شارێكی یەك ملیۆنی 170 پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی هەیە  

 

 

"پۆلیسەكانی نەهێشتنی تاوان لە سلێمانی ژمارەیان لە پاسەوانەكانی سێ بەرپرسی بچووك كەمترە"

سڤیل: سەنگەر عەبدوڵڵا




لەدیمانەیەكی تایبەت بە (سڤیل) بەرێوەبەری نەهێشتنی تاوان لە سلێمانی ئاشكرای دەكات، كە تەنها 170 پۆلیسیان هەیە، پێشیوایە كە ئەو ژمارەیە لە ژمارەی پاسەوانی سێ بەرپرسی بچووك كەمترە.
عەقیدی مافپەروەر رێبوار ئەسعەد حەسەن بەڕێوەبەری پۆلیسی نەهێشتنی تاوان لەسلێمانی، لەدیدارێكی (سڤیل)دا، تیشك دەخاتە سەر ڕووداوەكانی دزیكردن و پێیوایە زیندانەكان تاوەكو ئێستا نەبوونەتە قۆتابخانەیەكی چاكسازیی لەو تاكانەی بەهۆی تاوانەوە ڕووی تێ دەكەن.
بەڕێوەبەرێتی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان لەسلێمانی، سەر بە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانیە، تایبەتمەندە بەتاوانی دزیكردن و تەنیا لێكۆڵینەوە لەتاوانی دزیدا دەكات، بەپێی قسەكانی عەقید رێبوار ئەم خۆتەرخانكردنەش بۆ دابەشكردنی ئەركەكان دەگەڕێتەوە و دەیگوت "لەبەرئەوەی تایبەتمەندییەكان بەپێی بەڕێوەبەرێتییەكان جیاكراوەتەوە، لەدادگاوە ئەم پسپۆریانە جیا كراونەتەوە، ئێمە دادگای نەهێشتنی تاوانمان هەیە، دادگاكانی تریش بۆ پۆلیس و ئاسایش دابین كراوە و تایبەتمەندیان جیاكراوەتەوە، ئەمەش بۆ دەست ڕاگەیشتن و فریاكەوتنی كارەكانە، تاكارەكان كەم و پوخت بێت باشترە، كەشارەزا دەبین و دەتوانین كۆنتڕۆڵی بكەین و ڕێگری بكەین".
عەقید رێبوار ئەم جۆرە دابەشكردنەی بە كارێكی باش دەزانێت و بۆیە دەیگوت "لەبەرئەوەی تایبەتمەندییەكان بەپێی بەڕێوەبەرێتییەكان جیاكراوەتەوە، لەدادگاوە ئەم پسپۆریانە جیا كراونەتەوە، ئێمە دادگای نەهێشتنی تاوانمان هەیە، دادگاكانی تریش بۆ پۆلیس و ئاسایش دابین كراوە و تایبەتمەندیان جیاكراوەتەوە، ئەمەش بۆ دەست ڕاگەیشتن و فریاكەوتنی كارەكانە، تاكارەكان كەم و پوخت بێت باشترە، كە شارەزا دەبین و دەتوانین كۆنترۆڵی بكەین و ڕێگری بكەین".
عەقید رێبوار ئەوەی رەتكردەوە تاكە هۆكاری دزیكردن، ئابووری بێت، یان پەیوەندی بە لایەنی رۆشنبیری هەبێت، عەقید رێبوار ئەوە ناشارێتەوە كەسانێك دەستگیركراون، كوڕی دەوڵەمەندێك یان كەسێك بووە، دایك و باوكی دكتۆر بووە، بەڵام جەختیشی لەسەر ئەوە دەكردەوە، كە زۆربەی ئەو كەسانەی دەستگیر دەكرێن، گەنجن، بەپێی زانیارییەكانی ئەو بەرێوەبەرە تەمەن رۆڵی خۆی دەبینێت لەتایبەتمەندێتی دزیكردندا، ئەو گوتی "تەمەنەكان بەزۆری لەتەمەنی گەنجدایە، بەڵام تاوانەكانیش بەپێی شێوازی تاوانەكان دەگۆڕێت، هەندێ تاوان هەیە كوڕی گەنج دەیكات، وەكو دزی ماڵ و ماتۆڕ، هەندێ دزی تر هەیە بۆ نمونە گیرفانبڕین پیرەمێرد ئەنجامی دەدات، هەروەها ئافرەتێكی بەتەمەن گیرفانبڕین ئەنجام دەدات، لەبەرئەوە شێوازی تاوانەكە دەگۆڕێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەشێوەیەكی گشتی زیاتر گەنجان تاوانی دزی ئەنجام دەدەن، پاشان دزەكان پسپۆڕییان هەیە، لەجۆری دزیەكەی خۆیدا، ئەو دزەی دزی ماڵ دەكات دزی ئۆتۆمبێل ناكات، ئەو دزەی گیرفان دەبڕێت دزی ماڵ ناكات، بەهەمان شێوە بۆ هەموو جۆرە دزییەكانی تر، تاوانبار هەیە چەندین جار گیراوە دزیەكەی تەنها گیرفانبڕین بووە، خەڵك هەیە چەندین جار لەسەر دزیكردن لەماڵان دەستگیر كراوە، بۆیە دزەكانیش تایبەتمەندی و مەهارەتی پەیداكردوە لەجۆری دزییەكەدا، بەڵام لێكۆڵەرەوەكانی ئێمە لێكۆڵینەوە لەهەموو جۆرە تاوانێكی دزیدا دەكەن، باشترە لێكۆڵەرەوەكانیش تایبەتمەندی وەربگرن لەجۆرەكانی دزیدا".
بەپێی ئەو ئامارەی لەلای عەقید رێبوار، بەرێوەبەری نەهێشتنی تاوان لەسلێمانی هەیە لە1/1/2010وە تا 31/5/2010 لەبەڕێوەبەرێتی نەهێشتنی تاوان 385 كێشە تۆمار كراوە، 115 كێشەیان كۆتایی هاتوە و رووبەڕووی دادگا كراونەتەوە، 270 كێشەیان ماوە، كە سەرجەمیان بریتین لەدزی ماڵ و ئۆتۆمبێل و گیرفان بڕین و مۆبایل، لەو ماوەیەشدا 191 تۆمەتبار دەستگیر كراوە و ڕووبەرووی دادگاكان كراونەتەوە، كە لەنێوانیاندا چەندین باندی دزی ماڵان و ئۆتۆمبێلی تێدایە.
ئەو ژمارە زۆرەی دزیكردن، بە بەراورد لەگەڵ ژمارەی كارمەندانی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان زۆرە، عەقید رێبوار حەسەن لەدرێژەی قسەكانیدا هاتە سەر ئەو كێشە ئیدارییانەی كە لەكارەكانیاندا ئاستەنگیان بۆ دروست دەكات، ئەو گوتی "یەكێك لەكێشە هەرە گەورەكانی ئێمە ئەوەیە بۆ نزیكی ملیۆنێك كەس لەشاری سلێمانی 170 كەسین، ئەمە بۆ یەكەمین جاریشە ئەو ژمارەیە دەدەمە ڕاگەیاندن، بەڵام بزانە بۆ ئەو ژمارە زۆرەی دانیشتوانی سلێمانی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی تاوان لەسلێمانی تەنیا 170 كارمەندی بەدەستەوەیە، ئەوەی ئێمە دەیكەین زۆرە لەچاو ژمارەماندا، كارمەندەكان زۆر هیلاكن، لەئێستادا چوار نوسینگەشمان كردۆتەوە لەناو شاری سلێمانی، پاشان ئەم ژمارەیە هەمووی لەواجبدا نابێت، نزیكەی هەشتای لەواجبدا دەبێت، باشە 80 كەس لەشەودا بەسەر كوێی شارێكی گەورەدا دابەش دەكەیت، لەبەرئەوەی كارە هەرە گرنگەكەی ئێمە ئەوەیە ڕێگە نەدەین تاوانەكە ڕووبدات".
عەقید رێبوار چووە ناو وردەكاری كارەكانی، لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی كەمی كارمەندانیەوە رێگرتن لەتاوان بە كارێكی قورس زانی، ئەو گوتی "ڕێگەگرتنیش بەراستی توانا و كارمەند و ئۆتۆمبێلی دەوێت، هەروەها ئێمە دەبێت لەهەموو شوێنێكی قەرەباڵغدا بوونمان هەبێت، كاتێك لەفەرمانگەیەك موچە دابەش دەكرێت و قەرەباڵغی دەبێت، لەرۆژانی هەینی لەمزگەوتدا دەبێت بوونمان هەبێت، لەبازاڕدا بوونمان هەبێت، هەموو پێنجشەمە و هەینی ئێمە لەئینزارداین و دەبێت لەگەڕەكەكاندا بین لەبەرئەوەی خەڵك دەچێتە دەرەوەی شار، بەداخەوە ئەم شارە گەورەی ئێمە حسابی سێ بەرپرسی بچوكی بۆ نەكراوە، لەبەرئەوەی بەرپرس هەیە 50 پاسەوانی هەیە، من ئەمەم چەندین جار بەڕاپۆرت و بە وتن و بەنوسین گەیاندوە".
لەلایەن بەرێوەبەری گشتی نەهێشتنی تاوان لە هەرێم، بەڵێن بە چارەسەركردنی كێشەكانی بەرێوەبەرایەتی نەهیشتنی تاوانی سلێمانی دراوە، عەقید رێبوار حەسەن گوتی "هەفتەیەكیش پێش ئێستا بەڕێوەبەری گشتی هەرێم هاتە سەرجەم دامودەزگاكانی سنوری پارێزگای سلێمانی، كەهاتە لای ئێمە خۆی گەیشتە ئەو بڕوایەی ئەوەی ئێمە دەیكەین كارێكی زۆر گەورەیە، پاشانیش ئەم بەڕێوەبەرایەتیە غەدرێكی زۆری لێكراوە، بەڵێنیشی پێ داین كە هەرچی كەموكوڕیمان هەیە بۆی بەرز بكەینەوە بۆ ئەوەی بۆمان بەرز بكاتەوە، ئێمەش لەئێستا لیژنەیەكمان پێكهێناوە بۆ ئەو بابەتە".
 


 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com