زێرەڤانی ئەو سوپایەی بەبەڵێن راگیراوە  

 

 

"بەشێك لەهێزەكانی زێرەڤانی دەخرێنە سەر میلاكی پۆلیسی نیشتیمانی عێراقی"

سڤیل: هەولێر



ئەوان كۆمەڵێك پێشمەرگەی زێرەڤانی بوون، ئێوارەیەك دوای گەڕانەوەیان بەمۆڵەت لەسەربازگەی فیشخابوور، لەبەردەم یەكێك لەدوكانەكانی كۆمەڵگەی كەسنەزان وەستابوون و باسی ئەو موژدەیان دەكرد، كە بەرپرسەكانیان پێیاندابوون، گوایە "دەخرێنە سەر پۆلیسی نیشتیمانی عێراقی"، وەك پیشەیی هەمیشەییان گەشبین بوون بەو بڕیارە و پێیانوابوو "ئیتر ژیانیان بەرەو باشی دەگۆڕێت"، بەڵام بەرپرسانی فەرماندەیی زێرەڤانی و وەزارەتی ناوخۆ، ئەو هەوڵەیان بەسەرنەكەوتوو وەسف دەكەن، ئەندامێكی پەرلەمانیش پێیوایە، هەرگیز ئەو هێزانە ناخرێنە سەر پۆلیسی نیشتینمانی عێراقی.
پێشمەرگەكانی زێرەڤانی، كە سەر بەپارتی دیموكراتی كوردستانن، لەدوای رووخاندنی رژێمی بەعسەوە فەرماندەییەكیان بەناوی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانییەوە بۆ دامەزرا، ئەوكات فەرەیدوون جوانڕۆیی ئەندامی سەركردایەتی و بەرپرسی ئێستای لقی 12ی پارتی فەرماندەیی دەكردن، بەڵام دوای ماوەیەك عەزیز وەیسی بانی بوو بەفەرماندەی فەرماندەیی زێرەڤانی و هەتا ئێستاش هەر لەو پۆستەدا ماوەتەوە، پێشمەرگەكانی ئەو هێزە سەربازییە، باس لەوە دەكەن، هەمیشە بەبەڵێن پێدان، بڕوایەكیان لا دروست دەكەن، كە لەداهاتوویەكی نزیكدا ژیانیان دەگۆڕێت و بەرەو باشی دەچێت، یەكێك لەو پێشمەرگانەی كە لەسەرەتای دامەزراندنی ئەو هێزەوە پێشمەرگەیە، لەبەر ئیجرائاتی سەربازی پێیباش نەبوو ناوی خۆی بهێنێت، گوتی "ئێمە لەسەرەتاوە تا ئێستا بەڵێنمان پێ دەدەن، ئەم مانگە نا مانگێكی تر موچە زیاد دەكرێت و ژیانمان باش دەكرێت، بەڵام تا ئێستا هیچ شتێك لەجێگەی خۆی نەگۆڕاوە"، ئەو پێشمەرگەیە كە ئێستا لەسەربازگەی فیشخابوور لەنزیك زاخۆ مەشقی سەربازی دەكات، گوتی "لەدوابەڵێنی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانیدا، كاتێك بەرپرسانی رۆشنبیری و راگەیاندنی فەرماندەیی كۆبوونەوەیان لەگەڵدا كردین، پێمانوترا ئێوە لەم نزیكانەدا دەخرێنە سەر پۆلیسی نیشتیمانی عێراق و ژیانتان باش دەبێت، ئێمەش وەك هەمیشە باوەڕمان كردووە و هەموو پێشمەرگەكان دڵیان بەو بەڵێنە خۆشە".
پێدانی ئەوجۆرە بەڵێن و مژدانە رەنگە لەرووی دەروونییە كار لەسەر مرۆڤ بكات و ئومێدێكی پێببەخشێت، بەڵام ئەو جۆرە بەڵینانە، رەنگە كاریگەرییەكی كورتمەودایان هەبێت، عەمید ئازاد حەوێزی، بەرپرسی بەشی رۆشنبیری و راگەیاندن لەفەرماندەیی زێرەڤانی، جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، كە بەشێك لەهێزەكانی زێرەڤانی دەخرێنە سەر پۆلیسی نیشتیمانی عێراقی، گوتی "ئەوە پرۆژەیەكە و دراوە بەحكومەتی عێراقی و بڕیارە لیژنەی بۆ دروست بكرێت، چونكە رێكەوتنێك بووە لەنێوان سەركردایەتی سیاسی كورد و حكومەتی عێراق، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێكی بۆ نەنراوە"، عەمید ئازاد رەتی دەكاتەوە ئەوان بەڵێنیان بەپێشمەرگەكان دابێت "ئێمە لەكۆبوونەدا باسی ئەو هەوڵەمان كردووە و وتوومانە حكومەتی عێراق بەڵێنی داوە بەشێك لەهێزی پێشمەرگە بخاتە سەر پۆلیسی نیشتیمانی، بەڵام بەڵێنمان نەداوە بەپێشمەرگە، چونكە ئەوە هەوڵی فەرماندەیی زێرەڤانی نییە و هەوڵی سەركردایەتی سیاسی كوردە".
عەزیز وەیسی بانی فەرماندەیی فەرماندەیی زێرەڤانی، رەتی دەكاتەوە تا ئێستا هیچ زانیارییەكیان پێگەشتبێت، بۆ رازیبوونی حكومەتی عێراقی، كە پێشمەرگەكانی زێرەڤانی بخرێتەسەر پۆلیسی نیشتیمانی، لەبارەی ئەو بەڵێنانەش كە بەپێشمەرگەكانیان داوە گوتی "ئێمە ئەگەر شتێك لەناوخۆ باس بكەین، شتی ترە و ئەگەر بۆ راگەیاندنیش باسی بكەین شتێكی ترە، دەبێت لەدوای تەواوبوونی بڕیارەكان لێدوان بدەین، ئەوكاتیش ئێمە ناتوانین باسی بكەین و دەبێت وەزارەتی ناوخۆ باسی بكات، من دەسەڵاتی ئەوەم نییە كە باسی ئەو بابەتە بكەم".
فایەق تۆفیق بریكاری وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، ئاماژەی بەوەدا كە ئەو داوایەی حكومەتی هەرێم دەگەڕێتەوە بۆ رابردوو، گوایە حكومەت هەرێم داوای لەبەغدا كردووە، هێزەكانی زێرەڤانی لەرووی موچە و پێداویستییەكانییانەوە بخرێنە سەر پۆلیسی نیشتیمانی عێراقی، بەڵام وەك ئەو ئاماژەی پێدا "ئەوان هیچ رەزامەندییەكیان نەنواندووە"، فایەق گوتیشی "ئەو كات نوێنەری بەغدا و نوێنەری ئەمریكییەكان هاتن و ئێمەش ئەو داوایەمان لێكردن، ئەوان گوتیان ژمارەی هێزەكانی زێرەڤانی زۆرە، چونكە ژمارەیان نزیكەی 30 هەزار پێشمەرگە دەبێت، بۆیە تا ئێستا بەفەرمی لەبڕیارێكی وا ئاگادار نەكراوینەتەوە".
نەریمان عەبدوڵڵا كە ئەندامی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێییەكانی پەرلەمانی كوردستانە، رەتی دەكاتەوە هێزەكانی زێرەڤانی بخرێنە سەر پۆلیسی نیشتیمانی عێراقی، وتی "لەهەرێمی كوردستاندا شتێك نیە بەناوی پۆلیسی نیشتیمانی، ئەگەر مەبەستییان پۆلیسی نیشتیمانی عێراق بێت، هەرگیز شتی وا نابێت و پێشمەرگەی زێرەڤانی ناخرێتە سەر ئەو بەشە، چونكە یاسای عێراقی دەڵێت دەبێت هەموو هەرێمەكان هێزی تایبەت بەخۆیان هەبێت و وەزارەتی ناوخۆییان هەبێت، بۆیە ئەوان ئامادە نین بەهیچ شێوەیەك ئەو موچەیە بدەن".
 


 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com