|
سڤیل:
ئاكام ئەحمەد
“كەس نازانێت كەی دێـتـــــــــەوەو كەی
دەكوژێتەوە”
لەچەند هەفتەی رابردووداو بەدیاریكراوی لە
رۆژانی جەژندا، لەسنوری پارێزگای سلێمانیدا
خشتەی كارەبای نیشتیمانی گۆڕانگاری بەخۆیەوە
دی و پێدانی كارەبا كەم بووەوە بۆ 12 سەعات،
دانیشتوانی گەڕەكە جیاوازەكانی شاری سلێمانی،
هێما بۆ ئەوەدەكەن لەگەڵ دەستپێكردنی یەكەم
بارانباریندا، خشتەی كارەبایان تێكچووە، كەس
نازانێت كەی دێتەوەو كەی دەبرێت. بەرپرسانی
فەرمانگەی كارەباش هۆكاری ئەو كەمبوونەوەیە بۆ
ئەوە دەگەڕێننەوە كە هاتنی وەرزی سەرما خۆی لە
خۆیدا واتا بەرزبوونەوەی خواستی كارەبا، چونكە
خەڵك هۆكارەكانی گەرمكردنەوە بەكاردەهێنێن.
لەماوەی رابردوودا بەرپرسانی وەزارەتی كارەبا
جەختیان لەسەر ئەوەكردەوە كە شتێك نەماوە
بەناوی كێشەی كارەباو چارەسەركراوە، بەڵام
هاووڵاتیان بڕوا بەو وتەیەی بەرپرسان و
وەزارەتی كارەبا ناكەن، چونكە كێشەی كارەبا
رۆژانە بەرۆكی هاوڵاتیانی هەرێمی گرتووە.
كەریم ئەحمەد محەمەد دانیشتووی گەڕەكی
هەوارەبەرزەی شاری سلێمانی، لەگەڵ باسكردنی
رەشی كارەبادا بە نیگەرانیەكەوە جەخت لەسەر
ئەوەدەكاتەوە كە لەگەڵ یەكەمین باران باریندا
كارەبا كەمیكردوە، كەریم هێما بۆ ئەوەدەكات كە
لەو كاتەوەی كەش و هەوا سارد بووەو گۆڕانی
بەسەردا هاتوە، كارەبای گەڕەكەكەیان زۆر خراپ
بووە، وتی «كەس نازانێت كەی كارەبا دێتەوەو
كەی دەكوژێتەوە».
كەریم یەكێكە لەو دەیان هاوڵاتیەی دانیشتوی
سلێمانی كە بەردەوام بێزاری دەردەبڕن بەرانبەر
كەمی كارەباو پێیان وایە بەچەند ساڵێكی تریش
كارەبای هەرێم چارەسەر ناكرێت.
بەپێی ئەو ئامارانەی كە لەلایەن
بەرێوەبەرایەتی كارەبای سلێمانیەوە دراونەتە
(سڤیل) لەئێستادا لەسنوری پارێزگای سلێمانی
326863 هەزار بەشداربووی كارەبایان هەیە بەماڵ
و دوكان و شوێنە بازرگانیەكان و كارگەو
شوێنەكانی ترەوە.
هەتاو حسێن دانیشتوی گەڕەكی رزگاییەو تەمەنی
32 ساڵە، باس لەوە دەكات كە لەگەڵ دەستپێكردنی
باران بارینەوە كارەبای گەڕەكەكەیان كەڵكی
نەماوەو لە 24 سەعات تەنیا هەشت سەعات
كارەبایان پێدەدرێت. هەتاو گوتی «ماوەی 17
ساڵە حكومەت باس لەچارەسەركردنی كێشەی كارەبا
دەكات بەڵام وادەرنەچووە و نازانین بەرپرسان
تاكەی لەم جۆرە بەڵێنانە دەدەنە هاوڵاتیان».
ئەو ژنە تەمەن 32 ساڵەیەی دانیشتوی سلێمانی
هێما بۆ ئەوەشدەكات كە خشتەی پێدانی كارەباش
بەهاوڵاتیان كەس نازانێت چۆنە و بەچ شێوەیەكە،
وتی «كاتەكانی هاتنەوەو بڕانی كارەبا
دیاریكراو نیەو هەر رۆژەی كاتێك دێتەوەو
كاتێكی تر دەبڕێت، جگەلەوەش لەو ماوەیەی كە
دێتەوە چەند جارێك دەكوژێتەوە».
بەرپرسانی فەرمانگەی كارەبا كەمبوونەوەو
بەردوامبوونی كێشەكە بەشێكی زۆری دەخەنە
ئەستۆی هاوڵاتیان و پێیان وایە زیادەڕۆیی
دەكەن لەبەكارهێنانیدا.
سیروان محەمەد بەرێوەبەری راگەیاندنی
بەرێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی،
لەلێدوانێكیدا بۆ (سڤیل) جەخت لەسەر
ئەوەدەكاتەوە كەئەگەر هاوڵاتیان هاوكاریان
نەبن ناتوانن پابەندبن بەخشتەی دیاریكراوە،
چونكە بەوتەی ئەو هاوڵاتیان بەرێژەیەكی زۆر
كارەبا بەكار دەهێنن. ناوبراو گوتی «بەهۆی
گۆڕانكاری لەوەرزی سەرماداو زۆربوونی خواست
لەسەری نەتوانراوە لەو رێژەیە زیاتر كارەبا
بدرێت، چونكە هاوڵاتیان ئامێرێكی زۆری
گەرمكەرەوەی وەك سپلێت و هیتەر بەكار دەهێنن».
كامەران قادر تەمەن 50 ساڵ كەپیشەی
فەرمانبەرە، بەهەمانشێوەی هاوڵاتیانی تر
بێزاری خۆی بەرانبەر رێژەی پێدانی كارەبای
نیشتمانی و دەبڕی و گوتی «من داوای باشكردنی
كارەبا لە هیچ بەرپرسێكی حكومەت و وەزارەتی
كارەبا ناكەم، تەنیا ئەوەندە دەڵێم با چیتر
بەرپرسان بەڵێنی بێكردار بە هاوڵاتیان نەدەن».
بەوتەی بەڕێوەبەری راگەیاندنی فەرمانگەی
كارەبای سلێمانی، لە رۆژی 1-11دا لەلایەن
هاوڵاتیانەوە 504 میگاوات كارەبا بەرهەم
هاتوەو خواستی لەسەر بووە، بەڵام لە 17-11دا
زیادی كردوە بۆ 598 میگاوات، واتە دوای 17 رۆژ
95 میگاوات زیادیكردوە، هەروەها تا 24-11
رێژەكە بەرزبوەتەوە بۆ 681 میگاوات، واتە تا
ئەو بەروارە 177 میگاوات كارەبا زیادیكردوەو
لەبەكارهێنانیدا.
سیروان محەمەد گوتیشی «ئێمە 3 سەرچاوەی سەرەكی
بەرهەمهێنانی كارەبامان هەیەو هێشتا ئەو
یەكانەی تر كە نەكەوتوونەتە كار، گەر ئەوانە
بكەونە كار و هاوڵاتیان هاوكارییمان بكەن،
رێژەی پێدانی كارەبا باشتر دەبێت».
لەئێستادا سەرچاوەكانی كارەبای سلێمانی 2
یەكەی چەمچەماڵ، 4 یەكەی وێستگەی هەولێر 50
مێگاواتی بەنداوەكانی دەربەندیخان و دوكان،
هەروەها 60 مێگاواتی كارەبای بەغدا، بەوتەی
سیروان محەمەد زۆرجار ئەو بڕەیە كەم و زیاد
دەكات و جاری واش هەیە هەر نایدەن.
سەبارەت بەكەمبوونەوەو پچڕپچڕبوونی بڕی پێدانی
كارەبا لەگەڕەكەكانی شاری سلێمانی، یاسین
حەسەن بەڕێوەبەری كۆنتڕۆڵ و گەیاندنی كارەبای
سلێمانی لە لێدوانێكیدا بۆ (سڤیل) هۆكارەكەی
دەگەڕێنێتەوە بۆ دوو هۆكاری سەرەكی، یەكەمیان
ئەو بڕە بەرهەمهێنانەی كە هەیانبووە لە
بەرهەمهێنانی كارەبا هەمان ئەو سەرچاوانەی
پێشووە، سەبارەت بە هۆكاری دووەم یاسین حەسەن
ئەوە رووندەكاتەوە كە «هاتنی وەرزی سەرما خۆی
لە خۆیدا واتا بەرزبوونەوەی خواستی كارەبا».
ناوبراو گوتیشی «بەهۆی ئەوەی كە ئێمە وێستگەی
زیادەمان نییە، جاری واهەیە ئەگەر كێشەیەك
رومان تێبكات ناچارین، كارەبا كەم بكەینەوەو
خشتەكە دەگۆڕێت، بەڵام بە ئومێدی ئەوەین
لەبەهاری داهاتوودا ئەو كێشانەمان نەمێنێت و
چارەسەر ببن».
بەپێی لێكۆڵینەوەیەك كە بەرێوەبەرایەتی گشتی
كارەبای سلێمانی ئەنجامیانداوە، ئەگەر لەیەك
كاتدا هەر بەشداربوویەكی كارەبا لەسنوری
پارێزگای سلێمانیدا یەك گڵۆپی 100 واتی
بكوژێنێتەوە، 30 میگاوات كارەبا
دەگەڕێنرێتەوەو سودی دەبێت.
سیروان محەمەد بەڕێوەبەری بەشی راگەیاندن،
هێما بۆ ئەوەشدەكات ئەگەر لە مانگی 12دا 4
یەكەكەی هەولێر و 3 یەكەكەی چەمچەماڵ بكەونە
كارو گرفتیان نەبێت، ئەوا دەتوانن بۆ ماوەی 16
سەعات كارەبا بدەن بەهاوڵاتیان.
شاری هەولێریش بەهەمان شێوەی سلێمانی، كارەبای
كەمیكردووە بەوتەی بەرێوەبەری دابەشكردنی
كارەبای هەولێر پێشتر بۆ ئەو پارێزگایە لەشەو
و رۆژێكدا 22 كاتژمێر كارەبا دەدرا
بەهاوڵاتییان، بەڵام ماوەی 20 رۆژ دەبێت ئەو
رێژەیە گۆڕانكاری بەسەرداهاتووە، لە 22 كاژێر
كەمكراوەتەوە، بۆ 14كاژێر، ئەندازیار حوسێن
حەمەد بەڕێوەبەری دابەشكردنی كارەبای هەولێر
گوتی «بەر لە 20 رۆژ پارێزگای هەولێر كە
خاوەنی 360 میگاوات كارەبابوو لەشەو و رۆژێكدا
نزیكەی 21-22 كاتژمێر كارەبای هەبوو، كەچی
ئێستا ئەگەر هیچ كێشە و گرفتێك لەبەردەم
وێستگەكانی وەبەرهێنانی كارەبادا نەبێت،
نزیكەی 450 تاوەكو 460 میگاوات كارەبا دەگاتە
پارێزگای هەولێر، بەڵام بەهۆی ئەوەی هاوڵاتیان
كارەبا لەجیاتی سووتەمەنی بەكاردێنن، ئەو 460
میگاوات كارەبایە بەش ناكات، بۆیە ناچار
بووین، كاتژمێری كارەبا لە 22 كاتژمێرەوە
كەمبكەینەوە بۆ 14كاتژمێر». بەڕێوەبەری
دابەشكردنی كارەبای هەولێر وتیشی «ئێستا
لەبەرنامەماندایە لەهەفتەی داهاتوو هەڵمەتێكی
بەرفراوان دەستپێبكەین، بۆ بڕینی كارەبای ئەو
هاوڵاتییانەی كە دەستكاری پێوەریان كردووەو
بەنهێنی كارەبایان بردۆتەوە، جگە لەوەی
كارەباكەیان دەبڕێت، هاوكات بەبڕێكی زۆرپارەش
سزادەدرێن، پێشبینی ئەوەش دەكەین دوای
پلانەكەمان ببێتە هۆی زیادبوونەوەی كارەبا
لەپارێزگای هەولێر». |