوانە لەسەر خاوەنەكانیان تاپۆ نەكراون، پارێزگاری هەولێر ئەوەی روونكردەوە كە ئەو زەوی و خانوانە هەموویان كارتن، هەمووشیان تاپۆ دەكرێن، بەڵام وەك ئەو دەڵێت بەهۆی ئەو فشارەی لەسەر بەڕێوەبەرایەتی تاپۆ هەیە، ناتوانرێت بە زوویی سەنەد بۆ هەموو ئەو زەویانە دروست بكرێت كە كارتیان هەیە، زیاتر گوتی "نزیكەی 100 هەزار زەوی و خانوو هەیە كە كارتن و هێشتا سەنەدیان بۆ نەكراوە، ئێستا بەڕێوەبەرایەتی تاپۆی هەولێر رۆژانە ژمارەیەكی زۆر لەو كارتانە دەكاتە سەنەد، بۆیە كاتێكی زۆری دەوێت تا سەرجەمیان دەكرێنە سەنەد".
پارێزگاری هەولێر بۆ نۆژەنكردنەوەی قەڵای هەولێر ئاشكرای كرد، كە كاركردن لەگەڵ رێكخراوی یونسكۆ تێیدا بەردەوامە، بەڵام لەبەرئەوەی شوێنەواری مێژوویی كاركردن تێیدا ئاسان نیە، كارەكان لەسەرخۆ و بە دیقەتەوە دەكرێن، بەپێی ئەو خشتەیەی لەگەڵ یونسكۆ هەیە كاری تێدا دەكرێت.
ماوەیەك لەمەوبەر سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەردانی شارۆچكەی مەخموری كرد، لەوێ خەڵك داوای پرۆژەی خزمەتگوزاری كرد، لەوبارەوە نەوزاد هادی گوتی"لەدوای ئەو سەردانەی سەرۆكی هەرێم چەندین پرۆژە چوونەتە بواری جێبەجێكردنەوە، بۆ ئەمساڵیش حكومەت نزیكەی 60 ملیار دیناری بۆ مەخمور داناوە، تەنها پرۆژەی ئاودێری نەبێت كە بودجەیەكی گەورەی دەوێت و ئێستا ئیشی لەسەر دەكرێت".
نەوزاد هادی لەبارەی دواكەوتنی دابەشكردنی بیمەی بێكاری بەسەر دەرچوانی زانكۆ و پەیمانگاكانی سنوری پارێزگای هەولێر، ئەوانەی لە هیچ دامودەزگایەكی كەرتی گشتی و تایبەت دانەمەزراون، روونیكردەوە كە ئەوان وەك پارێزگا هەموو ناوەكانیان ناردووە بۆ وەزارەتی دارایی، پێویستی بەڕەزامەندی ئەوان هەیە.
ئەوەشی خستەڕوو كە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان، بەراورد بەساڵانی ڕابردوو ئەمساڵ زیادی كردووە، هەربۆیە پرۆژەكانی پارێزگای هەولێر بۆ ساڵی 2012 لەچاو ساڵانی رابردوو زیاتر دەبێت.
پارێزگاری هەولێر لەبارەی گەڕان و دۆزینەوەی نەوت لە سنوری پارێزگاكەی گوتی "وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی حكومەتی هەرێم بەردەوام لەگەڵ كۆمپانیاكانی نەوت لە گرێبەستدایە، كۆمپانیاكانیش لە سنوری پارێزگای هەولێر پشكنینان كردووە و لەزۆر جێگا نەوتیان دۆزیوەتەوە"
زۆر كەس لەهەولێر بۆچوونیان وایە شارەكەیان لەكابینەی شەشەم پەراوێزخراوە، بەبەراورد بەكابینەكانی رابردوو، بەڵام نەوزاد هادی وای نابینێت، گوتی "كابینەی پێنجەم و شەشەم بەرنامەی لیستی كوردستانیان جێبەجێ كردووە، هەست بەوە ناكەم لەكابینەی شەشەم هەولێر پەراوێزخرابێت، بەڵكو ئیشەكان وەك خۆیان دەڕۆن و هیچ كێشەیەكمان نیە". گوتیشی "رەنگە بۆچونەكە لەوێوە سەرچاوەی گرتبێت كە سلێمانی لەچاو پێشوو لەم كابینەیەدا گرنگی زیاتری پێدراوە".
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com