|
كارمەندەكانی
نەخۆشخانەی هەولێری فێركاری و فریاكەوتن داوای
قەرەبووكردنەوە، یان هەڵوەشانـــــدنەوەی
گرێبەستێكی حكومی دەكەن
سڤیل: شوان سدیق
ژمارەیەكی زۆر لەكارمەند و فەرمانبەرە
پزیشكیەكانی نەخۆشخانەی هەولێری فێركاری و
فریاكەوتنی هەولێر، داوای هەڵوەشاندنەوەی
گرێبەستێكی نێوان فەرمانگەی تەندروستی هەولێر
و كۆمپانیایەكی گواستنەوە دەكەن، چونكە ئەوان
بەو ئۆتۆمبێلانە هاتوچۆن ناكەن، هەردوو
بەڕێوەبەری كارگێری نەخۆشخانەكانیش دەڵێن "تا
گرێبەستەكە تەواونەبێت، فەرمانگەی تەندروستی
پەشیمان نابێتەوە، چونكە زەرەر دەكات". لەو
حاڵەتەشدا كارمەندان داوای قەرەبووكردنەوە
دەكەن.
ماوەی چەند مانگێكە فەرمانگەی تەندروستی
هەولێر لەگەڵ كۆمپانیایەكی گواستنەوە بۆ ماوەی
ساڵێك گرێبەستی كردووە، بە مەبەستی گواستنەوەی
فەرمانبەر و پزیشكەكانی هەردوو نەخۆشخانەی
فریاكەوتن و هەولێری فێركاری، ئەو فەرمانبەر و
پزیشكانەی كە ئۆتۆمبێلی خۆیان هەیە باس لەوە
دەكەن، باشترە ئەو بڕەپارەیان بۆ بگەڕێتەوە كە
نەخۆشخانە لێیان دەبڕێت، چونكە ئەوان
ئۆتۆمبێلی خۆیان هەیە. فەرمانبەرێكی پزیشكی
لەنەخۆشخانەی فریاكەوتن، بە (سڤیل)ی راگەیاند
"بەبڕیاری حكومەت هەموو فەرمانبەرێك مانگانە
20 هەزار دیناری بۆ خەرج دەكرێت. بۆ خەرجی
مانگانەی كرێی ئۆتۆمبێل و شتی تر، بەڵام
فەرمانگەی تەندروستی هەولێر، گرێبەستێكی لەگەڵ
كۆمپانیایەكدا كردووە، بۆ ئەوەی هاتوچۆ بە
فەرمانبەرەكانی نەخۆشخانە بكات، بەڵام ئێمە
لەبەڕێوەبەرایەتی خۆمان سەرژمێرێكمان كردووە،
زۆرینەمان كۆستەرمان ناوێت، چونكە بەئۆتۆمبێلی
خۆمان هاتوچۆ دەكەین، بۆیە بەباشی دەزانین ئەو
20 هەزار دینارەمان بۆ بگەڕێننەوە".
حكومەتی هەرێم ساڵانە بە مەبەستی
هاتوچۆپێكردنی فەرمانبەری نەخۆشخانە و
قوتابخانە و دامودەزگاكانی تری حكومەت،
گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیای گواستنەوە دەكات، ئەم
ساڵیش فەرمانگەی تەندروستی هەولێر، گرێبەستێكی
لەگەڵ كۆمپانیایەكی گواستنەوەدا كردووە، بۆ
هاتوچۆپێكردنی فەرمانبەرەكانی هەردوو
نەخۆشخانەی هەولێری فێركاری و فریاكەوتن، كە
هەردوو نەخۆشخانەكە نزیكەی 1600 فەرمانبەر و
پزیشك دەبن، بەڵام وەك بەشێك لەفەرمانبەرەكانی
هەردوو نەخۆشخانە ئاماژەی بۆ دەكەن، زۆربەیان
بەئۆتۆمبێلی كۆمپانیا هاتوچۆ ناكەن. چونكە
بەشێكیان ئۆتۆمبێلی شەخسیان هەیە و ئەوانیتریش
ماڵیان نزیكە لەنەخۆشانەكانەوە.
موحسین زراری بەڕێوەبەری كارگێری لەنەخۆشخانەی
فریاكەوتنی هەولێر، باس لەوە دەكات هەموو
فەرمانبەرەكان، پێشتر خۆیان بەوە رازی بوون،
كە كۆستەریان بۆ دابین بكرێت، بەڵام دواتر
پەشیمان بوونەتەوە، موحسین زراری گوتی
"فەرمانبەرەكان هەر هەموویان پێشتر رازیبوون،
كە بەكۆستەر هاتوچۆ بكەن، بەڵام دواتر وایان
دەزانی كۆستەر بۆ كۆمەڵێك فەرمانبەر دەگیرێت و
پارەش بۆ ئەوانە خەرج دەكرێتەوە، كە
ئۆتۆمبێلیان هەیە، بۆیە دوای ئەوەی كۆستەر
گیرا فەرمانگەی تەندروستی هەولێر لەبەر ئەوە
گرێبەستی ئیمزاكردووە، ئامادەنییە ئەو بڕە
پارەیان بۆ خەرج بكاتەوە".
بەڕێوەبەری كارگێری لەنەخۆشخانەی فریاكەوتن،
ئاماژەش بەوە دەكات، نەخۆشخانەی فریاكەوتنی
هەولێر ئێستا نزیكەی 500 فەرمانبەری پزیشكی
هەیە، لەبەرئەوەی بەشێكی زۆر لەفەرمانبەرەكان
ئۆتۆمبێلیان هەیە، یان ماڵیان نزیكە
لەنەخۆشخانە، ئێستا تەنیا 20 كەسیان بەكۆستەر
هاتوچۆ دەكەن"، لەبەرامبەر قسەكانی بەڕێوەبەری
كارگێری لەنەخۆشخانەی فریاكەوتن فەرمانبەرێكی
پزیشكی تر، دەڵێت "بەهیچ شێوەیەك ئێمە
هەموومان رازی نەبووین، هەر لەسەرەتاشەوە كە
گرێبەستەكە كراوە، چونكە خۆ ئەوكاتیش ئەوانەی
ئێستا داوای مافی خۆیان دەكەن، ئۆتۆمبێلیان
هەبووە".
لەبەرئەوەی فەرمانگەی تەندروستی هەولێر
لەرێگای یەك كۆمپانیاوە گرێبەستی لەسەر هەردوو
نەخۆشخانەی فێركاری و فریاكەتن كردووە، بۆ
گواستنەوەی هەموو فەرمانبەرەكان، ئێستا كێشەی
فەرمانبەری هەردوو نەخۆشخانەكە وەك یەكن،
فەرمانبەرێكی پزیشكی تر، لە نەخۆشخانەی
هەولێری فێركاری بە (سڤیل)ی گوت "سەد لەهەشتا،
كارمەندەكانی نەخۆشخانەكان لەگەڵ ئەوەدان كە
ئەو بڕەپارەیەمان بگەڕێتەوە، بەناوی خەرجی
دەرەكی بۆمان خەرج دەكرێت، چونكە ئێمە
بەئۆتۆمبێلی كۆمپانیا هاتوچۆ ناكەین،
لەبەرئەوەی خۆمان ئۆتۆمبێلمان هەیە و بەشێكی
تریشمان ماڵیان نزیكە لەنەخۆشخانە، بۆیە
بەمافی ئاسایی خۆمانی دەزانین، یان گرێبەستەكە
هەڵبوەشێتەوە، یاخوود قەرەبووی ئێمە بكرێتەوە،
چونكە بەو ئۆتۆمبێلانە هاتوچۆ ناكەین".
سەبارەت بەگەڕانەوەی مافی ئەو فەرمانبەرانەی
كە داوای ئەو بڕەپارەیە دەكەن، چونكە ئەوان
ئۆتۆمبێلی شەخسیان هەیە، موحسین زراری
بەڕێوەبەری كارگێڕی نەخۆشخانەی فریاكەوتن،
گوتی "ئەوەندەی من ئاگادارم تەنیا گرێبەستەكە
كراوە، لەگەڵ ئەو كۆمپانیایەی ئێستا كۆستەری
دابینكردووە، بۆ هاتوچۆپێكردنی ئەو فەرمانبەرە
پزیشكیانە لەنەخۆشخانەی فریاكەوتن و هەولێری
فێركاری، بەڵام لەبەر ئەوەی هەر لایەنێك
پەشیمان بێتەوە پێویستە ئەو باجی زەرەرەكەی
بدات، بۆیە زەحمەتە فەرمانگەی تەندروستی
پەشیمان ببێتەوە".
موزەفەر جەمیل بەڕێوەبەری كارگێری
لەنەخۆشخانەی فێركاری هەولێر ئەویش هەمان قسەی
بەرێوبەری كارگێری فریاكەوتنی هەولێر دەكات و
دەڵێت "ئێمە پێشتر بۆچوونی هەموو
فەرمانبەرەكانی نەخۆشخانەمان وەرگرتووە، لەسەر
ئەوەی كێ بەئۆتۆمبێلی كۆمپانیا هاتوچۆ دەكات،
یان بەئۆتۆمبێلی شەخسی، بەڵام دوای ئەوەی
گرێبەستەكە ئیمزاكرا، زۆربەیان وتیان ئێمە
دەمانەوێت پارەكەمان بۆ بگەڕێننەوە، چونكە
بەئۆتۆمبێلی خۆمان هاتوچۆ دەكەین، نەك
ئۆتۆمبێلی كۆمپانیا".
هەمان بەڕێوەبەری كارگێری لەنەخۆشخانەی
هەولێری فێركاری روونیشیكردەوە "لەبەر دەنگی
ناڕەزایی ئەو فەرمانبەرانە ئێمە نووسراومان
بەرزكردۆتەوە بۆ فەرمانگەی تەندروستی هەولێر،
وەڵامی فەرمانگەش ئەوەبووە، كە ئێمە
گرێبەستمان لەگەڵ كۆمپانیایەكی گواستنەوەدا
كردووە، بۆیە تا گرێبەستە تەواو نەبێت،
ناتوانین پەشیمان ببینەوە و گرێبەستەكەش بۆ
ماوەی ساڵێكە".
|