گەندەڵی لەهاوكارییەكەی سەرۆكی حكومەت كرا  

 

پیاوێك بەناوی ئەنفالەوە بەهاوكاریەكەی سەرۆكی حكومەت، ژنی دووەمی هێنا

كەلار: ئاوارە محەمەد

بەپێی ئەو لیستەی دەست "سڤیل" كەوتووە و ناوی لیستەكە (لیستی هاوسەرگیری كوڕ و كچی وارسی ئەنفال)ـە، لەناویاندا دوو ناوی شەهیدی حیزبی شوعیی و چوار ناو كە زیاد لە 6 مانگە چوونەتە نێو پرۆسەی هاوسەرگیریەوە و ناوێك كە دووەم ژنی هێناوە، وەك كوڕ و كچی پاشماوەی ئەنفال و دەزگیراندار هاوكاریەكەی سەرۆكی حكومەتیان وەرگرتووە.
دوای ئەوەی لە 14/4/ لە (22)ـهەمین ساڵیادی كارەساتی ئەنفال هەردوو ڕێكخراوی كۆمەڵەی داكۆكیكار لەمافی كەسوكاری ئەنفالكراوەكان و ڕێكخراوی خێرخوازی گەرمیان، پرۆسەی هاوسەرگیریان بۆ 47 كوڕ و كچی ئەنفالكراوی گەرمیان ساز دا، بەچاودێری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، كە هەر كوڕ و كچێكیش لەوان بەبڕی (25000) هەزار دۆلار هاوكاری كران.
بەپێی ئەو لیستەی دەست "سڤیل" كەوتووە، (47) ناوی تێدایە و لەنێو ناوەكاندا ناوی تێدایە، كە كوڕی شەهیدی حیزبی شوعییە، نەك كەسوكاری ئەنفال و تێیدایە كە خێزاندارە و دوو ژنی هەیە، ئەو خێزاندارانەش واتە تازە چونەتە پرۆسەی هاوسەرگیریەوە، ئەو هاوكاریەیان وەرگرتووە. هەر بەپێی زانیاریەكانی (سڤیل) لەو ڕۆژەدا (51) كەس هاوكاریەكەیان وەرگرتووە، كەچی لیستەكە ناوی 47 كەسی تێدایە و زۆرینەی ناوەكانیش ناونیشان و ژمارەی ناسنامەی ئەنفالیەكە و شوێنی نیشتەجێبونی تێدانییە.
(سڤیل) پەیوەندی بەنوێنەری پارتی و یەكێتیی لەنێو كۆمەڵەی داكۆكیكار لەمافی كەسوكاری ئەنفالكراوەكان كرد، بەڵام نوێنەری هەردوو لایەن بێئاگایی خۆیان لەڕێكخستنی ئەو بەرنامە و لیستەكە دەربڕی و ئاماژەیان بەوە دا، كە چەند كەسێكی تری نێو كۆمەڵەی داكۆكیكار لەمافی كەسوكاری ئەنفالكراوەكان و ڕێكخراوی خێرخوازیی گەرمیان ئەو پرۆسەیان ڕێكخستووە.
هاوڕێ پێشڕەو، بەرپرسی كۆمەڵەی داكۆكیكار لەمافی كەسوكاری ئەنفالكراوەكان لەگەرمیان، نوێنەری حیزبی شوعیی لەكۆمەڵەكە بە"سڤیل"ـی راگەیاند: ئێمە وەك دوو ڕێكخراو ئەو كارەمان ئەنجام داوە، وەكو ڕیكخراوەكەی خۆمان لەهەموو ئەو ناوانە بەرپرسین، كە ناردوومانە، هەموویان كەسوكاری ئەنفالكراو بوون، بەڵام بەرپرسیارەتی ڕێكخراوی خێرخوازی هەڵناگرین". سەبارەت بەو چەند ناوەی كە خێزانداربوون و وەك ئەو كوڕ و كچانەی تر كە تازە دەچنە نێو پرۆسەی هاوسەرگیریەوە، هاوكاریەكەیان وەرگرتووە. هاوڕێ پێشڕەو گوتی "ئەوە چوار ناو بوون، لای ئێمە لەنێو لیستەكەدا دەرمانكرد، بەڵام دواتر لەلایەن لیژنەكە كە نوێنەری سەرۆكی حكومەتیان تێدابوو، خرانەوە نێو لیستەكە و ئەوەش ئێمە بەرپرسیارەتی هەڵناگرین".
سەرچاوەیەك كە نەیویست ناوی بهێنرێت، ئەوەی بۆ "سڤیل" ئاشكرا كرد، جگە لەو چەند ناوەی كە كەسوكاریان ئەنفال نەبووە، پیاوێكی تر هەبووە كە ئەو ڕۆژە دووەم ژنی هێناوە، بەپێی ڕێنماییەكانی ئەم دوو ڕێكخراوە، ئەو هاوكاریە تەنها ئەو كوڕ و كچانەی كەسوكاری ئەنفال دەگرێتەوە، كە لەو ڕۆژەدا دەچنە نێو كەژاوەی هاوسەرگیریەوە، بەڵام چەند ناوێكی تریشی تێدابوو، زیاد لەشەش مانگ دەبێت زەواجیان كردووە، واتە ئەو رۆژە زەواجیان نەكردووە، لەكاتێكدا چەندین گەنجی كەمدەرامەتی كەسوكاری ئەنفالكراوەكان ماوەی هەفتەیەك و دوو هەفتە بوو زەواجیان كردبوو، پەیوەندیان بەهەردوو ڕێكخراوەكە كردبوو، بەڵام بەبیانووی ئەوەی زەواجەكەیان ماوەی بەسەرچووە، هاوكاری نەكراون. كەچی زیاد لەسێ ناوی تێدایە، كە زیاد لە 6 مانگە چوونەتە نێو پرۆسەی هاوسەرگیریەوە. ئەو سەرچاوە گوتیشی "ئەمە فریودانی سەرۆكی حكومەتە، كە بەم شێوەیە متمانەی خۆیان لەدەست دەدەن".
(سڤیل) چەند جارێك پەیوەندی بە(جەلال هۆرێنی)ـی لێپرسراوی ڕێكخراوی خێرخوازی لەگەرمیان و سكرتێری یەكێتیی قوتابیانی حیزبی شوعی كرد، بەڵام وەڵامی نەدایەوە. شێخ لەتیفی ڕاوێژكاری سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ (سڤیل) بێئاگایی خۆی نیشان دا و لەگەڵ ئەوەشدا بەڵێنی بەدواداچوونی دا و گوتی "ئێمە بەدواداچوون لەسەر ئەو بابەتە دەكەین، تابزانین تاچەند ئەو زانیاریانە ڕاستن، چونكە سەرۆكی حكومەت بەمتمانەوە ئەو هاوكاریەی بۆ ئەو كوڕ و كچانەی پاشماوەی ئەنفال ناردووە، كە لەو ڕۆژە گرنگەدا چوونەتە نێو كەژاوەی هاوسەرگیریەوە".
تێبینی/ لیستی ناوەكان لای (سڤیل) پارێزراوە.
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com