|

نەخۆشی شەكرە خەونە شیرینەكانی منداڵان تاڵ
دەكات
هێمن محەمەد
زیاد ئیسماعیل
لەكوردستان نەخۆشی شەكرە خەونە شیرینەكانی
زیاتر لە 300 منداڵ تاڵ دەكات، چاودێرانی
تەندروستیش مەترسی زیادبوونی ئەو رێژەیەیان
هەیە.
محەمەد یاسین، باوكی یەكێك لەو منداڵانەیە، كە
دووچاری نەخۆش شەكرە بۆتەوە و گلەیی لەحكومەت
و سیستەمی تەندروستی دەكات و پێیوایە تائێستا
وەكو پێویست گرنگی بەلایەنی تەندروستیی منداڵ
نەدراوە، محەمەد باس لەوەش دەكات، نەخۆشی
منداڵەكەی كۆمەڵێك كێشەی بۆ خۆی و خێزانەكەی
دروست كردووە، چونكە پێویستی بەچاودێری و
خەرجی و موڕاعاتی زیاتر هەیە، گوتیشی "هەفتانە
بەپارەیەكی گران دەرمانی بۆ دابین دەكەم".
ئەوەی باوكی ئەو منداڵەی زیاتر نیگەران
كردبوو، ئەو كێشانەبوون كە لەقوتابخانە بۆ
منداڵەكەی دروست دەبێت و محەمەد دەڵێت،
"ئەگەرچی تەمەنی منداڵەكەم 8 ساڵانە، بەڵام
هەست دەكات جیاوازیەكی هەیە و وەك منداڵاكانی
تر نییە، چەند جارێكیش بانگی دایكی
منداڵەكەمیان كردووە، كە منداڵەكەم عەسەبیە و
سەری لەدیوار دەدات".
نەخۆشی شەكرە یەكێكە لەو نەخۆشیانەی لەهەموو
جیهاندا بڵاوە، نەخۆشیەكە ئەوەیە رێژەی شەكر
لەنێو خوێنی مرۆڤ زیاد دەبێت، یان ئەو
زیادبوونە بەهۆی كاركردنی نائاسایی هۆڕمۆنی
ئەنسۆلین پەیدا دەبێت، وێڕای ئەوەی رێژەیەكی
زۆر لەپیاوان و ئافرەتان دووچاری دەبنەوە،
مەترسیەكی گەورەشە بۆ سەر گیانی هاوڵاتیان.
بەپێی ریزبەندیەك كە وەزارەتی تەندروستی بۆ دە
سەرەكیتیرن نەخۆشییەكان ریزی كردوون، لەهەرێمی
كوردستان مردن بەنەخۆشی شەكرەش تۆمار كراوە،
بەڵام ئەوەی زیاتر جێگای نیگەرانیە منداڵانیش
بێبەشنین لەتوشبوون بەو نەخۆشیە، بەپێی
ئامارێكی كۆمەڵەی منداڵانی توشبوو بەنەخۆشی
شەكرە و رێژەی ئەو منداڵانەی توشی نەخۆشی
شەكرە هاتوون،بەرەو هەڵكشانە.
د. ژیان یەحیا، شارەزا لەنەخۆشی ئافرەتان و
منداڵبوون و بەڕێوەبەری هۆبەی چاودێری دایكان
لەوەزارەتی تەندروستی، باس لەوە دەكات
وەزارەتی تەندروستی لەڕێگەی كوتانەوە
توانیویەتی رێگری لەزۆربەی ئەو نەخۆشیانە
بكات، كە دووچاری منداڵان دەبێت، بەهۆی
دامەزراندنی بنكە و پێكهێنانی تیمی تایبەت بۆ
كوتانی منداڵان، گوتیشی زیادبوونی ژمارەی
دانیشتووان و رێژەی منداڵبوون هۆكارێكە بۆ
بەگەورەبینینی ئەو ژمارە زۆرانەی باسی لێوە
دەكرێت، ناوبراو گلەیی لەراگەیاندنەكان بەگشتی
و تەلەڤزیۆنەكان بەتایبەتی هەبوو و دەڵێت
"تەلەڤیزیۆنەكانمان هێندەی گرنگی بەبەرنامە
سیاسییەكان دەدەن، بەبەرنامەی تەندروستی و
هۆشیاریی هاوڵاتیان نادەن، ئەگەرچی وەزارەتی
تەندروستی لەو بارەیەوە كەمتەرخەمی نەكردووە".
سەمیر عەبدولڕەحمان، سەرپەرشیتاری پەروەردەیی
و كارگێڕی باس لەوە دەكات، لەسیستەمی نوێی
پەروەردەدا جەخت لەوە كراوەتەوە، كە چاودێریی
تایبەتی ئەو قوتابیانە بكرێت، كە دووچاری
نەخۆشیە درێژخایەنەكان هاتوون، بەتایبەت
كەمئەندامان، گوتیشی "جاران وەكو ئێستا گرنگی
بەو شێوەیە بەو حاڵەتانە نەدەدرا، ئێستا
رابەری پەروەردەیی لەقۆناغەكانی بنەڕەتی هەیە،
بۆ بەدواداچونی هەموو ئەو حاڵەت و دیاردانەی
كە رووبەڕووی منداڵان دەبنەوە، ئێمەش دڵنیاین
لەوەی ئەم منداڵانەی دووچاری نەخۆشیە
درێژخایەنەكان هاتوون، پێویست دەكات خزمەتی
زیاتریان بكرێت، بۆئەوەی هەست بەجیاوازییان
لەگەڵ منداڵانی ئاسایی نەكەن".
شەونم بەهرام، ژنی ماڵەوە، كاتێك باسی منداڵە
پێنج ساڵانەكەی دەكرد، كە دووچاری نەخۆشی
شەكرە هاتووە، دەیگوت "لەوەتەی منداڵەكەم
نەخۆش كەوتووە، ئیسراحەتم لێهەڵگیراوە، چونكە
هەموو فیكرم بۆ چاودێری ئەو تەرخانكردووە،
بۆئەوەی كەمێك لەئازارەكانی كەم بكەمەوە".
گوتیشی "برایەكەم لەتەمەنی 9 ساڵیدا توشی
نەخۆشی شەكرە هاتبوو، لەهەڕەتی لاویەتی و
تەمەنی 22 ساڵیدا بەهۆی ئەم نەخۆشیەوە گیانی
لەدەست دا". سەبارەت بەدابینكردنی دەرمانی ئەم
نەخۆشیە شەونم دەڵێت، "دانەیەك لەدەرزی
ئەنسۆلین بە 15 هەزار دینارە، بەڵام تائێستا
بەكارم نەهێناوە، چونكە ئەو برایەم كە گیانی
لەدەست دا، ئەو دەرزیەی لێدرابوو، كە بۆ
رێبینی كوڕم نوسرابوو، بۆیە هەرچی دەكەم دڵم
نایەت لەم تەمەنە بچووكە ئەو دەرزییەی
لێبدەم".
بەبۆچونی شارەزایانی بواری ئابووریش نەخۆشیە
درێژخایەن و بۆماوەییەكان هۆكارن، بۆئەوەی
بەشێكی زۆر لەداهاتی تاكەكەسی بۆ داودەرمان و
چارەسەری بڕوات، هەروەك ئەیوب ئەنوەر سماقەیی
مامۆستا لەكۆلێژی كارگێڕی و ئابووری لەزانكۆی
سەڵاحەدین گوتی، "چارەسەركردنی نەخۆشیە
درێژخایەن و بۆماوەییەكان ئەركێكی دیكەیە
لەسەر خێزان، لەكاتێكدا حكومەت بەرپرسیارە
لەدابینكردنی داودەرمان و رێگری
لەنەخۆشییەكان، ئەو خێزانانەی نەخۆشێكی
درێژخایەنیان هەیە، خەرجی زیاتریان پێویستە،
ئەمەش كاردەكاتە سەر داهات و پاشەكەوتی
مانگانەی ئەو كەسانە".
كۆمەڵەی منداڵانی توشبووەكان بەنەخۆشی شەكرە،
لەساڵی 2007 ـەوە دامەزراوە، كە بارەگای
سەرەكییان لەهەولێرە، كاردەكەن بۆ
هۆشیاركردنەوەی خەڵك لەمەترسییەكانی توشبوون
بەنەخۆشی شەكرە و كۆكردنەوەی توشبووان
لەكۆمەڵەكەیاندا بەمەبەستی هاوكاریكردنیان،
شەهلە حەسەن كەریم، سەرۆكی كۆمەڵەی منداڵانی
توشبوو بەنەخۆشی شەكرە، بە(سڤیل)ـی راگەیاند،
"ژمارەی ئەو منداڵانەی دووچاری ئەم نەخۆشیە
هاتوون، لەزیادبوونە، تەنها لەهەولێر 145
منداڵ تووشی ئەم نەخۆشیە بوونە، بەڵام زانیاری
تەواومان لەسەر شارەكانی تر نییە، بەڵام
دڵنیاین لەشارەكانی سلێمانی و دهۆكیش رێژەكە
لەزیادبووندایە". سەبارەت بەهاوكارییەكانیان
شەهلە بەنیگەرانیەوە باسی لەو بڕە پارەیە كرد،
كە مانگانە بڕی پێنج ملیۆن دینار لەدارایی
وەردەگرن، لەبارەی خەرجكردنی پارەكەش گوتی،
"لەو پێنج ملیۆنەش بڕی سێ ملیۆن دینار
بەداودەرمان دەدەین، جگە لەكۆمەكی خێرخوازان
حاجی یەحیا كە خواپێداوێكی شاری هەولێرە،
مانگانە بە300 دۆلار كۆمەكمان دەكات، هەروەها
لەسەردانێكیاندا كونسوڵگەری ئوستڕالیا بۆ
كۆمەڵەكەمان بەڵێنی بڕێك پارەی پێداوین، جێگەی
داخیشە تەنها كۆمەڵەكەی ئێمە لەو 50 هەزار
دینارە بێبەش كراوە، كە سەرجەم كۆمەڵەكانی تر
وەریدەگرن".
دكتۆر ئازادا مەنتك، شارەزا لەنەخۆشییەكانی
هەناو و دڵ لەبارەی نەخۆشی شەكرە گوتی، "7%ـی
دانیشتوانی عێراق نەخۆشی شەكرەیان هەیە، 10،3%
گەنجانی تەمەن 25 ساڵیش ئامادەیی ئەوەیان
هەیە، كە زوو توشی نەخۆشی ببن". مەنتك لەبارەی
چارەسەكردنیانیشەوە گوتی "پێویستە ئەو كچ و
كوڕانەی هاوسەرگیری دەكەن، بەر
لەهاوسەرگیریەكەیان پێویستە پیشكنینی خوێن
ئەنجام بدەن، ئەگەرچی لەكوردستان هۆشیاری وەك
پێویست نییە، بەڵام دەبێت ئەو جۆرە پشكنینانە
بكرێت، من گومانم لەنیەتپاكی وەزارەت نییە، كە
خەمخۆرە بۆ هەموو نەخۆشییەكان، بەڵام لەئاستی
پێویست نییە".
دكتۆر خاڵس قادر، بەڕێوەبەری راگەیاندنی
وەزارەتی تەندروستی لەبارەی نەخۆشی شەكرەوە
گوتی، "ئەم نەخۆشیە وەنەبێت تەنها تایبەت بێت
بەتەمەنی گەورە، منداڵ و گەورەكانیش دووچاری
دەبنەوە، بەڵام ئەوەی تێبینی دەكرێت،
هۆكارەكان جیاوازە لەمنداڵاندا و رێژەی
ئەنسۆلین كەمە یان كەمتر دروست دەبێت، ئەمەش
دەبێتە هۆكاری زیادبوونی رێژەی شەكر لەخوێندا،
ئەگەرچی نەخۆشیەكی نەگوازراوەیە، بەڵام
درێژخایەنە و زۆرجار لەگەوران لەئەنجامی
هەوكردنی تێكشكانی خانەكانی پەنكریاس دروست
دەبێت".
ئەگەرچی نەخۆشی شەكرە لەجیهان بڵاوە و زیاتر
لەتەمەنی 40 ساڵیدا دەردەكەوێت، بەڵام
منداڵانیش دووچاری دەبن لەئەنجامی زیادبوونی
رێژەی شەكر لەناو خوێندا، بۆیە زۆر جار بەشەكر
دەگوترێت، ژەهری سپی، چونكە زیاد بەكارهێنانی
شەكر خوێ و چەوری زیاد لەپێویست مەترسی
كۆمەڵێك نەخۆشیی ترسناكیان لێدەكەوێتەوە، هەر
بۆیە رێكخراوی تەندروستیی جیهانی رۆژێكی
بەرۆژی جیهانیی شەكرە تایبەت كردووە.
|