|
نزیكەی
50 ناومان دۆزیوەتەوە، كە بۆ جاری چوارەم و
پێنجەمە، ناوی بۆ حەجكردن دەرچووە
سڤیل: هەولێر
بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عەمرە دوو ساڵە
دامەزراوە، پێشتر كاروباری حەج لەلایەن
لیژنەیەكی وەزارەتی ئەوقاف جێبەجێ دەكرا، كە
لەلایەن ئەو وەزارەتەوە ساڵانە دروست دەكرا،
بەڕێوەبەری گشتی حەج و عەمرە شێخ سەلاح
نەقشبەندی لەدیمانەیەكی تایبەت بە (سڤیل) باس
لەگرنگی دروستبوونی ئەو بەڕێوەبەرایەتیە دەكات
و دەڵێ "هەموو كارەكانی حەج لەو
بەرێوەبەرایەتيیە ئەنجام دەدرێت، ئەو
بەڕێوەبەرایەتییەش لە چوار ناوچە پێكهاتووە،
هەولێر و سلێمانی و دهۆك و گەرمیان، گرنگترین
كار كە لەو بەڕێوەبەرایەتییە كرا بێت، ئەوەیە
كە ناوی حاجیەكان بە سیستەمی كۆمپیوتەر
رێكخراوە و پارێزراوە، ئەمەش كێشەیەكی گەورەی
لە كۆڵ ئێمە كردۆتەوە، چونكە پێشتر ناوەكان نە
دەپارێزران، لەگەڵ ئەوەشدا كێشەكە ئەو ساڵیش
مابوو، نەماندەزانی خەڵك كێ بۆ حەج چووە، كی
نەچووە". كارێكی تری ئەو بەڕێوەبەرایەتیە وەك
شێخ سەڵاح ئاماژەی بۆ كرد، بریتیە لە
دروستكردنی ماڵی حاجیان لەهەولێر، كە ئەویش
بریتیە لەمیوانخانەیەك بۆ ئەو حاجیانەی
ناوچەكانی تری كوردستان كە لەكاتی چونیان بۆ
حەج یان هاتنەوەیان لەوانەیە چەند شەوێك لە
هەولێر بمێننەوە، شێخ سەلاح بۆ ئەنجامی ئەو
پرۆژەیە گوتی "ئێستا لە بواری جێبەجێكردن
دایە، ناوی شاری حاجیانە".
وەك لایەنی پەیوەندیدار بەبواری حەج
لەوەزارەتی ئەوقاف ئاماژەی بۆ دەكەن، خواستی
حەجكردن لەكوردستان لە زیادبووندایە، لە ساڵی
رابردوو تا ئێستا زیاتر لە 101 هەزار كەس ناوی
خۆی نووسیوە، كە تەنها 13هەزار گەڕاوەتەوە، بۆ
دوو ساڵی تریش نازانرێت ئەو ناوانەی ماوەتەوە
ئایندەیان چی دەبێت، بەپێی ئەو زانیاریانەی
دەست (سڤیل) كەوتووە، خەڵكانێك هەن زیاتر لە
چوارەم جارە ناوی بۆ حەج دەردەچێت، شێخ سەڵاح
گوتی "كەسانێك هەن بەهەر شێوەیەك بێت
دەیانەوێت حەج بكەن، بۆ نموونە ئێمە نزیكەی 50
ناومان دۆزیوەتەوە، كە بۆ جاری چوارەم و
پێنجەمە، ناوی بۆ حەجكردن دەرچووە، بەداخەوە
خەڵكی وەها هەیە گۆڕانكاری لە نفوسەكەی دەكات
بۆ ئەوەی جارێكی تر ناوی دەربچێتەوە". لەگەڵ
ئەوەشدا بەڕێوەبەری گشتی حەج و عەمرە دان بەوە
دادەنێت، كە هێشتا كەسانێك ماون ناویان
بدۆزرێتەوە، لەوبارەیەوەش دەیگوت "بە راستی
ئێمە تەسەوری ئەوەمان نەدەكرد، كەسانێك هەبن،
بۆ حەج و چوونە ماڵی خودا درۆ و فرتوفێڵ بكەن،
لەگەڵ ئەوەشدا ئیجرائاتی پێشینەمان كردبوو،
تەسەور دەكەن لەهەندێك شوێن قورئانمان بۆ
سوێندخواردن دانابوو، لەسەر فۆرمەكەش
سوێندخواردن نوسرابوو، كەچی ئەو شتانە هەر
روویدا، بەداخەوە وای لێهات دوور بێت لەرووی
حاجیان دەگوترێت سەر رێگا لەدز ناگیرێت، ئێمەش
وامان لێهات، ئەگەر كابرایەك لەو تەمەنە فێل
بكات، كابرایەك كە هەموو روكنەكانی تری گوایە
تەواو كردووە، دەیەوێت گرنگرترین رووكنیش
بكات، ئەوا دەبێت بە پاكی بێت".
لەبارەی
ئەو ناوانەی كە ماوەتەوە، شێخ سەڵاح گوتی
"لەلای ئێمە تیروپشك بۆ 101 هەزار و 454 ناو
كراوە بۆ سێ ساڵ نزیكەی دوانزە هەزارمان
بڵاوكردۆتەوە، ئێستا ئەوەی ماوە لەناو
كۆمپیۆتەرە، نازانین چی دەبێت بۆ سێ ساڵی تر،
بەڵام تەئكید ناوی تر نانوسرێتەوە".
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست (سڤیل) كەوتووە،
ساڵانە لەنێوان 50 ملیۆن تا 60 ملیۆن دۆلاری
ئەمریكی لەپارەی كوردستان لەرێگای حاجیانەوە
دەبرێتە سعودیە، ئەمە جگە لەو پارەیەی كە
لەرێگای كڕینی شتومەكی تایبەتەوە دەكڕدرێت،
ئەمەش زۆرجار لە نێوەندی راگەیاندن و رۆشنبیری
كوردی جێگای رەخنە بووە، شێخ سەلاح گوتی "من
ناتوانم ئەو پارەیە تەخمین بكەم، بەڵام ئەو
پارەیەی كە سەرف دەكرێت، جا ئەگەر بۆ هەر
وڵاتێك بڕۆیت ئەوا پارە سەرف دەكەیت، بە
نیسبەت ئەو پارانەی كە بۆ دیاری كڕین لە حەج
سەرف دەكرێت، ئەوەش شتێكی شەخسیە، بۆ نموونە
ناتوانم بڵێمە حاجیەك ئەو شتە لەو شوێنە
مەكڕە، حاجی وەها هەیە، لەسعودیە 2000 دۆلار
بۆ كڕینی هەدیە سەرف دەكات، كەچی ئامادە نییە،
لێرە دینارێك سەرف بكات، جا ئەگەر ئەوان بڕێكی
كەم لە شتەكانیان لە حەج بكڕن و دواتر
لەكوردستان دیارییەكانی تر بكڕن، ئەوا بێگومان
بۆ بازاڕی خۆمان باشترە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا
ئەوان ئازادن".
بەڕێوەبەری گشتی حەج و عەمرە ئەوەی رەتكردەوە
كە تا ئێستا هیچ پاڵپشتیەكی ماددی لەلایەن
حكومەتی عێراقیەوە هەبێت، ئەگەر ساڵی پار پارە
بۆ حاجیان گەڕایەوە، ئەوا شێخ سەلاح دەیەوێت
وەك موژدەیەك بە حاجیان بڵێ پارە بۆ حاجیان
دەگەڕێتەوە، ئەو تایبەت بە (سڤیل)ی گوت "من
تەئكیدم ئەو ساڵیش پارە بۆ حاجیان دەگەڕێتەوە،
ئەمەش وەك موژدەیەك بەو حاجیانە بدەن، كە ئەو
ساڵیش بڕێك پارەیان كە نزیكەی 300 تا 400
هەزار دینار دەبێت بۆیان دەگەڕێتەوە و پێیان
دەدرێتەوە".
"دەوڵەمەندەكان بەبێ تیروپشك بەپارەیەكی زیاتر
حەج دەكەن". ئەوە زانیارییەك بوو، بە (سڤیل)
درا، لەدیمانەكەی تایبەت بە (سڤیل) بەرێوەبەری
گشتی حەج و عەمرە ئەوەی زیاتر روونكردەوە و
گوتی "بە نوسراوێك لەلایەن حەج و عەمرەی
عێراقی داوامان لێكراوە، بێ تیروپشك 200 كەس
ڕەوانەی حەج بكرێت، بەڵام 6 ملیۆنیان
لێوەربگیرێت، ئێمە تائێستا كارمان بەو نوسراوە
نەكردووە، لەنووسراوەكە ئەوەش دیاركراوە، كە
ئەو دوو سەد كەس لە بەرپرسان و كەسایەتییەكان
بێت، بەڵام ئەگەر ئەوەشیان بۆ بكرێت، من جەخت
لەوە دەكەمەوە، كە لە رووی ئیمتیازاتی
سەفەرەوە هیچ جیاوازیەكیان نابێت".
باس لەوە دەكرێت كە ئەو بەڕێوەبەرە پارتییە،
حیزبایەتی دەكات، بەڵام شێخ ئەو تۆمەتانە
رەتدەكاتەوە و دەڵێ "دیارە ئەو
بەڕێوەبەرایەتیە لەكاتێكدا دروست بوو كە
وەزیری ئەوقاف یەكێتی بوو، من بە خۆم پارتی و
ئێستاش وەزیر بزووتنەوەیە، دیارە خەڵك
قسەدەكات وا تێدەگەن، كە بەرێوەبەرایەتی حەج و
عەمرە خەزێنەیە، بەڵام كارەكە بەو شێویە نییە،
زۆرجار هەندێك كەس كە زانیویانە وەزیر
بزووتنەوەیە، چونەتە لای قسەیان لە سەر من
كردووە، بەڵام ئەویش دەزانێ وەزعەكە چۆنە،
بۆیە ئێمە گوێمان بەو قسانە نەداوە، هەموومان
بە یەكەوە كار دەكەین".
|