|
سڤیل:
شوان سدیق
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی
بەبڕیارێك ناوی "خوێندكار و قوتابی" یەكلایی
دەكاتەوە، وشەی "خوێندكار" دیار دەكات، بەڵام
رێكخراوە خوێندكاران و قوتابیان، ئەو بڕیارەی
وەزارەتی خوێندنی باڵا رەتدەكەنەوە و پێشنیاری
ئەوە دەكەن، ئەو ناوە لەپەرلەمان یەكلایی
بكرێتەوە، بۆئەوەی وشەكە لەفەرهەنگی حیزبیەوە
دوور بێت.
دوای ئەوەی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی
زانستی بەنووسراوێك هەموو كۆلێژ و ناوەندەكانی
زانكۆ ئاگادار دەكاتەوە، كە وشەی قوتابی
بكرێتە خوێندكار، بەڵام بەگوتەی سكرتێری
یەكێتی قوتابیانی كوردستان بەكۆی دەنگی
فیدراسیۆنە خوێندكارییەكان و قوتابیان،
بڕیارەكەی وەزارەتی خوێندنی باڵا
رەتكراوەتەوە. عیرفان عەزیز، سكرتێری یەكێتیی
قوتابیان هاوكات سكرتێری ئێستای فیدراسیۆنە،
بە(سیڤل)ـی راگەیاند، "پاش ئەوەی وەزیری
خوێندنی باڵا ناوەندەكانی خوێندنی ئاگادار
كردەوە، كە تەنیا ناوی خوێندكار بەكاربهێنن
لەجیاتی قوتابیان و خوێندكاران، ئێمەش وەكو
رێكخراوە فیدراسیۆنییەكان هەموومان نیگەران
بووین، لەوەی كە وشەی قوتابی لەلایەن
وەزارەتەوە كراوە بەخوێندكار، چونكە پێمان باش
نییە وەزارەت ئەو بڕیارە بدات، بەڵكو دەبێت
پەرلەمان و لایەنی پەیوەندیدار ئەو مەسەلەیە
یەكلایی بكەنەوە".
لە كوردستان چەند حیزب هەن، ئەوەندەش رێكخراوی
قوتابی و خوێندكاران هەن، هەر حیزبەش بۆ ئەوەی
ناوەكەی بە رێكخراوی حیزبەكەی دیكە نەچێ،
ناوێكی تایبەت بە خۆی داناوە، بۆ نموونە تا
ئێستا ئەو ناوانە بەكار هاتوون (قوتابی،
خوێندكار، فێرخواز، خوێندەڤان). سكرتێری
رێكخراوە فیدراسیۆنیە خوێندكارییەكان گوتی،
"ئەو كێشەیە بەئێمە یەكلایی ناكرێتەوە، بۆیە
وەكو رێكخراوەكان پێمان باشە، پسپۆڕ و زانایان
لەرێگای لێژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵای
پەرلەمانەوە، ئەو كێشەیە یەكلایی بكەنەوە، نەك
رێكخراو یان وەزارەتێك، چونكە نامانەوێت ئەو
مەسەلەیە بچێتە چوارچێوەی سیاسەتەوە. بۆ ئەو
مەبەستەش ئێمە وەكو رێكخراوە فیدراسیۆنیەكان،
یاداشتێكمان بەرزكردۆتەوە بۆ پەرلەمان و خودی
جەنابی سەرۆكی پەرلەمانیشمان بینیووە، بۆ
ئەوەی ئەوان كێشەی ناوەكە یەكلای بكەنەوە".
ئەو وەزیرەی ئەو بڕیارەی داوە و وشەی
خوێندكاری هەڵبژاردووە، وەزیرێكی یەكێتییە و
خوێندكارانیش لەئەدەبیاتی سیاسیی یەكێتی
بەكارهاتووە، بۆیە دەستنیشانكردنی وشەكە بە
سیاسەت لێكدەدرێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا كۆمەڵەی
خوێندكارانی كوردستانی سەربە یەكێتی لارییان
لەوە نییە، پرسی یەكلاكردنەوەی ناوی قوتابیان
و خوێندكاران رەوانەی پەرلەمان بكرێت،
فەرەیدون بەهادین، بەرپرسی كۆمەڵەی
خوێندكارانی كوردستان لەدەشتی هەولێر دەڵێت،
"ئێمە وەكو كۆمەڵەی خوێندكاران هیچ فشارێكمان
لەسەر ئەوە نییە، كە چ ناوێك دابنرێت، بۆ
یەكلاییكردنەوەی وشەی قوتابی و خوێندكار،
بەڵام ئەگەر فیدراسیۆنە رێكخراوەییەكان
بەدیلیان ئەوە بێت، كە پەرلەمان ئەو پرسە
یەكلایی بكاتەوە، بەدڵنیاییەوە كارێكی خراپ
نییە، چونكە پەرلەمان میحوەری یەكلاكردنەوەی
هەموو پرسێكە".
لەبەرامبەر داواكاری رێكخراوە فیدراسیۆنە
خوێندكارییەكاندا، عومەر حەمەدئەمین نورەدینی،
سەرۆكی لێژنەی پەروەردە و فێركردنی باڵا و
توێژنەوەی زانستی لەپەرلەمانی كوردستان،
پێیوایە دۆزینەوەی ناوێك كە لەجیاتی قوتابیان
و خوێندكاران لەناوەندەكانی خوێندندا بەكار
بهێندرێت، پێویستی بەكەسی پسپۆڕ و شارەزا
هەیە، چونكە لەلایەن ئەوانەوە پێشنیار بكرێت
بۆ پەرلەمان باشترە و دواتر رەوانەی پەرلەمان
بكرێت، بۆئەوەی رێگایەكی بۆ بدۆزرێتەوە. عومەر
نورەدینی ئەوەشی گوت، "ئێمە هیچ پێشنیارێكمان
بۆ ئەو مەسەلەیە نییە، تا ئەوكاتەی لەلایەن
كەسانی ئەكادیمی و پسپۆڕانەوە پڕۆژەیەكمان بۆ
ڕەوانە دەكرێت".
بەبۆچوونی فەرەیدون بەهادین، بەرپرسی كۆمەڵەی
خوێندكارانی دەشتی هەولێر، ئەو جیاوازیانەی
ناوی توێژەكانی كۆمەڵگا لەلایەن حیزبەكانەوە
جیاكردۆتەوە و ئێستا شۆڕبۆتەوە بۆ ناو ناوەندە
حكومییەكان و رەنگدانەوەیان هەیە، ئەم
داهێنانەش بۆ هەردوو حیزب دەگەڕێتەوە. عیرفان
عەزیز ئەویش وەك سكرتێری یەكێتیی قوتابیانی
كوردستان دەڵێت، "راستە ئەو شتانە لەپێشتردا
هەبووە، بەڵام بۆ ئێستا پێمانوایە ئەو سەردەمە
بەسەرچووە، چونكە لەو چوارچێوەیە رۆیشتووینەتە
دەرەوە، كە شتەكان وەكو دوێنی و پێرێ دابەش
بكەین".
فیدراسیۆنی رێكخراوە خوێندكارییەكان پێكهاتووە
لە13 رێكخراو و لەساڵی 2003 دامەزراوە، هەموو
رێكخراوە قوتابییەكانی كوردستان لەژێر چەتری
ئەم فیدراسیۆنە رێكخراوەییەدا كۆبوونەتەوە،
بەگوتەی عیرفان عەزیز كە ئێستا سەرۆكی
رێكخراوەكەیە، ئەوان هەموویان "كۆكن لەسەر
ئەوەی چ جۆرە ناوێك بدۆزرێتەوە، بۆئەوەی
لەناوەندەكانی خوێندندا ببڕێتەوە، كە ئەمە
خوێندكارە یاخود قوتابییە".
|