ســـــــــــــاڵانە بری 28 ملیــــار و 392 ملیــــــۆن دینــار وەك مووچەی پەرلەمانتارە خانەنشینكراوەكان خەرج دەكرێت  

 

33 ڕێكخراوی كۆمەڵگەی مەدەنی داوا دەكەن، مووچەی خانەنشینی پەرلەمانتارانی كوردستــــان كەم بكـــــرێتەوە و پەرلــــەمانتــــــارە گەنجەكـــــــان خــانەنشین نەكرێن
 

سڤیل: سەنگەر عەبدولڕەحمان

33 رێكخراوی كۆمەڵگەی مەدەنی لەپارێزگای سلێمانی، كەمپینێك بۆ كەمكردنەوەی مووچەی خانەنشینی پەرلەمانتارانی كوردستان دروست دەكەن، وتەبێژی كەمپینەكەش ئاشكرای دەكات، بۆ ئەو مەبەستە یاداشتێك دەدەنە سەرۆكایەتی پەرلەمان، لەگەڵیشیدا پڕۆژەیەك پێشكەش بەپەرلەمان دەكەن، كە تێیدا جگە لەوەی داوا دەكەن، مووچەی خانەنشینی پەرلەمانتاران كەم بكرێتەوە، هاوكات داوای ئەوەش دەكەن، پەرلەمانتارە گەنجەكان خانەنشین نەكرێن و پاش تەواوبوونی پەرلەمانتاریان بگەڕێنەوە سەر كار و وەزیفەی ڕابردوویان.
سمكۆ رەشید، وتەبێژی كەمپینی رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی بۆ كەمكردنەوەی مووچەی خانەنشینی پەرلەمانتارانی كوردستان، بۆ (سڤیل) گوتی "ماوەی پێنج مانگە ئەو كەمپینەمان دروست كردووە، سەرەتای ئەو پڕۆژەیە هی یەكێتیی لاوانی دیموكرات لەكوردستانی عێراق بوو، پاش چەند كۆبوونەوەیەك لەگەڵ ڕێكخراوەكان، بوو بەپڕۆژەی كەمپینی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی، كە 33 ڕێكخراو لەخۆ دەگرێت". وەك سمكۆ رەشید باسی كرد، ئامانج لەدروستكردنی ئەو كەمپینە نووسینی یاداشتێكە دوو خاڵ لەخۆدەگرێت، ئەو گوتی "یەكەمیان خانەنشیننەكردنی پارلەمانتارە گەنجەكانە، بەپێی یاسای پەرلەمان هەموو فەرمانبەرێك و ئەندامانی پەرلەمانیش لەناویاندا لەكاتی خانەنشینبوونی %80ـی مووچەكەی وەردەگرێت، بەگوێرەی ئەوەی ئێستا مووچەی ئەندام پەرلەمانێك هەشت ملیۆن دینارە، كاتێك خانەنشین دەبێت، شەش ملیۆن وەردەگرێت، ئەمە كاریگەریەكی گەورەی لەسەر داهاتی وڵات دەبێت، پاش چەند خولێكی تری پەرلەمان لەشكری خانەنشینی پەرلەمانتارمان دەبێت، بەمەش بودجەیەكی زۆر بۆ پارلەمانتاری خانەنشین دەڕوات".
وتەبێژی كەمپینی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی گوتیشی، "كاتێك گەنجێك لەتەمەنی 25 یان 30 ساڵیدا دەبێتە ئەندام پەرلەمان، دوای چوار ساڵ دەبێتە 29 یان 34 ساڵ، كە گەنجێك لەو تەمەنە كەمەدا خانەنشین دەكەیت، وای لێدەكەیت لەدوای ئەوە لەچالاكیە سیاسی و مەدەنی و كۆمەڵایەتیەكان تەجمید بێت". سمكۆ رەشید ئەوەی بۆ (سڤیل) ڕونكردەوە، كە ئەو 33 ڕێكخراوەی كۆمەڵگای مەدەنی لەپڕۆژەكەیاندا داوایان كردووە، ئەو پەرلەمانتارەی گەنجە، پێشتر لەهەر كار و وەزیفەیەك بووە، بگەڕێتەوە جێگاكەی خۆی، نەك خانەنشین بكرێت. ئاشكراشی كرد بۆ پشتگیری لەپڕۆژەكەیان سەردانی سەرۆكی پەرلەمان و سەرجەم فراكسیۆنەكانیان كردووە، "جگە لەهەندێك تێبینی، هەموویان پشتگیری تەواویان لەپڕۆژەكەی ئێمە كردووە".
ئەو پڕۆژەیە تەنها بەكەمپین نابێت، بەڵكو پێویستی بەواژووی ئەندامانی پەرلەمانە، سمكۆ رەشید گوتی "بۆئەوەی پڕۆژەكەمان ببێتە كارنامەی پەرلەمان، پشتگیری و واژووی 51 ئەندام پەرلەمانمان دەوێت، تائێستا رووبەڕوو هەندێك فراكسیۆن و ئەندام پەرلەمان بەڵێنی ئەوەیان پێداوین، پشتگیری پڕۆژەكەمان بكەن، هەر كاتێكیش هەر فراكسیۆن و ئەندام پەرلەمانێك كە پڕۆژەكەمان خستە بەردەستی و واژووی نەكرد، لەڕاگەیاندنەكان ناوی بڵاودەكەینەوە و قسەیان لەسەر دەكەین".
كەمپینەكەی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی بۆ كەمكردنەوەی مووچەی خانەنشینی پەرلەمانتارانی كوردستان، بۆچوونی جیاوازی لەناو پەرلەمانتاراندا دروست كردووە، هەندێكیان پشتیگیری و هەندێكیشیان رەتی دەكەنەوە. عومەر سدیق پەرلەمانتاری فراكسیۆنی كوردستانی لەو بارەیەوە گوتی، "ناكرێت یاسایەكی تایبەت بۆ چینێكی دیاریكراو دەربكرێت و ئەوانی تر نەگرێتەوە، كاتێك باسی كەمكردنەوەی مووچەی پەرلەمانتاران دەكرێت، پێویستە باسی سەرجەم پەرلەمانتاران و پلە تایبەتیەكانی حكومەتیش بكرێت". عومەر سدیق رەتیكردەوە، پشتگیری لەوەها پڕۆژەیەك بكات، "چونكە وەك گوتم ناكرێت یاسایەكی تایبەت بۆ چینێكی دیاریكراو دەربكرێت، ناكرێت لەناو سەد كەس پێنج یان دە كەس جیا بكەیتەوە و یاسایەكی تایبەتیان بۆ دەربكەیت، هەموو ئەندامانی پەرلەمان یەك سوێند دەخۆن، یەك ئەركیان هەیە و پێویستە یەك مافیشیان هەبێت، ئەوەندەی من زانیاریم لەسەر پەرلەمانەكانی دنیا هەبێت، ئەگەر خانەنشینیان هەبێت، بۆ هەموو ئەندام پەرلەمانەكان وەكو یەك وایە، ناڵێت بۆ ئەوەی 50 ساڵە ئەوەندەی پێ بدرێت و ئەوەی 40 ساڵە ئەوەندەی پێ بدرێت و 30 ساڵی ئەوندەی پێ بدرێت، بەڵام لەگەڵ كەمكردنەوەی مووچەی سەرجەم پلە تایبەتەكانم، جا ئەندام پەرلەمان بێت، یان لەحكومەت". ئەو پەرلەمانتارەی فراكسیۆنی كوردستانی گوتیشی، "بڕوا ناكەم لەناو پەرلەماندا پشتگیری لەپڕۆژەی وا بكرێت".
عومەر سدیق لەگەڵ وتەبێژەكەی كەمپینی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی لەوەدا هاوڕایە، كە زۆربوونی پەرلەمانتاری خانەنشین بەو مووچە زۆرەی ئێستا، كاریگەری لەسەر بودجە و دارایی وڵات دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا گوتی "ئەگەر ئێستاش مووچەی پەرلەمانتار و خانەنشینی پەرلەمانتار كەم نەكرێتەوە، دەبێت لەداهاتودا بیر لەم مەسەلەیە بكرێتەوە، چونكە رەنگە ئێستا ئەو كاریگەریەی لەسەر بودجە و دارایی وڵات نەبێت، بەڵام لەچەند ساڵی داهاتوودا، كە پەرلەمانتاری چەند خولێكی تری پەرلەمان خانەنشین دەبێت، لەشكرێك لەپەرلەمانتاری خانەنشین بەمووچەیەكی زۆر دروست دەبن".
لەبارەی دووركەوتنەوەی پەرلەمانتارە گەنجەكان لەپرۆسە و جوڵەی سیاسی و كۆمەڵایەتی لەدوای خانەنشینبوونیان، وەك سمكۆ ڕەشید گوتی، عومەر سدیق بڕوای وایە كە "مەرج نییە ئەو پەرلەمانتارەی كاتێك خانەنشین دەبێت، بەشداری سیاسی نەكات و لەبزووتنەوەی كۆمەڵایەتی بوەستێت و ئیتر جارێكی تر نەیەتەوە ناو ئەو جوڵە كۆمەلایەتی و سیاسیە، دووركەوتنەوەی پارلەمانتاران لەدوای خانەنشینبوونیان لەپرۆسەی سیاسی دەكەوێتە سەر ئەو كەسە خۆی و ئەو حیزبەی كاندیدی كردووە".
بەپێچەوانەی پەرلەمانتارەكەی فراكسیۆنی كوردستانی، پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی گۆڕان پشتگیری خۆی بۆ پڕۆژەكەی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی دەربڕی، دكتۆر زانا ڕەئوف پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان بۆ (سڤیل) گوتی، "لەڕابردوودا هەوڵێكی زۆر درا، كە گەنج بێتـە پەرلەمانەوە، ئەمەش كرا، بەڵام توانای ئەو گەنجە دەكوژرێت، بەوەی تۆ دوای چوار ساڵ ئەو گەنجە خانەنشین بكەیت. لەچەند ساڵی داهاتوودا جیلێكی گەنجی خانەنشین دروست دەبێت، كە هیچ سوود لەتواناكانی وەرناگیرێت".
پەرلەمانتارەكەی فراكسیۆنی گۆڕان بۆ كۆتایپێهێنانی خانەنشینی پارلەمانتاران پشتگیری لەهەموو هەوڵێك دەكات، بەڵام دوو مەرجیش بۆ ئەو مەبەستە دەخاتە ڕوو، زانا رەئوف گوتی "مەرجی یەكەم ئەوەیە ئەو چوار ساڵەی كە پەرلەمانتار تێیدا خزمەت دەكات، دوای ئەوەی كە دەگەڕێتەوە سەر وەزیفەكەی پێشووی، ئەو ماوەیەی بەڕاژە بۆ بژمێردرێت، بۆ نموونە من لەناو فەرمانگەیەكدام، چوار ساڵ خزمەتم هەیە، چوار ساڵیش لەناو پەرلەماندا كار دەكەم، كە دەچمەوە سەر وەزیفەكەی خۆم، واتا هەشت ساڵ خزمەتم كردووە، دووەم مەرج ئەوەیە، ئەگەر پەرلەمانتارێك لەكاتی ئەندام پەرلەمانیدا كۆچی دوایی كرد، خانەوادەكەی مافی ئەوەی هەبێت، مووچەی خانەنشینی پەرلەمانتاری وەربگرێت". گوتیشی "بەدەر لەم حاڵەتانە خانەنشینكردنی پەرلەمانتار لەكەیەكی یاساییە لەم وڵاتە هەیە، دەبێت زوو ڕێگری لەم حاڵەتە بكرێت، من بەهەموو شێوەیەك پشتگیری لەو پڕۆژەیە دەكەم، پێویستە هەوڵی جددی بدرێت بۆئەوەی ئەم پڕۆژەیە لەم خولەوە جێبەجێ بكرێت". لەبارەی ئەگەری پشتگیریكردن و نەكردنی پەرلەمانتاران لەپڕۆژەكەی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، دكتۆر زانا ڕەئوف گوتی "بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان 10 ئەندام پەرلەمان واژووی بكات، دەتوانرێت پڕۆژەكە پێشنیاز بكرێت، بۆ پێشنیازكردنەكە هیچ كێشەیەكمان نییە، بەڵام دوایی بۆ دەنگدان لەسەری كاری ئێمەیە، كە هاوڕێیانمان لەپەرلەمانتاران بۆیان شی بكەینەوە، لایەنە ئیجابیەكانی بخەینە ڕوو، هەروەها لایەنە سلبیەكانیش دەستنیشان بكەین، بۆئەوەی كۆدەنگیەك بۆ پەسەندكردنی پڕۆژەكە دروست بكەین".
لەبەدواداچوونێكی (سڤیل) كە لەژمارە (1)ی بەرواری 5/9/2009 بڵاوكراوەتەوە، لەكوردستان 364 ئەندام پەرلەمانی خانەنشینكراو هەن، ساڵانە بڕی 28 ملیار و 392 ملیۆن دینار وەك مووچەی خانەنشینی بەپەرلەمانتارەكان دەدرێت، ئەوە جگە لەوانەی هێشتا خانەنشین نەكراون.
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com