ئاگاداربە شۆفێر لەژێر مەشقدا نییە!  

 

 

ئەو ئۆتۆمبێلانەی تابلۆی مەشقكردنیان لەسەرە، بۆ پیاسە بەكاردێن

سڤیل: هەولێر

ئەو ئۆتۆمبێلانەی لەنووسینگەكاندا بۆ مەشقی شۆفێری بەكار دێن، دوای تەواوبوونی ئەركەكانیان بۆ مەبەستی شەخسیش بەكار دەهێنرێن، هەرچەندە خاوەن نووسینگە و شۆفێرەكان خۆیان نكۆڵی لەوە ناكەن، كە ئۆتۆمبێلەكان بەكاردەهێنن، بەڵام بەشێكیان بەباشتری دەزانن، لەكاتی لێخوڕینی تایبەتدا ئۆتۆمبێلەكان هێماكانیان لێبكرێتەوە.
بەمەبەستی مەشقی شۆفێری، ئێستا ژمارەیەكی زۆر نووسینگەی تایبەت بەراهێنان و مەشقی شۆفێری لەكوردستان كراونەتەوە، لەلایەن حكومەتی هەرێم رێگایان پێدراوە، هاوڵاتیان گلەیی لەوە دەكەن، كە زۆر كات لەلایەن خاوەنی ئۆتۆمبێلەكانەوە ئەو ئۆتۆمبێلانە بەهێماكانەوە بەكاردەهێنرێن، ئەو هێمایانەش وا دەكات، شۆفێرەكانی تر وا لەو ئۆتۆمبێلانەی مەشق بگەن، كە لەژێر مەشقدان و شەقامی بۆ چۆڵ بكەن، شۆفێری خاوەن ئۆتۆمبێلیش ئەو ئۆتۆمبێلە بۆ مەبەستی خۆی بەكاردەهێنێت.
لەنوسینگەی لێزان كە لەشاری هەولێر نووسینگەیەكی گەورەیە، ئێستا شەش ئۆتۆمبێل تایبەتكراوە بەڕاهێنانی شۆفێری، یوسف حەمید شۆفێرێكە و ماوەی ساڵێكە لەو نووسینگەی لێزانە وەك راهێنەرێك كار دەكات، ئەو نكۆڵی لەوە ناكات، كە دوای تەواوبوونی كارەكەی ئۆتۆمبێلەكەی كە خەڵك راهێنانی لەسەر دەكەن، بۆ مەبەستی تایبەتی بەكاری دەهێنێت، یوسف حەمید گوتی "ئەو ئۆتۆمبێلانەی ئێستا ئێمە وەك راهێنەرێك خەڵكی پێ فێری شۆفێری دەكەین، وەك ئۆتۆمبێلی مرور یان دەزگای حكومی وایە، چونكە تایبەتمەندی خۆی هەیە، بەڵام هەرچەندە من ئۆتۆمبێلەكە لەدوای تەوابوونی كار بۆ مەبەستی شەخسی بەكاری دێنم، بەڵام قەت نایدەم بەدەست كەسی تر، چونكە ئەو ئۆتۆمبێلە تایبەتە".
زۆربەی ئەو نووسینگانەی خەڵكی تێدا رادەهێنن، بەمەبەستی فێربوونی ئۆتۆمبێل ئۆتۆمبێلەكانیان زیاتر شەخسین و هی خاوەن نووسینگەكانن، سەمیر شێروانی خاوەنی نووسینگەی شێروانە بۆ فێربوونی شۆفێری، دەڵێت "ئۆتۆمبێلی نووسینگەی ئێمە هی خۆمانە، بەڵام سەبارەت بەبەكارهێنانی ئەو ئۆتۆمبێلانە من بەشتێكی باشی نازانم، بەڵام من وەك خۆم كاتێك بەكاری دێنم، ناونیشان و هێمای فێربوونی لێدەكەمەوە".
ئەو ئۆتۆمبێلانەی نووسینگەكان زۆرجار لەشوێنە گشتییەكاندا ئاسانكارییان بۆ دەكرێ و رەچاوی ئەوەیان بۆ دەكرێت، كە شۆفێر لەژێر مەشقدایە، بۆیە خاوەنەكانیان بەكارهێنانی ئەو ئۆتۆمبێلانە بۆ رێگاپێدانیان لەشوێنە گشتییەكاندا بەهەل دەزانن، خاوەنی هەمان نووسینگە سەمیر شێروانی، ئەویش بەباشیشی دەزانێت ئەو ئۆتۆمبێلانە دوای تەواوبوونی ئەركی راهێنەرایەتیان بۆ مەبەستی شەخسی بەكار نەهێنرێت، چونكە ئەگەری روودوای لێدەكەوێـتەوە، بەڵام ئەگەر هاتوو بەكاریشهێنرا، ئەوا دەتوانرێت هێماكانی هاتوچۆی لێبكرێتەوە، چونكە خەڵك بەشتێكی تایبەتمەند سەیری ئۆتۆمبێلی مەشق دەكات.
بەبڕوای سامی ئیسماعیل، خاوەنی نووسینگەی فێربوون و راهێنانی شۆفێری، كە نووسینگەكەی لەشاری هەولێرە، پێویست ناكات ئەو ئۆتۆمبیلانەی كە ئاڕم و هێمای هاتوچۆیان لەسەرە، بۆ مەبەستی شەخشی بەكار بهێنرێن، سامی گوتی "من حەز دەكەم وەك خاوەن نووسینگەیەك ئۆتۆمبێلەكان تایبەت بكرێن، بۆ ئەوەی چیتر كەس بۆ مەبەستی شەخسی بەكاری نەهێنێت، ئەو ئۆتۆمبێلانەی زیاتر لەناو بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتوچۆ كە بۆ تاقیكردنەوە تایبەتكراون، وا باشترە رێگا نەدرێت، بۆ ئیشوكاری شەخسی بەكاربهێندرێت".
عەمید قادر سدیق، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی هاتوچۆ رایگەیاند، "ئەو كەسانەی ئۆتۆمبێلی نووسینگەیان هەیە، دوای تەواوبوونی ئەركەكانی خۆیان ئەگەر بۆ مەبەستی تایبەتی خۆیان بەكاری بێهنن، ئەوا لەرووی یاسای هاتوچۆوە شتێكی ئاساییە و رێگاپێدراون، بەڵام ئەگەر هاتو توشی رووداوێك بوون، ئەوا بەپێی هەمان یاسای هاتوچۆ مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت"، عەمید قادر سدیق ئەوەشی گوتن "من وەك شەخسی پێم باش نییە بەكاری بهێنن، بەڵام ئەوە یاسا رێگای لێنەگرتوون و شتێكی تەبیعیە".
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com