شــــاری ســــۆران.. میوانــــــــــــدۆستی بێ میوانخانەیە  

 

 

قائیمقامی قەزای سۆران: بە نیازی دروستكردنی سێ هوتێلین

سڤیل: محەمەد قادر

لەگەڵ ئەوەی دەڤەری سۆران جموجۆڵێكی ئیداری و ئابووریی زۆری لەسەرە، بەڵام تائێستا لەو شارە هۆتێلێك نییە. قائیمقامی قەزای سۆران دەڵێ "ئەوە بۆشاییەكی گەورەیە، بۆیە بڕیاری دروستكردنی سێ هۆتێلمان داوە".
ئیسماعیل هاوڵاتییەكی بەتەمەنە و كاری شۆفێری دەكات، ئۆتۆمبێلی جۆری لۆری بارهەڵگری پێیە، وەك خۆی دەڵێت، ماوەی چەند ساڵێك دەبێت لەرێگای هەولێر - سۆران كار دەكات، بەمەبەستی گواستنەوەی كەلوپەلەكان و ئاڵوگۆڕكردنیان، ئیسماعیل باس لەنەبوونی هۆتیل لەسۆران دەكات و دەڵێ "من ماڵم لەهەولێرە، زۆر جار لەرێگا درەنگەشەوم بەسەردا هاتووە و لەسنووری شاری سۆران ماومەتەوە، بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانییە، تاكو ئێستا میوانخانەیەك لەم شارە نییە، كە شەوان بچم تێیدا پشوویەك بدەم، بەڵكو ناچار بوومە، لەناو لۆریەكەم بخەوم".
ئەم شۆفێرە پێیوایە ئەركی حكومەتە هانی سەرمایەداران بدات، هۆتیلێك لەدەڤەری سۆران بكاتەوە، ئیسماعیل گوتی "دەبوایە حكومەت و لایەنی پەیوەندیدار لەم رووەوە، كەمتەرخەم نەبوونایە و هانی سەرمایەداران و كۆمپانیاكانیان بدابوایە، بۆئەوەی چەند میوانخانەیەك لەم دەڤەرە دروست بكەن، چونكە جموجۆڵی بازرگانی لەم دەڤەرە هەیە". مامۆستا سیروان بەهەمان شێوە خەڵكی دەشتی هەولێرە و لەیەكێك لەقوتابخانەكانی گوندەكانی دەڤەری سۆران دامەزراوە، وەك مامۆستای وانەبێژی وانەكان دەڵێتەوە، ئەو دیاربوو لەماڵەوە دەگەڕایەوە و دەیویست بچێتەوە سەر دەوامەكەی، سیروان لەبەر نەبوونی هۆتێل بڕیاری بەپارێزگاكردنی سۆران بە "سەیر" دەزانێ و گوتی "ئەگەر بەهەڵە نەچووبم، ماوەیەك لەمەوبەر دەنگۆی ئەوە هەبوو، كە سۆران لەداهاتوو ببێت بەپارێزگا، من زۆرم لا سەیر بوو، چونكە شارێكی ئاوەها گەورە و قەرەباڵغ تائێستا میوانخانەیەكی نەبێت، كە شەوانە خەڵك لێی بمێنێتەوە، ئایا چۆن بیری بەپارێزگابوونی بۆ بكەینەوە؟". ئەم مامۆستایە لەبەردەوامی قسەكانیدا ئەوەشی خستەڕوو، كە كاتێ لەهەولێر دەگەڕێتەوە خەمی رێگایەتی، لەبەرئەوەی دەترسێ شەو لەسۆران بمێنێتەوە و شوێنێكیش شك نەبات، كە شەوەكەی تێدا بەسەر ببات، مامۆستا سیروان گوتی "جاری وا هەبووە، لەكاتی گەڕانەوەی ئێوارەیەكی درەنگ گەیشتومەتەوە سۆران، ناچاربوومە بەهەر نرخێك بێت ئۆتۆمبێلێك بگرم و بەشەو بگەڕێمەوە ئەو گوندەی كە قوتابخانەكەمی لێیە". ئەم مامۆستایە لەكۆتایی قسەكانیدا خوازیاربوو، لەداهاتوویەكی نزیكدا حكومەت چارەسەری ئەو گرفتە بكات، بۆ ئەو مەبەستە كە هانی سەرمایەداران و كەرتی تایبەت بدرێت، كە میوانخانەیەك لەسۆران دروست بكرێت.
ئەوانەی لەبەر نەبوونی هۆتیل لەشاری سۆران زیاتر تووشی گرفت دەبنەوە، مامۆستایانی ئافرەتن، زەینەب یەكێكە لەمامۆستایانی چۆمان، ئەو گوتی "ئێمە لەسنووری پەروەردەی چۆمان دەوام دەكەین، بەڵام كاتێ لەهەولێر بەڕێكەوتین، خەمی رێگای نێوان سۆران و چۆمانمانە، چونكە ئەگەر بەپەلە نەگەڕێینەوە، لەوانەیە شەوی بەسەر دابێت و نەگەینەوە چۆمان، بەڵام ئەگەر بێتو میوانخانەیەك لەشاری سۆران هەبووایە، لەم رووەوە كێشە و گرفتمان نەدەبوو، بەڵكو شەو لێی دەماینەوە و بەیانیش دەگەڕاینەوە بۆ قوتابخانەكەمان لەقەزای چۆمان".
كەسانی بیانی كە لەوڵاتەكانی دیكە هاتوونەتە سۆران، بەهۆی نەبوونی میوانخانە كە شەو تێدا بمێنەوە، گرفتیان بۆ دروست بووە، وەك عەبدولڕەحمان حاجی، كە دانیشتووی شاری سۆرانە، ئەو بەسەرهاتەی گێڕایەوە و گوتی "رۆژێكیان بەیانیەكی زوو بەمەبەستی نوێژی بەیانی چووم بۆ مزگەوتی نزیك ماڵەكەمان، كەچی بینیم دوو كەسی غەریب لەهەیوانی مزگەوتەكە پاڵیان دابووەوە، كە چاوم پێیان كەوت، تووشی شۆك بووم و گوتم دەبێت ئەوانە چ جۆرە كەسێك بن، بەم بەیانیە لێرەبن، كاتێ لێیان نزیك بوومەوە و بۆم دەركەوت، كە ئەوانە خەڵكی سۆران نین، دوای ئەوەی پرسیارم كرد، ئایا ئێوە كێن و لەكوێیەوە هاتوونەتە ئێرە، ئەوان گوتیان ئێمە كوردی رۆژهەڵاتین، بەمەبەستی سەردانكردنی خزم و كەسانمان هاتبووین و بچین بۆ شاری هەولێر، كەچی لێرە شەومان بەسەر داهات، لەسەرەتاوە بەدوای هوتێل گەڕاین كە شەو لێی بمێنینەوە، كەچی زۆر بەداخەوە لەو شارە گەورەیە، هوتێلێك بەدی ناكرێت، ناچار بووین پەنا بۆ ئێرە بهێنین و شەو لەهەیوانی ئەم مزگەوتە پاڵدەینەوە". بەهرە عەلی، ئافرەتێكی دانیشتووی شاری سۆرانە، بەهرە لەبەرئەوەی لەناوەندە رۆشنبیرییەكان كار دەكات، باسی لەو كێشانە كرد، كە بەهۆی نەبوونی هۆتیلەوە دێنە بەردەم چالاكییەكان و بەهرە دەڵێ، "بێگومان دامودەزگا رۆشنبییرییەكانیش وەك باقی دەزگا و خەڵكانی دیكە لەكاتی بەڕێوەچوونی چالاكییەكانیان نەبوونی هوتێل و میوانخانە ئاستەنگیان بۆ دروست دەكات و ناتوانن لەدەرەوەی سۆران خەڵك بۆ چالاكییەكانیان بانگێشت بكەن، هیوادارم لەمەودوا سەرمایەدارانی ئێمەش شاری خۆیان خۆشبووێت و بینای جوان و میوانخانەی گەورە دروست بكەن، هەم بۆ قازانجی خۆیان و هەمیش بۆ جوانكردنی شارەكەیان".
كرمانج عزەت، قائیمقامی سۆران لەلێدوانێكی تایبەت بە(سڤیل) گوتی، "بەڵێ راستە تائێستا ئەم بۆشاییە لەسۆران هەیە، لەم ماوەیەدا بەجددی باسمان لەهەوڵدان بۆ چارەسەری ئەو گرفتە كردووە، بۆ ئەم مەبەستە سێ چوار كۆمپانیا هاتوونە و ئامادەباشی خۆیان نیشان داوە، كە ئێستا مامەڵەكانیان لەدەستەی سەرمایەگوزاری لەئەنجوومەنی وەزیرانە، وابڕیارە مامەڵەكانیان تەواو ببێت و دەست بكەن بەدروستكردنی 3 هوتێل لەسۆران، بەبڕوای من لەئایندەیەكی نزیكدا دەست بەدروستكردنی ئەو چەند هوتێلە دەكرێت، بەمەش كێشەیەكی گەورە لەشارەكەمان چارەسەر دەبێت".
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com