|
ئەحمەد
شادی ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی
لەسەر لیستی پارتی نوێنەری قەزای پشدەر، لە
دیمانەی(سڤیل)دا تیشك دەخاتە سەر ئەو كێشانەی
كە بەهۆكارە سیاسیەكان تێكەڵاوی
ئەنجوومەنەكەیان بووە، لەگەڵ هەندێك لە
كەموكوڕی و كێشە یاساییەكانی ئەم ماوانەی
رابردوو ناو ئەنجوومەنەكەیان.
سازدانی:غەفور هیرانی
سڤیل: راتان لەسەر بودجەی ئەمساڵی پارێزگای
سلێمانی چۆنە؟
شادی: ئەمساڵ لەهەموو ساڵەكانی تر كەمتربوو،
چونكە چل و نۆ ملیار و پێنج سەت ملیۆن دینار
بوو. ئێمە پێشتر داوای 700ملیار دینارمان بۆ
پڕۆژەكانی پارێزگای سلێمانی كردووە، كەچی ئەم
بڕە پارە كەمە تەرخان كراوە، لەگەڵ ئەوەشدا
ئێمە یاداشتمان بۆ سەرۆكی هەرێم و پەرلەمان و
حكومەت ناردووە، كە بودجەكەمان بۆ زیاد بكرێ،
چونكە بەو بڕە بودجەیە ناتوانین هیچ شتێكی
ئەوتۆ بكەین.
سڤیل: ئەی بۆ بودجەی هەولێر و دهۆك زۆر زیاترە
لەسلێمانی؟
شادی: زانیاریمان هەیە بودجەی ئەوانیش كەم
بوو، بەڵام ئەوان میكانیزمی كاركردنیان
جیاوازە لەهی ئێمە، ئەم چەند ساڵە ئێمە وەكو
ئەنجومەن ئیشمان كردووە، بەڵام ئەنجوومەنەكەی
ئەوان كارا نەبووە، بەس ئەوان وەكو پارێزگا
لەگەڵ حكومەتدا هەماهەنگیەكی زۆریان هەبووە،
لەرێگەی پەیوەندی خۆیانەوە توانیویانە هەموو
خزمەتگوزاریەك پێشكەش بكەن، بێ ئەوەی رێگری
یان كێشەیان بۆ دروست ببێ، لەبیریشمان نەچێ
شێوازی ئیدارە و دارایی نێوان ئەم دوو
پارێزگایە و ئەوەی سلێمانی زۆر جیاوازەو تا
ئەم ساتەش وەزارەتی دارایی یەكی نەگرتۆتەوە،
كەواتە داراییەكەی ئەوان و ئێمە جیاوازی هەیە،
چونكە من لەو باوەڕەدا، كاك نەوزاد هادی
داواكارییەكی بۆ ئەنجامدانی خزمەتگوزاری بۆ
سەرۆكی حكومەت نووسیبێ رەت نەكراوەتەوە و
هاوكاری بوونە، بەڵام لەسلێمانی وا نەبووە،
كاك دانا لەسلێمانی تا ئەم چەند ساڵەش ئەم
دەسەڵاتەی نەبووە، تەنها لەچوارچێوەی ئەو
بودجەیەی كە بۆی دیاریكرابوو دەیتوانی پڕۆژە
ئەنجام بدات.
سڤیل: بۆچی حكومەت كە بەدەستی یەكیتیەوەیە ئەم
بودجە كەمە بۆ سلێمانی ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی
خۆی تەرخان دەكرێت؟
شادی: راستە، شتێكیش هەیە دەبێ دانی
پێدابنێین، یەكێتی نیشتیمانی كە باڵادەستە
لەناوچەكەوە حكومەتی خۆی هەبووە، بەهۆی چەند
كوتلەیەكی سیاسیەوە گەورەترین كێشە دروست بووە
لەناوچەكەی داو بە تەواوی ئەم بودجەیە سەرف
نەكراوە بۆ خزمەتگوزاری و هەدەر و بەدەری زۆری
تێداكراوە، من پێموایە پارتی ئەگەر وەكو
هەولێر و دهۆك سەرپەرشتی ئێمەی كردبا،
خزمەتگوزارییەكان زۆر زۆر لەوەی ئێستا زیاتر و
باشتر دەبوون ئەمە شتێكی حاشا هەڵنگرە.
سڤیل: هەموان باس لەوە دەكەن كە لەكوردستاندا
ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی كارایە هۆكاری
ئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە؟
شادی: ئاماژەم بەوەكرد كە ئێمە تەنها بەپێی
پڕۆژە یاسای بریمەر كارمان كرد و دەسەڵاتمان
پێدرا، بەداخەوە حكومەتی هەرێم كاری بەم
پڕۆژەیە نەكرد، چونكە حكومەت هەبووە و
قایمقامیەت و مەركەزی ئیداری هەبووە، ئەوكاتەی
بەڕێز عومەر فەتاح سەرۆكی حكومەت بوو هەندێك
دەسەڵاتی دا بە پارێزگاری سلێمانی و ئەویش
هەندێك لە دەسەڵاتەكانی خۆی دا بە ئێمە، دیارە
ئەو دەسەڵاتەش بۆهۆی ململانێ سیاسیەكەوە بووەو
لەمێژە ئەم ململانێ سیاسیە لەوێ هەیە، بەڵام
ئێستا بە ئاشكراو زەقی بەدیار دەكەوێت و
بەناوی بزووتنەوەی گۆرانەوە لەناو پارێزگاو
قەزاكاندا بوونی هەیە. بەخشینی دەسەڵاتیش
لەلایەن پارێزگارەوە تەنها شەفەیی بووە ئەگەر
دەسەڵاتەكان راستەوخۆ لەلایەن حكومەتەوە بە
ئێمە درابا رۆڵمان دەبوو لە دانانی قایمقام و
مدیر ناحیەكاندا، هەر بۆیە لە هەولێرو دهۆك
فەعال نەبوون ئەوان چونكە پێویستیشی پێیان
نەبووەو پارێزگار خۆی لەوێ باشتر ئیشی كردووە.
بە داخەوە دەبێ ئەوەش بڵێین ئێمە لەم ماوەیەدا
چالاكیەكانمان لەلایەن راگەیاندنەكانەوە
بایەخی پێنەدراوەو چەندین چالاكی و پڕۆژەمان
ئەنجام داوە بەڵام كەناڵەكانی راگەیاندنی
یەكێتی نیشانیان نەداوەو زیاتر بە پڕۆژەی
شارەوانیەكان بڵاوكراوەتەوەو تێكیان
هەڵكێشاوە.
سڤیل: دوای دانانی پارێزگاری سلێمانی بە
وەكالەت و دوو جێگرەكەی كێشەیەكی گەورەی لەسەر
دروست بوو، ئێوە وەكو نوێنەری پارتی چۆن سەیری
ئەم كێشەیە دەكەن؟
شادی: خۆی هەڵەكەی بۆ كاك دانا دەگەڕێتەوە، كە
خۆی خانەنشین كرد، چونكە ئەو دەسەڵاتی هەبوو،
تا ئەوكاتەی ئەنجوومەنی پارێزگا خانەنشینی
نەكاو لای نەبا هیچ هێز و یاسایەك نەبوو لای
ببات، دیارە چەند جارێك ویستوویانە لای ببەن،
بەڵام دەسەڵاتی یاساییان نەبووە، بەڵام
پرسیارەكە ئەوەیە بۆچی كاك دانا خۆی خانەنشین
كرد، بە مەرج بوویان تەوجیهاتی تایبەتی بوو،
یان كۆمەڵێك قەزیەی یاسایی بوو كە لەسەریان
كۆكردبۆوە، یاخود موراعاتكردنی زروفی سیاسی و
دۆخی سلێمانی بوو؟ بەڵام دیاركەوت كە پەیوەندی
بەكێشەی نێوان خۆی و یەكێتیەوە هەبوو، چونكە
ئەو خۆی گۆڕان بووە و ئەوەشی بە ئاشكرا دەگوت،
بەڵام خەلەلەكە لێرەدا دەردەكەوێت كە لیستی
109 كە یەكێتی نیشتیمانی بە هەموو
پێكهاتەكانیەوە بە گۆڕان و یەكێتی چوونە
بەردەمی هێرۆخان بە ئامادەبوونی19 ئەندامیان
ئیمزایان كردووەو كاك بەهرۆزیان كردۆتە
پارێزگار و ئەوان رازی بوون، لەوكاتەشدا ئەوان
پرسیان بە ئێمە نەكردووە كە چوار لیستین لەناو
ئەنجوومەن، هەڵەی گەورەی ئەوانیش لێرەدایە،
باشە كە تۆ پارێزگایەكت بە وەكالەت داناوە
بۆچی پرسێكت بە لیستەكانی تر نەدەكردو سەرۆك
لیستەكانمانیان بانگ نەدەكرد؟ دواتریش كە
هەڵیان بژاردو كاك بەهرۆز موباشەرەی كرد،
هەمووی سێ مانگی بەسەردا نەچوو دیسان كاك
كاوەی مامە عەبەی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگا
لێی كردە هەڵڵا بۆ؟ من لەنزیكەوە پارێزگارم
دیتووە دەڵێ من هیچ یاسایەكم لەبەردەستدا نییە
تا من بتوانم ئێوە تەفعیل بكەم، لەگەڵ ئەوەشدا
من هەماهەنگیتان بۆ هەموو شتێك لەگەڵدا دەكەم
بەس ئێوە رێگەچارەیەكی یاسایی بدۆزنەوە، لەگەڵ
ئەوەشدا یاسایەكە لە هەولێر و دهۆكیش نییەو
یاسای بریمەریش كاری پێناكرێت ئێستا، پڕۆژە
یاسایەكی تری ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە
پەرلەمانی كوردستان دانراوە بۆ دواییەو ئێستاش
دەبێ پەرلەمانی كوردستان پڕۆژە یاسایەكی تر
دەربكات تا دەسەڵاتمان پێ بدات، وەكو من
ئاگاداربم پارێزگاری ئێستا كەسێكی زۆر ئازاو
چالاكە قەناعەت بكەن، ئاگام لێیە تا سەعات
11شەو بەخۆی و كۆمەڵێك ئەندازیار دەمێنێتەوەو
دەیانەوێت هەیبەتی جاران بگەڕێننەوە بۆ
پارێزگاری سلێمانی.
سڤیل: ئەی بۆچی دەڵێن پارێزگاری ئێستا هیچ
شتێكی دیارنییەو كارا نییە؟
شادی: نەخێر راست نییە، تەنانەت كاك بەهرۆز
بەبەڵگەوە لایەتی كە رەخنەی زۆر لەپڕۆژەكانی
كاك دانا گیراوە كە لەپڕۆژە تایبەتیەكانەوە،
بەتایبەتی بەڵام ئێستا كێشەی نێوان خۆیان
دووبارە سەری هەڵداوەتەوە بێ ئێوەی رێزو
تەقدیری لیستەكان بكەن، بەڵام لادان و هێنانی
بەدەست ئێمە نییە و پەیوەندی بەسەرۆكی
ئەنجوومەنی وەزیرانەوەیە، بەڵام تەنها
رەنگدانەوەی ئێمە لەوە بوو كە دوو هەفتە پێش
ئێستا بڕیارێك لەلایەن كاك دكتۆر بەرهەمە
دەرچووبوو بۆ دانانی دوو جێگری پارێزگا، ئەو
دوو جێگرەش لای ئێمە نایاسایی بوو دەنگمان پێی
نەدا، حكومەت دەیتوانی یەكێك لە جێگرەكان
ئەندامی ئەنجوومەنی دانابایە كێشەنەبوو
دواتریش لەگەڵیدا قایمقامێكی لەگەڵ دانابایە
بە جێگری پارێزگا. من لە كۆبوونەوەكەدا رەخنەم
لە سەرۆكی ئەنجوومەنی خۆمان گرت كە باشە ئێمە
جێگرێكی پارێزگارمان هەبوو بەناوی كاك جوتیار،
دوای ئەوەی كۆمەڵێك شتیان لەسەر دروست كردو
دواتر ناراست بوون لە یاسا تەبریە بوو
لامانبردو كردمانەوە ئەندامی پارێزگار
دووجاریش بانگهێشتمان كرد، بە حەقەت ئەویش
كەمتەرخەمی كرد كە نەهات بۆ كۆبوونەوەكانمان،
لە ئەنجامدا ئەو بۆشاییە دروست بوون واتە لە
دوای كاك جوتیارەوە پارێزگای سلێمانی دوو ساڵ
بێ جێگر بوو بۆچی ئەنجوومەن هەڵنەستاو
كۆبوونەوەیەكی ئەنجام نەدا بۆ ئەوەی دوو لە
ئەندامانی خۆمان بكەینە جێگر خۆ ئەوكات كەسیش
موعارەزە نەبوو كاك داناش پارێزگار بوو، ئەوە
دەگەڕێتەوە بۆ بێهێزی سەرۆكی ئەنجوومەنی
پارێزگای سلێمانی و سەرۆكی لیستەكانی خۆشمان،
بەڵام وەكو ئەوەی من ئاگاداربم ئەوان
دووكەسیان دانابوو وەكو جێگر بەڵام بەداخەوە
لەبەر ململانێی سیاسی نێوانیان نەیانزانی
كامەی دانێن چوار پێنج كەس داوای دەكرد هەر
كەسەو دەیگوت دەبێ منبم، بۆیە نەیان توانی
كەسێك دابنێن و ئێستاش بۆچی بەو كتوپڕە سەرۆكی
ئەنجوومەن دەڵێت دەبێ جێگری پارێزگار دابنێین.
سڤیل: ئایا راستە سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگار
جیاوازی لەنێوان ئەندامانی دەكات بەپێی نزیكی
بیروڕای سیاسیەوە لەگەڵ ئەندامەكانی تردا؟
شادی: بەبەڵگەوە دەڵێم بەداخەوە كە سەرۆكی
ئەنجوومەن كەموكوڕی زۆری تێدابووە لەم رووەوە،
بە نموونە جیاوازی كردووە لەنێوان ئەندامان بۆ
سەردانی دەرەوەو بینینی دەورات، یان هەستاوە
بەپێی بڕیاری وەزیری ناوخۆ حەقی خۆمانە
سەیارەیەكمان بۆ هاتوچۆی خۆمان بۆ دابین بكەن،
تەنانەت تا ئەو دەقیقەیەش كە من ئەندامی
ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیم سەیارەیەكم
وەرنەگرتووە بەڵام بەدەیان فەرمانبەر كە هیچ
ئیشێكی نییە لەناو ئەنجوومەنی پارێزگای
سلێمانی سەیارەیان پێداوە، كەسی وا هەیە سێ
جار سەیارەكەی بۆ گۆڕیوە، تەنانەت كەسێك
بەناوی (شێرزاد عبدالحافز) پێشتر ئەندامی
ئەنجوومەن بووە، لەسەر لیستی گۆڕان دواتر خۆی
هەڵبژاردووە و بووەتە ئەندام پەرلەمان كەچی تا
ئێستاش سەیارەی ئەنجوومەنی پارێزگا لایە
ئافەرین ئەندام پەرلەمان دەبوو بۆخۆی
سەیارەكەی گەڕاندبایەوە، چونكە ئەمە نایاساییە
و پەرلەمانیش پارەیان بۆ سەرف دەكات بۆ ئەوەی
سەیارەی پێ بكڕن، ئەو سەیارەی موڵكی
ئەنجوومەنە حەق بیگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی بدرێت
بەو كەسانەی كە ئەندامی ئەنجوومەنن و
سەیارەیان وەنەگرتووە، ئەوەش یەكێكە لە
كەموكوڕیەكان هەروەها زۆر شتیش هەبووە
پەیوەندی بە سنووری قەزاكەی خۆمەوە هەبووە
قەلادزێ كەچی پڕۆژەكەیان داوەتە نوێنەری رانیە
لەناو ئەنجوومەن، لەكاتێكدا من نوێنەری
قەڵادزێم و مەفروزە بیبینم و تاوتوێی بكەم،
هەندێك شتیش هەبووە وەكو شتی حزبی بووەو نەیان
هێشتووە من بیبینم لەگەڵ دەیان جیاوازی تر،
ئەوان جیاوازیەكەیان زیاتر لەگەڵ پارتییە
لەگەڵ زۆر لە ئەندامانی ناو یەكێتیش هەروا
دەجوڵێنەوە، بەڵام ئەوەندەی تێبینیم كردووە
لەگەڵ ئیسلامیەكان وا نین، ئیمەش تا ئێستا
بۆیە ئەم شتانەمان نەوروژاندوە، چونكە
موراعاتی وەزعی سلێمانیمان كردووە بۆ ئەوەی
نەڵێن ئەها ئەوان كێشە دروست دەكەن.
|