ئەو پیاوەی 50 ساڵە لەگەڵ گژوگیا و دەرمان دەژیێت  

 

 

 

جەوهەر یابە: یەكەمجار دەرمانەكان بەخۆم تاقیدەكەمەوە

سڤیل: شوان سدیق





لەتەنیشت بازاڕی نیشتمان لەهەولێر، خەڵكێكی زۆری لێ كۆببووەوە، هاواری دەكرد و دەیگوت "كێ نەخۆشی مایەسیری هەیە، كێ ددانەكانی رەش بووە، یان شەكرەی هەیە، ئەگەر كەچەڵیشن چارەسەرتان بۆ دەدۆزمەوە، چارەسەری شەكرەیشم لایە و بەئارەزووی خۆت چەوری و شیرینی بخۆ". ئەو پیاوە ناوی "جەوهەر یابە عەلی"ـە، پیاوێكی باڵابەرزی بەساڵاچووی خەڵكی گوندێكی بناری قەرەچوغی سەر بەقەزای مەخمورە، تەنیا پیشەی فرۆشتنی دەرمانی گیاییە و سبەینان زوو لەماڵەوە دەردەچێت و شەوان درەنگانێ دەگەڕێتەوە، خۆی باسی كارەكەی كرد و گوتی "ماوەی چەند ساڵێكە دەرمان دەفرۆشم و تائێستاش زەرەرم نەبووە بۆ كەس، چونكە بەزۆر نایدەم بەخەڵك و ئەو كەسانەشی دەرمانیان پێدەدەم وەك هەدیە هاوكاریم دەكەن، نەك پارەیەكی زۆریان لێوەربگرم".
ئەو هونەرەی جەوهەر یابە فێری بووە و ئێستا لەسەر شەقامەكانی شاری هەولێر خەڵك دەوری لێدەدەن، پیشەكەی خۆی زۆر لەپیشەی تر پێ باشترە، جەوهەر گوتی "ئەزموونی سەرەتاییم دەگەڕێتەوە، بۆ ساڵانی 1963 لەو كاتەوە خەریكی ئەم ئیشەم لەهەفتەی رۆژێكیشدا دەڕۆم بۆ دەشت یان لەشاخەكانی دەوروبەری هەولێر، لەوێ هەر گیا و بەروبوومی درەختێكم پێ باش بێت، بۆ دەرمان بەكاری دێنم".
ئەو خەڵكەی لەجەوهەر یابە كۆببونەوە، لەتەنیشت بازاڕی نیشتمان لەهەولێر، هەر یەكەیان و بەشێوەیەك گوزارشتیان لەئیشی ئەو پیاوە دەكرد، بەشێكیان عەقڵیان ئیشەكەی جەوهەری نەدەگرت، خەڵكیش هەبوو، دەیانگوت "خۆ دەرمان بەزۆر نادات بەكەس، خەڵك خۆی لێی دەكڕێت". بەڵام حامید عومەر پیاوێكی بەساڵاچوو بوو، پێشتر ئیشی كرێكار بووە، بەهۆی كەوتنەخوارەوەی لەسەر دیوار، ماوەی چەند ساڵێكە سەری شكاوە. حامید عومەر لەو كاتەدا جەوهەر یابە سەری تەداوی دەكرد، دەیگوت "چەند ساڵە سەرم شكاوە و ئازاری هەیە، ئێستا مام جەوهەر بۆم تەداوی دەكات، منیش پێم باشە". زۆرن ئەو كەسانەی لەكوردستان كە وەك مام جەوهەر دەرمانی گژوگیایی بەم شێوەیە دەفرۆشن، هەرچەندە لەرووی زانستیی تەندروستییەوە دكتۆر و پزیشكەكان ئەم جۆرە دەرمانانە رەت دەكەنەوە، كە ئەوان بەخەڵكی دەدەن، بەڵام خەڵك هەر روو لەم جۆرە دەوا و دەرمانانە دەكەن، كەسانێكی وەكو جەوهەر یابە كە ئەم ئیشە دەكەن، ئەوانیش لەو رێگایەوە دەتوانن ژیانی خۆیان و ماڵ و منداڵیان دابین بكەن. جەوهەر یابە دەڵێت "راستە دكتۆرەكان زۆر رەخنەمان لێ دەگرن، بەڵام باوەڕ ناكەم ئەم دەرمانانە دەیدەم بەخەڵك زەرەری هەبێت، چونكە هەمووی لەدەشتودەر دەیهێنم و سیقەشم بەكەس نییە". سەبارەت بەوەی چۆن نەخۆشی مایەسیری چارەسەر دەكەی، لەكاتێكدا كە دكتۆرەكان لەرێگای بەنج و نەشتەرگەری تایبەتەوە نەخۆش لەو ئازارە رزگار دەكەن، مام جەوهەر گوتی "دكتۆرەكان رێزیان هەیە، من دەرمانەكان بۆ خۆم پێشتر تەجروبە دەكەم، ئەو كات دەیدەم بەخەڵك، چونكە لەوە دەترسم بیدەم بەكەسێك و دوایی بۆی خراپ بێت و ئیتر منیش نەوێرم بێمەوە بۆ بازاڕ، بەخودای ئەو كارە ناكەم، چونكە ماڵ و منداڵم لەسەر ئەم ئیشەیە و بۆ نەخۆشی مایەسیریش دەرمانێكم دروستكردووە، دەرمانەكەش هی بەری دارە و لەگەڵ خەنە تێكەڵی دەكەم، هەر كەسێك مایەسیری هەبێت، بە قەلبی خۆیدا بێنیت، مایەسیرییەكەی دەپەڕێت".
جاران جەوهەر پێشمەگەی ئەیلول بووە، ئێستاش دەڵێ "تاقەتی حیزبایەتیم نەماوە، چونكە بۆخۆم دەگەڕێم و دەسوڕێم و كەس نییە پێم بڵێت یابە بۆ كوێ دەڕۆیت".


 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com