هەندێك رێكخراوی مەسیـحی زانیاری هەڵە لە بارەی كوردستان بە وڵاتانی ئەمریكا و ئەوروپا دەدەن  

 

سڤیل مەرجەكانی دامەزراندنی رێكخراوە ئایینییەكان لە كوردستان بڵاو دەكاتەوە

سڤیل: هەولێر




وەزارەتی‌ ئەوقافی‌ هەرێمی‌ كوردستان بەمەبەستی بەدواداچوونی بۆ كاری‌ چەند رێكخراوێكی‌ مەسیحی‌، كە لەهەرێمی كوردستان كاردەكەن، گەشتێكی‌ بۆ هەریەك لەبەشە ئەوروپیەكەی‌ توركیا و ئێرلەندای‌ باكوور و باشوور ساز كرد، بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری مەسیحییەكان لەوەزارەتی ئەوقاف ئاماژە بەوە دەكات، لەئەنجامی لێكۆڵینەوەكان دەركەوتووە، كە هەندێك كەس لەناو رێكخراوە مەسیحییەكان راپۆرتی‌ هەڵەیان پێشكەشی وڵاتانی دەرەوە كردووە، وتەبێژی‌ وەزارەتی‌ ئەوقافیش ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، كە رێگە بەهیچ رێكخراوێك نادەن لەهەرێمی‌ كوردستاندا بەناوی‌ ئایینەوە هەڕەشە لەئاسایشی‌ نەتەوەیی‌ كوردستان بكات.
هەندێك مەسیحی گوتویانە لەكوردستان هەڕەشەمان لەسەرە
وەزارەتی ئەوقافی حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆژانی‌ (1-14/5/2010)، بەوەفدێك كە لەهەریەك لەوتەبێژی وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری ئێزیدییەكان و بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری مەسیحییەكان لەوەزارەتی ئەوقاف گەشتێكیان بۆ هەریەك لەبەشە ئەوروپیەكەی‌ توركیا و ئێرلەندای‌ باكوور و باشوور ساز كرد، بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ كاری چەند رێكخراوێكی‌ مەسیحی‌، كە لەهەرێمی كوردستان كاردەكەن.
مەریوان نەقشبەندی،‌ وتەبێژی‌ وەزارەتی‌ ئەوقافی‌ حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان لەلێدوانێكدا بە(سڤیل)ـی راگەیاند، "لەو سەردانەماندا كە بەمەبەستی‌ لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ كاری‌ چەند رێكخراوێكی‌ مەسیحی‌ كە لەهەرێمی‌ كوردستاندا بەناوی‌ رێكخراوی‌ خێرخوازی‌ و هۆشیاركردنەوە و پاراستنی‌ مەسیحییەكانی‌ عێراق كار دەكەن، بۆمان دەركەوت كە كەسانێك لەناو ئەو رێكخراوانەدا راپۆرتی‌ هەڵە لەبارەی‌ هەرێمی‌ كوردستانەوە بەمەرجەعەكانی‌ خۆیان لەو وڵاتانە دەدەن و رێكخراوەكانیشیان بۆ وەزارەتی‌ دەرەوەی‌ بەریتانیا و ئەمریكایان بەرزكردۆتەوە". وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف ئەوەشی گوت، "ئەو ڕێكخراوانە كاتێك راپۆرتیان بۆ رێكخراوەكانیان نووسیووە، گوتوویانە لەهەرێمی‌ كوردستان هەڕەشەمان لەسەرە و مامۆستایانی‌ ئایینی‌ هەڕەشەمان لێدەكەن و حكومەت لەبەرامبەر مەسیحییەكان پشتگیری‌ مەلاكان دەكات، لەكاتێكدا حكومەتی‌ هەرێم زەوی ‌بۆ ئەو رێكخراوە مەسیحیانە تەرخانكردووە و هەموو كارئاسانییەكی‌ بۆ كردوون".
لەماوەی 6 مانگی ڕابردوو 206 مزگەوت كراوەتەوە
بەپێی ئاماری وەزارەتی ئەوقاف لەكابینەی پێنجەم لەكوردستاندا چوار هەزار و 72 مزگەوت هەیە، نزیكەی 2700ـیان نوێژی هەینی تێدا دەكرێ، هەروەها 92 كڵێسای مەسیحییەكان و 15 پەرستگای جۆراوجۆر و لەگەڵ ناوەندی رۆشنبیری سابیئە و كاكەییەكان هەن، كە تەنها لەرۆژانی هەینیدا نزیكەی 600 هەزار كەس بەشداری وتاری رۆژی هەینی دەكەن.
مەریوان نەقشبەندی، وتەبیژی وەزارەتی ئەوقاق گوتی، "ئێستا 15 بۆ 20 ڕێكخراوی ئایینی لەكوردستان هەن، بەڵام ڕێكخراوی ئێزیدی نییە، تەنها سەنتەری ئێزیدی هەیە". وتەبیژی وەزارەتی ئەوقاف ڕەتیكردەوە، ڕێژەی ڕێكخراوە مەسیحییەكان زیادی كردبێت. ڕێژەی ئەو مزگەوتانەی لەكوردستان دەكرێنەوە، لە 6 مانگی ڕابردوو گەیشتووەتە 206 مزگەوت لەكاتێكدا لەشەش مانگی ڕابردوو یەك كەنیسە نەكراوەتەوە، "چونكە پێویستی نەكردووە، ئەگەر پێویست بكات، وەزارەتی ئەوقاف بۆ كردنەوەی كەنیسە بەپێی رێنماییەكان هاوكاریان دەكات".
بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری مەسیحییكان لەكوردستان بەدوری دەزانێت، ئەو ڕێكخراوە مەسیحیانەی لەكوردستان كاردەكەن، بیانەوێت خەڵك بكەنە مەسیحی و باس لەوە دەكات، لەناو ئەو ڕێكخراوانە خەڵكانێك هەبوون، كاریان لەسەر ناشیرینكردنی ئەزموونی هەرێمی كوردستان كردووە و زانیاری هەڵەیان داوەتەوە وڵاتانی ئەمریكا و بەریتانیا.
خالد جەمال ئەلبێر، بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری مەسیحییەكان ئاماژەی بەوە كرد، لەسەردانەكەدا زانیاریەكانیان لەسەر ئەو ڕێكخراوە مەسیحیانە كۆكردوەتەوە، كە لەكوردستان كاردەكەن و چەندین ڕێكخراوی مەسیحیان بۆ دەركەوتووە، كە لەساڵی 1991ـەوە خزمەتیان كردووە وەك ڕێكخراوی جابیز، كە لەكۆڕەوەكەی 1991 رۆژانە خزمەتی گەیاندوەتە 5 هەزار هاوڵاتی كوردستان، لەكاتێكدا هیچ جۆرە كارێكی ئایینیان ئەنجام نەداوە، تەنها خزمەتێك بووە و بەهاوڵاتیانی كوردستان كردوویانە. ئەلبێر بە(سڤیل)ـی راگەیاند "ئێستا چەند داواكارییەكی كاركردنی رێكخراوی مەسیحی لەوەزارەت هەیە، بەڵام دەبێت سەرجەم رێنماییەكان جێبەجی بكەن، ئەوكات رێگە بەكاركردینان دەدرێت".
مەریوان نەقشبەندی هەمان ڕای خالدی هەیە و باس لەوە دەكات، "ئێمە تا دڵنیانەبین لەكاری ئەو ڕێكخراوانە، مۆڵەتیان پێنادەین و چاودێری كاروبارەكانیان دەكەین، بەڵام بەشێكی زۆر لەو ڕێكخراوانە ئامادەییان دەربڕیووە، لەكوردستان خزمەت بكەن و بەشێكیان بەڵێنیان داوە، خولی پێگەیاندن بۆ كارمەندانی حكومەت بكەنەوە، یان ڕێكخراویكی مەسیحی لەئێرلەندا كار لەسەر چاككردنەوە و چارەسەركردنی ئەو كەسانە دەكات، كە توشبووی مادەی بێهۆشكەرن". نەقشبەندی زانیاری زیاتری دەربارەی ئەو ڕێكخراوە بە(سڤیل) دا و گوتی "رێكخراوەكە رێكخراوێكی مەسیحییە و لەئێرلەندا و بەڵێنی دا هەر هاوڵاتیەكی كوردستان ئەگەر بیەوێت ئامادەین بەهەموو شێوەیەك چارەسەری بۆ بكەین و هەموو خزمەتگوزارییەك بۆ مانەوەی ئەنجام بدەین، تا ئەوكاتەی دەمێنێتەوە". ئەوەشی گوت "داوایان كردووە، لقێكی ڕێكخراوەكە لەكوردستان بكەنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا پێیان خۆشە سەردانی كوردستان بكەن و لەنزیكەوە بارودۆخەكە ببینن، چونكە بەشێكی زۆر لەو ڕێكخراوە بەڵێنیان داوە، لەگەڵ بەرپرسە حكومیەكان دابنشین و باسی بارودۆخی كوردستان بكەن، بۆئەوەی هاوڵاتیانی خۆیان هانبدەن، سەردانی كوردستان بكەن".
مەرجەكانی كردنەوەی رێكخراوە ئایینییەكان لەكوردستان
وتەبیژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری مەسیحییەكان لەوەزارەتی ئەوقاف گرنگترین مەرجەكانی دامەزراندن، یان كردنەوەی رێكخراوێكی ئایینی لەكوردستان لەلایەن وەزارەتی ئەوقافەوە، بەچەند خاڵێك روون دەكاتەوە:
* لێكۆڵینەوە لەسەرچاوەی داهاتی رێكخراوەكان دەكەین.
* بەمەبەستی لێكۆڵینەوە كەیسی رێكخراوەكە دەدەین بەوەزارەتی ناوخۆ.
* دەبێت پڕۆژەكە نەبێتە هۆی گرژی نێوان ئایینەكان.
* چەند مەرجی دیكەمان هەیە.
"كەس بەپارە نەكراوە بەمەسیحی".
زۆرجار هەندێ لەمامۆستایانی ئایینی لەكوردستان لەوتارەكانیاندا باس لەوە دەكەن، لەكوردستاندا كەسانێك لەرێگەی ئەو رێكخراوە مەسیحیانەی لێرە كاردەكەن، كار بۆ ئەوە دەكەن، كە گەنجانی كورد بەپارە بكەن بەمەسیحی، بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری مەسیحییەكان ڕەتی دەكاتەوە، حاڵەتی لەو شێوە هەبووبێت.
خالد جەمال ئەلبێر، بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری مەسیحییەكان لەوەزارەتی ئەوقاف بە(سڤیل)ـی ڕاگەیاند، "هیچ دەوڵەتێك ئامادە نییە پارە بۆ شتێكی وا سەرف بكات، چونكە مەسیحییەكانی كوردستان یەكشەممان لەكەنیسە پارە دادەنێن، كە ناوی عشوری پێ دەگوترێت، كە دەكاتە 10%ـی پارەی گیرفانی كەسەكە بۆ كەنیسە، ئەی خەڵك چۆن ئامادەیە بەو شێوە پارە كۆبكرێتەوە و دواتر بۆ بەمەسیحیكردنی خەڵك بەكار بهێنرێت". خالد ئەوەشی گوت "زۆر لەرێكخراوە مەسیحییەكان كاری خزمەتگوزاری ئەنجام دەدەن، بۆ نموونە ڕێكخراوی مەسیحی (سەمەرتانپریس) لەساڵی 1990ـەوە خزمەت دەكەن و ئەمساڵ نزیكەی 65 هەزار پارچە دیارییان كە پێویستی منداڵانە پێشكەش كردووە، تائێستا هیچ بەڵگەیەك نییە كە كەسێك بەپارە كرابێت بەمەسیحی، هەركەس بووبێت بەمەسیحی، لەسەر ڕای خۆی بووە، لەگەڵ ئەوەشدا خەڵك هەیە مەسیحی بووە و بووە بەموسڵمان".
ئەوانەی ناوی كوردستانیان ناشیرن كردووە
وەزارەتی ئەوقاف دوای سەردانەكەیان بڕیاری داوە سەرجەمی زانیارییەكان بەفۆرمێك بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەرزبكەنەوە، دەربارەی ئەو رێكخراوانەی كاریان بۆ ناشیرینكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە. مەریوان نەقشبەندی‌ رونیكردەوە، كە "هەر لەمیانی‌ لێكۆڵینەوەكانماندا ئەوەمان بۆ دەركەوت، هەر ئەو رێكخراوانە هۆكاری‌ ئەوەن، كە لەراپۆرتەكانی‌ وەزارەتی‌ دەرەوەی‌ بەریتانیا و ئەمریكا لەسەر ئازادی‌ ئایینی‌ لەعێراقدا بەهیچ شێوەیەك باس لەتایبەتمەندیی‌ هەرێمی‌ كوردستان ناكات و ئەوانیش ئەو راپۆرتانەیان داوە بەرێكخراوەكانیان و بۆ وەزارەتی‌ دەرەوەی‌ بەریتانیا و ئەمریكایان بەرز كردۆتەوە، بۆیە ئێمە هەموو بەڵگە و زانیارییەكانمان كۆكردۆتەوە و بەنیازین بەراپۆرتێك ئاراستەی‌ سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی‌ وەزیرانی‌ حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستانی‌ بكەین".
خالد جەمال ئەوەشی گوت، "ئێستا خەریكی كۆكردنەوەی زانیارین، لەسەر ئەو كەسانەی ناو ئەو رێكخراوانەی كە كاریان بۆ ئەو مەبەستە كردووە، كە حكومەتی هەرێمی كوردستان ناشیرن بكەن".

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com