لە كوردستان مردن هەڕەشە لە 2500 منداڵی تووشبوو بە تالاسیما دەكات  

 

سڤیل: هێمن محەمەد

ژمارەی ئەو منداڵانەی لەهەرێمی كوردستان دووچاری نەخۆشیی تالاسیمیا هاتوون، لەزیادبووندایە، سەرۆكی لقی هەولێری سەندیكای پزیشكانی كوردستان و شارەزایانی بواری تەندورستی خراپی سیستەمی تەندروستی لەكوردستان بەهۆكار دەزانن، لەگەڵ ئەوەشدا سەرۆكی كۆمەڵەی تالاسیمیا پێیوایە، رێگری لەم جۆرە نەخۆشیە ئەستەم نییە.
بەپێی دوایین ئاماری كۆمەڵەی تالاسیما، رێژەی تووشبوان بەم نەخۆشیە بەبەراورد لەگەڵ ساڵانی ڕابردوو لەزیادبووندایە، تەنها لەشاری دهۆك 600 توشبوو بەنەخۆشی تالاسیما هەن، لەسلێمانی 550 و لەهەولێر 493 و لەكەركووك 400 و لەخانەقین 150 و لەرانیە 120 نەخۆش هەن، كۆی گشتیش زیاتر لە2500 كەسن، كە گیرۆدەی ئەم نەخۆشیەن، تائێستا 70 لەتووشبووان گیانیان لەدەستداوە.
مێژووی دۆزینەوەی ئەم نەخۆشیە لەلایەن زانایەكی بواری پزیشكیەوە بوو، بەناوی (كۆڵیا) لەساڵی 1925، ئەو زانایە ئەم نەخۆشیەی دەستنیشان كرد، كاتێك بۆی دەركەوت، بەهۆی كەمخوێنی كەسانێك سپڵیان گەورە دەبێت و بەژنیان كورت و رەنگیان نائاسایی و هەروەها ددانەكانیشیان بەئاراستەی پێشەوە دەردەچێت.
كۆمەڵەی تالاسیمای كوردستان لەساڵی 1995 دامەزراوە و نووسینگەی سەرەكییان لەهەولێرە و لەزۆربەی شارەكان لقیان هەیە، كاردەكەن بۆ هۆشیاركردنەوەی خەڵكی لەتوشبوون بەنەخۆشیی تالاسیما و كۆكردنەوەی تووشبووان لەرێكخراوێكدا. ئیبراهیم ئەحمەد، جێگری سەرۆكی كۆمەڵەی تالاسیمای كوردستان باس لەوە دەكات، ساڵ بەساڵ رێژەی تووشبووانی ئەم نەخۆشیە بەرەو زیادبوون دەچێت، تائێستا 70 لەتووشبووانیش گیانیان لەدەستداوە، زۆربەی ئەوانەی دووچاری ئەم نەخۆشیە هاتوون، خەڵكانی دەستكورت و كەمدەرامەتن، ئەو گوتی "30 لەو منداڵانەی لای ئێمە ناویان تۆماركراوە، هەتیون و باوكیان نەماوە، تووشبووانی ئەم نەخۆشیە لە 3 تا 7 مانگیەوە نیشانەكانیان لێدەردەكەوێ و زۆربەشیان لەتەمەنی 20 ساڵیدا گیانیان لەدەستدەدەن". ئیبراهیم ئەحمەد رەخنەی لەبواری تەندروستی هەبوو، لەوەی تائێستا نەخۆشخانەیەكی پێشكەوتوو بۆ ئەم جۆرە نەخۆشیە نییە، بەگوتەی ئەو تەنانەت ئەو نەخۆشخانەی تایبەتە بەتالاسیماش، لەنهۆمی دووەمی نەخۆشخانەی پزیشكی خێزانیدایە، لەكاتێشكدا دەبوایە نەخۆشخانەكە لەخوارەوە بوایە، بۆئەوەی سەركەوتن و دابەزینی نەخۆشەكان ئاسان بوایە، ئیبراهیم ئەحمەد گوتی "زۆربەی كات ناچار دەبین، نەخۆشەكان بەسەر شانمانەوە بۆ نهۆمی سەرەوە هەڵبگرین، تووشبووانی ئەم نەخۆشیە پێویستیان بەخوێنی زۆر هەیە و بەردەوام داوای یارمەتی لەخوێنبەخشان و فەرمانبەرانی حكومی و كادیرانی حیزبەكان و نەخۆشخانەكان دەكەین، تا خوێنمان بۆ ئامادە بكەن".
سەبارەت بەچارەسەركردنیشیان لەدەرەوەی وڵات و هاوكاری رێكخراوە جیهانییەكان، ئیبراهیم ئەحمەد دەڵێت "لەلایەن رێكخراوێكی ئیتاڵیەوە 12 لەتووشبووانی ئەم نەخۆشیە بەمەبەستی چارەسەركردنیان رەوانەی وڵاتی ئیتاڵیا كراون و 3 لەتوشبووەكانیش لەوڵاتی ئیتاڵیا گیانیان لەدەست دا".
دایكی ئیمان یەكێكە لەو كەسانەی دوو لەمنداڵەكانی دووچاری نەخۆشی تالاسیما هاتوون، ئەو ئافرەتە دەڵێ "خۆم و پیاوەكەم هۆكاری توشبوونی منداڵەكانمانین بەنەخۆشیی تالاسیما، لەوكاتەی زانیوومانە هۆكارەكە پەیوەستە بەئێمەوە، لەگەڵ هاوسەرەكەمدا بڕیارم دا هیچی تر منداڵمان نەبێت، چونكە ناتوانم جگە لەو دوو منداڵە توشبووە، فریای هیچ منداڵێكی ترم بكەوم، چونكە دەبێت بەردەوام چاودێریان بكەم، بۆیە لەسەر ئەو بڕیارە رێككەوتین". دایكی ئیمان هەمیشە بەوە هەناسەسارد دەبێت، كاتێك كچەكەی لەقوتابخانە رووبەڕووی ئەو پرسیارانە دەبێتەوە، ئەویش لەدایكی دەپرسێت لەسەر دەركەوتنی نیشانەكانی تووشبوون بەم نەخۆشیە و جیاوازی شێوە و رووخساری لەگەڵ منداڵانی تر.
دكتۆر هێمن فازڵ، شارەزا لەنەخۆشییەكانی میزەڕۆ و نەزۆكی بۆ خراپی سیستەمی تەندروستی لەكوردستان، حكومەت بەكەمتەرخەم دەزانێت لەنەبوونی پلانێكی تۆكمە، بۆ رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشیە درێژخایەن و بۆماوەییەكان، دكتۆر هێمن فازڵ گوتی، "من ناڵێم حكومەت و دەزگاكانی تەندروستی كاریان بۆ نەخۆشیە درێژخایەن و بۆماوەییەكان نەكردووە، نا. كردوویانە، بەڵام كێشەمان لەچۆنیەتی بەرەنگاربوونەوە و ئەو سیستەمە هەیە، كە بۆ ئەم مەبەستە داڕێژراوە و پەیڕەو دەكرێت، لەكاتێكدا لەكوردستان سەنتەری تالاسیما و شەكرە و سنگ و سیل هەیە و خەرجیشی بۆ دابینكراوە، وێڕای لاوازی پڕۆگرامەكان، هەڵسوڕاوەكانیش لەجێگەی خۆیان نین".
سەفین جەلال، بەڕێوەبەری كارگێڕیی سەنتەری تالاسیما لەلێدوانێكیدا بۆ (سڤیل) گوتی، "ئەگەرچی رێژەی تووشبووانی ئەم نەخۆشیە لەزیادبوونە، بەڵام توانیوومانە بەپێی توانا هاوكاری نەخۆشەكان بكەین، بەتایبەتی لەڕووی دابینكردنی دەرمان، بەڵام نەبوونی باڵاخانەیەكی تایبەت بۆ سەنتەرەكەمان گرفتی بۆ دروست كردووین، چەند جارێكیش داوامانكردووە بینایەكی تایبەتمان بۆ دابین بكەن، بەڵام تەنها بەڵێنە و تائێستاش هیچ دیار نییە، گوتیشی ئێستا بەشێوەیەكی كاتی لەنهۆمی دووەمی بنكەی تەندروستیی خێزانی برایەتی داین".
بارزان كەریم، دەرچووی كۆلێژی كارگێڕی و ئابووری پێیوایە، لەكوردستان رێژەیەكی یەكجار زۆر خەڵكی نەخۆش و پەككەوتە و كەمئەندام هەن، لەئەنجامی نالەباری بارودۆخی سیاسی و كاریگەریەكانی ئابلۆقەی ئابووری و بەدخۆراكی، بۆیە بارزان بەپێویستی دەزانێ، حكومەت بەدوای رێگەچارەیەكی بنەڕەتی بگەڕێت، بەتایبەت بۆ دابینكردنی خەرجیی چارەسەركردنیان.
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com