نەبوونی خانوو، كێشە نوێیەكەی لادێیەكــــان  

 

گونــدنشینەكـــان دەتـــوانن لــــە پێشینەی خانووبەرە سودمەندبن

سڤیل- سۆران:

جیا لەچەندین هۆكار، نەبوونی خانوو كێشەیەكی نوێی لادێیەكانە، ئەوان بەهۆی مەرجی بوونی تاپۆ لەپێشینەی خانووبەرە بێئومێد دەبن و روو لەشارۆچكەكان دەكەن. بەڵام قایمقامی سۆران رایگەیاند، دوای ئەوەی داواكاری خەڵكی گوندەكانیان گەیاندە سەرۆكی هەرێم، بۆئەوەی رێنمایی قەرزی خانوبەرە بیانگرێتەوە، سەرۆكی هەرێم كێشەكەی چارەسەر كردووە.
جیا لەو كێشانەی وەك هۆكاری كۆچكردنی گوندنشینەكان بۆ شار باس دەكرێت، گوندنشینەكان ئێستا كێشەی نیشتەجێبوونیان هەیە، فاخیر ئەسعەد دانیشتووی یەكێك لەگوندەكانی سەر بەقەزای سۆرانە، نیگەران بوو بەوەی رۆژ لەدوای رۆژ دیاردەی كۆچكردنی هاوڵاتیانی گوندەكەی لەزیادبووندایە، ئەو وێڕای نیگەرانییەكەی باسی لەكێشەی سەرەكیی گوندنشینەكان كرد، كە كێشەی نیشتەجێبوونە، فاخیر گوتی "بڕیاری پێدانی پێشینەی خانوبەرە خەڵكی گوندەكانی زۆر خۆشحاڵ كرد، كەچی هەندێ مەرجیان دیاری كردووە، یەك لەوانە دەبێت گوندەكان تاپۆیان هەبێت، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت، كە ئەم پێشینەیە خەڵكی گوندەكان لێی سوودمەند نابن، چونكە زۆربەی گوندەكانی كوردستان تاپۆیان نییە، نەك لەگوندەكان، بەڵكو شار و شارۆچكەكانیش كێشەی تاپۆیان هەیە، بۆیە پێویستە حكومەت ئەو جۆرە شتانە لەبەرچاو بگرێت، ئینجا لەپەرلەمان بڕیاری لەو جۆرە بدات، هیوادارم چارەسەرێكی خێرا بۆ ئەو گرفتە بدۆزرێتەوە".
سەردار عەزیز هاوڵاتیەكی دانیشتووی شارۆچكەی سۆرانە، وەك خۆی باس دەكات، ماوەی ساڵێكە گوندەكەی جێهێشتووە، ئێستا لەسۆران مانگانە بەبڕی 200 هەزار دینار كرێی نیشتەجێبوون دەدات و خانووەكەشی بە"كەلاوە" وەسف دەكات، سەردار زیاتر بۆ (سڤیل) دوا و گوتی "بایەخنەدانی حكومەت لەرووی خزمەتگوزاری و نەبوونی پلانێكی توكمە بۆ ئاوەدانكردنەوەی گوندەكان، هۆكارێكن كە خەڵكی روو لە شار و شارۆچكەكان بكەن". سەردار هۆكاری كۆچكردنی خۆی دەستنیشان كرد و گوتی "من كە ژیانی هاوسەریم پێكهێنا و لەماڵی باوكم جیابوومەوە و لەتواناماندا نەبوو، خانوو بۆ خۆم دروست بكەم، ناچاربووم گوندەكەم بەجێبهێڵم و لەسۆران خانوو بەكرێ بگرم، ئێستا وەك دوكاندارێك كاری رۆژانەم بەڕێوە دەبەم، بەڵام ئەگەر حكومەتی هەرێم بڕیاری دانی پێشینەی خانووبەرە بۆ گوندەكان خەرج بكات، ئامادەم جارێكی دیكە بگەڕێمەوە گوندەكەم و لەوێ خانوو بۆ خۆم دروست بكەم، دووبارە دەست بكەمەوە بەكاری بەرهەمهێنانی كشتوكاڵی و ئاژەڵداری".
ساڵح بێخاڵی، رۆژنامەنووس لەسۆران گوتی "ئەو كۆچكردنە لە دوو لایەنەوە كاریگەری خراپی دەبێت، یەكەم لەرووی ئابووریەوە، كەمبوونەوەی بەرهەمە كشتوكاڵییەكان و بەروبوومی ئاژەڵداری، چونكە دێهاتەكان بۆ گەیاندنی ئەو بەرهەم و بەروبوومانە بۆ شار و شارۆچكەكانی كوردستان خاڵێكی گرنگن، بەنەمانی ئەمانە رەوشی ئابووریی وڵات ناڕێكتر دەبێت و ناچار دەبین پشت بەداهاتی دەرەوە ببەستین، ئەوە لەكاتێكدایە كە كوردستان لەرووی زەویە كشتوكاڵییەكان دەوڵەمەندە، بەڵام ئەگەر پلان و بەرنامەیەكی توكمە نەبێت و ئەم كشتوكاڵە بەرهەم نەیەت، سوودی چییە!". ئەم رۆژنامەنووسە ئاماژەی بەوە دا، نرخی زەوی و خانوو لەسۆران بەرزبۆتەوە، لەئەنجامیشدا هاوڵاتیان تەجاوز دەكەنە سەر زەوییەكانی شارەوانی، ساڵح بێخاڵی گوتی "ئەم كۆچكردنە وای كردووە، هاوڵاتیان سەرپێچی بكەنە سەر زەویی شارەوانی بەدروستكردنی خانوبەرە، هەریەكە بەئارەزووی خۆی خانووێك قیت دەكاتەوە، بێ ئەوەی شارەوانی ئاگادار بكاتەوە، واتە ئێستا كڕین و فرۆشتنی پارچە زەویی تۆزوبا لەزۆر شوێنی دەوروبەری شاری سۆران بازاڕی گەرمە و مامەڵەی لەسەر دەكرێت، ئەمەش وا دەكات بۆ رێگرتن لەم زێدەڕۆیانە لەنیوان لایەنە پەیوەندیدارەكان پێكداهەڵپژان دروست بێت، بەڕای من ئەگەر حكومەت بۆ ئاوەدانكردنەوەی گوندەكان رێگەچارەیەكی گونجاو نەگرێتەبەر، بەشێوەیەكی چڕوپڕ، نەك وەك ئێستا كە هەیە، پڕۆژەیەك لەگوندێك جێبەجێبكرێت و بڵێن ئیتر تەواو!".
سەبارەت بەگرفتی گوندەكان كرمانج عیزەت، قائیمقامی قەزای سۆران، لەلێدوانێكدا بۆ (سڤیل) گوتی "دوای بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵەی كە گوندەكان چۆڵ دەكرێن، هەڵمەتێكی گەورە دەستپێكرا، بۆئەوەی لەئاوەدانكردنەوەی گوندەكان بەدروستكردنی خانووبەرە و...هتد بەرنامەڕێژیەكی تەواو هەبێ. بێگومان ئەوەش بەقازانجی گوندنشینەكان تەواو دەبێت و دەبێتە رێگرێكیش لەبەردەم كۆچی خەڵك لەلادێوە بۆ شار، لەلایەكی دیكەوە ئەوكاتەی جەنابی سەرۆكی هەرێم سەردانی سۆرانی كرد، وادەی ئەوەی دا، كە دەعمی گوندەكان بكرێت و دانی پێشینەی خانووبەرە شمولیان بكات، بەڵام وەك دیاربوو گرفتێك لەوە هەبوو، واتە هەر شوێنێك تاپۆی نەبێت، پێشینەی خانووبەرە شمولی ناكات، بێگومان ئەوەش لەبەردەم خەڵكی گوندەكان دەبووە رێگر، كە لەو پێشینەیە سوودمەند نەبن، چونكە زۆربەی گوندەكان بێ تاپۆن، بۆ ئەم مەبەستە لەرێكەوتی 20-4 ئەو رۆژەی بودجە رەوانەی سەرۆكایەتی هەرێم كرا، بروسكەیەكمان بۆ جەنابی سەرۆكی هەرێم كرد، بەبیرمان هێنایەوە كە جەنابیان پێشتر وادەی ئەوەی دابوو، كە خەڵكی گوندەكانیش لەوەرگرتنی پێشینەی خانووبەرە سوودمەندببن، خۆشبەختانە ئێستا جەنابی سەرۆكی هەرێم وڵامی داوینەتەوە و دەڵێت "ئەو كێشەیە چارەسەر بووە و رەزامەندی دراوە و دەبێت هاوڵاتیانی گوندەكانیش لەوەرگرتنی ئەم پێشینەیە سوودمەند ببن، بۆ نموونە چۆن هاوڵاتییانی شار بەهۆی تاپۆوە ئەم پێشینەیە وەردەگرن، هاوڵاتیانی گوندەكانیش میكانیزم و شێوازیان بۆ دیاری دەكرێت، كە وەك تاپۆ كاری پێبكرێت و بتوانن پێشینەكە وەربگرن".
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com