داشكان نیشانە سەرنجڕاكێشەكەی بازاڕی كوردستان  

 

 

"ئەگەر لەگەڵ داشكان دوو جۆرە نرخەكە هەڵنەواسێت، ئەوا هەڵخەڵەتاندنە"

سڤیل: هێمن محەمەد و زیاد ئیسماعیل




بەبۆچونی پسپۆڕانی بواری ئابووری داشكان، دیاردەیەكی ئابوورییە و لەزۆربەی وڵاتانی دونیا پەیڕەو دەكرێت، بەڵام ئەوەی لەشارەكانی كوردستان بەدی دەكرێت، بازرگانەكان بەپێی بەرژەوەندی و ئارەزووی خۆیان یاری بە نرخەكان دەكەن، بەپێچەوانەی وڵاتانی ئەوروپا لەكاتی جوڵەی پڕفرۆشی بازاڕ نرخەكان بەرز دەكرێنەوە و لەكاتی بێبازاڕیشدا داشكانی گەورە رادەگەیەندرێت، لەبەرامبەر ئەوەشدا هاوڵاتیانیش جەخت لەوە دەكەنەوە، هیچ سانسۆرێك لەسەر كۆگا و بازاڕەكانی داشكاندن نییە و ئەو نرخانەی كە هەڵدەواسرێن بەر لەهەڵواسینیان كەمێكان زیاد كردووە و دواتر داشكانیان بۆ كردووە.
ئەحمەد جەمال تەمەن 22 ساڵ، فەرمانبەر، گەنجێكی رێكپۆشە، وەك خۆی باسی كرد، بەردەوام بەدوای جلوبەرگی تازەدا دەگەڕێت، بەڵام ئامادەنیە روو لەو كۆگایانە بكات، كە لافیتەی گەورەی داشكانیان لەبەردەم فرۆشگاكانیان هەڵواسیوە، ئەو دەڵێ "ئەوەی من تێبینیم كردووە، داشكاندن لەزۆر لەشوێنەكان هەڵخەڵەتاندنی خەڵكە، چونكە بەر لەداشكاندن كەمێك نرخەكەی بەرزدەكەنەوە و دواتر بەداشكانی 50% لەدەرگا و دیوارەكانیان هەڵیدەواسن "بەبڕوای ئەحمەد تا داشكاندنەكە گەورەتر بێت، چەواشەكارییەكە زیاترە".
لەرووی ئابورییەوە داشكاندن بریتیە لەكەمكردنەوەی نرخی كاڵاكان لەكاتی خستنەڕوودا، تاكو دواجار بچێتە خزمەتی بەكاربەر، بەڵام داشكان لەنرخەكان ئەو كات فرۆشیار دەیكات، كە بڕێكی باشی قازانج كردووە، ژمارەیەكی كەمی ئەو كاڵایانەی لەلا ماوەتەوە و خەریكە مۆدێلی یان وەرزی كاڵاكە بەسەر دەچێت، بۆیە فرۆشیار دەیەوێت بەهەر نرخێك بێت ساغی بكاتەوە و بیكاتەوە بە دراو، بۆئەم مەبەستە كاری داشكاندن ئەنجام دەدات، رەنگە لەخزمەتی بەكاربەریش دابێت.
كارژین حەسەن تەمەن 23 ساڵ، قوتابی زانكۆ، وەك خۆی بەپێكەنینەوە باسی لێوەدەكات، یەكێكە لەو كەسانەی هێندە جلوبەرگ دەكڕێت لەلایەن هاوڕێكانیەوە واناسراوە كە كارژین نەخۆشی دەروونی هەیە، جلكڕە نائاساییەكەی ئەو كچە گەنجە جگە لەوەی بەنەخۆشی دەرونی لەلایەن هاوڕێكانیەوە ناسراوە، بۆتە هۆی ئەوەی ئەو گەنجە هیچ پارەیەكیش پاشەكەوت نەكات، هۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە، هەركاتێك دەستە جلێك دەكڕێت ئەو جلەی كە پێشتر كڕیویەتی لەبەرچاو دەكەوێت، دەربارەی داشكاندنەكانش دەڵێت "من حەقم بەسەر ئەو نوسراوانە نییە، كە دووكانەكان هەڵی دەواسن، تا ئەو كاتەی لە نرخی جلەكە نەپرسم، نازانم بەداشكاندن گرانە یان هەرزانە".
ئارام عەبدوڵڵا گەنجێكی تەمەن 29 ساڵە، پێنج ساڵ لەئەوروپا ژیاوە، بەسەردانێك گەڕاوەتەوە كوردستان، سەرسوڕمانی خۆی دەربڕی لەوەی هەر بازرگانێك لەلایەن خۆیەوە بە ویست و ئارەزی خۆی داشكان دەكات، بەبێ ئەوەی پلانێكی هەبێت و بێ ئەوەش لایەنە پەیوەندیدارەكانیش حەقیان بەسەر جۆری داشكانەكە و چۆنیەتی و نرخەكەشی دا هەبێت، ئارام دەڵێت "هەستدەكەم خەڵكیش بەشێوەیەكی دروست زانیاری لەسەر داشكاندن نییە، كەناڵەكانی راگەیاندنیش لەپێناوی دەستكەوتنی كەمترین داهات دەبنە هۆكاری هەڵخەڵەتاندنی زۆرترین خەڵك بەتایبەت لەكاتی بۆنە ئاینی و نەتەوەییەكاندا". ئارام نمونەی بەوە هێنایەوە كە كاڵافرۆشەكان لەو كاتانە داشكان دەكەن، كە كەمترین بازاڕیان هەیە، لەو كاتانەش نرخەكان زیادەی دەچێتە سەر كە پڕفرۆش دەبن، وەك جەژنەكانی رەمەزان و قوربان و نەورۆز، بەڵام لە وڵاتانی ئەوروپا لەجەژنی سەری ساڵ و كریسمس نرخەكان بەڕێژەیەكی بەرچاو داشكانی راستەقینەیان بۆ دەكرێت.
كارزان عەلی ناوێكی خوازراوە شاگردی یەكێك لە كۆگا گەورەكانی داشكانە، هۆی نەدركاندنی ناوە راستەقینەی بۆ ئەوە گێڕایەوە، كە لەلایەن خاوەنی كۆگاكە ئاگادار كراوەتەوە، بەهیچ شێوەیەك نهێنی كۆگاكە نەدركێنێت، ئەو شاگردە لەبارەی داشكانە گەورەكان رەتی كردەوە، كە داشكان خەڵەتاندن بێت و گوتی داشكان بۆ ئەو جۆرە جلوبەرگانە دەكەین، كە مۆدێلیان نزیكە لەبەسەرچوون، یاخود ئەو جلانەی قەبارەیان نائاساییە و كەمترین داواكاری لەسەرە، گوتیشی ئەگەر داشكاندن نەكەین، تۆز لەسەر چەندین جلوبەرگەكانمان دەكەوێت، بۆیە بەهەر جۆرێك بێت، دەمانەوێت ئەو جلانە بكەینەوە بە پارە، تاكو بتوانین پارەیەكی زۆری مردوو زیندوو بكەینەوە، بۆ ئەمەش داشكان باشترین رێگایە.
بەڕێوەبەری چاودێری بازڕگانی هەولێر محەمەد عەباس لەلێدوانێكیدا بۆ (سڤیل) دەڵێت "ئێمە پشتگیری لەدوكاندارەكان دەكەین، بۆئەوەی داشكاندن لەكاڵاكان بكەن، چونكە لەبەرژەوەندی خەڵكدایە، لەڕووی ئابوریشەوە هۆكارێكە بۆ بەبازاڕكردن. هەروەها بۆ رێكخستن و بەدواداچونی داشكان لەكۆگا و بازاڕەكاندا ئێمە لەمانگی رابردوو بەنوسراوێك گشت كۆگا و بازاڕگاكانمان ئاگادار كردۆتەوە، لەسەر چۆنیەتی داشكاندن رێنمایمان پێداون، دەبێت بەگوێرەی رێنماییەكانمان داشكاندن لەكەلوپەل و جلوبەرگدا جێبەجێ بكەن، لەوانە هەڵواسینی نرخی كۆن لەتەك نرخە داشكاندراوەكە بۆ ئەوەی بۆ كڕیارەكان دەركەوێت جاران نرخەكان چۆن بوو، ئێستاش چۆنە، هەروەها دەبێت داشكاندنەكان بۆ كاتێكی دیاریكراو بێت، نەوەك بەدرێژایی كاتەكان لافیتەكان بەهەڵواسراوی بمێننەوە، داشكانیش نەمابێت". هەروها گوتیشی "ئێمە چاودێریان دەكەین، مەگەر دووكانێكی لابەلا بەویستی خۆی مامەڵە بەداشكاندن بكات".
خورشید ئەحمەد سەلیم، جێگری سەرۆكی لێژنەی دارایی و كاروباری ئابوری لەپەرلەمانی كوردستان، دەربارەی زۆری رێژەی نرخی داشكاندن دەڵێت "لەزۆر شوێن بەرچاومان دەكەوێت نرخی داشكاندن هەڵواسراوە، بە تایبەت لەكاتی گۆڕینی وەرزەكان". ئەم لەبارەی ئەو داشكاندنانەی كە لەسەروی 65% دەكرێت، پێیوایە ئەمە دیاردەیەكە ناتەندروستە و بازرگانی نییە، بۆیە ئامۆژگاری بەكاربەران دەكات، كە خۆیان لەو جۆرە داشكاندنانە بەدوور بگرن، كە رێژەكەی بەرزە، چونكە داشكاندێك رێژەكەی 70% بێت خۆی لە سێ ئەگەر دەبینێتەوە، لەوانە بازرگانەكە لەپێشودا كاڵاكانی بەنرخێكی زۆر هەرزان كڕیوە و بەچەند قاتێكی بە هاوڵاتیان فرۆشتوە، یان كاڵاكە بەسەرچووە و ستۆك بووە. ئەگەر یەكێك لەمانە نەبوو، بێگومان ئەم داشكانە هەڵخەڵەتانی خەڵكە".
بەبۆچوونی ئەو ئەندامەی پەرلەمان داشكان دیاردەیەكی باوە، لەتەواوی وڵاتانی دونیا پەیڕەو دەكرێت، بەتایبەت لەكاتی گۆڕانی وەرزەكان، ئەمەش هەلێكە بۆ ساخكردنەوەی كاڵاكان و كۆكردنەوەی سامان بەشێوەی نەختینەیی، لەگەڵ ئەو قسانەش بەپێویستی زانی كە خەڵكانی كەمدەرامەت و بەكاربەر بزانن چۆن مامەڵە لەگەڵ داشكانەكان دا دەكەن، چونكە زۆرجار لەبەر هەرزانی نرخەكان خەڵكانی دەستكورت جلوبەرگ دەكڕن، بەبێ ئەوەی بزانن لەوەرزی داهاتوو مۆدێلیان بەسەر دەچێت، لێرەدا هاوڵاتیان زەرەری گەورەیان بەردەكەوێت.
 

 


 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com