|
ماوەی
10 ساڵە بارانی لەو شێوەیە لەسلێمانی نەباریوە
سڤیل: سەركەوت ئەحمەد
ئەمساڵ بەپێچەوانەی ساڵانی ڕابردوو، هیچ
مەترسیەكی وشكەساڵی لەسنووری پارێزگای
سلێمانیدا نەماوە، بەڵكو باران بارینی
بەردەوام و بەلێزمە دوودڵی و مەترسی لەلای
جوتیاران دروست كردووە، كە زیان
بەبەروبوومەكانیان بگەیەنێت.
تاكو ئەم چركەساتەی سەرقاڵی ئامادەكردنی ئەم
ڕاپۆرتە بووین، باران بارین لەشاری سلێمانی
بەردەوامە، رێژەی باران بارین لەشاری سلێمانی
گەیشتۆتە 790 ملم، لەسنووری شارەزوور گەیشتۆتە
700ملم، زۆرترین رێژەش لەپێنجوێن تۆماركراوە،
كە 1290 ملیمەترە، كەمترین رێژەش لەكەلارە و
بریتییە لە 380 ملیمەتر، لەكاتێكدا لەكەلار
نزیكی 200 ملیمەتر باران ئەو بڕە پێویستەیە،
تا وشكەساڵی روونەدات.
دارا حەسەن فەرەج، بەڕێوەبەری كەشناسی و
بومەلەرزەی سلێمانی باسی لەوە كرد، لەهیچ
ناوچەیەكی سلێمانی بڕی باران بارین كەم نییە،
بەڵكو لەهەموو ناوچەكان دوو ئەوەندەی ساڵی
ڕابردوو باران باریوە، گوتیشی "ئەگەری
وشكەساڵی لەهیچ ناحیە و قەزایەكی سنووری
سلێمانیدا نەماوە". دارا حەسەن ئاماژەی بەوەش
كرد، ماوەی 10 ساڵە ئەو رێژەیە لەسلێمانی
نەباریوە، ئەو هەواڵانەشی ڕەتكردەوە، كە
ئاماژە بەوە دەكەن، تاكو 1/6 باران بارین
بەردەوام بێت، بەڵام ئەگەری باران بارینی تر
بەرێژەی جیاواز جیاواز هەیە. سەبارەت
بەزیانەكانی باران لەم كاتەدا گوتی، "لەم
وەرزەدا و بەوشێوە باران بارینە لەهەندێ
ناوچەدا زیانی بەكشتوكاڵ گەیاندووە، بەتایبەتی
لەگەنم و جۆ لەهەمان كاتدا ئەو میوانەی پێ
گەیشتوون، تەرزە و باران زیانی پێ گەیاندوون،
هەروەها ئەو شەتڵانەی هاوینەن، وەكو باینجان و
تەماتە و كولەكە و بامیە و خەیار و شوتی لەو
ناوچانەی روێنراون، زیانێكی كەمیان پێ
گەیشتووە".
بەڕێوەبەری كەشناسی و بومەلەرزەی سلێمانی
ئەوەشی گوت، "ئەم بارانە بۆ ئاوی ژێر زەوی
سوودی زۆری هەبووە، ئەگەر ساڵێكی تر بەم
شێوەیە ببارێت، ئاوی ژێر زەوی كێشەی نامێنێت".
لەلایەكی ترەوە باران بارین بۆتە هۆی
زیادبوونی ئاستی ئاوی دوكان و دەربەندیخان، كە
لەچاو ساڵی ڕابردوودا لەدوكان بڕی 7 مەتر ئاو
زیادی كردووە، هەروەها لەدەربەندیخان بڕی 14
مەتر زیادی كردووە، زیادبوونی ئاستی ئاو لەم
دوو بەنداوەدا سوودی تایبەتی خۆی هەیە، بەڵام
لەگەڵ ئەوەشدا بەرزبوونەوەی ئاوی سیروان
لەدەشتی شارەزوور، زیانی بەنزیكی 6 هەزار دۆنم
زەوی مەغمورە گەیاندووە.
زەوی مەغمورە ئەو زەویانەن لەكاتی وشكەساڵیدا،
بەهۆی كەمبوونەوەی ئاستی ئاوی بەنداوەكان
جوتیاران سوودیان لێ بینیووە، بەڵام ئەمساڵ
بەهۆی زۆربوونی ئاوەوە لەسنووری سەیدسادقدا
نزیكی 20 هەزار دۆنم زەوی و لەسنووری
هەڵەبجەدا 4 هەزار دۆنم لەم جۆرە زەویانە ژێر
ئاو كەوتوون، كە جوتیاران گەنم و جۆیان تێدا
كردبوو. كەمال عوسمان كەریم، بەڕێوەبەری
كشتوكاڵی سەیدسادق گوتی، "ئەو زەویانە لەلای
ئێمە كشتوكاڵی نییە، لەكاتی خۆیدا ئەوانە
تەعویزیان وەرگرتووە و لەنەخشەی كشتوكاڵی
دەرچوونە، بەڵام لەكاتی وشكەساڵیدا نزیكی 20
هەزار دۆنم لەم زەویانە لەلایەن جوتیارانەوە
بەكاردەهێنرێن، ئێستاش بەهۆی زۆری بارانەوە
ئەو ئاوە كە دەگەڕێتەوە، هەتا كوێ بگات،
سنووری خۆیەتی". سەبارەت بەئەگەرەكانی
وشكەساڵی بەڕێوەبەری كشتوكاڵی سەیدسادق باسی
لەوە كرد، هیچ وشكەساڵیەك لەسنووری
بەڕێوەبەرایەتیەكەیاندا پێشبینی ناكرێت،
گوتیشی "سەبارەت بەزیانلێكەوتنی دانەوێڵە
بەهۆی زۆری باران بارینەوە، هەتا ئەم كاتە
باران بارین زیانی نەبووە، بەڵام ئەگەر بۆ
لەمەودوا درێژە بكێشێت، ڕەنگە زیان بگەیەنێت".
ستار مەحمود ساڵح، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی
كشتوكاڵی هەڵەبجە باسی لەوە كرد، بەردەوام
لەگەڵ باران باریندا بەدواداچوونیان كردووە،
تاكو ئێستا زیانێكی زۆر بەرچاو بەبواری
كشتوكاڵی نەكەوتووە، گوتیشی "بەڵام بارانەكە
كاریگەری لەسەر جۆ زیاتر بووە، بەشێك لەجۆی
خستووە، هەروەها ئەوەی لەبەهاردا مەترسی لێ
دەكرێت، وەكو ژەنگ تاكو ئێستا بەدی ناكەین".
سەبارەت بەو زەوی مەغمورە باسی لەوە كرد،
لەسنووری هەڵەبجەدا دەگاتە 8 هەزار دۆنم، كە
پێشبینی دەكرێت، 5 هەزار دۆنم زەوی كەوتبێتە
ژێر ئاوەوە، كە ئەمساڵ نزیكی 4 هەزار دۆنمی
كراوە بەگەنم و جۆ. بەڕێوەبەری كشتوكاڵی
هەڵەبجە گوتیشی، "هەموو ساڵێك كە باران كەم
دەبێ، جوتیاران سوودیان لەم زەویانە بینیووە،
كاتێكیش باران زۆرە لەدوای دابەزینی ئاستی
ئاوەكە جوتیاران بۆ شوتی و كاڵەك سودی لێ
دەبینن". باسی لەوەش كرد، سێ هێڵی مەغمورە
هەیە، ئاوەكە هەتا نیوەی سێیەم هێڵ هاتووەتە
پێشەوە، كە ئەمەش نیشانەی زۆربوونی ئاوە
بەرێژەیەكی زۆر.
سیروان مستەفا، جوتیارێكی سنووری شارەزوورە و
بڕێكی زۆر گەنمی چاندووە، خۆشحاڵی خۆی بۆ
نەمانی وشكەساڵی دەربڕی، لەهەمان كاتیشدا باسی
لەوە كرد، هەندێك لەزەویە كشتوكاڵیەكان
بەتایبەت ئەو گەنمانەی گوڵیان گەورە بووە
زیانیان پێ گەیشتووە، چونكە باران و تەرزە
خستوویەتی، گوتیشی "زۆر جوتیار دەناسم، زیان
بەگەنمەكەیان گەیشتووە، هەر بۆیە بارانی زیاتر
ئێمە لەفەوتانی بەروبوومە كشتوكاڵیەكانمان
تووشی دودڵی و ترس دەكات".
|