|
لیوای
مافپەروەر عەبدوڵڵا محەمەد سەعید خەیلانی،
بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەرێم لەگفتوگۆیەكیدا
لەگەڵ (سڤیل) وەڵامی چەند پرسیارێك دەداتەوە،
كە پەیوەندی بەكاروباری پۆلیسەوە هەیە و
ئاشكرای كرد، "جگە لەدەزگای ئاسایش لەگەڵ
دەزگا ئەمنییەكانی تر بەتایبەتی دەزگای
زانیاری هیچ پەیوەندییەكمان نییە"، هەروەها
باسیش لەوە دەكات، ئێستا لەكوردستان "خراپترین
باند باندی دزیكردنی ئۆتۆمبێلە".
لەهەولێر هێزی ئامادە و لەسلێمانیش چالاكییە
مەدەنییەكان هەڵدەستن بەرێكخستنی ئەمنیی
خۆپیشاندەران و بەهیچ جۆرێك چەك بەكار ناهێنن
سڤیل: شوان سدیق
سڤیل: لەئێستادا ئەرك و كاری پۆلیس لەهەرێمی
كوردستان چییە؟ ئایا جیاوازی لەنێوان كاری
رابردوو و ئێستادا هەیە؟
لیوا عەبدوڵڵا: بێگومان ئەمڕۆ كاری پۆلیس زۆر
بەرەوپێشكەوتن هەنگاوی ناوە، ئەوەش دەگەڕێتەوە
بۆ خودی بەڕێز وەزیری ناوخۆ، كە زۆر
بەبەرەوپێشچوونی پۆلیس و ئەركەكانی لەبواری
دابینكردنی پێداویستییەكانیان بەشێوەیەكی گشتی
بایەخ دەدات، بەتایبەتیش ئەو پۆلیسانەی
بەشداری دەورات و خولی تایبەت دەكەن، بێگومان
ئەو خولانە كارێكی وایان لەسەر ئەفسەر و
كارمەندان كردووە، كەوا ئاستی هۆشیاری
زانیاریان زیاتر بێت، بۆیە دەڵێم ئێستا پۆلیس
لەئاستێكی زۆر باشدایە، لەگەڵ ئەمەش تموحمان
وایە، كە دەبێت زیاتر بەرەو پێشتر بچێت.
سڤیل: چۆن دەڕواننە بارودۆخی ئەمنیی ئێستای
هەرێمی كوردستان؟
لیوا عەبدوڵڵا: سەبارەت بەبارودۆخی ئەمنی
لەكوردستان، لەخوا بەزیاد بێ و بەهیمەتی هەموو
لایەك لەباشیدایە، بێگومان ئێمەش ئێستا
بەشێكین لەپرۆسەی دابینكردنی ئەمنی بۆ
هاوڵاتییانی كوردستان و بێگومان هەماهەنگیمان
هەیە، لەگەڵ دەزگاكانی تر بۆ دابینكردنی
ئاسایشی كوردستان.
سڤیل: لەنێوان ئەمنیەتی هەولێر و سلێمانی و
دهۆك چ جیاوازییەك بەدی دەكەیت؟
لیوا عەبدوڵڵا: من هیج تێبینیەكی وام نییە،
كەوا ئەمنیەتی ئەم شار لەگەڵ ئەو شار جیاواز
بێت، چونكە یەك تەوجیهات و بڕیاریان بۆ
دەردەچێت، ئەوەش هەموویان لەوەزارەتی ناوخۆن.
سڤیل: جگە لەئەمنییەـتی ناوچەكان، ئەی لەڕووی
ئیشكردنەوە دەزگاكانی پۆلیسی شارەكانی
كوردستان كامیان چالاكترن؟
لیوا عەبدوڵڵا: ناتوانم بەراوردێك دابنێم،
چونكە بەراستی هەر لەلایەنی ئەمنییەوە، وەكو
پۆلیس كاری ئێمە لەگەڵ تاوانە، پێموایە هیچ
جیاوازییەك لەنێوان ئەم شار بۆ ئەو شاردا
نییە. لەوانەیە ئەم مانگە لەهەولێر سێ رووداوی
كوشتن دەبێت و لەسلێمانی یەك رووداو، لەوانەیە
لەشارێكی تریش بەشێوەیەكی تربێت، لەبەرئەوەی
ئێمە ناتوانین قیاسێكی دیاریكراو دابنێن.
بەڵام لێرەدا ئەركی پۆلیس ئەوەیە، ئاستی تاوان
كەم بكاتەوە، ئەوەش بۆ دامودەزگاكانی
دەگەڕێتەوە، چونكە هەندێك شت هەیە تەئسیر
لەحاڵەتی تاوان دەكات، بۆ نموونە ئێستا
لەهەموو شارەكانی كورستان رووداوی ئۆتۆمبێلمان
زۆرە، هۆكارەكەش بۆ زۆربوونی ئۆتۆمبێل و خراپی
رێگاوبان و زۆر شتی تر دەگەڕێتەوە. تاوانی
ترمان هەیە، ئەویش فرت و فێڵە، ئەمەش
دەرئەنجامی گۆڕانكاری ئابوورین، بەڵام
وەزارەتی ناوخۆ هەمیشە پلانی هەیە، لەگەڵ ئەو
گۆڕانكاری و رووداوانەی سەرهەڵدەدەن.
سڤیل: ئەو كێشانە چین لەئێستادا دێنە بەردەم
كاری پۆلیس لەكوردستان؟
لیوا عەبدوڵڵا: سەبارەت بەكێشەكانی پۆلیس
بەراستی هەندێ شت هەیە، دەبێت هاوڵاتی
هەماهەنگی هەبێـت لەگەڵ پۆلیس، پێویستمان
بەوەیە هاوڵاتییان بزانن ئەو پۆلیسەی رۆژانە
ماندوو دەبێـت، پۆلیسی كوردە و بۆ بەرژەوەندیی
ئەو دانراوە، نابێت بەو شێوەیە سەیری پۆلیس
بكەن، كەپێشتر وەك ئالەتێكی قەمع سەیریان
دەكرد، ئەویش دژی میللەتەكەی خۆی سوڵتە بەكاری
دەهێنا، بەڵام ئێستا بەپێچەوانەوە دەبێت خەڵك
هاوكار بێـت و داوای هاوكارییان لێدەكەین.
سڤیل: واهەست ناكەن، دەزگاكانی پۆلیس خۆیشیان
لەئاست ئەو مەسەلەیەدا كەمتەرخەمن؟
لیوا عەبدوڵڵا: من ئیتیهامی پۆلیس و
هاوڵاتییان ناكەم، لەوانەیە هەندێك جار پۆلیس
كەمتەرخەم بووبێت، بەپێچەوانەوە زۆر هاوڵاتیش
هەبووە، زۆرتر هاوكاری پۆلیسی كردووە، چونكە
دەزانێ ئەو پۆلیسە بۆ ئەو دانراوە.
سڤیل: ئێستا لەكوردستان خراپترین باندی
دزیكردن یاخود رفاندن و هتد، كامانەن؟
لیوا عەبدوڵڵا: ئێستا خراپترین باند باندی
دزیكردنی ئۆتۆمبێلە لەهەولێر و سلێمانی و
دهۆك، بەڵام باندەكەش بەو شێوەیە نییە، كە
بڵێین ئەمە جێگەی مەترسییە.
سڤیل: ئەو دۆخە سیاسیەی زۆر جار گرژی و ئاڵۆزی
بەدوای خۆیدا هێناوە، بۆ نموونە لەهەڵبژاردنی
پەرلەمانی عێراق، چەند حاڵەتێكی نەخوازراو
لەسلێمانی و هەولێر و دهۆكیش روویدا، ئەمانە
هیچ كاریگەرییەكیان لەسەر ئیشوكاری ئێوە
نەبووە؟
لیوا عەبدوڵڵا: پۆلیس لەگەڵ هەموو لایەنەكان
بەیەك چاو مامەڵە دەكات، ئێمە وەكو حكومەت و
پۆلیس كار دەكەین، نەوەك دەزگا و حیزبێكی
دیاریكراو. كاركردنی ئێمەش ئەوەیە بەتایبەتی
لەكاتی لێكۆڵینەوە و بەدواداچووندا ئێمە لەژێر
سوڵتەی دادوەری لێكۆڵینەوە كار دەكەین. بۆ
نموونە دەستگركردن و تەوقیف و رەوانەكردنی
خەڵك بۆ دادگا، ناتوانین سەربەخۆ بۆ ئەمانە
هیچ بكەین، هەتا بەفەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوە
نەبێت.
سڤیل: وا هەست ناكەن لەكوردستان زۆر جار دەزگا
ئەمنییەكانی تر مافی سنووری كاری پۆلیسیان
بەزاندووە؟
لیوا عەبدوڵڵا: هەر دەزگایەكی ئەمنی مەجالی
كاركردنی خۆی هەیە، بۆ نموونە ئاسایش تایبەتن
بەهەندێك كاری تاوان. هەندێك تاوانیش هەیە،
كاری پۆلیسە و ئاسایش حەقی بەسەرەوە نییە.
سڤیل: بەڵام ئێوە ئێستا پەیوەندیتان
لەدەزگاكانی پاراستن و ئاسایش و دژە تیرۆر و
زانیاری چۆنە؟
لیوا عەبدوڵڵا: ئێمە وەك و دەزگایەكی رەسمی
پەیوەندیمان لەگەڵ ئاسایش هەیە، چونكە ئەوان
سەربە حكومەتن، بەڵام پەیوەندیمان بەدەزگا
ئەمنییەكانی ترەوە نییە.
سڤیل: مەبەستم دەزگایەكی وەكو زانیاریی یان
دژە تیرۆر و پاراستنە، ئێوە پەیوەندیتان
لەگەڵیدا چۆنە بەتایبەتی لەسلێمانی؟
لیوا عەبدوڵڵا: ئەو دەزگایانەی رەسمی نەبن،
پەیوەندیمان لەگەڵیان نییە.
سڤیل: جیاوازیەكی زۆر لەنێوان دەرماڵەی پۆلیسی
كوردستان و بەغدا هەیە، بۆچی هەوڵ نەدراوە ئەو
جیاوازییە نەهێڵن؟
لیوا عەبدوڵڵا: جیاوازی مووچەی هەرێم لەگەڵ
بەغدا تەنیا 210 هەزار دینارە، ئەویش پێیدەڵێن
دەرماڵەی خواردن، ئەو پرسەش جارێ لەوەزارەتی
دارایی لەژێر دیراسەتدایە، ئەگەر لەداهاتوودا
گفتوگۆی زۆری لەسەر بكرێـت و بگاتە دەرئەنجام،
دواتر دەگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان و قسەی لەسەر
دەكرێت.
سڤیل: بەپێی زانیارییەكانی ئێمە جلوبەرگی
ئەفسەرەكان لەكوردستان بەڕادان دراوە، بەڵام
بۆ پۆلیس و كارمەندی ئاسایی لەوڵاتی توركیا
دوراوە، ئەم جیاوازییە بۆچی كراوە؟
لیوا عەبدوڵڵا: ئەوە لەوەزارەتی ناوخۆ وا
ئیتیفاق كرا، ئەمەش زیاتر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە،
كە خەرجی جلوبەرگی ئەفسەر لەكوردستان دوراوە و
هی پۆلیسی ئاسایش لەتوركیا، چونكە ژمارەی
ئەفسەران لەكارمەندەكان كەمترە، هیچ
بەرگدورێكیش نییە لەكورستان بتوانێت 40-50
هەزار بەدلە دروستبكات. بۆیە رێكەوتن لەگەڵ
كۆمپانیایەكی توركی كرا و لەتوركیا جلوبەرگی
كارمەندان دروست كرا، بەڵام ئەفسەرەكان ئەگەر
زۆریش بن، تەنیا 1500-2000 هەزار كەسن و
دروستكردنی جلوبەرگەكانیان لەكوردستان ئاسانە.
سڤیل: بەردەوام باس لەدەستێوەردانی بەرپرسی
حیزبی لەكاروباری پۆلیسدا دەكرێت، ئێوەش ئەوە
دەزانن؟ ئایا بۆچی هیچ هەڵوێستكێتان نەبووە؟
لیوا عەبدوڵڵا: ئەوەی بەواقیعی بێت، بەرپرسی
حیزبی تەداخوولی ئیشەكانی پۆلیس ناكەن. چونكە
ئیشی ئێمە لەگەڵ حیزب جیاوازە و هەر بڕیارێكیش
لەدادگا دەردەچێت، ئێمە پابەندین بەیاسا و
بڕیارەكانی مەحكەمە و جێبەجێیان دەكەین، ئەگەر
هەر دەستێوەردانێكی حیزبیش هەبێت، سەرووی
خۆمان ئاگادار دەكەینەوە.
سڤیل: تۆ پێتوایە ئەو هەموو هەواڵ و
راپۆرتانەی لەسەر بەرپرسی حیزبی
بڵاودەكرێنەوە، كە زۆرجار تەدەخولی ئیش و كاری
پۆلیس دەكەن، ناڕاستن؟
لیوا عەبدوڵڵا: نەخێر شتی وا نییە، بەرپرسی
كۆمیتەیەك یان ناوچە و هەر حیزبێكی تر كارێكی
وای كردبێت ئەویش ئینسانە و قابیلە بۆ
هەڵەیەك، بەڵام تا ئێستاكە شتێكی وا
رووینەداوە، كە بەرپرسێكی حیزبی وەك و
بەڕێوەبەرێكی پۆلیس هەڵسوكەوتی كردبێت.
سڤیل: پۆلیسی ئینتەرپول ئێوە وەك پۆلیسی هەرێم
دەناسێت، یان پۆلیسی عێراق؟
لیوا عەبدوڵڵا: پۆلیسی ئینتەرپوڵ ئێمە وەك
پۆلیسی هەرێم دەناسێت، نەك پۆلیسی عێراق،
بەڵام پۆلیسی ئینتەرپول هاوئاهەنگی لەگەڵ
پۆلیسی هەرێم و وەزارەتی ناوخۆی بەغداش هەیە.
سڤیل: جیاوازی چییە لەنێوان دامەزراندنی
پۆلیسی ئێستا لەگەڵ ساڵانی رابردوو؟ ئایا ئەو
كەسانەی دادەمەزرێن، بەتەزكیەی حیزبی دەبن
بەپۆلیس؟
لیوا عەبدوڵڵا: نەخێر ئێستا بەهیچ شێوەیەك
حیزب تەدەخولی دامەزراندنی پۆلیس ناكات، كە
ببێتە پۆلیس، مەرجەكانی بەپۆلیسبوونیش لای
ئێمە ئێستا دەبێت دەرچووی ناوەندی بێت، بۆ
ئەوەی ئاستی پۆلیس بەرەو پێشتر هەنگاو بنێت.
هەر هاوڵاتیەكیش دەیەوێت ببێتە پۆلیس، ئێمە
لێی ناپرسین تۆ كێیت و كێ نیت، ئەگەر
مەرجەكانی تەواو بێت، ئێمەش كاتی دامەزراندمان
هەبێت، زۆر ئاساییە كارئاسانی بۆ دەكەین، هیچ
نووسراوێكیش بۆ ناوچەی هێزی ناوخۆ ناكەین،
بەڵام نووسراو بۆ موكافەحە دەچێت و ئەویش
بۆئەوەی لیكۆڵینەوە بكەن، لەسەر ئەو كەسانەی
كە دەبن بەپۆلیس.
سڤیل: سەرەڕای ئەوەی ژمارەیەكی زۆر لەئافرەتان
ئامادەییان هەیە لەكاروباری پۆلیسدا، بەڵام
بۆچی هیچ ئافرەتێك بەڕێوەبەری پۆلیس نییە،
بەتایبەتی لەناحیە و قەزاكان؟
لیوا عەبدوڵڵا: خۆی ئەو كەسانەی دەبن بەپۆلیسی
بنكە، دەبێت پلەی مولازمی یەك یان نەقیب بێت،
بیگومان ئەو ئافرەتانەی ئێستا لەكاروباری
پۆلیسدا كاردەكەن، بەتایبەتی لەكۆلێژەكانەوە
هاتبن، هیچییان پلەیان نەگەیشتۆتە نەقیب، ئەو
ئافرەتانەش زیاتر دەرچووی كۆلێژن و
لەكۆلێژەكانی یاسا و ئیدارە و بەڕێوەبردن و
كۆمپیتەر و تەكنەلۆجیای زانیاری ...هتد. لەگەڵ
ئەوەی دەبێت دەرچووی كۆلێژ بن و ساڵێكیش
بەشداری دەورەی ناوخۆ بكەن و دواتر دەبن
بەئەفسەر.
|