|
سڤیل:
هەولێر
بەڕێوەبەری فرۆشتنی وزەی كارەبا لەدیمانەیەكی
(سڤیل)دا باس لە چۆنیەتی فرۆشتنی كارەبا دەكات
لەكوردستان و ئەوەش ئاشكرا دەكات، كە 880
هاوبەشی كارەبا لەكوردستان هەیە، لەگەڵ ئەوەی
رەخنە لەدامودەزگاكانی حكومەت دەگرێت لەكڕینی
كارەبا، ئەو بڕە داهاتەش ئاشكرا دەكات، كە
لەساڵی رابردوودا لەفرۆشتنی كارەباوە دەست
هاتووە، ئەندام پەرلەمانێكیش رەخنە لەو بڕە
داهاتە دەگرێت، كە لەپەرلەمان دیاریكراوە و
پێیوایە بڕی داهاتی دیاریكراو ناگاتە بڕی
داهاتی گەڕەكێكی شاری هەولێر.
پارێزگای هەولێر لەفرۆشتنی كارەبادا دابەشی
سەر سێ بەڕێوەبەرایەتی كراوە، ئەوانیش
بەڕێوەبەرایەتی فرۆشتنی كارەبای سۆران و كۆیە
و هەولێرن. بەڕێوەبەرایەتی فرۆشتنی كارەبای
هەولێر، لەباكورەوە تا شارۆچكەی هەریر و
تەواوی رۆژهەڵاتی هەولێر تا دەگاتە قەزای
خەبات و لەباشوورەوەش تا سنووری قەزای مەخمور
دەگرێتەوە. بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی (نیاز
تاهیر) سەرۆكی بەشی فرۆشتنی وزەی كارەبای
هەولێر بە(سڤیل)ی داوە. داهاتی
بەڕێوەبەرایەتیەكەی تەنها لەهاوبەشانی ماڵان
لەساڵی(2009)دا (27،614،547،786) بیستوحەوت
ملیار و شەشسەدو چواردە ملیۆن و پێنجسەدو
چلوحەوت هەزار و حەوتسەد و هەشتاوشەش دینار
بووە، لەسێ مانگی یەكەمی ئەمساڵیش
(9،007،496،850) نۆ ملیار و حەوت ملیۆن و
چوارسەدو نەوەدو شەش هەزار و هەشت سەد پەنجا
دینار بووە. بەڕێوەبەرایەتی فرۆشتنی كارەبای
هەولێر، پێنج جۆر هاوبەشی كڕینی كارەبای هەیە،
ئەوانیش هاوبەشانی (ماڵان و دامودەزگاكانی
میری و سێكتەرەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی و
شوێنە بازرگانییەكان)ن، نرخی یەكەی كارەباش كە
بە كیلۆ وات كاتژمێر (kWh) دیاریكراوە، بۆ
ماڵان و شوێنە بازرگانییەكان بەسیستەمی
(تصاعدی- لەكەمەوە بۆ زۆر) نرخەكانی پێ
دیاریدەكرێت، كەچی بۆ شوێنە پیشەسازییەكان و
دامودەزگاكانی میری نرخی یەك یەكەی كارەبا بە
(60) دینار و بۆ شوێنە كشتوكاڵیەكانیش بە (30)
دینار دیاریكراوە. ئەمە لەكاتێكدایە وەك
پەرلەمانتار خاتوو ناسك تۆفیق ئاماژەی پێدەكات
لەداهاتی خەملێندراوی ساڵی (2010) داهاتی
كارەبای هەموو كوردستان بە(55) ملیۆن دۆلار
خەملێندراوە، گوتیشی "سەرەڕای رەخنەی
پەرلەمانتاران، كە ئەم بڕە پارەیە ناكاتە
داهاتی یەك گەڕەكی شاری هەولێر، ئەمەش
تێپەڕی".
نیاز تاهیر بەڕێوەبەری فرۆشتنی كارەبای
هەولێر، ژمارەی هاوبەشانی كارەبا لەشاری
هەولێر ئاشكرا دەكات دەڵێ "لەشاری هەولێر
(218،400) هاوبەشی كارەبا هەیە، لەم ژمارەیەش
(192،104) هاوبەشی ماڵانن و (20،562) شوێنە
بازرگانیەكانن، (1693) هاوبەش شوێنە
پیشەسازییەكانن، (1366) هاوبەشی كشتوكاڵین،
(2675)هاوبەشانی فەرمانگە میرییەكانن، كە
بارەگا حزبی و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنیش
دەگرێتەوە، ئەم ژمارەیە تەنها لەسنووری فرۆشی
كارەبای هەولێرە". هاوكات پەرلەمانتار ناسك
تۆفیق دەڵێ "لەداهاتی خەملێندراودا ئاماژە
بەهاوبەشانی كارەبا كراوە، لەهەموو كوردستاندا
(880) هەزار هاوبەش لەهەموو سێكتەرەكان هەیە،
بەڵام (740) هەزار هاوبەش كرێی كارەبا دەدەن،
ئەوانی تر هاوبەشانی گوند و لادێكانن كە
تائێستا هاوبەشیان بۆ نەكراوەتەوە تا كرێی
كارەبا بدەن".
سەبارەت بەرێژەی بەكارهێنانی كارەبا لەلایەن
هاوبەشانیانەوە لەهەر مانگێكدا، نیاز تاهیر
ئەوەی خستەڕوو كەساڵی (2009) رێژەی
بەكارهێنانی كارەبایان بۆ هەر ماڵێك
وەرگرتووە، گوتی "رێژەی (76%)ی هاوبەشانی
ماڵان لەهەر مانگێكدا (1500)یەكەی كارەبا
بەكاردەهێنن". هاوكات چۆنیەتی هەژماركردنی
یەكەی كارەباشی بەگوێرەی سیستەمی فرۆشتنی
یەكەی كارەبا بۆ ماڵان شیكردەوە، بەجۆرێك
بەكارهێنانی كارەبا بۆ هەر ماڵێك لەیەك رۆژدا
تا (15)یەكەی كارەبای یەكەم، نرخی هەر یەكەیەك
(15) دینارە، بەڵام لەیەكەی (16)یەم تایەكەی
(20)ەم، نرخی هەر یەكەیەك (20)دینارە، ناوبراو
گوتیشی "بەم جۆرە نرخی هەر یەكەیەكی كارەبا بۆ
هاوڵاتیان هەژمار دەكرێت، بۆ نموونە ماڵێك
لەبەكارهێنانی یەكەی كارەبادا، دوای ئەوەی كۆی
گشتی دابەشی سەر رۆژەكان دەكرێت، دەرچوو لەیەك
رۆژدا (18) یەكەی كارەبا بەكارهێناوە، لەم
كاتەدا (15)یەكەی كارەبای یەكەم بە(15)دینار
دەبێت، سێ یەكەكەی تریش بە(20)دینار، بەمەش
كرێی كارەبای یەك رۆژ دەردەچێت، ئینجا
(جاران)ی ماوەی ئەو رۆژانە دەكرێت، كە
دەكەوێتە نێوان خوێندنەوەی ئێستا و پێشووی
كارەبا".
هاوبەشانی سێكتەرەكانی پیشەسازی و كشتوكاڵی و
شوێنە بازرگانییەكان بە هۆی زۆری كرێی كارەبا
لەسەریان، لەرێگەی چەكی بانكییەوە پارەكانیان
دەدەن. نیاز تاهیر دەڵێ "كاتی خۆی ئەم شوێنانە
كێشەی زۆرمان لەگەڵیاندا هەبوو، بەڵام لەماوەی
(2007-2008) هەموو هاوبەشانی ئەم كەرتانە
راهاتن كە مانگانە پارەی كارەبا بدەن".
نیاز تاهیر، هۆكاری ئەم راهاتنەی بۆ ئەم دوو
تیمە گەڕاندەوە كەرۆژانە سەردانی ئەو
شوێنانەیان دەكرد، لەمبارەیەوە گوتی "ئەگەر
لەماوەی دە رۆژدا پارەی كارەبایان نەدابووایە،
كارەبامان لەسەریان دەبری. بەڵام ئێستا
هەموویان لەكاتی خۆیان لەرێگەی چەكی بانكی
كرێی كارەبا دەدەن، چونكە بەپێی رێنماییەكان
كرێی كارەبا لە(250) هەزار دینار زیاتر بوو،
ئەوا دەبێت لەرێگەی چەكی بانكییەوە بێت،
حیسابمان لەبانكی شیرین و نەورۆز هەیە".
نیاز تاهیر سەرۆكی بەشی فرۆشتنی كارەبا
هەولێرئاماژەی بۆ دەكات دانی كرێی كارەبای
دەزگا میرییەكان هیچ كاریگەرییەكی نیە لەسەر
كەم بەكارهێنانی كارەبا، هۆكاری ئەوەش بۆ ئەوە
دەگەڕێنێتەوە، كە وەزارەتی دارایی پارەكەیان
بۆ دەدات و داهاتی كارەباش دەچێتەوە وەزارەتی
دارایی، ئەو دەڵێ "دەزگاكانی میری لەگەڵ
بەڕێوەبەرایەتی فرۆشتنی كارەبا هەماهەنگ نین،
چونكە هەموو ئەو دەزگا میریانەی سەر بە
وەزارەتێكی دیاریكراون لەسنووری هەولێر، لەگەڵ
خودی وەزارەتەكە، كرێی كارەباكەی بەشێوەی لیست
وەردەگیردرێت. هەر دائیرەیەك پارەی
بەكارهێنانی كارەبای لەبەرانبەردا نووسراوە،
هاوپێچی دەكەین لەگەڵ نووسراوێكی فەرمی
رەوانەی وەزارەتی دیاریكراو دەكرێت، ئەوانیش
بەچەكی بانكی پارە دەدەن". زیاتر گوتیشی
"باشتر وایە هەر دائیرەیەكی حكومەت لەنەسریەی
مانگانەی خۆی كرێی كارەبا بدات، بۆ ئەوەی
كەمترین كارەبا بەكاربهێنن و زیادەڕەوی
پێنەكەن".
سەبارەت بەو وەزارەتانەی زۆرترین هەماهەنگی
دانی كرێی كارەبا دەكەن و ئەوانەی هەماهەنگی
ناكەن، نیاز تاهیر دەڵێ "وەزارەتەكەی خۆم
زۆرترین هەماهەنگی دەكات و وەزارەتەكانی
شارەوانی و تەندروستی كەمترین هەماهەنگی
دەكەن".
هاوینی رابردوو بۆ ماوەی دوو رۆژ كارەبای
وەزارەتی شارەوانی دەبڕدرێ، هاوكات هەوڵی
بڕینی كارەبای وەزارەتی تەندروستیش دەدرێ،
ئەمە قسەی نیاز تاهیرە، ئەو دەڵێ "بەڵام
وەزارەتی تەندروستی پارەكەیان دا، كەچی ئێستا
دیسان پارەیان لەسەر كۆبۆتەوە"، زیاتر گوتیشی
"تەنانەت ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمانیش
پێوەری كارەبایان بۆ دانراوە، ماوە ماوەش بە
وەجبە كرێی كارەبا دەدەن، تائێستاش پەرلەمان
پارەی كارەبای لەسەر كۆبۆتەوە".
دیار تاهیر بابان، بەڕێوەبەری گشتی
بەرهەمهێنانی وزەی كارەبا لەوەزارەتی كارەبا،
ئاماژە بەسەرچاوەكانی كارەبای حكومەتی هەرێمی
كوردستان دەكات، ئەوەش دەخاتەڕوو كە پرسی
وەبەرهێنان لەكەرتی كارەبا گرنگی زۆری هەبووە
لەدابینكردن و بەرزكردنەوەی ئاستی
بەرهەمهێنانی كارەبا لەكوردستان. بەگوێرەی
قسەی (دیار بابان) سەرچاوەكانی كارەبا
لەكوردستان خۆی لەوێستگەكانی حكومەت و
وەبەرهێنان دەبینێتەوە. ئەوەشی خستەڕوو كە
كۆمپانیای (ماسی گلوبال) كە خاوەنەكەی (ئەحمەد
ئیسماعیل)ە، خاوەنی هەرسێ وێستگەكانی (500)
مێگاواتی هەولێر و (750)مێگاواتی چەمچەماڵ و
(500) مێگاواتی دهۆك كە لەژێر دروستكردندایە،
ئەمانە هەموو بەغاز و گاز كاردەكات، هەرچی
وێستگەی كارەبای (باعەدرێ)یە بەنەوتی رەش
كاردەكات، بۆ ئەو وێستگەیەش حكومەتی هەرێم
گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیای (پۆڵ تێكس)ی توركی
كردووە.
وێستگەی (500) مێگاواتیەكەی هەولێر بە هەموو
توانایەكی كاردەكات، ئەوەی چەمچەماڵیش
لەئێستادا توانای بەرهەمهێنانی (500) مێگاوات
كارەبای هەیە و دوو یەكەی هێشتا تەواو نەبووە،
هەرچی ئەوەی دهۆكە چاوەڕوان دەكرێ لەنیوەی
دووەمی ئەمساڵ یەكەیەكی تەواوبێت و لەكۆتایی
ساڵیشدا یەكەیەكی تری ئامادەی كارپێكردن بێت.
سەبارەت بەوێستگە كارەباییەكەی باعەدرێ، دیار
بابان دەڵێ "ئەو وێستگەیە (150)مێگاواتیە و
بەنەوتی رەش كاردەكات". سەبارەت بەچۆنیەتی
گرێبەستەكەش، دیار گوتی "گرێبەستەكە بۆ ماوەی
(15) ساڵە، نرخی هەر یەكەیەكی كارەبا بە(3،2)
سێ سەنت و لەدەیادوو سەنتە. جگە لەمەش
دابینكردنی سوتەمەنی لەسەر حكومەتە".
ساڵی (2008) حكومەتی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیای
(دانا غاز) گرێبەستێكی بەبڕی (4)ملیار دۆلار
بەست بۆ دابینكردنی غاز بۆ هەردوو وێستگەی
(هەولێر و چەمچەماڵ)، بەگوێرەی زانیارییەكانی
دیار بابان، هەر چوار یەكەكەی وێستگەی
چەمچەماڵ بەغاز ئیشدەكات، كەچی وێستگەكەی
هەولێر بەگازوایل ئیشدەكات، دیار بابان گوتیشی
"لە(كۆرمۆر) لەناوچەی (قادر كەرەم) پڕۆژەكە
تەواو نەبووە، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەكانی
وەزارەتی سامانە سروشتییەكان پڕۆژەكە فراوانی
بەخۆیەوە دیوە، بەمەش دەتوانین چەند یەكەیەكی
وێستگەی هەولێر لەگازوایلەوە بگۆڕین بۆ غاز،
حكومەتیش غاز بێ بەرانبەر وەردەگرێت".
|