بەرێوەبەری گشتی رەگەزنامە و پەســـــاپۆرتی سلێمـــــــــانی: هـەنـدێـك جـــــار لـــە بەغـــدا نوســـراومان بۆ دێت نازانین بە چ زمانێك نووسراوە  

 

 

 

سڤیل: سەركەوت ئەحمەد




لیوا موحسین عوسمان حەمەد، بەڕێوەبەری گشتی ڕەگەزنامە و پاسپۆرت و نشینگە لەپارێزگای سلێمانی، (سڤیل)دا باس لەو كێشە و ئاستەنگانە دەكات، كە لەلایەن بەغداوە بۆیان دروست دەكرێت و دەڵێ "بەغدا هەندێك جار نووسراومان بۆ دەنێرێت، نازانین بە چ زمانێك نووسراوە، نازانین عەرەبیە، توركیە، فارسییە".
بەڕێوەبەری گشتی رەگەزنامە و پەساپۆرت لەسەرەتای دیمانەكەیدا باسی لەپەیوەندی نێوان بەڕێوەبەرایەتیەكەیان و بەغدا كرد، ئاماژەی بەوەكرد كە لەرووی دەستورییەوە بەڕێوەبەرایەتییەكانی رەگەزنامە و پەساپۆرت سەر بە بەغدا، بەڵام بەغدا كێشەیان بۆ دروست دەكات، لیوا موحسین گوتی "ئیش و كارەكانی ئێمە بەپێی دەستور سیادیە و سەر بە مەركەزە، ناكرێت لەوڵاتێكدا ئەگەر فیدراڵیش بێت، یەك جۆر پێناس و ڕەگەزنامە و پاسپۆرت دەرنەچێت، یەك جۆر فیزا نەدرێتە هاوڵاتیان، لەبەرئەوە كارەكانمان سیادیە و هەمیشە پابەندین بەڕێنماییەكانی بەغداوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەمیشە بەغدا سەرئێشە و كێشە بووە بۆ بەرێوەچوون و سەقامگیربوون و خستنە سەر شارێی كارەكانمان".
یەكێك لەو كێشانەی بەڕێوەبەری گشتی پاسەپۆرتی سلێمانی باسی كرد، نەبوونی مۆری كوردییە لەسەر ئەو پەساپۆرتانەی كە لەدەرەوەی كوردستان لەلایەن عێراقەوە دەردەچن، ئەو بە وردتر لەسەر كێشەكە دوا و گوتی "یەكەم جار لەساڵی 2004 لەمۆری فڕۆكەخانەكان و سنورەكانەوە دەستمان پێ كرد، ئێستاشی لەگەڵدا بێت لەهەموو مۆرەكانی عێراقدا، زمانی كوردی لەسەر مۆرەكان نییە، ئەمەش بەپێی دەستور موخالەفەیە، پێویست بوو چۆن ئێمە مۆرەكانی فرۆكەخانەی هەولێر و سلێمانی و خاڵە سنورییەكانمان كردە كوردی و عەرەبی و ئینگلیزی، ئەوانیش دەبێت هەموو مۆرەكانی سنورەكانی عێراق بكەنە كوردی و عەرەبی و ئینگلیزی، چونكە مامەڵەی لەگەڵ دنیای دەرەوەدا پێ دەكرێت، بەڵام ئەوان تەنیا موافەقەیان لەسەر ئەوانە كرد، كە لەكوردستاندا كاریان پێ دەكرێت، بۆیە ناكرێت لەفرۆكەخانە و سنورەكاندا دوو جۆر مۆر بەكاربێت، لەفیزەكاندا دوو جۆر نوسین هەبێ".
ئەو بەڕێوەبەرە ئاشكرای دەكات، كە لەلایەن بەغداوە دژایەتی دەكرێن، ئەوانیش هەوڵی چارەسەركردنی ئەو كێشەیان داوە، تا كار گەیشتۆتە لای سەرۆك كۆمار، لیوا موحسین گوتی "دواكارمان كاركردنمان بوو لەسەر پاسپۆرت و سەركەوتووش بووین، بەڵام لەڕەگەزنامە و باری شارستانی و نوسینگەی زانیاریدا ئێمە هەموو دیكۆمێنتە كارپێكراوەكانمان لەهەولێر و سلێمانی بەلیژنەكانی وەرگێڕان كردە كوردی ناردمانە بەغدا، لیژنەكانمان بۆی دروست كرد، پێداچووینەوە، دواجار فشاری زۆرمان خستنە سەر هەر نەیانكرد، پەنامان بۆ سەرۆكایەتی كۆمار برد، هاوكاریان كردین و لەگەڵ ڕەگەزنامەی گشتی لەبەغداد دانیشتین، پاشان ئەوان دۆكۆمێنتەكانی ئێمەیان بۆ ڕەوانە كردینەوە و گوتیان وردەكاری تێدا بكەن، كە تەماشامان كرد زۆر لەبڕگە و دێڕەكانی بەزمانێك نوسراوە، نە تورك نە عەرەب نە فارس ناتوانێت بیخوێنێتەوە، جگە لەمانە ڕەگەزنامە نادەنە هاوڵاتیان، ئەوەی داومانە دانی پێدانانێن، ناتوانن پاسپۆرتی پێ دەربكەن، زۆر پەناهەندە هەیە ڕەگەزنامە و پاسپۆرتی نادەنێ".
هەر لەدیمانەكەیدا لیوا موحسین باسی كێشەیەكی تری كرد، ئەویش دروستكردنی بەرێوەبەرایەتی سێبەرە، لەلایەن بەرێوەبەرایەتی رەگەزنامەی عێراقی، لیوا موحسین گوتی "زۆر بەڕێوەبەرێتی سێبەریان دروست كردوە، بۆ نمونە بەڕێوەبەرایەتی كفریان دروست كردووە". كفری لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمە، بەڵام ئەوان دائیرەی كفریان لە جەلەولا دروست كردووە، ئیشوكاری خەڵكی پێ دەكەن، ئەوانەی هاتوچۆی كفری ناكەن، ئێمە هەموو ئەو ئاستەنگانەمان لەدووتوێی یاداشتێكی دوورودرێژدا دامانە پەرلەمانی عێراق، شكاتمان كرد، دامانە پەرلەمانی كوردستان، كێشەكانمان لەگەڵ بەغدا نەخوازراوە و زۆر لەكارەكانی پەكخستووین، بەڵام هەمیشە لەكێبڕكێ داین لەگەڵ بەغدا، بەدڵنیایی حەقیش دەسەندرێت نادرێت".
وەك بەڕێوەبەر باسی دەكرد بەرێوەبەرایەتی رەگەزنامەی شاری سلێمانی بە چاكی كارەكانی رادەپەرێنێت، لەگەڵ ئەوەشدا دان بەوە دەنێت لەرووی پێداویستییەوە كەموكوڕیان هەیە، مولازم موحسین گوتی "كێشەی نەبوونی بینای شایستەیە بەفەرمانگەكانی ئێمە، هەندێك لەفەرمانگەكانمان توانیومانە زەوی بۆ وەربگرین، یان زەوی بۆ وەربگرین و بیناشیان بۆ بكەین، بەڵام هەندێكیان نەمانتوانیوە زەویشی بۆ وەربگرین، ئاستەنگێكی تری گەورە لەبەردەم كارەكانمان مامەڵەی بەغدایە لەگەڵمان، نەخوێندنەوەی ئێمەیە، هەزمنەكردنی داواكارییەكانی كوردە، ئەمەش لەلایەن شۆڤێنی عەرەبیەوە بەقورسی وەردەگیرێت، بێبەشكردنی خەڵكی ئێمە لەبوارە جیاجیاكانی خول و راهێنان لەدەرەوەی وڵات، ئەوان زۆرجار خەڵكی خۆیان دەنێرنە دەرەوە، زۆربەی كێشەكانمان دەگێڕمەوە بۆ بەغدا، ئومێد دەكەم لایەنە پەیوەندیدارەكان هەوڵی چارەسەركردنی ئەو كێشانە بدەن".


 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com