سەرۆكی لقی هەولێری سەندیكای دەرمانسازانی كوردستان : زۆر لەوانەی لەدەرمانخانەكان كار دەكەن بڕوانامەی سەرەتاییشیان نییە  

 

 

سڤیل: رزگار كۆچەر

سەرۆكی لقی هەولێری سەندیكای دەرمانسازان لەلێدوانێكی تایبەتدا، باسی وردەكاریی ئەو هەڵمەتە دەكات، كە بۆ لەناوبردنی دەرمانی خراپ ئەنجامیان داوە، لەكەموكوڕییەكانی دەرمانیش رەخنە لەوەزارەتی تەندروستی دەگرێت.
خراپ مامەڵەكردن بەدەرمان لەلایەن قاچاخچی و كەسانی نەشارەزا لەبواری دەرمانسازیدا، كاریگەری خراپی لەسەر گیانی هاوڵاتیان دەبێت، بۆیە هاوڵاتیان پێیانوایە ئەركی لایەنە پەیوەندیدارەكانی كوردستانە، رێگا لەم باند و قاچاخچیانە بگرن، كە دەرمانخانەكانی كوردستان پر لەدەرمانی خراپ و تەقلیدی و ئێكسپایەر دەكەن.
لەماوەی رابردوودا لقی هەولێری سەندیكای دەرمانسازانی كوردستان هەڵمەتێكی فراوانیان بۆ سەر كۆگا و دەرمانخانەكان ئەنجام دا، سەبارەت بەم هەڵمەتە دكتۆر میعاد شیت، سەرۆكی لقی هەولێری سەندیكای دەرمانسازی كوردستان لەلێداونێكی تایبەتدا گوتی، "لەهەولێر نزیكەی 120 دەرمانخانە و 25 كۆگا و 43 كۆمپانیا هەن، كە هەندێ لەم كۆمپانیا و كۆگایانە هیچ مەرجێكی یاساییان نییە، چونكە هەندێ لەوان مۆڵەتی رەسمیان نییە و خاوەنەكانیشیان پرسیان بەهیچ كەسێك نەكردووە، كاتێك بوونەتە خاوەن كۆمپانیا و كۆگا، كەچی دەرمان دەهێنن و دەشفرۆشن، بۆیە ماوەیەكە هەست دەكەین، دەرمانخانە و كۆگاكانی فرۆشتنی دەرمانخانە پڕ بووە لەدەرمانی خراپ".
سەرۆكی لقی هەولێری سەندیكای دەرمانسازان نموونەی هەندێك كۆگای هێنایەوە، كە نزكەی 6 هەزار جۆر دەرمانیان لایە، ئەو گوتی "بۆ نموونە ئێستا لەم شوێنانە كە پێیان دەگوترێت كۆگا، نزیكەی 6000 ناونیشان دەرمان هەن، كە زۆربەیان بەشێوە نرخێك دەفرۆشێت، بێجگە لەمەش هەندێ لەم دەرمانخانە و كۆگایانە بەكەیف و هەوەسی خۆیان دەرگای كۆمپانیا و كۆگاكانیان دادەخەن و دەكەنەوە، بۆیە ئێمە لەم هەڵمەتەمان توانیمان هەندێ لەم كۆمپانیا و كۆگایانە دابخەین".
سەبارەت بەكۆپیكردن و تەقلیدكردنەوەی جۆری دەرمانەكان دكتۆر معاد دەڵێ، "زۆر بەداخەوە هەندێ لەبازرگانەكانمان دەرمانی باش لەوڵاتی چین بەكوالێتیەكی خراپ كۆپی دەكەن و پاشان بۆ كوردستان دەهێنن و كەسیش پێیان ناڵێ، پشتی چاوتان دوو برۆیە". لەم رووەوەش دكتۆر معاد وەزارەتی تەندروستی بەگوناهبار دەزانێت و پێیوایە هیچ تەنسیق و لێكتێگەشتنێك لەنێوان سەندیكا و وەزارەت نییە، سەبارەت بەكوالێتی كۆنتڕۆڵ دكتۆر معاد دەڵێت، "ئەگەر ئەم دەزگایە هەموو كارەكان بكات، ئەوا بەتەئكید خزمەتی باش بەكۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دەكەن، بەڵام تائێستا كوالێتی كۆنتڕۆڵ پسپۆڕی شارەزای لەم بوارە وەك پێویست كارەكانیان ئەنجام نەداوە، چونكە ئامێرەكان پێویستییان بەشارەزایی زۆر هەیە و هەندێك لەوانیش كار ناكەن، پاكەت و شێوە نووسین و رەنگی كەپسول و دەرمانەكان جۆرە شێوازێكی ترە، تا لێژنەكانی سەندیكا بزانن، كە ئەو دەرمانانە كۆپی كروان و دووبارە دروست كراونەتەوە".
لەبارەی ئەو كارمەندانەی لەدەرمانخانە و كۆگایەكان كار دەكەن، دكتۆر معاد دەڵێت، "زۆرجار كە تیمەكانمان سەردانی ئەم شوێنانە دەكەن، بۆیان دەردەكەوێت، زۆر لەوانەی لەسەر دەرمانخانەكانن شەهادەی سەرەتاییشیان نییە، بۆیە ئێمە ئاگاداری هەموو كۆگا و دەرمانخانەكانمان كردۆتەوە، كە نابێت ئەوەی دەرمانساز نەبێت، لەم شوێنانە كار بكەن". پاشان لەوەڵامی پرسیارێكی تر، كە ئاخۆ سەندیكای دەرمانسازانی كوردستان سەندیكایەكی یەكگرتووە، دكتۆر میعاد دەڵێت، "تائێستا زۆر هەوڵ هەبووە، بۆئەوەی لەگەڵ برادەرانی سلێمانی یەكبگرینەوە، بەڵام تائێستا ئاكامەكانمان زۆر بێسوود بووینە، ئومێد دەكەین لەداهاتوو سەندیكا وەك رێكخراوەكانی تر بەیەكگرتوویی ببینینەوە".

 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com