بەبڕیاری سەرۆكی هەرێم 154 خانوو لــــەقەزای چۆمــــــان دروست دەكرێت  

 

بەرپرسی مەڵبەنــدی یەكێتی: ئێمـــەش خەڵـــكی موستەحەقمان هەیە، بەڵام پرسمان پێ نەكراوە

بەرپرسی لقی 10ـی پارتی: پێشمەرگەی دێرینی یەكـێتی و شـــەهیدی یەكێتیش خــــانووی دەدرێتێ

سڤیل: رێبوار رەزا چوچانی

دوای ئەوەی مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەردانی قەزای سۆرانی كرد و لەگەڵ خەڵكی ناوچەكانی برادۆست و باڵەكایەتی و مێرگەسوور و قەزای سۆران كۆبۆوە، بڕیاری دروستكردنی ژمارەیەك خانووی بۆ ناوچەكانی برادۆست و باڵەكایەتی دەركرد، بەپێی زانیارییەكانی (سڤیل) ئێستا بۆ جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە دوو لیژنە دروستكراوە، لەناحیەی سیدەكان لیژنەكە بەسەرۆكایەتی بەڕێوەبەری ناحیە و ئەندامێتی ئەندازیارێكی سەرۆكایەتی هەرێم و ئەندازیارێكی قەزای سۆرانە، لەقەزای چۆمانیش لیژنەكە بەسەرۆكایەتی قایمقامی قەزای چۆمان و ئەندامێتی دوو ئەندازیار، كە یەكێكیان نوێنەری سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانە، سەرچاوەیەك لەچۆمان رایگەیاند، كە بەرپرسانی پارتی خانووەكان دەدەن بەهەوادارانی خۆیان، بەڵام بەرپرسانی پارتی و حكومەت ئەمە رەت دەكەنەوە.
زانیارییەكانی سڤیل دەریدەخەن، ژمارەی ئەو خانووانەی لەقەزای چۆمان دروست دەكرێت، 154 خانووە و لەسنووری جوگرافیای قەزای چۆمان كە 4 ناحیەیە، وەك حاجی ئۆمەران و گەڵالە و قەسرێ و سمیلان و 116 گوند دروست دەكرێت، واتە ئەو خانوانە تەنها لەسەنتەری قەزا دروست ناكرێن، سەرچاوەیەكی ئاگادار لەقەزای چۆمان بە(سڤیل)ـی گوت، "لیژنەی ناوچەی پارتی لەچۆمان، لیستێكی ناردبوو بۆ قایمقامییەت و هەموو ناوی خەڵكی پارتی بوو، بۆیە دوایی خەڵك كە زانیان، بووە هەڵڵا، ئینجا یەكێتیش گوتیان ئێمەش پشكمان دەوێت، چونكە ئەو بڕیارە تەنها بۆ پارتی نییە، ئێستا بەخەڵكیان گوتووە كار بەلیستێكی تر دەكەین، كە تەنها ناوی ئەندامانی پارتی نییە، بەڵام لەراستیدا تەنها لیستە كۆنەكەیان لەبەر دەستدایە". بەڵام بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتی ئەمە رەت دەكاتەوە و دەڵێ ئەو ناوچەیە لەرووی ئیداریەوە سنوری پارتییە و ئێمە تەداخول ناكەین، هەر بەپێی زانیارییەكانی ئەو سەرچاوەیە عەبدولواحید گوانی، قایمقامی قەزای چۆمان بەپرس و راوێژ لەگەڵ مەمەند مەمی خەلی فەرماندەی سوپای باڵەكی پارتی و موحسین قادری بەرپرسی لیژنەی ناوچەی پارتی لەچۆمان، دەیانەوێت ئەو پڕۆژەیە جێبەجێ بكەن، ئەمە لەكاتێكدایە كە لایەنەكانی تریان فەرامۆش كردووە، عەبدولواحید گوانی، قایمقامی قەزای چۆمان لەلێدوانێكدا بۆ (سڤیل) دروستكردنی خانووەكانی پشتڕاست كردەوە، بەڵام وەك ئەو گوتی "تائێستا ئەو بابەتە لەگفتوگۆدایە و نە لیستەكە و نە شێوازی دابەشكردنەكە تەواو نەبووە، وردەوردە رێكدەخرێتەوە، بۆ ئەوەی لەگەڵ واقیعی ناوچەی چۆمان و واقیعە سیاسیی و كۆمەڵایەتییەكەی بگونجێت و وا بكەین ئەو لیستە بەشێوەیەك بێت، كە رەزامەندی زۆری دانیشتوانی چۆمانی لەسەر بێت"، عەبدولواحید ئاماژەی بەوەش دا، پڕۆژەكە لەسەر بودجەی سەرۆكایەتی هەرێمە و ئەوان بۆ دروستكردنی لیستێك "لەگەڵ سوپای باڵەك و لایەنە پەیوەندیدارەكاندا" رۆژانە گفتوگۆ دەكەن.
هەرچەندە سەرچاوە ئاگادارەكەی چۆمان پێیوایە، بەشی زۆری ناوەكان لەلایەن لیژنەی ناوچەی چۆمانەوە نووسراون، بەڵام موحسین قادر بەرپرسی لیژنەی ناوچەی چۆمانی پارتی، گوتی "من كەمترین زانیاریم لەسەر ئەو خانووانە هەیە، بۆیە ناتوانم لەرووی حیزبیەوە هیچ شتێكیان لەسەر بڵێم"، گوتیشی "كەسێك هاتبێتە لامان، رەنگە لەبەر بارودۆخەكەی پشتیوانیمان كردبێت، بەڵام وەك تەسكیە و بەكیتاب پشتگیری كەسمان نەكردووە"، لەلایەكی ترەوە مامەند مەمی خەلی، فەرماندەی سوپای باڵەكی پارتی بە(سڤیل)ـی راگەیاند، هەر كەسێك لەسوپاكەیاندا شمولی ئەو مەرجانەی كردبێت، ناوی نووسراوە، گوتیشی "لەناو سوپای ئێمە زۆربەی زۆری خەڵكەكەی خۆی بەموستەحەق دەزانێت و پێیوایە بۆ خانوو بۆ كەسێكی تر دەكرێت و بۆ من ناكرێت"، فەرماندەی سوپای باڵەك ئەوەشی خستەڕوو، زۆربەی ئاوارەكانی ئێران و كەمئەندامەكان لەسوپای ئەوانن، "كێی لێیە لەسوپای ئێمە زیاتر هەتا ناوی بنووسرێت، هەر سوپای ئێمە بووە و هیچ هێزێكی تری لێنەبووە، بۆیە ناوی سوپای ئێمە زیاترە"، لەبەرانبەریشدا عەلی حوسێن، بەرپرسی لقی 10ـی پارتی بۆ (سڤیل) گوتی، "ئێمە نازانین ئەو خانوانە لەسەر بودجەی كوێ دروست دەكرێت، بەڵام لەسەر فەرمانی سەرۆكی هەرێمە و نوێنەری ئەوانیشی لەگەڵە"، عەلی حوسێن وەرگرتنی رای فەرماندەی سوپای باڵەكی گەڕاندەوە، بۆئەوەی كە زۆربەی پێشمەرگەكانی ئەوان ئاوارەی ئێران و پێشمەرگەی دانەبڕاوی پارتین، "ئەگینا خەڵكی تێدایە پێشمەرگەی دێرینی یەكێتییە و هەشە شەهیدی یەكێتییە و ئەو بڕیارەش دەیگرێتەوە". لەلایەنی یەكێتییەوە مەلا حەسەن موژدینانی، بەرپرسی مەڵبەندی رێكخستنی یەكێتی لەچۆمان، بۆ (سڤیل) ئاشكرای كرد، كە قایمقامی چۆمان هیچ پرسێكی بەوان نەكردووە، گوتی "ئێمە وەك مەڵبەندی یەكێتی بۆ ئەو خانوانە كەس پرسی پێمان نەكردووە، بۆیە بەقەد یەك مسقالە زەڕە زانیارییمان لەسەری نییە"، بەرپرسەكەی یەكێتی رەخنەی لەوە گرت، ئیدارەی ئەو ناوچەیە لەئامادەكردنی ئەو لیستەدا ئەوانیان فەرامۆش كردووە، "ئەگەر بەئێمەیان بگوتبایە ئێمە خەڵكمان هەبوو، كە موستەحەقە خانووی بۆ بكرێت، بەڵام كە بەئێمەیان نەگوتووە، نازانم ناوی كێی تێدایە، بۆیە پێویستە لەنێوان لایەنەكاندا جیاوازی نەكرێت، چونكە خەڵكی موستەحەق زۆرە لەناوچەكە و پێویستە نەكرێتە خزمخزمێنە"، ئەو هۆكارەشی گەڕاندەوە بۆ باڵادەستیی پارتی لەناوچەكە، كە بە وتەی ئەو "ئیدارەی ئەو ناوچەیە لەدەستی پارتیدایە و ئیدارەی خۆیانە و ئەو بابەتانەی كە پەیوەندییان بەخزمەتگوزارییەوە هەیە و بەئێمەی ناڵێن"، گوتیشی "ئێمە خۆمان دەپارێزین، چونكە پێمان گوتراوە تەداخولی كاروباری حكومەت مەكەن".

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com