|
بۆتان
مەحمود عوسمان، سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای
زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو
دیمانەیەدا لەگەڵ (سڤیل) تیشك دەخاتە سەر كار
و پلانی داهاتووی فەرمانگەكە و هاوكات
رایدەگەیەنێ كە زۆر لە فەرمانگەكانی حكومەت
رۆتینیان تێدایە، بەڵام تەكنەلۆجیا بەتەنیا
ناتوانێ چارەسەری ئەو كێشەیە بكات.
سڤیل: هەولێر
سڤیل: بۆچی بڕیاری دامه‌زراندنی فەرمانگەی
تەکنەلۆجیای زانیاری درا؟
بۆتان م. عوسمان: لەئاداری 2007 و بەهۆی
گرنگیدانی تەواوی بە بوارەکە، سەرۆکی کابینەی
پێنجه‌می حکومه‌تی کوردستان بڕیاری
دامه‌زراندنی فەرمانگه‌ی ته‌کنه‌لۆجیای
زانیاری دەرکرد و کاری سه‌رۆکایه‌تی
فه‌رمانگه‌که‌ش به من سپێردرا. منیش بە
شانازییه‌وه ئەو ئەرکەم وەرگرت، چونکە ئێمە
هەموومان بەپەرۆش بووین بۆ فەراهەمکردنی
خزمەتگوزاریی گشتی بە ئاستێکی بەرز. مه‌به‌ستی
گشتی له‌دامه‌زراندنی فه‌رمانگه‌که‌مان
بریتییه له‌به‌رزکردنه‌وه‌ی بایه‌خدان به
بواری ته‌کنه‌لۆجیای زانیاری له‌سه‌ر ئاستی
سه‌رۆکایه‌تیی حکومه‌تی هه‌رێم و هه‌روه‌ها
پێشه‌نگیكردنی دانانی سیاسه‌تی کار، ستراتیج،
رێنمایی، سه‌رچاوه‌کان و پشتگیریی که
پێویستن بۆ به‌دیهێنانی دیدی کوردستان
له‌بواری ته‌کنه‌لۆجیای زانیاری و گه‌یاندندا.
سڤیل: فەرمانگەکەتان ئێستا لەچ ئاستێکدایە؟
بۆتان م. عوسمان: ئێستا له‌ئاستێکی باشی
ئیش‌کردن و پێشکه‌وتنداین و سه‌رقاڵی
جێبه‌جێکردنی کۆمه‌ڵێک پرۆژه‌ین له‌بواری ICT
ـدا؛ خاوه‌نی ئه‌کادیمیای تەکنەلۆجیای
زانیارین که کۆمپانیای مایکرۆسۆفت وه‌ک
ئه‌کادیمیایه‌کی مۆدێرن و فه‌رمی
ته‌کنه‌لۆجیای زانیاری دانی پێداناوه؛
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ناسنامه‌ی فه‌رمانبه‌رانی
حکومه‌تی هه‌رێممان دامەزراندووه، که
ناسنامه‌ی مۆدێرن و بایۆمیتریک بۆ
فه‌رمانبه‌ران ده‌رده‌که‌ین؛ له‌مه‌ش زیاتر
ئێستا خه‌ریکی نووسینه‌وه‌ی ستراتیجی
ته‌کنه‌لۆجیای زانیاریی حکومه‌تی هه‌رێمین بۆ
پێنج ساڵی ئاینده، واته 2011 بۆ 2016،
ئه‌مه‌ش پرۆژه‌یه‌که به هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ
کۆمپانیای نێوده‌وڵه‌تی پرایس وۆته‌رهاوس
کوپه‌رزPricewaterhouseCoopers (PwC) ئه‌نجامی
ده‌ده‌ین. دەتوانم بڵێم هەر یەک لەقۆناغی
ئامادەکاری دیاریکردنی بنەمای کار و تیم و
دەستپێکردنی پرۆژە و پێداچوونەوەی کار و
تەکنەلۆجیای زانیاری و پڕکردنەوەی چێکلێستی
تەکنەلۆجیای زانیاری تایبه‌ت به‌م پرۆژه‌یه
بەوردی تەواو بوون. سەبارەت بە دیدی ئایندەمان
لەبواری ICT، ده‌بێت ئەو ئەرکەی کە پێویستە بۆ
ئه‌م بواره هەمانبێت و ته‌با بێت لەگەڵ
ئامانجه‌کانمان؛ سه‌رقاڵی نووسینه‌وه‌ی
ره‌شنووسی ئه‌م دیده‌ین لەگەڵ تیمێکی پسپۆڕ
که که‌سانی هیندی و بەحره‌ینی و سعودی و
بەریتانیایی و ئوردونی و ئیماراتی له‌خۆ
ده‌گرێت. قۆناغی داهاتوو گفتوگۆکردنی
ره‌شنووسی دید و ئه‌رک و ئامانجی ئەم
ستراتیجه‌ی سەرەوەیە لەگەڵ لیژنەی باڵای
پرۆژه‌که که سەرۆکی حکومەت رابه‌رایه‌تی
ده‌کات و یانزە وەزیر و بەرپرسی دەستەی
وەبەرهێنان و من وەک سەرۆکی فەرمانگەی
تەکنەلۆجیای زانیاری ئه‌ندامن تێیدا. پاش
بڕیاردان لەسەریان، پلان دەنووسینەوە بۆ
ئەنجامدانی ئه‌رک و به‌دیهێنانی ئامانجه‌کانی
ستراتیجه‌که.
سڤیل: ئەو کێشانه‌ی دێنە بەردەم کارەکانتان
زیاتر لە چیدا خۆیان ده‌بیننەوە؟
بۆتان م. عوسمان: یه‌کێک له‌کێشه‌کان
دواکه‌وتنمانه به چه‌ند مانگێک
له‌نووسینەوه‌ی پرۆژه‌ی ستراتیجی تەکنەلۆجیای
زانیاریی حکومه‌ت، که بڕیار وابوو تا مانگی
حەوت تەواوی بکەین، به‌ڵام هەڵبژاردن، گۆڕینی
کابینەی حکومه‌ت و دواکەوتنی په‌سه‌ندکردنی
بودجە کاریگەریی هەبوو لەسەر ریڕه‌وی
ئه‌نجامدانی پرۆژەکە. کێشه‌یه‌کی دیکه
به‌ته‌واوی دڵنیا نه‌بووین له‌وه‌ی کابینەی
نوێی حکومه‌ت بەگرنگیەوە مامەڵەمان لەگەڵدا
بکات یان نا، بەڵام خۆشبه‌ختانه بەگرنگیەوە
فه‌رمانگه‌که‌مان وەرگیرا و وەزیرەکان
پاڵپشتیان کردین. لە نووسینەوه‌ی ستراتیجه‌که
کێشەمان کەمە، چونکە ئێمە راوبۆچوونی زۆرینه‌ی
خەڵکمان وەرگرتووە و ئەنجامی کۆبوونەوەکان و
هه‌نگاوه‌کانی پرۆژه‌که له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه
و وەزارەتەکان هاوبه‌ش ده‌که‌ین. بۆ ئاشنایی
زیاتر به‌م پرۆژه‌یه و کاره‌کانی دیکه‌ی
فه‌رمانگه‌که‌مان، بڵاوکراوەیەکمان ده‌رکرد،
که زیاتر لە سێ هه‌زار کۆپی لێدراوەتە
دامه‌زراوه‌کانی حکومه‌ت و هی دیکه.
لەماوەیەکی نزیکدا ژمارەی دووەمی بڵاوکراوەکە
ده‌که‌وێته به‌رده‌ست، کە وردەکاریی زۆرتری
تیدایە سه‌باره‌ت به کار و بەرنامەمان.
سڤیل: تا چەند دواکەوتنی بودجە کاریگەریی
هەبوو لە دواکەوتنی ئەنجامدانی پرۆژەکانی
ئێوە؟
بۆتان م. عوسمان: بەدڵنیاییەوە دواکه‌وتنی
بودجه کاریگه‌ریی تەواوی هەبووه بەسەر
کارەکانی ئێمەوە؛ ئه‌مساڵ نۆ پرۆژەمان هەبوو
کە دەستی پێ بکەین، له‌وانه‌ش دانانی ئیمه‌یلی
ستانده‌رد و فه‌رمی بۆ دامه‌زراوه‌کانی
حکومه‌ت، دامه‌زراندنی ئاڵوگۆڕیی ئێلکترۆنی
له‌جیاتی کاغه‌ز، گەشەپێدانی ئەکادیمیای
تەکنەلۆجیای زانیاری و چەند پرۆژەی دیکە،
بەڵام بەهۆی دواکەوتنی بودجه‌وه ئێمەش
دواکەوتووین لە ئەنجامدانیان.
سڤیل: ئایا ئەو بڕە بودجه‌یه‌ی ئێوە داواتان
کردووه بۆ ساڵی 2010 پەسەندکراوە؟
بۆتان م. عوسمان: ئەو بڕە بودجەیە تا ئێستا
پەسەند نەکراوە، بەڵام ئەو بڕەی ئێمە
دامانناوە بەپێی ئەو پرۆژانەیە که ئاماژه‌م
پێکردن. ئاشکرایه لەگەڵ کەمبوونەوەی بودجه،
ئێمە ناتوانین پرۆژەکانمان ئەنجام بدەین.
سڤیل: زۆرجار باس لەوە دەکرێت رۆتینێکی زۆر
هەیە لەدامه‌زراوه‌کانی حکومه‌تدا، بەڕای
به‌ڕێزتان ئایا تەکنەلۆجیا تا چەند دەتوانێت
ئەو رۆتینە کەم بکاتەوە؟
بۆتان م. عوسمان: زۆر لەفەرمانگەکانی حکومه‌ت
رۆتینی تێدایە، بەڵام بەپێی هەڵسەنگاندنەکان
هەندێک دامه‌زراوه کەم و هه‌ندێکی دیکه زۆری
تێدایە. کێشەی رۆتین کێشەیەکی زۆر گەورەیە و
تەکنەلۆجیا رۆتین چارەسەر ناکات. لەزۆر بۆنه‌ی
دیکه‌دا گوتوومە به‌هیوای ئه‌وه نه‌بن
تەکنەلۆجیا به‌ته‌نیا ئەم کێشه‌یه چارەسەر
بکات؛ پێویستە لەدامه‌زراوه‌کاندا لەجیاتی
کارمەندی زۆر، پێویسته دەسەڵاتەکان دابەش
بکرێت و بڕیاردەر دابنرێت، نەک هەموو
کارمەندەکان تەنها کاریان لەسەر نووسراوەکان
نووسینی "تکایە رەزامەندیی بفەرموون" بێت. له
لایه‌که‌وه ده‌بێت ئامادەبین بەرەو
گۆڕانکاریی و نوێبوونه‌وه بچین و لە لایەکی
دیکەوە پێویستە بەرپرسان و کارمەندانی حکومه‌ت
گۆڕانکاریی به‌رجه‌سته بکه‌ن لەشێوازی
کارکردن‌دا. ئه‌مه مانای ئەوە نییە کە
فەرمانبەران کەم دەبنەوە. چونکه زۆر خەڵک
بۆچوونی وایه کە تەکنه‌لۆجیا هات، ئیدی کاری
ئێمە وەک کارمەند تەواو دەبێت. لەجیاتی ئەوە
کاری تۆ تەنها مۆر و بەرزکردنەوە نامێنێت،
بەڵکو کاری تۆ بیرکردنه‌وه‌ی ده‌وێت. بۆ
سەرکەوتنی ئەو خاڵانە و کەمکردنەوەی رۆتین،
دەبێت لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی ته‌کنه‌لۆجیا
عەقڵه‌کانیش بگۆڕێن، دەبێت دامه‌زراوه‌کانی
حکومه‌ت وایان لێبێت کاربکەن تا هاوڵاتییان
لێیان ڕازیبن، نەک وەک ئێستا هاوڵاتی ئەو
هەموو ژوورە ده‌کات، تەنها لە پێناوی
مامەڵەیەک. لەو وڵاتانه‌دا که تەکنه‌لۆجیای
زانیاری پێشکەوتووە بووه‌ته بزوێنه‌ری ئه‌م
گۆڕانکارییه. دەبێت کارێک بکرێت دامه‌زراوه
حکومییه‌کان سوپاسگوزار بن کە هاوڵاتی
سەردانیان دەکات و لێیان رازین.
سڤیل: لەو پرۆژانەی کە باستانکرد دروستکردنی
ناسنامە بوو بۆ کارمەندانی حکومه‌ت؛ ئایا ئەم
پرۆژه‌یه به کوێ گه‌یشتووه؟
بۆتان م. عوسمان: ئەم پرۆژەیە ئێستا چالاکانه
له‌کاردایه و چوار ئۆفیسی سەرەکی دەبێت؛
ئۆفیسی ئەنجومەنی وەزیران کە دڵنیایی
لەئیشوکار و زانیارییه‌کان ده‌کاته‌وه و
ناسنامه‌کان چاپ دەکات، چونکه ناکرێت لەو
شوێنه‌ی ئیش دەکرێت، چاپیش بکرێت، ده‌بێت
ئۆفیسەکانمان جیاواز بێت. ئۆفیسی دهۆک زوو
دەستمان کەوت و ئێستا ناسنامە دەرده‌کات بۆ
کارمه‌ندانی حکومی له‌سنوری پارێزگاکه،
ئۆفیسی هەولێر و سلێمانی ئێستا کاری تێدا
دەکەین. ئۆفیسی هەولێر لەماوەیەکی نزیکدا
تەواو ده‌بێت و ده‌کرێته‌وه، هه‌رچه‌نده
تەکنه‌لۆجیاکە ساڵێکە ئامادەیە، به‌ڵام
بەداخەوە دۆزینەوەی ئۆفیسەکان و رۆتینی
بەکارخستنی ئەو ئۆفیسانە ئێمەی زۆر سه‌رقاڵ
کردووه و ساڵێکی ویستووە. خۆشبەختانە ئێمە
له‌و کارانه نەوه‌ستاوین و تا ئێستا نزیکه‌ی
10 هەزار ناسنامە دروستکراوە.
قۆناغه‌کانی ده‌رکردنی ناسنامه بریتیه
له‌وه‌ی هه‌ر وه‌زاره‌ت یاخود فه‌رمانگه‌یه‌کی
نه‌به‌ستراو به وه‌زاره‌ت، به پێی پلان و
پێگه‌ی جوگرافی، لیستی ناو و زانیاری سه‌ره‌کی
فه‌رمانبه‌ره‌کانی ده‌نێرێت بۆ ئۆفیسی
سه‌ره‌کی سستمی ناسنامه، پاشان لیسته‌کان
به‌پێی پێگه‌ی جوگرافی ده‌نێردرێت بۆ
ئۆفیسه‌کانی وه‌رگرتنی زانیاری، بۆ نمونە
لیستی فه‌رمانگه‌یه‌کی سلێمانی رەوانەی ئۆفیسی
سلێمانی دەکرێت. هه‌ر فه‌رمانبه‌رێک فۆرمی
داواکاری ناسنامه پڕده‌کاته‌وه و له‌گه‌ڵ
خۆی ده‌یبات بۆ ئه‌و ئۆفیسه‌ی بۆی ده‌ستنیشان
ده‌کرێت و له‌وێ زانیاری فه‌رمانبه‌ر له‌سستم
تۆمار ده‌کرێت و وێنه، په‌نجه‌مۆری ئێلکترۆنی
و ئیمزای ئێلکترۆنی وه‌رده‌گیرێت و
به‌ڵگه‌نامه‌کانی سکان ده‌کرێت، پاشان
ناسنامه‌ی کاتی بۆ دروست ده‌کرێت. له ئۆفیسی
سه‌ره‌کی، زانیارییه‌کان وردبینی و دڵنیایی
جۆری بۆ ده‌کرێت و ناسنامه بۆ فه‌رمانبه‌ر
ده‌رده‌کرێت. ئه‌نجا واده‌یه‌ک دیاری ده‌کرێت
و فه‌رمانبه‌ر ناسنامه‌ی کاتی
ده‌گه‌ڕێنێته‌وه و ناسنامه‌ی فه‌رمانبه‌ری
وه‌رده‌گرێت.
ئەو پرۆسەیە پیۆیستی بە دووجار سەردان هەیە؛
یەکەمجار نیو کاتژمێر کاتی فه‌رمانبه‌ر دەگرین
بۆ پشتڕاستکردنه‌وه‌ی زانیارییه‌کان؛
وەرگرتنەوەی ناسنامە لە پێنج خوله‌ک تێپەڕ
ناکات، واتای ئه‌مه‌ش بۆ هەر فەرمانبەرێک،
ئێمه پێویستمان بە ئه‌وپه‌ڕی 40 خوله‌که بۆ
ده‌رکردنی ناسنامه. بەداخەوە زۆر
له‌دامه‌زراوه‌کان که نووسراو و فۆرمی
ناسنامه‌یان بۆ ره‌وانه کراوه لەکاتی خۆیدا
ناینێنرنه‌وه؛ ئه‌مه‌ش وا ده‌کات رۆتینی
رەوانەکردنی لیستەکان و پابه‌ندنه‌بوونی
فەرمانبەر بۆ ئه‌و کاته‌ی بۆی دانراوه، بۆ
سه‌ردانکردن و وه‌رگرتنه‌وه‌ی ناسنامه‌که‌ی
پرۆسه‌که هێواش بکاته‌وه.
سڤیل: ئینتەرنێت پەیوەندییەکی توندوتۆڵی هەیە
بە ئێوه‌وە، ئایا کارەکانتان تاچەند لەئاستی
پێویستدایە؟
بۆتان م. عوسمان: هه‌رچه‌نده زۆربه‌ی
بەرپرسیارییەتی دابینکردنی خزمه‌تگوزاریی
ئینتەرنێت لەسەر ئەرکی وەزارەتی گواستنەوە و
گەیاندنه، بەڵام ده‌بێت چۆنایه‌تی و نرخ و
خێرایی ئینتەرنێت چاک بکرێت لەهه‌رێمی
کوردستان، کە بەداخەوە له ئێستادا ئەوە نییە.
راستە ئینته‌رنێت لە زۆر جێگا و شوێنی ئێره
هەیە، بەڵام چۆنایه‌تی و نرخ و خێرایی خراپە.
بۆیە یەکێک لەئامانجەکانی ئێمە باشترکردنی
ئاستی خزمەتگوزاریی ئینته‌رنێته و داوامان لە
وەزارەت کردووە که چاودێریی کۆمپانیاکانی
دابینکردنی خزمه‌تگوزاریی ئینته‌رنێت بکرێت،
لەپێناوی بەرزکردنەوەی ئاستی
خزمەتگوزارییەکان.
|