|
سڤیل:
هەولێر
ڕیژەیەكی زۆر كەم لەژنان لەهەرێمی كوردستان
لەبواری ئابووریی كاردەكەن و بەپێی دوایین
رووپێوی كۆمەڵایەتی و ئابووریی بۆ خێزانەكانی
عێراق بەهەرێمی كوردستانیشەوە ئەنجام دراوە،
دەركەوتووە تێكڕای بەشداریكردنی ژنان لەچالاكی
ئابورییدا لەهەرێمی كوردستان تەنیا
(12،9%)ـیە، شارەزایەكی بواری ئابووریش ئاماژە
بەوە دەكات، كە حاڵەتێكی وا جێگای مەترسیە و
پێویستە هەوڵی جددی بۆ بدرێت، كە ئاستی
بەشداریكردنی ژنان لەچالاكییە ئابوورییەكان
زیادبێت.
بەپێی دوایین رووپێوی كۆمەڵایەتی و ئابووریی
بۆ خێزانەكانی عێراق بەهەرێمی كوردستانیشەوە
ئەنجام دراوە، دەركەوتووە كە تێكڕای
بەشداریكردنی ژنان لەچالاكی ئابورییدا
لەهەرێمی كوردستان تەنیا (12،9%)ـیە، (سلێمانی
17،3%، هەولێر 10،4%، دهۆك 8،6%).
بازرگانێكی ئافرەت لەهەرێمی كوردستان باس لەوە
دەكات، هۆكارێكی سەرەكیی چالاكنەبوونی
ئافرەتان لەبواری ئابووری پەیوەستە بەئاستی
رۆشنبیریی كۆمەڵگەی كوردی و بەپێی رووپێوێك كە
لەكوردستان ئەنجام دراوە، ئاستی خوێندەواری
لەكوردستان لەسلێمانی 61،8%، لەهەولێر 56،2% و
لەدهۆك 54،4%)ـیە.
فەردە جەمیل پاشا، بەڕێوەبەری كۆمپانیای هێلین
بۆ جوانكاری و كۆمپانیای تیگرس بۆ بیناسازی،
كە چەندین پڕۆژەی ئابووری لەكوردستان
ڕادەپەڕێنێت، باس لەوە دەكات چەندین لەمپەر
لەبەردەم ژنانی كورد هەیە، كە ڕێگرن لەوەی
كاری ئابووری ئەنجام بدەن، بەشێكی سەرەكی
پەیوەستە بەوەی تاچەند ئاستی رۆشنبیری و
خوێندەواری لەكۆمەڵگەدا بەرزە.
بەڕێوەبەری كۆمپانیای هێلین بۆ جوانكاری كە
ئافرەتێكی هەولێرییە و بەشێوەیەكی بەردەوام
لەنیوان توركیا و كوردستان كاری ئابووری
دەكات، بە(سڤیل)ـی ڕاگەیاند، "كۆمەڵگەی كوردی
زۆر بەكەمی ڕێگە بەئافرەت دەدات، كە چالاكی
ئابووریی ئەنجام بدات، بەهۆی ئەو كاریگەریە
ئایینییە كە لەكۆمەڵگە هەیە و لەگەڵ ئەوەشدا
رێژەی بەرزی نەخوێندەواری لەكۆمەڵگە هۆكارێكی
دیكەیە، وای كردووە بەكەمی ژنان بتوانن
لەبواری چالاكیی ئابووریدا كاربكەن".
بەپێی ئەو ئامارەی وەزارەتی پلاندانانی
حكومەتی هەرێمی كوردستان (پڕۆفایلی ناحیەكانی
پارێزگای سلیمانی-گەرمیان) ژنان 51%ـی
دانیشتووانی كوردستان پێكدێنن. 25% ئەندامانی
پەرلەمان لەعێراق و كوردستان پێكدێنن، لەعێراق
چەند پۆستێكی وەزارەتیان هەیە و لەكوردستانیش
وەزیرێكی كابینەی شەشەم ئافرەتە، كە ئەویش
وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتییە.
چرۆ عەزیز كچە كارمەندێكە و لەبواری بانك كار
دەكات، پێیوایە نەهێشتنی كاركردنی ئافرەت
لەبازاڕ پەیوەستە بەهەندێك لەخێزانەكانەوە،
ئەگینا بەو شێوەیەش نییە، كە ڕێگری بكرێت،
بەڵكو خێزانی وا هەیە، تەنانەت ڕێگرە لەوەی
منداڵە كچەكانی بخوێنن، ئەی چۆن ڕازی دەبێت
لەبواری ئابووری كاربكات و لەگەڵ پیاوان
جموجۆڵی هەبێت. چرۆ كە تەمەنی تەنها 28 ساڵە،
باس لەوە دەكات كە بەشێكی سەرەكی
لەچالاكنەبوونی ئافرەتان لەبواری ئابووریی
پەیوەندی بەوە هەیە، كە كەرتی تایبەت كەمترین
جار ئامادەن لەگەڵ ئافرەت دابمەزرێن. بەپێی
ئامارەكەی رووپێوی كۆمەڵایەتی و ئابووریی
عێراق كە لەهەرێمی كوردستانیش ئەنجام دراوە،
ئاماژە بەوە دەكات، لەهەرێم بەشداریكردنی ژنان
لەچالاكی ئابوورییدا (12،9%)ـیە، بەرامبەر
ڕیژەی (69،7%) بۆ پیاوان، كە دەكاتە نزیكەی
پێنج بەرامبەر و نیو. شارەزایەكی ئابووریش
ئاماژە بەوە دەكات، لەچەند لایەكەوە كاریگەی
هەیە لەوەی كە ژنان بەشێوەیەكی كەمتر
لەچالاكیی ئابورییەكان كاربكەن و لەكوردستان
دەربكەون.
د. نەرمین، مامۆستای بەشی ئابووری و كارگێڕیی
زانكۆی سلێمانی باس لەوە دەكات، ئەو ئامارەی
بەشی رووپێوی زۆرینەی بەپێی بەشداری ژنان
لەدامودەزگاكانی حكومەت ئەنجام دراوە و بەشێكی
دیكەی چالاكنەبوونی ئافرەتان پەیوەندی بەوە
هەیە، كە لەرووی كۆمەڵایەتیەوە لەكوردستان،
كەمتر رێگە بەژنان دەدرێت، لەبوارە
ئابوورییەكان كاربكەن، چونكە لەكۆمەڵگەی كوردی
سیستەمی پیاوسالاری هەیە.
د. نەرمین ئەوەشی بە(سڤیل) ڕاگەیاند، "بەشێكی
دیكەی بەیاسا شەرعیەكانەوە كە لەشەریعەتی
ئیسلام میرات بۆ پیاو زیاتر دەمێنێتەوە،
تاوەكو ئافرەت، كە ئەمەش كاریگەری دەبێت لەوەی
كە دواتر ئافرەت پارەی كەمتری بەر دەكەوێت،
لەلایەكی دیكەوە بەهۆی ئەوەی ئافرەتان زیاتر
لەماڵەوە كاردەكەن و خزمەتی منداڵ دەكەن".
فەردە جەمیل پاشا بەپێچەوانەی شارەزاكەی
ئابووری پێیوایە، ئەگەر ئافرەتێك بیەوێت
كاربكات، زۆر جار لەناو كایە ئابورییەكان
كارئاسانی بۆ دەكرێت، نموونەی بەخۆی هێنایەوە
گوتی "لەئێستا زۆرجار بەهۆی كارە
بازرگانیەكانمەوە سەردانی دەرەوە دەكەم و
زۆرجار هاوكاری دەكرێم و لەبوارە ئابورییەكەدا
كارئاسانیم بۆ دەكەن".
بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەی كەمی بواری
كاركردنی ئافرەتان لەبواری چالاكیی ئابووری
چەندین ڕای جیاواز هەیە، بەشێكی پێیوایە
بەهۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگە هۆكاری سەرەكییە و
شارەزایەكی ئابووریش باس لەوە دەكات، دەبێت
حكومەت رۆڵ بگێڕێت لەنزیككردنەوەی ئافرەتان
لەكایە ئابورییەكان.
شارەزاكەی بواری ئابووری پێیوایە بۆ
چارەسەركردنی ئەم كێشەیە، دەبێت لەوە
بكۆڵیتەوە تاچەند پەیوەندی بەكێشە
ناوخۆییەكانەوە هەیە، ئایا یاساكان تاچەند بۆ
هاتنە ناو كایەی ئابووری دەرفەت بەژنان دەدەن،
لەگەڵ ئەوەشدا حكومەت لەدانانی یاساكاندا
رەچاوی ئەوە بكات، لەپێناو ئەوەی ڕێژەیەكی
زیاتری ژنان بێنە كایەی ئابووری، چونكە ئێستا
لەكوردستان دوو كایەی سەرەكی هەن، كە چالاكن
لەبواری ئابووری ئەویش بواری بازرگانی و
بیناسازییە، كە ئەو دوو كایە زۆر ئەستەمە
لەلایەن ئافرەتانەوە، چونكە زۆرترین رۆیشتنە
دەرەوەی تێدایە.
|