تەقەمەنی وەك جــــوانكاری ماڵ  

 

 

 

سڤیل: محەمەد قادر

دوای روخانی رژێمی بەعس و كاركردنی چەندین رێكخراوی تایبەت بە هۆشیاركردنەوەی هاوڵاتیان، لەمەترسیەكانی مین و تەقەمەنیەكان، كەچی هێشتا بەشێك لەهاوڵاتییانی دەڤەری سۆران قەوانە فیشەك و قاولغی مین وەك ئامرازەكانی ماڵەوەیان بەكار دەهێنن.
نەجات حاجی، هاوڵاتییەكی دانیشتووی یەكێك لەگوندەكانی دەڤەری ناحیەی سیدەكانە، چەندین ساڵە كۆتكی شەكری ماڵەكەی واتە شەكردان، لەقاولغی لوغمی دەبابەشكێن دروستكراوەو تا ئێستاش وەك ئامرازی ماڵەوەیان بەكاری دەهێن، ئەوە لەكاتێكدایە كە زۆرجار دەوترێت ئەو لوغمانە ماددەیەكی ژەهراویان لەناوە و بەهیچ شێوەیەك لاناچێت، لەلایەكی دیكەوە كاریگەری دەكاتە سەر منداڵانی خێزان كە مەترسیان نەمێنێت لەمین و تەقەمەنیەكان، ئەم هاوڵاتیە دەڵێت "نزیكەی 10 ساڵە ئەو كۆتكەمان هەیە و وەك ئامرازێك بەكاری دەهێنین و شەكری لەسەر دەشكێنین، ئەو كۆتكە بەدەست وەستایەكەوە بوو واتە ئەوانەی لانكە و تیرۆكی نان و ئەو جۆرە شتانە دروست دەكەن، ماڵ بەماڵ دەگەڕا و دەیفرۆشتن، جگە لەمنیش زۆر كەسی دیكە هەبوون، كە ئەو جۆرە كۆتكەیان لێ كڕین، ماددەكەشی ئەوەندە قایمە بەهیچ شتێك تێكناچێت و پێداویستییەكی گرنگی ماڵەوەشە".
سەردانی ماڵێكی دیكەمان لەیەكێك لەگوندەكانی سەر بە ناحیەی دیانە كرد، ئافرەتی ماڵەكە بەهەمان شێوە كۆتكێكی لەمین دروستكراوی لەبەردەم بوو، بەشەكر شكێنەكە قەندی لەسەر دەشكاند، ئەو بەهەمان شێوە باسی ئەوەی دەكرد، كە دوای روخانی رژێمی بەعس، بە 10 دیناری پارەی ئەوكات لەیەكێك لەوەستاكانیان كڕیوە و تائێستاش كاری لەسەر دەكەین، هەروەها بۆ ماڵەوەشمان دیمەنێكی زۆر جوانی هەیە، بەهەر جۆرێك بێت باسی كاریگەریە خراپەكانی ئەو مین و تەقەمەنیانەمان كرد، دەرئەنجام رازی بوو كە ئەو كۆتكە لەمین دروستكراوەكە فڕێبدە بەو مەرجەی كە كۆتكێكی دیكەی بۆ بهێنین.
لەلایەكی دیكەوە هەندێ لەماڵەكان ستوونی كەپرەكانیان لەگوللە قازیفە و قاوانەی تۆپ دروستكردووە، سەعدی عەبدولقادر، هاوڵاتیەكی دانیشتووی دەڤەری سۆرانە، ئەوان كەپری ماڵەكەیان لەقاولغی گوللەی ئاربیجی دروستكردووە، ئەو بەو جۆرە بۆمان هاتە ئاخاوتن و گوتی "ساڵانی رابردوو ویستمان كەپرێك بۆ مێوەكەمان دروست بكەین، قاولغی گوللەی ئاربیجی لە شوێنەكەمان زۆر بوون، بەهۆی ئەوەی كەپێشتر ژمارەیەك رەبیەی سەربازی لەدەوروبەرمان هەبوون، بۆ ئەو مەبەستە بردمان بۆلای یەكێك لە وەستاكانی لەحیم و بۆی لەسەریەكەوە لەحیم كردین، واتە بەقەدەر ستوونی كەپرەكە، ئێستاش زۆور كەس كە دێتە ماڵەوەمان پرسیارمان لێدەكات، كە چۆن ئەو بیرۆكەیەمان هەبووە، كە بەو شێوەیە رێكیان بخەین و لەحیمیان بكەین، هەرچەند زۆرجاریش گوێبیستی رێكخراوەكانی تایبەت بە هۆشیاركردنەوە و لەناوبردنی مین و تەقەمەنی بووینە، كە وتویانە ئەو جۆرە دیاردانە كارێكی خراپە و نابێت بوونیان هەبێت".
لەهەمووی سەیرتریان دروستكردنی ژێر جگەرەیە لەقەوانەی فیشەك، مستەفاخان كوردی رۆژهەڵاتی كوردستانە و دانیشتووی یەكێك لەگەڕەكەكانی قەزای سۆرانە و بەهۆی نەخۆشەیەكەوە ماوەیەكە زۆر لەسەر جێگا كەوتووە، كە ئەو هاوڵاتیە سەرەڕای نەخۆشیەكەی جگەرەكەی بەدەستەوبوو، جار بەجار هەڵی دەمژی و دوایی دەیخستە سەر ئەو ژێر جگەرە لەقەوانە دروستكراوە.
باوكی ئەحمەد، گەنجێكی تەمەن 36 ساڵە و دانیشتووی گوندێكی سەر بەناحیەی دیانایە، هەركەس بچێتە ماڵەكەیان واهەست دەكات، چۆتە یەكێك لەرەبیەكانی سەردەمی رژێم، ئەوان جگە لەوەی چەند قەوانە تۆپێكیان داناوە لەكاتی چیمەنتۆكردنی پێشدەرگای ماڵەكەیان، بەمەبەستی ئەوەی لەكاتی دروستكردنی كەپر ستوونی بخەنە ناو، لەهەمانكاتیشدا چەند قەوانە تۆپێكیان داناوە و گوڵیان تیاچاندووە، ئەو ئامادە نەبوو هیچ لێدوانێكمان بۆ بدات، تەنها ئەوەندەی وت لە زۆر لەماڵەكان ئەو جۆرە تەقەمەنیانە وەك ئامرازەكانێك بەكاردەهێنرێن".
ئاكۆ عەزیز بەڕێوەبەری پەروەردەی هوشیاركردنەوەی مین، بەمجۆرە بۆ (سڤیل) دواو گوتی "راستە تا ئێستا ئەو جۆرە دیاردانە ماون و رووداوی دڵتەزنێشی لێكەوتۆتەوە، ئێمە وەك دەزگای گشتی كاروباری مین، هەمیشە ئامۆژگاری هاوڵاتیان دەكەین، كە بەهیچ شێوەیەك دەستكاری مین و تەقەمەنیانە نەكەن، بەتایبەتی ئەو هاوڵاتیانەی كە بۆ ئامرازەكانی ماڵەوەیان بەكارین دەهێنن، وەك بەكارهێنانی قەوانەكانی فیشەك و گوللەتۆپ بۆ گوڵدان و كردنیان بەستوون و پێداویستییەكانی دیكەی ماڵەكانیان، هەروەها بەكارهێنانی قاولغی مینی دژە تانك بۆ كۆتكی شەكری ماڵەوەیان و.. هتد، ئەمانە هەموویان بەكارێكی ناشیاو و مەترسیدار دادەنرێن".
بەڕێوەبەری پەروەردەی هوشیاركردنەوەی مین، پێیوایە خەڵك ئامۆژگارییەكانی ئەوان لەگوێ ناگرێت، ئەو گوتی "ئەمە دەگەڕێتەوە بەگوێنەدانی خەڵك بەئامۆژگارییەكانی ئەم دامودەزگایانەی كە لەوبوارەدا كاردەكەن، وەك دیاریشە ژمارەی مین و تەقەمەنیەكان لەهەرێمی كوردستان ئەوەندە زۆرن، لەوانەیە پێویستی بە دامودەزگا و رێكخراو زۆر هەبێت تا بەتەواوەتی بنبڕدەكرێن، بەڕای من دامودەزگاكانی تایبەت بەهۆشیاركردنەوە كاریان كردووە و كەمتەرخەم نەبوونە، چ ئێمە وەكو دەزگای كاروباری مین، یان رێكخراوەكانی تایبەت بەو كارە، هەوڵی زۆریانداوە بۆ هۆشیاركردنەوەی خەڵك كە بەهیچ شێوەیەك دەستكاری مین و تەقەمەنیەكان نەكەن، دەتوانم بڵێم 90% هاوڵاتیان وشیاربوونەتەوە و پەیامەكانی ئێمەیان وەرگرتووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا رووداوی مین و تەقەمەنی هەیە، هەندێ كەسی نا رۆشنبیر دەستكاریان دەكەن، گوێ بە پەیامەكانی دەزگا و رێكخراوەكان نادەن و فەرامۆشی دەكەن".
 


 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com