ناز نوری لێپرسراوی فەرمانگەی داواكاری گشتی سلێمانی: داوای پێكهێنانی لیژنەمان كردووە لەبارەی ئەو نەوتەی كە بە سنورەكاندا دەڕواتە دەرەوە  

 

 

ناز نوری عارف لەساڵی 1962 لەسلێمانی لەدایك بووە، لەساڵی 1985 كۆلێژی یاسای بەغدای تەواو كردووە، لەساڵی 1987 دەستی كردووە بەكاری پارێزەری، لەساڵی 1997 لەداواكاری گشتی دەستبەكار بووە، لەدادگای كەتن و لێكۆڵینەوە كاری كردووە، پێشتریش وەك داواكاری گشتی لەدادگای ئاسایشی سلێمانی كاری كردووە، ئێستاش لێپرسراوی فەرمانگەی داواكاری گشتی سلێمانییە.

داواكاری گشتی لەوڵاتانی دیموكراسیدا، پارێزەری مافەكانی خەڵكە، بەڵام لەهەرێمی كوردستان تێبینی لەسەر كار و ئەركی ئەو دەزگایە هەیە و زۆر كەس پێیوایە نەیتوانیوە بەتەواوی رۆڵی خۆی ببینێ، لەئێستادا فەرمانگەی داواكاری گشتی سلێمانی بەوتەی خۆیان چاودێری میدیاكان دەكەن و بەدوای قەزییەكاندا دەچن، داوا لەسەر ئەو كەسانە تۆمار دەكەن، كە دەسەڵاتەكەیان خراپ بەكاردەهێنن، ناز نوری لێپرسراوی فەرمانگەی داواكاری گشتی سلێمانی لەو دیمانەیەدا لەگەڵ (سڤیل) زانیاری زیاتر دەخاتە روو.

سڤیل: بڕوا شەمێرانی




سڤیل: رۆڵی داواكاری گشتی چیە؟ ئێوە تاچەند بە رۆڵی خۆتان هەڵساون؟
ناز نوری: هەر وەك لەیاسادا هاتووە، داواكاری گشتی لەهەموو دادگاكاندا سەرپەرشتی لێكۆڵینەوە دەكات و لەهەموو لێكۆڵینەوەكاندا ئامادە دەبێت، لەدادگای كەتن و تاواندا ئامادەیی هەیە، ئەو دادگایە پێكنایەت بەبێ داواكاری گشتی، بەدواداچون دەكات لەهەموو كێشەكان، موناقەشەی شاهیدەكان دەكات، بەڵگەكان دەخاتە روو، داوا دەكات ئەو تۆمەتبارانە ئازاد بكرێن ئەگەر هیچ شتێكی لەسەر نەبوو، داواكاری گشتی دەوری زۆری هەیە لەمەسەلەی زیندانیەكان، كاتێ بیانەوێت ئیفراج بكرێن لەرێگەی داواكاری گشتییەوە دەبێت بەرز بكرێتەوە، بۆ ئەوەی ئازاد بكرێن.
سڤیل: داواكاری گشتی لەدنیا وا ناسراوە، كە بەرگریكارێكی سەرسەختی مافی گشتییە، بەڵام لێرە بەو شێوەیە نییە، هۆكاری ئەمە چیە؟
ناز نوری: تائێستا داواكاری گشتی وەك خۆی نەناسراوە، ئەگەر بێتو ئاماری ئەو كارانەی داواكاری گشتی وەربگریت، كە كردویەتی، دەبینین پارێزەرێكی زۆر دڵسۆزە بۆ موڵك و ماڵی دەوڵەت و مافی خەڵك، هەروەها بۆ چەسپاندنی یاسا، ئێمە دۆسیەمان لەسەر زۆر شت كردووەتەوە، كە خەڵك ئاگای لێی نییە، ناشزانێت كە داواكاری گشتی لەسەر خۆراك و لەسەر سوتەمەنی و لەسەر دیارنەمانی پارە چاودێری دەكات، ئیشەكانی كەس پێی نازانێت، ئێمە وەك سەربازێكی ون واین، هەر بۆ نموونە ئەوەی لەراگەیاندنەكاندا بڵاو دەكرێتەوە، ئێمە لیژنەمان بۆی هەیە، ئەو لیژنانە بەدواداچون دەكەن، ئەگەر ئەو شتانەی ڕاست بوو كە بڵاو كرابووەوە، هەوڵدەدەین بیدەینە دادگا.
سڤیل: هەندێ لەرۆژنامەنوسان پێیانوایە كە دادگا تەنها بەوان دەوێرێت؟
ناز نوری: با بەڵگەمان بداتێ كە جیاوازی لەنێوان رۆژنامەنوس و هەر كەسێكی تر كراوە، ئەگەر مەبەستت ئەو شتانە بێت، كە بڵاودەكرێتەوە، ئێمە بەدواداچوون بۆ هەموو ئەو شتانە دەكەین، مەرج نیە هەموو ئەو نوسراوانەی كە بڵاودەبنەوە راست بن، ئەوە بەدڵنیاییەوە بەداواداچونی خۆمانی لەسەر دەكەین، بەڵام ئەگەر وانەبوو، تەشهیری بەلایەنێكی دیاریكراو كردبوو، پێویستە سكاڵای لەسەر تۆمار بكات، ئێمە سكاڵا ناكەین، لەحاڵەتێكدا نەبێت كە لەسەر بەرپرسێك بڵاوكرابێتەوە، پەیوەندی بەكارەكەیەوە هەبێت، ئێمە داواكە دەجوڵێنین.
سڤیل: ماوەیەكە نوسراوتان ناردووە بۆ دەزگاكانی راگەیاندن، پێشتر بۆچی بەو شێوە كارتان نەكردووە؟
ناز نوری: پێشتر وانەبووین، هەتا ئێستاش كە من قسەی تێدا دەكەم، كێشەی كەمی كارمەندمان هەیە، خۆت دەزانیت ئەم كارەی ئێمە زۆر ورد و چڕە، چونكە هەر رۆژنامەكان بگرە ژمارەیەكی زۆرمان هەیە، رۆژانە زۆر باس لەگەندەڵی دەكرێت، ئەو ژمارەشی كە هەمان لەدادگاكان هەڵكەنراون، بۆ ئەوەی ئەم لیژنەیە پێك بێت، بۆ ئەوەی بتوانێت بەداواداچون بكات.
سڤیل: دەستێوەردانی حزب تاچەند لەكارەكانتان رەنگی داوەتەوە؟
ناز نوری: هیچ دەستێوەردانێكی حزب لەكارەكانمان دا نییە.
سڤیل: تاچەند لەكارەكانتاندا لامەركەزییەت هەیە؟
ناز نوری: تاڕادەیەك هەیە، بۆ هەندێ لەكارەكان دەگەڕێینەوە بۆ وەزارەتی داد، بۆ نمونە ئێستا خۆمان ئیش لەسەر راگەیاندنەكان دەكەین و هەر خۆشمان بەدواداچوون دەكەین و سكاڵاش تۆمار دەكەین.
سڤیل: خۆتان رازین لەو دەسەڵاتەی كە هەتانە؟
ناز نوری: ئێمە حەز دەكەین دەسەڵاتمان فراوانتر بێت، بەڵێنی ئەوەشیان پێداوین دەسەڵاتی فراوانترمان بدەنێ.
سڤیل: ئەگەر شتێك لەسەر بەرپرسێك بڵاو بێتەوە، وەك هاوڵاتی ئاسایی سكاڵای لەسەر تۆمار دەكەن؟
ناز نوری: بەدڵنیاییەوە بەڵگەش هەیە لەسەر ئەو مەسەلەیە، ئیشی ئێمە هەتا بەردەم دادگایە، چونكە ئێمە دەسەڵاتی جێبەجێكردن نین، دە ساڵ لەمەو پێش بە پۆلیسمان وتووە بڕۆ فڵانە كەس بانگ بكە، وتویەتی جگە لەپاسەوانەكانی چەند سەگێك لەبەردەم ماڵیاندایە، سەگەكانمان تێبەردەدا، بەڵام ئێستاش ناتوانم بڵێم هەموو ئەو كەسانەی كە بانگ دەكرێن دێنە بەردەم دادگا، بەڵام بەرپرسی زۆر گەورەش هەبووە هاتووەتە بەردەم دادگا.
سڤیل: ئێوە چەند جارێ داوای هێنانە بەردەم دادگای كەسێك بكەن و نەیەت، لەكارەكانتان سارد نابنەوە؟
ناز نوری: بەدڵنیاییەوە وایە، بەڵام ئێمە هەروا بەئاسانی كۆڵنادەین، هەتا هەر شوێنێك دەستمان پێی بگات هەوڵدەدەین بەرپرسان بهێنینە بەردەم دادگا.
سڤیل: هاوكاری دەزگاكان چۆنە بۆ ئێوە؟
ناز نوری: زۆربەی دەزگاكان هاوكارمانن، دەسەڵاتی دادوەریش هاوكارمانن.
سڤیل: ئێوە جگە لەبابەتەكانی ڕۆژنامەنوسان پشت بەچ سەرچاوەیەكی تر دەبەستن، بۆ چاودێریكردنی دامودەزگاكان؟
ناز نوری: خەڵكیش هاوكاریمان دەكات، زۆرجار لەلایەن خەڵكەوە بەڵگەمان بۆ دەنێرن، یان سكاڵا دەكەن، هەروەها لەزۆربەی دەزگاكاندا ئاسایش نوێنەری هەیە، لەرێگەی ئەوانەوە ئاگادارمان دەكەنەوە، ئێمە خۆمان نوێنەرمان لەهەموو دەزگاكاندا نییە.
سڤیل: ئێوە تەنها بەدوای ئەم بابەتانەدا دەچن كە تازەن؟ یان بەرابردووشدا دەچنەوە؟
ناز نوری: ئەگەر بەڵگەمان لەسەر رابردووش دەستبكەوێت، ئێمە بەدواداچونی خۆمانی لەسەر دەكەین، بۆ ئەوەی بتوانین مافەكانی خەڵك بگەڕێنینەوە.
سڤیل: هەندێ شت هەیە بەڵگەی لەسەر دەستناكەوێت، وەك ئەو نەوتە ڕەشەی رۆژانە لەسنورەكانی هەرێمەوە دەچێتە دەرەوە و كەس نازانێت هی كێیە، رۆڵی ئێوە چیە لەمەسەلەیەكی لەم شێوەدا؟
ناز نوری: ئێمە داوامان كردووە بۆ پێكهێنانی لیژنە لەو نەوتەی كە بە سنورەكاندا دەڕواتە دەرەوە، بۆ ئەوەی بزانین بۆ كوێ دەچێت و سودەكەی بۆ كێیە؟ ئێستا ئەو لیژنەیەمان هەیە، ئەگەر بەڵگەكان بۆمان كۆبووەوە، ئەوە دەیدەینە دادگا.


 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com