|
تا
ئێستا نازانرێت فەرمانگەكانی شوێنەوار سەر بە
چ وەزارەتێكن
سڤیل: محەمەد قادر
ئەشكەوتی (دیان) دەكەوێتە سەر چیای برادۆست،
نزیك رێگای سەرەكی دۆڵی بیاو، ئەم ئەشكەوتە
تەنها (10) دەقیقە لەرێگای سەرەكی دوورە،
بەهۆی ئەوەی كە رێگای ئۆتۆمبێلی نییە، دەبێت
مرۆڤ بە پیادە بۆی بچێت، فازل هاودیانی،
هاوڵاتیەكی دانیشتووی دەڤەری سۆرانە، ئەو
نیگەرانبوو بەوەی كە تاكو ئێستا حكومەتی هەرێم
وەك پێویست بایەخی نەداوە بەدۆزینەوە و
پاراستنی شوێنەوارەكانی كوردستان، فازڵ
هاودیانی نموونەی ئەشكەوتی دیانی هێنایەوە و
گوتی "پێموانیە هیچ شوێنەوارێك هێندەی
ئەشكەوتی (دیان) جوان و سەرنجڕاكێش بێت، هەتا
نەچیتە ناو ئەو ئەشكەوتە بەچاوی خۆت جوانی و
تابلۆ و ئاوی كانی و گۆم و كریستاڵەكان و
پەیكەری سەرسوڕێنەر نەبینی، باوەڕ بە گرنگی
بەهای ئەم ئەشكەوتە ناكەی". دواتر فازڵ بە
سەرسامیەوە وەسفێكی ئەشكەوتەكەی دیانی كرد و
گوتی "بەڕای من هەركەسێك تەنها یەكجار ئەو
شوێنەوارەی دیبێت، هەمیشە ئارەزووی ئەوە
دەكات، بە بەردەوامی سەردانی بكات، چونكە ئەم
ئەشكەوتە لەهەموو لایەكەوە كونی جۆراوجۆر و
شوێنی حەوانەوەشی هەیە، وامەزەندە دەكرێ كە
شارێك بێت، نەك ئەشكەوت، چونكە تابلۆكان
جۆراوجۆران وەك (منارەی مزگەوت، مرۆڤ، ئاژەڵ)
كە هەر یەكە و مانا و خوێندنەوەی خۆی هەیە".
ئەم هاوڵاتییە لەبەردەوامی قسەكانیدا باسی
لەهەندێك زانیاری مێژوویی كرد و هەر لەناو
زانیارییەكانی باسی دزینی ئاسەواری كرد و گوتی
"وەك گوێبیست بوومە لەساڵەكانی 1942
ئینگلیزەكان هاتوونەتە هاودیان و هەندێ
شوێنەواریان دۆزیوەتەوە، لەگەڵ خۆیان بردووە،
بۆجاری دووەم جارێكی دیكە بە مەبەستی شوێنەوار
بە نهێنی سەردانی هەمان ئەشكەوتیان كردووە،
هەندێك سەرچاوەی تر كە باسی هاودیان دەكەن
ئاماژە بەوە دەكەن كە چەند شوێنەوارێك
دۆزراونەتەوە، مێژووەكەیان بۆ چەندین هەزار
ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە، بێگومان ئەو
شوێنەوارانە و دەیان شوێنەواری دیكە
لەسنورەكەماندا، ئاماژەپێكردنیان زۆری دەوێ،
هەروەها چەندان شوێنەواری تریش كە هێشتا
نەدۆزرانەتەوە".
ئەوەی جێی نیگەرانی هاوڵاتیانە فەرامۆشكردنی
ئەو ئاسەوارانەیە، زریان عەبدولڕەحمان، خەڵكی
گوندی گەرەوانی سەر بە قەزای رواندزە، دەڵێت
"بەداخەوە شوێنەوارە مێژووییەكان نەك تەنها
لەسنورەكەمان پشتگوێ خراون، بەڵكو لەكوردستان
بەگشتی شوێنەوارە مێژووییەكانی كوردستان،
لەژێر هەڕەشەی لەناوچوون دان، بۆنموونە
لەگوندی گەرەوان شوێنەواری مێژوویی (جۆیلانە)
كە لەسەردەمی پاشای گەورەی رواندز، میر محەمەد
دروستكراوە، لەگەچ دروستكراوە، كە ئەو
شوێنەوارە گرنگە بۆ بە یەكبەستنەوەی رێگای
هاتووچۆی نێوان گەرەوانی سەر و گەرەوانی
خواروو، دەیان دۆنم زەوی پێ بەراو دەكرا،
بەدرێژایی زیاتر لە (400) مەتر، كەچی لەلایەن
حكومەتی هەرێمەوە لەكاتی چاككردنی رێگا، بە
شۆفەڵ وێرانكرا، هەروەها دۆڵی ئاكۆیان كە
سەردەمانێك میر محەمەد بنكە و بارەگای خۆی
لێدانابوو، بەمەبەستی جۆراوجۆر و وەك بەرگری و
ئاودێری و ئاوەدانكردنەوە دروستكرابوو، بەڵام
ئێستا بەشێكی كەم لەم شوێنەوارانە ماون، ئەوەی
ماوەتەوە بڵێم پێویستە حكومەتی هەرێم، هەموو
هەوڵەكانی بخاتە گەڕ لەپێناو ئەوەی چیتر
شوێنەوارەكان لەناو نەچن".
سەنگەر ستار، وەك كەسێكی شارەزا لەبواری
شوێنەوارناسی، گوتی "لەناوچوونی شوێنەوار
واتای لەناوچوونی بەڵگەی مێژوویی و
شارستانیەتە، جیا لەوەش زۆر لە وڵاتان داهاتی
ساڵانەیان لەسەر شوێنەوارەكانیان دابین دەكەن،
بۆنموونە وڵاتی میسر، وەك دیاریشە لەهەرێمی
كوردستان زیاتر لە 350 شوێنەواری مێژوویی هەن،
كە بەڵگەی زیندوویی و شارستانیەت و مێژووی
گەلی كورد دەسەلمێنێت، بۆیە پاراستن و
بایەخپێدانیان زۆر گرنگە".
عەبدلوەهاب سلێمان حەسەن، بەرپرسی بنكەی
شوێنەواری سۆران، دانی بەوە نا كە ئەوان كەم
كاریان كردووە و گوتی "بەشێوەیەتی گشتی
لەهەموو كوردستاندا ئیمكانیەتمان زۆر كەمە،
پێویستە ساڵانە هەرهیچ نەبێت لەهەر شوێنێك
ساڵانە دوو سێ، شوێنی شوێنەواری
نۆژەنبكرێتەوە، ئەگەر گردبێت هەڵكۆڵینی
بۆبكرێت، بەڵام تا ئێستا بەو شێوەیە كار
نەكراوە، ئێمە هەرگیز لەكاركانماندا كەمتەرخەم
نەبووین و بەپێی ئەو توانایەی هەمان بووە،
كارەكانمان جێبەجێ كردوون". وەك عەبدولوەهاب
سلێمان بەرپرسی بنكەی شوێنەواری سۆران ئاماژەی
بۆ كرد، یەكێك لەگەورەترین گرفتەكانی بنكەكانی
شوێنەوار ئەوەیە نازانن سەر بە چ وەزارەتێكن،
ئەو گوتی "ئەوەی جێگەی نیگەرانیە تاكو ئێستا
وەزارەتێك دیاری نەكراوە، كە ئیشوكاری
شوێنەوار جێبەجێ بكات، ماوەیەك سەر بە
وەزارەتی رۆشنبیری بووین، دواتر وتیان دەبێت
شوێنەوار سەر بە وەزارەتی گەشتوگوزاربێت،
ئەوەبوو دوای كەمكردنەوەی وەزارەتەكان
لەكابینەی نوێ، گەشتوگوزار نەما و خرایەوە سەر
وەزارەتی شارەوانی، ئێستەش كە زۆربەی
پڕۆژەكانمان داونەتە وەزارەتی شارەوانی، بۆمان
جێبەجێ ناكرێ، بەهۆی ئەوەی كە بڕیارێكی واهەیە
كە شوێنەوار دەبێتە دەستەیەكی سەربەخۆی سەر بە
ئەنجوومەنی وەزیران، ئێستاش ئیشوكارەكانمان
لەوەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار راوەستاون،
لەبەرئەوە كێشەكەمان لەنێوان وەزارەتی
گەشتوگوزار و شارەوانی و ئەنجوومەنی وەزیران
بەهەڵپەسێردراوی ماوەتەوە".
ئەو بەرپرسە ئەوەشی ئاشكرا كرد، كە ئەوان
گەلێك شوێنەوار دەزانن، بەڵام لەبەر خەڵك
بەشاراوەیی دەهێڵنەوە، ئەو گوتی "زۆر
شوێنەوارمان هەیە، تاكو پاسەوانێكیان بۆدانێن
و نەیانپارێزین، نابێت راگەیاندنەكانەكان
راپۆرتی لەسەر بكەن و بڵاوی بكەنەوە و بڵێن
فلان شوێن شوێنەواری لێیە، چونكە زۆر شوێن
هەیە شوێنەوارە، بەڵام ئێمە حەزناكەین خەڵك
بزانێت كە شوێنەكە شوێنەواریشە، تاكو لایەنی
ئەمنی شوێنەكە نەپارێزین، چونكە لەوانەیە
كەسانێك لەئێران و توركیا و وڵاتەكانی دیكە
بێنە ئەم شوێنانە، ئەگەر هیچیشیان دەست نەكەوت
شوێنەكە بشێوێنێت و لەناوی بەرن". زۆرجار خەڵك
بۆ دۆزینەوەی كانزا شوێنەوارەكان هەڵدەكۆڵی،
بە بڕوای بەرپرسی بنكەی شوێنەواری سۆران ئەمە
هۆكارێكی ترە بۆ ئاشكرانەكردنی ناوی
شوێنەوارەكان و گوتی "لەوڵاتی خۆمان كەسانێك
گوایە بەنیازی دۆزینەوەی كانزاوە روو لەو جۆرە
ئەشكەوتانە بكەن، كەچی شتی ئەوها لەئارادا
نییە، چونكە كەسانێك كە لەئەشكەوت ژیاون، نەك
سەردەمی كانزایی نەبووە، هەتا سەردەمی فوخاری
نەبووە، واتە مرۆڤ نەیزانیووە كوپە دروست بكات
نەك كانزا، تەنها مرۆڤەكانی ئەوكات زانیویانە
ئالات و ئەدەواتی بەردی بەكاربهێنی، ئەو
ئالاتە بەردینانەی كە لەئەشكەوتەكان هەن، بۆ
خەڵكی تر هیچ سوودیان نییە، تەنها دەچن
دەستكاری شوێنەكە دەكەن و ماندووبونێكی زۆر
دەچێژن و شوێنەكە دەشێوێنن، ئەوەش بەكارێكی
هەڵە دادەنرێت".
|