لەسەر رەدوكەوتنی ژنێك دوای 6 ساڵ، چوار هاوڵـــــــاتی كوژران و سێی دیكەش بریندار بوون  
 

سڤیل: سۆران

بەهۆی كێشەیەكی چەند ساڵەی كۆمەڵایەتی، لەدەڤەری سۆران لەماوەی كەمتر لەسێ كاتژمێر، چوار هاوڵاتی كوژران و سێی دیكەش برینداربوون.
رۆژی چوار شەممە رێكەوتی 30-12-2009، لەكاتژمێر 10ی سەر لەبەیانی لەگەڕەكی بەرگوانی سەر بەناحیەی دیانای قەزای سۆران، لەسەر كێشەیەكی كۆنی خێزانی، كە شەش ساڵ لەمەوبەر روویدابوو، ژن و مێردێك كوژران. دواتریش كێشەكە تەشەنەی كردو گواسترایەوە بۆ ناحیەی سمیلانی سەر بەقەزای چۆمان و لەوێش دوو هاوڵاتی كوژران و سێ هاوڵاتی دیكەش بریندار بوون.
سەرچاوەیەكی نزیك لەكێشەكە، بۆ سڤیل روونی كردەوەو گوتی "نزیكەی شەش ساڵ لەمەوبەر دوای مردنی هاوسەری سوعاد بە ماوەیەكی كەم پەیوەندیی خۆشەویستی لەنێوان سوعاد و وەسمان دروست دەبێت، ئەو ئافرەتە خاوەنی حەوت منداڵ بوو كە سێ كوڕو چوار كچ بوون".
بەپێی قسەی ئەو سەرچاوەیە "برای ئافرەتەكە كە ئێستا ئەویش بەهۆی ئەو كێشەیە كوژراوە، هەستی بەو پەیوەندییەی نێوان خوشكەكەی و وەسمان كردبوو، هەر بۆیە داوای لە هەردووكیان كردبوو كە ئەگەر رازی ببن، با لەیەكتر مارە بكرێن، بەڵام هەردووكیان ئەوەیان رەت كردبۆوە كە پەیوەندیی خۆشەویستییان هەبێت و دڵیان بەیەكەوە بێت، بەڵام دوای چەند رۆژێك، پیاوەكەو ئافرەتەكە بەپێی ئەو پلانەی لەنێوان خۆیان دایان نابوو، هەڵاتن و بۆ ماوەیەك لەهەولێر نیشتەجێبوون، دواتر دەگەڕێنەوە سنووری قەزای مێرگەسوورو لەگوندی سارداو، نیشتەجێ بوون".
لەماوەی ئەو چەند ساڵەدا، كێشەكە بەبێ چارەسەری مابۆوە، تا كار گەیشتە ئەوەی رۆژی 30-12-2009، كوڕێكی ئەو ئافرەتە بەناوی (ن) كە تەمەنی 23 ساڵە، لەو كاتەی كە دایكی و وەسمان دەگەڕێنەوە سۆران بەمەبەستی پرسەیەكی دۆستێكیان، كە چەند رۆژێك لەمەوبەر ئەویش بە هۆی گوللەیەكەوە بەهەڵە كوژرابوو و شوێنی پرسەكە لەسەرەوەی كۆڵانی ماڵی منداڵەكانی ئافرەتەكە بووە، دەستڕێژییان لێ دەكات و دایكی و وەسمانی هاوسەری دایكی دەكوژێت و بۆخۆی رادەكات.
دوای ئەوەی ئەو دوو تەرمە لەلایەن پۆلیسی سۆران رەوانەی پزیشكی دادی هەولێر دەكرێن، كێشەكە زیاتر پەرە دەسەنێت و لە ئەنجامدا لەسەر پردە چەقێلی سەر بەناحیەی سمیلان، برای ئافرەتەكە كە ناوی ئازادە و شوفێری تاكسییەو ویستوویەتی لە ئۆتۆمبێلەكەی دابەزێت و لە گوندەكەیان جێی بهێڵێت و لەگەڵ ئۆتۆمبێلێكی دیكە بێتە سۆران، لەم نێوەندەدا ئەندامانی بنەماڵەی وەسمان دەیبینن و دەستڕێژی گوللەی لێدەكەن، بۆ ئەوەی بیكوژن، بەڵام پێش ئەوەی ئازادی برای ئافرەتەكە بكوژن، ئـافرەتێكی دیكەی بێتاوان كە دوورە لەبنەماڵەی كوژراوەكان، دەكوژرێت، هەر لەو كاتەشدا، ئازادیش دەكوژرێت و منداڵێكیش بەناوی (ساكار تەحسین) كە ئەویش سەرنشینی تاكسییەكە بووە، بریندار دەبێت، دواتر قادری برای وەسمان لەلایەن ئەندامانی بنەماڵەی سوعاد، دەستڕێژی گوللەی لێدەكرێت و نۆ گوللەی بەردەكەوێت كە بەپێی قسەی سەرچاوەیەكی پزیشكی، برینەكەی سەختەو مەترسی مردنی لێدەكرێت، هەروەها بەپێی زانیارییەكان، كەسێكی دیكەش بەناوی (س. ق) بریندارە، بەڵام هەڵاتووەو خۆی بەدەستەوە نەداوە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سۆران دەست سڤیل كەوتوون، تاوانباری یەكەمی رووداوەكە، كەسێكی دیارە، بەڵام تا ئامادەكردنی ئەو راپۆرتە، لەلایەن پۆلیسەوە هیچ كەسێك دەستگیر نەكراوە.
لە لێدوانێكیدا بۆ راگەیاندنەكان، عەمید (ئەسكەندەر بابەكر)، بەڕێوەبەری پۆلیسی سۆران، ئاماژەی بەڕووداوەكە كردو گوتی "ئەمڕۆ كاتژمێر 10ی بەیانی، ئاگادار كراینەوە بەرووداوێكی كوشتن لەگەڕەكی (بەرگوان) لەشاری سۆران، دەستبەجێ ئەفسەرانی ئێمە لەگەڵ رێپێدراو و كارمەندان، گەیشتنە شوێنی رووداوەكەو لەئەنجامی لێكۆڵینەوەكان بۆمان دەركەوت كە دیارە لەئەنجامی كێشەیەكی كۆمەڵایەتی رووداوەكە سەری هەڵداوە"، هەروەها بەڕێوەبەرەكەی پۆلیسی سۆران، گوتیشی "لەو كێشەیەدا تائێستا چوار كەس كوژراون بەناوەكانی (وەسمان سەعید حوسێن، سوعاد عەبدوڵڵا، كە هاوسەری یەكترن، لەگەڵ ئافرەتێكی دیكە بەناوی گولیزار خدر ئەحمەد، لەگەڵ ئازاد عەبدوڵڵا، دوو برینداریش هەبوون بەناوەكانی قادر محەمەد و ساكار تەحسین. ئەو تەرمانە لەگەڵ بریندارەكان رەوانەی نەخۆشخانەی هەولێر كراون بۆ بەدەست خستنی راپۆرتی پزیشكی و ئێستاش لێكۆڵینەوە لەكێشەكە بەردەوامەو بەزووترین كات تاوانباران دەستگیر دەكەین".
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com