|
سڤیل:
سەنگەر عەبدولڕەحمان
بیست ساڵ لەمەوبەر محەمەد قاجری بە ئومێدێكی
زۆرەوە بۆ گوندەكەیان گەڕایەوە، ئەو ویستی
هاوشانی هەزاران گوندنشینی تری كوردستان وەك
جاری جاران گوندەكەیان ئاوەدان بكاتەوە و
ژیانێكی گوندیانە بەڕێبكات، بەڵام مینێك هەموو
خەونەكانی هەڵوەشاندەوە.
محەمەد ئەوكاتەی گەڕایەوە گوندەكەی لەدەشتی
شارەزوور، دەیزانی حكومەتی ئەوكاتی عێراق
هەزاران مینی لە گوندەكەیان داناوە، گوێی بەوە
نەداو گەڕایەوە قاجر، بەڵام تەقینەوەی مینێك
بەقاچی ڕاستیدا و لەدەستدانی ئەو قاچەی، وای
كرد قاجر جێبێلێت و لەوكاتەوە تائێستا چاوەڕێی
پاككردنەوەی گوندەكەی بێت لەمین.
محەمەد گوتی "دوای راپەرینەكەی 1991ی كوردستان
و نەمانی بەعس لێرە، لەگەڵ زۆر لە خەڵكی
گوندەكەمان چوینەوە قاجر، بەڵام بەهۆی بوونی
ژمارەیەكی زۆر مین لەوێ نەمانتوانی ئاوەدانی
بكەینەوە".
بەهۆی شەڕی نێوان عێراق – ئێران كە نزیكەی
هەشت ساڵی خایاند، زیاتر لە 7 ملیۆن مین لە
گوند و ناوچە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان، كە
هەردوو وڵاتی عێراق و ئێران پێكەوە
دەبەستێتەوە چێنراوە.
بەهۆكاری تەقینەوەی مین پیایاندا لەهەرێمی
كوردستان زیاتر لە 6 هەزار هاوڵاتی گیانیان
لەدەست داوە، 11 هەزار هاوڵاتی تر بریندار
بوون.
قاجری كە ئێستا لە شارۆچكەی هەڵەبجەی شەهید
كاری شۆفێری تاكسی دەكات، بەو ئاواتەوەیە
رۆژێك لە رۆژان بچێتەوە گوندەكەیی و بەكارە
بنەڕەتیەكەی خۆیەوە (كشتوكاڵكردن و شوانی)
خەریك بێت.
ئەو كە جار جارە هێمای بۆ شوێن و كێڵگەكانی
مین دەكرد لە گوندەكەیان، گوتی "جاران ئێرە
گوندێكی ئاوەدان و خاكێكی بەپیتی هەبوو، بەڵام
ئەوە 21 ساڵە ئەو خاكە جوانە هەروا ماوەتەوەو
لەبەر زۆری مین ناتوانین بێنەوە و كشتوكاڵی
تێدا بكەین".
گوندی قاجر دەكەوێتە 60 كیلۆمەتر رۆژهەڵاتی
پارێزگای سلێمانی، بەپێی رووپێویەكانی
بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری مین لەسلێمانی،
سێ كێڵگەی مین لەو گوندە بوونی هەیە،
كێڵگەیەكیان لەساڵی 2006 لەلایەن ئەو
بەڕێوەبەرایەتیەوە پاكراوەتەوە، دوو كیڵگەكەی
تریش كە یەكێكیان 17 هەزار مەتر دوجا و
ئەویتریشیان 26 هەزار مەتر دوجا دەبێت، هێشتا
پاك نەكراونەتەوە، بەڵام بەڕێوەبەری گشتی
كاروباری مین لە سلێمانی ئاشكرای دەكات، لە
پلانیاندایە بۆ ئەم ساڵ ئەو دوو كێڵگەیەش پاك
بكەنەوە.
حاجی مەسیفی گوتی "لە پلانماندایە ساڵی 2012
یەكێك لەو گیڵگە مینەی گوندی قاجر پاك
بكەینەوە، كێلگەكەی تریش لەگەڵ وەزارەتی
ئاوەدانكردنەوە رێكەوتوین كە بە بودجەی ئەوان
پاكی بكەینەوە، چونكە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە
دەیەوێت رێگایەك لەو شوێنە دروست بكات، بوونی
ئەو كیڵگە مینە بۆتە هۆی ڕاوەستانی
كارەكانیان".
بەهۆی ئەو ژمارە زۆرە لەمین لەگوندەكەدا ئێستا
لە قاجر تەنها شوانێك دەژی، وەك خۆی دەڵێت
ڕۆژانە بەترسەوە مەڕوماڵاتەكەی دەباتە لەوەڕ،
محەمەد كەریم دەڵێت، هەرشوێنێك مەترسی هەبێت
خۆیان ناڕۆن، تەنها مەڕو ماڵاتەكە دەنێرن و
پاشان بەهۆی سەگەكانیەوە دەیانهێنێتەوە.
محەمەد (18 ساڵ) كە لەگەڵ سێ برای تریدا
لەبەیانیەكی زووەوە تا ئێوارە خەریكی
لەوەڕاندنی 150 سەر مەڕ و ماڵاتن، گوتی "ئەوە
چەند مانگە لێرەین، لەخوا بەزیاد بێت هچ
رووینەداوە، بەڵام هەمیشە دەستمان لەسەر
دڵمانەو بۆ هەركاتێك چاوەڕێی ئەوەین مینێك
بەیەكێكماندا بتەقێتەوە".
موختاری گوندی قاجر جەخت دەكاتەوە، كە چەندین
جار سەردانی دامودەزگاكانی حكومەتیان كردووە،
بۆ ئەوەی كارێك بكەن و گوندەكەیان لەمین پاك
بكەنەوە، بەڵام وەك خۆی دەڵێت هەر بەڵێنی بێ
كرداریان پێدوان هیچی تر.
عومەری حاجی حەمەمین موختاری گوندی قاجر گوتی
"ئەگەر قاجر مین لێ نەبوایە، ئێستا لەسەدا
هەشتای خەڵكی گوندەكە گەڕابوونەوە و
ئاوەدانمان كردبووەوە".
بەوتەی ئەو موختارە تا ئێستا 13 هاوڵاتی
گوندەكەیان بوونەتە قوربانی مین، بەجۆرێك 6
كەسیان گیانیان لەدەستداوە و 7 كەسی تریش
بریندار بوون و یەكێك لەئەندامەكانی جەستەیان
لەدەستداوە.
جۆری ئەو مینانەی حكومەتی عێراق لە گوند و
ناوچە سنوریەكانی پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی
گەرمیان چاندونی، بریتین لە جۆری (ڤاڵمارا، vs
50 ،tso ،vs 2.2 ،typ 72 ، pmn ، m16 ، m14).
بەوتەی بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتی كاروباری مین
لە سلێمانی، نزیكەی 2884 ناوچەی پیسبوو بە مین
بەڕووبەری 30612544 مەتر دوجا لە سنوری ئەو
پارێزگایەو ئیدارەی گەرمیان بوونی هەیە، لەو
ژمارەیە 1041 ناوچە كە دەكاتە رووبەری
73430072 مەتر دوجا پاككراوەتەوە، نزیكەی 1843
ناوچەی تریش كە رووبەرەكەی232695383 مەتر دوجا
هێشتا پاك نەكراوەتەوە.
بەوپێیەش 25%ی ناوچە پیسبووەكانی بە مین
لەسنوری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان
پاك كراونەتەوە، 75% ناوچە پیسبووەكانیش هێشتا
پاك نەكراونەتەوە.
حاجی مەسیفی بەڕێوەبەری كاروباری مین لە
سلێمانی دەڵێت "تا 20 ساڵی تر ئینجا دەتوانرێت
كیڵگە پیسبووەكان لە هەرێمی كوردستاندا پاك
بكرێنەوە".
محەمەد قاجری لەو شوێنەی كە بیست ساڵ لەمەوبەر
مینی پێدا تەقیەوە گوتی "هەموومان چاوەڕێین
گوندەكەمان لە مین پاكبكرێتەوەو بگەڕێینەوە
زیدی باب و باپیرانمان".
|