|
سڤیل:
فەیسەل خەلیل
لەبەرئەوەی كۆنفرانسیان نەبەستووە، مینحەی
سەنتەری رۆشنبیری قەرەچوغ رادەگیرێت، دەستەی
كارگێڕی بۆ دووەم جار وادەی كۆنفرانسەكە دیار
دەكات، بەڵام لەبەر ئامادەنەبوونی نوێنەری
پارێزگا و سەرۆكی سەنتەرەكە، ناتوانن
كۆنفرانسەكەیان ئەنجام بدەن، لایەنە
پەیوەندیدارەكانیش دان بەوە دادەنێن، كە ئەو
سەنتەرە ململانێی شەخسی و حیزبایەتی تێدایە.
سەنتەری رۆشنبیری قەرەچوغ لە 2\4 ساڵی 2003
دروست بووە، تائێستا یەك دەستەی سەرۆكایەتی
هەیە، دوو جار هەوڵیان داوە كۆنفراس بكەن،
بەڵام نەیانتوانیوە ئەنجامی بدەن، ئەمەش
لەرووی یاسایی و كارگێڕی و داراییەوە گرفت بۆ
سەنتەرەكە دروست دەكات، جەمیل سنجاوی جێگری
سەرۆكی سەنتەری رۆشنبیری قەرەچوغ گوتی
"دەبوایە زووتر كۆنفرانس بكەین، دەستەی
سەرۆكایەتی سەنتەر تا ئێستا نەگۆڕاوە، ساڵی
2006 لەرێكەوتی 5\12 هەوڵمان دا كۆنفراس
بكەین، رێوشوێنی یاساییمان گرتەبەر، بەڵام
دەبوایە بەپێی یاسا دادوەر و نوێنەری پارێزگای
هەولێر كە قائیمقامە لەكۆنفراسەكە ئامادەبن،
ئەوانیش ئامادەنەبوون، بۆیە دواجار بڕیارمان
دا دەستەی پێشوو وەك خۆی بمێنێتەوە، تا ئەو
كاتەی كۆنفراس دەكرێت".
جەمیل سەنجاوی ئەوەی ئاشكرا كرد، كە لەلایەن
بەڕێوەبەری گشتی سەنتەرە رۆشنبیرییەكانی
وەزارەتی رۆشنبیری داوایان لێكراوە، دەستەی
سەرۆكایەتی بگۆڕن، چونكە ماوەی یاسایی ئەو
دەستەیە بەسەر چووە، ئەو گوتی "مامۆستا شەمال
حەوێزی داوای لێكردین، كە دەستەی سەرۆكایەتی
بە كۆنفراس بگۆڕین، ئێمەش كە لەلای ئەو
هاتینەوە، بڕیارمان دا هەفتەیەك دواتر
كۆنفرانس بكەین، بۆیە رێوشوێنی یاساییمان
گرتەبەر، بەڵام سەرۆكی سەنتەر ئیمزای نەكرد،
بەپێی یاسا سەنتەرەكەمان دوو دەستەی هەیە،
دەستەی سەرۆكایەتی، دەستەی كارگێڕی گشتی،
ئەگەر هەر بڕیارێك 2\3 دەستەی گشتی لەگەڵ
دابوو، ئەوا جێبەجێدەكرێت، ئێمە نازانین
سەرۆكی سەنتەر بۆچی ئیمزای نەكرد، بەڵام رۆژی
31\5 لەكتێبخانەی مەخموور هەموومان
ئامادەبووین، كەچی سەرۆكی سەنتەر ئامادەنەبوو،
دادوەر هات، بەڵام نوێنەری پارێزگا، كە
قائیمقامە نەهات، بۆیە نەكرا كۆنفرانسەكە
بكەین، دواتر چووینە لای قائیمقام، كە
ئیبراهیم شێخەلا بە وەكالەت لەوێ بوو، ئەوان
وتیان ئێوە ئاگاداریتان بڵاو نەكردۆتەوە،
ئێمەش وتمان ئەوە بۆ گشت خەڵك نییە، پێویست بە
ئاگاداری ناكات، بە هەرحال دوا بڕیارمان داوە
كە لە 23ی ئەم مانگە كۆنفراسەكە بكەین". جەمیل
سنجاوی كە خۆی ئەندامێكی یەكێتی نەتەوەییە،
ئەوەی رەتكردەوە كە ئینتمای سیاسی لەو سەنتەرە
گرنگی پێ بدرێت، ئەو گوتی "هەموو لایەنەكانی
تێدایە، پرسی ئینتمای سیاسی لەناو سەنتەر دا
نییە، تەنها لەسەر ئەساسی رۆشنبیری و
هونەرییە".
وەك دەزانرێت لە ساڵی رابردوودا سەنتەری
رۆشنبیری قەرەچوغ، 6 كتێبی بۆ نووسەرانی
دەڤەری مەخموور چاپكردووە، ئەوە لەكاتێكدا كە
بە قسەی جەمیل سنجاوی ئەو سەنتەرە زیاتر لە 8
مانگە مینحەكەی بڕاوە، جەمیل سنجاوی گوتی "هیچ
كاتێك بە گەندەڵ باسی ئەو سەنتەرەی ئێمە
نەكراوە، ئێمە جاران مانگانە بڕی ملیۆنێك و
حەوت سەد هەزار دینارمان وەردەگرت، دواتر
لەكۆتایی ساڵی 2009 كرا بە ملیۆن و نیوێك،
كەچی ئێستا ئەوە بۆ هەشت مانگ دەچێت پارەمان
وەرنەگرتووە، لەگەڵ ئەوەشدا شەش كتێبمان چاپ
كردووە".
هونەرمەند جەمال جەمیل كە سەرۆكی سەنتەرەكەیە،
لە لێدوانێكی تایبەت بە (سڤیل) ئەوەی
رەتكردەوە، كە ئەو حیزبایەتی لەناو
سەنتەرەكەدا بكات، ئەو هۆكاری ئیمزانەكردنی
كۆنفرانسەكەی روونكردەوە و گوتی "راستە من
پارتیم، بەڵام حیزبایەتی لەناو سەنتەر ناكەم،
بەپێچەوانەوە من دژی ئەو كەسانە وەستاوم، كە
دەیانەوێت سەنتەری رۆشنبیری قەرەچوغ بەرەو
حیزبایەتی ببەن، من راستە حیزبیم، بەڵام 30
ساڵە هونەرمەندم، دەمەوێ ئەو سەنتەرەش
لەخزمەتی رۆشنبیری و هونەر دابێت، جەمیل
سنجاوی كە لەیەكێتی نەتەوەییە، بێ ئەوەی پرس
بە من بكات، چووە وادەی كۆنفرانسی داناوە، من
سەرۆكی سەنتەرم بێ من ئەو كارە چۆن دەكرێت،
رۆژێك بەر لەكۆنفرانسەكە سالار كە كارگێری
سەنتەرە پەیوەندی بەمن كردووە، كە گوایە
كۆنفرانس هەیە، بۆیە منیش تەلەفۆنم بۆ پارێزگا
كرد و كۆنفرانسەكەم راگرت، یەكەم نابێت بێ
پرسی من ئەو كۆنفرانسە بكەن، من دەمویست
دابنیشین بزانین كێن ئەوانەی دەیانەوێت ببنە
ئەندامی سەنتەر، جەمیل سنجاوی چووە 5 كەسی
لەحیزبەكەی خۆی هێناوە، بریاری كۆنفرانسیان
داوە، منیش بەوە رازی نابم، چونكە كەسانێك كە
رۆژێك سەردانی سەنتەری رۆشنبیریان نەكردووە،
چۆن دەبنە ئەندام".
لەبەرامبەر قسەكانی سەرۆكی سەنتەر، جەمیل
سنجاوی دەڵێ "ئێمە پرسمان بەو كردووە،
نوسراومان بۆ ناردۆتە هەولێر، بەڵام ئیمزای
نەكردووە، دواتر ئێمە بە شێوەیەكی یاسایی دوو
لەسێی ئەندامەكانمان لەگەڵ بووە، كاك سالار
شەو بۆ دڵنیاكردنەوە تەلەفۆنی بۆ سەرۆكی
سەنتەر كردووە، دواتریش ئەگەر باسی ئەوە دەكات
5 ئەندامم لە حیزبەكەی خۆم هێناوە، ئەوا ئەو
پێشوتر ئیمزای لەسەر كردووە، ئەگەر لەرووی
رۆشنبیری و توانای هونەرییەوە گومانی لەوان
هەبوو، ئەوا دەبووایە روونكردنەوەی
بدابووایە".
جەمال جەمیل ئەوەی رەتكردەوە كە منحەكەیان
بڕابێت، گوتی "سالار و جەمیل سنجاوی هێندە
تەمبەڵن ناتوانن مانگانە حیسابات و نوسراوێك
بكەن بچن پارەكە وەربگرن، ئەوەش لەتەمبەڵی
ئەوانە، راستە كتێب چاپكراوە، بۆ هەموویان
كارمان كردووە، تا ئێستا پارەم بۆ خۆم سەرف
نەكردووە، كە هەرچەندە چالاكی و كاری هونەریشم
ئامادەیە". لەبارەی مینحەكەوە سنجاوی گوتی
"راستە مینحە بەهۆی ئەوەی كە دەستەكە كۆن بووە
راگیراوە، ئەوەمان بە ئاشكرایی لەلایەن
وەزارەت پێ گوتراوە، جیا لەوەش 2 مانگ گوایە
بە تەمبەڵی ئێمە وەرنەگیراوە، دەبێت سەرۆكی
سەنتەر ئیمزای بكات، ئەو زیاتر لە نۆ مانگە
ئیلتزامی بە سەنتەرەوە نەماوە".
سالار سیامەند بەرپرسی كارگێڕی و دارایی
سەنتەرەكە لەلێدوانێكی تایبەت بە (سڤیل) گوتی
"من تەمبەڵیم لەوەرگرتنی پارە نەبووە، لەمانگی
9-10 چوومەتە ماڵی سەرۆكی سەنتەر ئیمزام
پێكردووە، دواتر من نەمویست لەو شێوازە
بەردەوام بم، كە سەرۆكی سەنتەر نایەتە سەنتەر
من هەموو كاغەزێكی بۆ ببەمە ماڵ، لەبارەی
ئەوەی شەو تەلەفۆنم بۆ كردووە، من پێشووتر
نووسراوی ئەنجامدانی كۆنفرانسم بۆ بردووە،
لەچایخانەی گەراجی مەخموور سەرۆكی سەنتەرم
بینیوە، داوام لێكردووە رەزامەندی بدات، كەچی
ئەو رازی نەبوو، گوتی مادام جەمیل ئەو
نووسراوەی كردووە، من تەوقیعی ناكەم". سالار
سیامەند كە خۆی ئەندامی یەكێتیە ئەوەی
رەتكردەوە كە ململانێی نێوان سەرۆكی سەنتەر و
جێگرەكەی حیزبایەتی بێت، ئەو گوتی "ئەو
ململانێیە شەخسیە، بەڵام ئەوان دەیخەنە قالبی
حیزبایەتی". وەك بەرپرسی كارگێری سەنتەر سالار
ئەوەی روونكردەوە كە ئەوان 6 كتێبیان چاپ
كردووە، بەڵام پارەی سێ كتێب قەرزارن، ئەویش
بەهۆی راگیرانی بودجەكەیان بووە.
لەلێدوانێكی تایبەتدا ئەحمەد كانی بەرپرسی لقی
مەخمووری پارتی گوتی "ئەوان لە ناوخۆیان تەبا
نین، دەرگاشیان لەسەر بەئەندامبوونی گەنجان
داخستووە، ئێمە نە لەنزیك نە لەدوور تەدەخولی
كارەكانیان ناكەین، من تازە لە ئێوە بزانم
سەرۆكی سەنتەرەكە پارتی بێت، بەڵام پێدەچێ
كەسانێك هەبن لەناو سەنتەرەكە بۆ خۆیان قورخ
بكەن، رێنماییی لەلایەنەكانی تر وەردەگرن،
ئەگینا هیچ سەنتەرێك پەیوەندی بەئێمەوە نییە".
(سڤیل) لەبارەی ئامادەنەبوونی نوێنەری
قائیمقام كە بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی
كۆنفرانسەكە پەیوەندی كرد بەئیبراهیم شێخەڵڵا
قائیمقامی مەخمور بە وەكالەت و لەلێدوانێكی
تایبەت بە (سڤیل) گوتی "ئێمە بۆیە لەو
كۆنفرانسە ئامادە نەبووین، چونكە ئاگادار
نەبووین، ئەوان كێشەیان لەناوخۆیان هەیە،
بەشێكی ئەندامەكانیشان لەكۆنفرانسەكە ئامادە
نەبوو، ئێمە ئەو جارە داوامان لێكردوون، با
وادەی خۆیان دیاربكەن، ئێمەش ئاگادار بكەنەوە،
ئێستا ئەوان 23ی ئەو مانگەیان داناوە".
|