|
سڤیل:
زۆزك تاهیر
زۆربەی ئەوانەی سەردانی گۆڕی مردووەكانیان
دەكەن، ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە هەندێ
قورئانخوێن نزیكیان دەبنەوەو بێ ئەوەی داوای
خوێندنی قورئانی لێبكەن، قورئان دەخوێنن و
چاوەڕێی پارە دەكەن، هاوڵاتییەك پێیوایە ئەمە
كاسبیە بەقورئان، لەبەرامبەریشدا قورئانخوێنێك
دەڵێت "بۆ خێری خۆمان دەیكەین و خەڵك خۆی
پارەمان پێدەدات و داوای پارە ناكەین".
سەدیق عوسمان، هەموو پێنجشەمەیەك لەگەڵ
خانەوادەكەی سەردانی گۆڕی باوكی دەكات و بۆ
خوێندنی سورەتی فاتیحە، بەڵام وەك خۆی ئاماژەی
پێدەدا لەوەتەی باوكی مردووە و دەچێتە سەر
گۆڕەكەی، كەسێكی مەندیل لەسەر دەبینێ
قورئانێكی لەدەستەو نزیكیان دەبێتەوە و قورئان
لەسەر گۆڕی باوكی دەخوێنێت، سەدیق دەڵێت "بەو
كارەی زۆر دڵگرانم، چونكە نەداوام لێكردووە و
نەهیچ، دوایی ئێمەش ئیسلامین و دەزانین قورئان
بخوێنین، بۆ ئەو دێت؟ ئەگەر مەبەستی پارە
نەبێت"، ناوبراو ئەوە ناشارێتەوە كە چەندجارێك
لەسەر داوای هاوسەرەكەی پارەی داوەتێ، بۆیە
"یەكجار كەمۆ بووە، هەر ئێمەی بینیبوایە دەهات
و بەرۆكمانی دەگرت، بەڵام دواجار چەند جارێك
هات و گوتی ناوی مردووەكەتانم بدەنێ و ختمی بۆ
دەكەم، منیش گوتم پێویست ناكات، بەڵام زۆری
كرد و ناوەكەی لەسەر پارچە پاكەتێكی جگەرە
نووسی، دەمێك بێدەنگ بوو، زانیم چاوەڕێی
پارەیە، گوتم ختم بەچەند دەكەی، گوتی هەرچەندی
بیدەن بە زیاد بێ، ناچار زاواكەمان 25
هەزاریەكی پێدا"، بە گوێرەی قسەكانی سەدیق
دوای ئەو پارە پێدانەی، قورئانخوێنەكە هەر لێی
نەپرسیونەتەوە، هاوكات پێشیوایە ئەوە "كاسبیە
یان جۆرێكە لەسواڵ" بە قورئان، بۆیە
"لەبڕوایەدام زۆر حەڕامە و دەبێ هەركەس بۆ خۆی
قورئان لەسەر گۆڕی كەسوكاری بخوێنێت و
سنورێكیش بۆ ئەو دیاردەیە دابنرێت".
مەیسون هەمزەی تەمەن 46 ساڵ وەك نەریتی خەڵكی
هەولێر، هەموو پێنچشەمەیەك دوای نوێژی نیوەڕۆ
دەچێتە گۆڕستان، ئەو ژنە پێچەوانەی سەدیق،
بوونی ئەو قورئانخوێنانە زۆر دڵخۆشی دەكات و
دەڵێت "جگە لە خۆمان چی تێدایە با ئەوانیش
قورئان بۆ مردووەكانمان بخوێنن، خێری زیاترە"،
ئەو ژنە ئەوە ناشارێتەوە تا ئێستا زیاتر 100
هەزار دیناری بە قورئانخوێنەكان داوە تەنیا بۆ
ئەوەی چەند جارێك قورئانخوێنەكە ختم بۆ
مردووەكەیان بكات "چەند جار پارەم پێداوە و
نزیكەی 3 ختمی بۆ دایكم كردووە"، مەیسون
دەڵێـت "ئەو كارە 2 خێری هەیە، یەكەمیان
قورئان خوێندنەكە سوودی بۆ مردووەكە هەیە،
دووەمیشیان ئەو كابرایە هەژارە تۆش خێرێكی
پێدەكەی و ئەوەش هەر باشە".
نادیە حەسەن ژنێكی پۆشتەیە و وەك سەدان ژنی
دیكە لەگۆڕستان خەریكی فاتیحا و قورئان خوێندن
بوو، ئەو ئاماژە بەوە دەدات كە قورئانخوێنەكان
"یەخەت دەگرن و دێنە پاڵت، بێ ئەوەی داوایان
لێبكەیت دەست بە قورئان و نزا دەكەن، دواتر
هەر لەپێشە خۆیان وەك نیمچەپاڕانەوەیەك دەڵێن
خودا رەحم بە هەموو لایەك و بەفەقیرانیش
بكات"، بەقسەی ئەو ژنە ئەو قسەیە بۆ "سواڵ و
پارەیە"، بۆیە و دەڵێت "ئەمەش لەرووی شەرعیەوە
حەرامە و مامەڵەیە بە قورئان، بۆیە جائیز نییە
بهێڵیت بێنە بەردەمت".
مەلا ئیدریس رەسوڵ، یەكێكە لە قورئانخوێنەكانی
ناو گۆڕستان و وەك خۆی ئاماژەی پێدا لەساڵی
1992وە زۆربەی كات لەگۆڕسانی شارەوانی هەولێرە
و قورئان بۆ خەڵك دەخوێنێ، لەبارەی وەرگرتنی
پارەوە ئاماژە بەوە دەدات كە ئەوان خۆیان
دەچنە سەر گۆڕەكان و "فی سبیل الله" قورئان
دەخوێنن، خەڵكیش خۆیان پارەیان پێدەدا و دەڵێت
"ئێمە بۆ خێری خۆمان دەچینە سەر گۆڕەكە و
قورئان دەخوێنین و بە كەس ناڵێن وەرە پارەمان
بدێ، ئەگەر شتەكیان دا ئەوا خێر عەلا خێر،
ئەگەریش نەشیاندا ئەوە هیچ و گەردەنیان
ئازابێ، بەڵام خەڵك خۆی پارە دەدات". بەڕای
مەلا ئیدریس ئەو كارەی ئەوان "هەم خێرە و هەم
كاسبییە"، ئەو قورئانخوێنە ئاماژە بەوە دەدات
كە بەشێك لە خەڵكەكە دەیناسن و هەموو
پێنجشەمەیەك بانگی دەكەن و وەك دەڵێت "هەیە
دەمناسیت و بۆوەتە مەعمیل و هەفتانە دێت دەڵێ
وەرە سەر قەبری كەسوكاری من قورئان بخوێنە"،
هاوكات لەباری نرخی قورئان خوێندنیش ئەوە
دەخاتەڕوو كە خەڵك بە هەوەسی خۆی پارە دەدا و
خۆی داوا ناكات "هەیە هەزارە و هەیە 2 هەزار
دینارە و منیش هەر دەڵێم بەرەكەتە، زۆرجار هی
وا هەبوو پارەیەكی زۆری داوە خۆم داومەتەوە،
بەڵام گوتویەتی من بەخێری خۆم دەیدەم، كە ئەو
بڵێ بەخێری خۆم دەیدەم من مانیع نیمە و قەدیش
بە زۆر بەكەس ناڵێین"، مەلا ئیدریس ئاماژە
بەوە دەدا كە ئەوان لەو گۆڕستانە 4 كەسن و هیچ
لێپرسراوێكیان نییە و هەر خۆیان بەو كارە
هەڵدەستن، هاوكات ئەوەش دەخاتەڕوو كە
كارەكەیان زۆر باش نییە، چونكە بە قسەی ئەو
خەڵك ئێستا هەژارەو زۆر پارەی نییە، ئەو
مەلایە ئەوە ناشارێتەوە كە هەندێك خەڵك رێگری
ئەوەیان لێكردوون كە قورئان لەسەر مردوویان
نەخوێنن، هۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە
"گوایە دەڵێن، ئێمە تیجارەت بە قورئان دەكەین،
نەخێر ئێمە تیجارەت ناكەین، زۆر بەڵگەمان هەیە
كە حەڵالە و پێغەمبەر فەرموویەتی، تەنیا نابێ
مامەڵەی لەسەر بكرێت".
تاریق عەبدولڕەحمانی تەمەن 59 ساڵ، یەكێكی
دیكەیە لەقورئانخوێنەكانی گۆڕستان و ماوەی 19
ساڵە قورئان دەخوێنی، ئەو لەبارەی پارە
وەرگرتن دەڵێت "ئەوپارەیەی وەریدەگرم بەناوی
دیاریە، قەد خۆمان داوامان نەكردووە و قەد
نەمبینیوە كەس داوا بكات، بەڵكو كابرا بە خێری
گۆڕی مردووەكە پارە دەدات".
مامۆستایەكی ئایینی كە نەیویست ناوی بنوسرێت
بە بیانووی ئەوەی وەزارەتی ئەوقاف لێپرسینەوە
و ململانێی لەگەڵ دەكات، ئەو مامۆستایە ئەو
كارەی بە "حەرام" وەسف كرد و دەڵێت "ئەوە
بازرگانی و سوكایەتیكردنە بەقورئان، بۆیە زۆر
حەرامە"، ئەو مامۆستایە ئاماژە بە چەند دەقێكی
پەیامبەری ئیسلام دەدات كە دەڵێت "قورئان
بخوێنن، بەڵام نانی پێوە مەخۆن"، یا "قورئان
بخوێنن، چونكە رۆژێ دادێ كەسانێك كاسبی بەو
قورئانە دەكەن"، هەر بۆیە دەڵێت "ئەمە بۆچوونی
زۆر لە مامۆستایانی ئایینیە، كە حەرامە و
پێویستە قەدەغە بكرێت".
مەریوان نەقشبەندی بەڕێوەبەری راگەیاندنی
وەزارەتی ئەوقاف ئاماژە بەوە دەدات كە هیچ كەس
تا ئیستا سكاڵای ئەوەی بۆ نەهێناون كە كەسانێك
لە گۆڕستانەكان قورئان دەخوێنن و پارە
وەردەگرن و هاوكات دەڵێت "ئەوە شتێكی شەخسیە و
پەیوەندی بە ئێمەوە نییە، ئەمە بەشێكمان هەیە
كە لەپرسەكان قورئان دەخوێنن و سەر بەئێمەن،
ئەگەر كەسێكیش لەمانە ناڕازییە دەتوانێ بێتە
لای ئێمە سكاڵا تۆمار بكات ئەگەر
قورئانخوێنەكە فەرمانبەری ئێمە بێت"،
بەڕیوەبەری راگەیاندنی ئەوقاف پێیوایە زۆرجار
خاوەن مردووەكە بۆ "كەشخەیی" پارە بە
قورئانخوێنەكە دەدات، هاوكات دەڵێت "ئێمە
یاسامان هەیە، هەر كەسێكیش دوای دەوام كەیفی
خۆیەتی چی دەكات و شتێكی شەخسیە".
|