لە كۆیە چەند ساڵێكە كۆمەڵگا شوقەیەك دروسـتــــكـراوە، بـەڵام دابــــــــەش نــــاكـرێـت  

 

 

سڤیل: شوان سدیق



زیاتر لە سێ ساڵە پرۆژەیەكی یەكەی نیشتەجێبوون لەناوچەی دەشتی قەزای كۆیە تەواو بووە، بەڵام تا ئێستاكە لەو یەكەی نیشتەجێبوونانەی كە بۆ هاوڵاتیان دروستكراون، تەنیا 5 تا 8 ماڵی تێدا نیشتەجێكراوە، سەرۆكی شارەوانی بە باشی دەزانێت دەست بەدابەشكردنی ئەو شوقانە بكرێ و قائمقامیش دەڵێت "ئەو شوقانە تایبەتن بەفەرمانبەرانی تەندروستی، بۆیە ناكرێت بەزووی هەموویان دابەشبكرێن".
لەسەردەمی كابینەی پێنجدا، لەشاری كۆیە پرۆژەیەكی یەكەی نیشتەجێبوون تەواو بووە، بەڵام تا ئێستاكە چەند ماڵێكی كەمی تێدا نیشتەجێكراوە و شوقەكانی تریش بەبەتاڵی ماونەتەوە، ئەو كۆمەڵگا شوقەیە كە لەلایەن كۆمپانیای بانەری توركی ئەركی تەواوبوونی پێسپێردراوە، كە پێكهاتووە لە 3 باڵەخانەی گەورە و هەر باڵەخانەیەكیش 12 ماڵی تێدانیشتەجێ دەكرێت، لەئێستادا نزیكەی سێ ساڵە تەواو بووە، بەڵام ئەوەی دەبینرێت، تەنیا 5 تا 8 ماڵی تێدا نیشتەجێكراوە. هاوڵاتیەكی دانیشتووی ئەو شوقانە دەڵێت "ئێمە ئەوە بۆ ساڵێك زیاترە ئەم شوقەیەمان وەرگرتووە، بەڵام لە دوای ئێمە تا ئێستاكە ئەوەی بینیومانە دابەشكردنی راگیراوە و شوقەكانیش بەتاڵن".
سەرۆكی شارەوانی قەزای كۆیە بە باشی دەزانێت ئەو شوقانە هەروا بە بەتاڵی نەمێننەوە، چونكە خەڵكێكی زۆر پێویستیان بەشوێنی نیشتەجێبوونە، هیمداد محەمەد سەرۆكی شارەوانی كۆیە بە (سڤیل)ی گوت "هەرچەندە دابەشكردنی ئەو شوقانە لە ئەستۆ و ژێر دەسەڵاتی مندانییە، بەڵام ئەگەر بەدەستی منیش بوایە ئەوا بەدڵنیاییەوە دابەشم دەكرد، چونكە خەڵك پێویستی بە شوێنی نیشتەجێبوونە و ئەو شوقانەش بۆچی بە بەتاڵی بمێننەوە؟".
چاپوك عومەر مستەفا قائیمقامی كۆیە، هۆكاری دابەشنەكردنی ئەو شوقانەی بۆ (سڤیل) روونكردەوە و لەسەرەتادا گوتی "ئەو شوقانە لەسەردەمی من دروستنەكراون، بەڵكو پێشتر دروستكراون، لەبەرئەوە ئەوەندەی من بزانم ئەو شوقانە كۆمپانیای بانەری توركی دروستیكردون، ئێستاكەش دراوە بەبەڕێوەبەری گشتی تەكنیكی لەكۆیە"، قائیمقامی ئەو شارە دواتر گوتیشی "دوای ئەوەی ئەو شوقانە تەواوكراون، ئێستا تایبەت كراون بە پزیشك و كارمەندانی تەندروستی، بەڵام خۆ تەندروستیش بەجارێ هەمووی دابەش ناكات، ئەوە كاتی دەوێت و بۆ زەروریە زیاتر".
هاوڵاتیەكی تری ئەو شوقانە كە سودمەندبووە، ئەو هەرچەندە خۆی فەرمانبەری حكومیە، بەڵام سودمەندبوونی لەو شوقانە بۆ خۆی و هاوسەرەكەی دەگەڕێنێتەوە، چونكە هەردووكیان فەرمانبەری حكومین، ئەو دەڵێت "ئێمە دەمێكە لەگەڵ چەند ماڵێكی تر ئەم شوقانەیان پێداوین، چونكە فەرمانبەرین، بەڵام تا ئێستاكە وەك پێویست خزمەتگوزاری تێدانییە، بەڵام لەكاتێكدا ئێستا حكومەت خەریكە رۆژانە پێداویستی ناوماڵ بۆ شوقەكانی تر دێنێت.
لەبەرامبەر قسەی ئەو هاوڵاتیەی ناوشوقەكانی دەشتی كۆیە چاپوك عومەر قائمقامی ئەو شارە گوتی "خەڵك لەخوای ئەوێت شوقەی بەربكەوێت، بەخوا هیچ لەدەستی ئێمەدا نییە، ئەگەر ئەوان بیانەوێت تاقمە قەنەفە و كەلوپەلی ناوماڵیشیان بۆ ببەین، ئەوە لەدەسەڵاتی ئێمەدا نییە و شتی وانابێت، بەڵام شوقەكان لەخزمەتگوزاری ئاو و كارەبا بێبەش نین".
كۆیە لەرووی ئیدارییەوە سەر بە پارێزگای هەولێرە، بەڵام لەسەردەمی دووئیدارەییدا ماوەی چەند ساڵێك خرابووە سەر ئیدارەی سلێمانی و لەئێستادا رێژەی دانیشتوانی سەر بەو قەزایە نزیكەی 100 هەزار كەس دەبێت، بەگوتەی قائیمقامی شارەكە رێژەی دانیشتوانی ناو ئەو قەزایە "52 هەزار كەسە"و شاری كۆیەش یەكێكە لە شارە دێرینەكانی كوردستان و عێراق و بە یەكێكیش لەقەزا كۆنەكانی كوردستان دادەنرێت.
قائیمقامی كۆیە، چاپوك عومەر لەگەڵ ئەو بۆچوونە هاوڕایە كە شاری كۆیە لەپێشتردا بەهۆی دوو ئیدارییەوە پەراوێز خراوە، كە ئێستا رەنگدانەوەی بەسەر ناوچەكەیانەوە دیارە، چونكە "بەهۆی بوونی دوو ئیدارەییەوە، كۆیە بە بەراورد بە شارەكانی تر وەك پێویست كار و پرۆژەی ئاوەدانی پێنەگەیشتووە، بەتایبەتی پرۆژەكانی تایبەت بەچارەسەركردنی شوێنی نیشتەجێبوون"، قائمقامی كۆیە ئەوەشی گوت "چاوەڕێین لە ئەولەویەتی داهاتووی كارەكانی حكومەتدا، كۆیە پرۆژەی خزمەتگوزاری زیاتر بەخۆوە ببینێت، چونكە ئێستا هاتۆتەوە سەر پارێزگای هەولێر".
 


 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com