|
تا
ئێستا بڕی 21 ملیار و 60 ملیۆن دینار وەك موچە
دراوە بە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاكان،
كەچی یاساشیان نییە
سڤیل: رێبوار رەزا چوچانی
هەرێمی كوردستان لەهەر سێ پارێزگای (هەولێر،
سلێمانی، دهۆك) پێكدێت، هەر یەك لەم شارانە،
بەپێی یاسای برێمەری حاكمی پێشووی ئەمریكا
لەعێراق، ئەنجومی پارێزگایان هەیە، كە رۆڵی
پەرلەمانی پارێزگاكان دەبینێت، هەرچەند
ئەندامانی ئەو ئەنجومەنانە، موچەی مانگانەیان
هەیە و موچەی هەر ئەندامێك دەگاتە بڕی سێ
ملیۆن دینار، بەڵام جگە لەپارێزگای سلێمانی،
ئەنجوومەنەكان بە سڕكراوی ماونەتەوە.
ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێم، وەك باس دەكرێت
تا ئێستا نەیانتوانیووە كارەكانییان جێبەجێ
بكەن، ئەمەش وایكردووە كە ئەو ئەنجوومەنانە بە
نائەكتیڤی ماونەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا تا ئێستا
بڕی (21) ملیار و (60) ملیۆن دینار، وەك موچە
دراوە بە ئەندامانی ئەو ئەنجومانە، كە
ژمارەیان دەگاتە (117) ئەندام، چونكە هەر یەك
لەو ئەنجوومەنانە (39) ئەندامیان هەیە و هەر
ئەندامێك بڕی (3) ملیۆن دینار موچەی
مانگانەیەتی و ئەو موچەیەش موچەی بەڕێوەبەرە
گشتییەكانە، ساڵانە موچەی هەریەك لەو
ئەندامانە دەگاتە بڕی (36) ملیۆن دینار، هەر
یەكەیان لەماوەی (5) ساڵەكەدا بڕی (180) ملیۆن
دیناریان وەرگرتووە، موچەی هەر (117)
ئەندامەكەی هەرسێ ئەنجومەنەكە پێكەوە، لەماوەی
مانگێكدا دەگاتە بڕی (351) ملیۆن دینار و
لەماوەی ساڵێكیشدا دەگاتە بڕی (4) ملیار و
(212) ملیۆن دینار، لەماوەی هەر (5)
ساڵەكەشدا، موچەكەیان دەگاتە بڕی (21) ملیار و
(740) ملیۆن دینار. ئەمە جگە لە مووچەی سێ
پارێزگار و سێ جێگرەكانیان كه ئەوانیش لەسەر
ئەندامانی ئەنجومەن حیساب دەكرێن و بەوانەوە
ژمارەی هەر ئەنجومەنێك 41 ئەندامە.
ئەمە لەكاتێكدایە كە ئەم ئەنجوومەنانە، جگە
لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە سڕكراوی
ماونەتەوە، ئەحمەد شادی، ئەندامی ئەنجومەنی
پارێزگای سلێمانی بە (سڤیل)ی راگەیاند،
ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی هەندێك دەسەڵاتی
هەیە "كە سنوردارە"، بەڵام بە وتەی ئەو
"لەهەولێر و دهۆك ئەنجومەنەكان هیچیان نەكرد"،
ئەحمەد شادی ئەوەشی ئاشكرا كرد، حكومەتی هەرێم
مانگانە بڕی (500) هەزار دینار لەموچەی
ئەندامانی ئەنجومەن دەبڕێت و "بۆ خۆی
دەیخوات"، گوتی "ئێمە جگە لەموچەكانمان، هیچ
ئیمتیازاتێكی ترمان نییە، كە لەموچەشدا
جیاوازیمان هەیە لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی
پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی، چونكە ئێمە
مانگانە (140) هەزار دینارمان لێ دەگێڕنەوە بۆ
خانەنشینی، جگە لەوەش هەموو مانگێك حكومەتی
هەرێم بڕی (500) هەزار دینار دەگێڕێتەوە و
دەیخوات، چونكە ئەندامانی ئەنجومەنی هەموو
پارێزگاكانی عێراق، مانگانە (3) ملیۆن و (500)
هەزار دینار موچەیانە"، بەپێی زانیارییەكانی
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بێت،
حكومەت مانگانە بڕی (58) ملیۆن و (500) هەزار
دینار، لەموچەی هەر (117) ئەندامەكەی
ئەنجومەنی پارێزگاكان دەگێڕێتەوە بۆ خەزێنەی
خۆی.
قاسم عەزیز سەرۆكی لیستی (109)ی یەكێتی
نیشتیمانی لەئەنجومەنی پارێزگای هەولێر،
لەلێدوانێكدا بۆ (سڤیل)، تیشك دەخاتە سەر ئەو
كەموكوڕییانەی كە تا ئێستا لەكاری
ئەنجومەنەكەیاندا هەن و ئەو ئەنجومەنەش بە "نا
ئەكتیڤ" ناو دەبات، قاسم گوتی "لەماوەی ئەم
(5) ساڵەدا كە ئێمە هەڵبژێردراوین، بە
هەموویەوە تا ئێستا نەمانتوانیووە (10)
كۆبوونەوە بكەین، بەڵام لەسەرەتای ساڵی (2008)
توانیمان هەندێك لیژنە دروست بكەین، ئەو
لیژنانەش وەك پێویست كارا نەبوون، هۆكاریش
ئەوەبوو كە یاسایەك نەبوو بۆ ئەنجومەنی
پارێزگاكان".
قاسم، ئۆباڵی ئەو كەمتەرخەمییانە دەخاتە
ئەستۆی پەرلەمان و هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار
لەهەرێمی كوردستان، گوتی "ئێمە كە
نەمانتوانیووە كار بكەین، كێشەكە لەسەرووی
ئێمەوە بووە و لەپەرلەمان بووە، كە یاسایەكی
دانەنا تا كاری پێبكەین، كێشەكە لەسەرووی
ئەوانیشەوە بووە و پەیوەندی بە پارتی و
یەكێتییەوە هەیە و ئەوان بەرپرسیارن لە
نائەكتیڤی ئێمە".
لەبەرانبەریشدا، فازل عومەر سەرۆكی ئەنجومەنی
پارێزگای دهۆك، پارتی و یەكێتی بە "نوێنەری
بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان" ناو دەبات،
پێیوایە هەردوو حیزبە دەسەڵاتدارەكە "بۆ
بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان كار ناكەن"، گوتی
"پارتی و یەكێتی لەشوێنی ترەوە نەهاتوون،
بەڵكو پارچەیەكن لەو كوردستانە و خەڵكی
كوردستانن، بۆیە من لەگەڵ ئەو بۆچوونەدا نیم،
كە حیزبی سیاسی لەكۆمەڵگا جیابكرێتەوە و
ئەوانیش بە هۆكار بزانرێت"، فازل پێیوایە
"ئەنجومەنەكان كاریان كردووە و نائەكتیڤ
نەبوون"، گوتی "پارێزگار و جێگرەكەشی
هەردووكیان ئەندامی ئەنجومەنن، بۆیە ئەوان هەر
كارێكیان كردبێت، هەر بە كاری ئێمە حساب
دەكرێت".
ماوەی (5) ساڵە ئەندامانی ئەنجومەنی
پارێزگاكان، هەڵبژێردراون و تا ئێستاش وەك
ئەنجومەنێكی چاودێری لەپارێزگاكاندا
نەیانتوانییوە رۆڵی خۆیان بگێڕن، بەڵام وەك
لەماددەی (6)ی بەشی (3)ی یاسای ژمارە (4)ی
ساڵی (2009)ی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی
پارێزگاكاندا هاتووە، سیستەمی لیستی داخراو بۆ
هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا و قەزا و
ناحییەكان پەیڕەو دەكرێت، لەبڕگەی دووەمی
ماددەی حەوتەمیشدا، ئاماژە بەوە دراوە
لیستەكان بەشێوەیەك رێكدەخرێن، رێژەی ژنان
(30%)كەمتر نەبێت.
لەلێدوانێكیشدا بۆ (سڤیل)، فەرەج حەیدەری
سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان
لەعێراق، تا ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان،
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی
عێراقیان ئاگادار نەكردۆتەوە، بۆ ئامادەكاری
بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، كە بڕیار
بوو لەمانگی (10)ی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت، بۆیە
وەك ئەو گوتی "پێموایە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی
پارێزگاكانی هەرێم دوا دەكەوێت".
لەلایەكی ترەوە، عومەر نورەدینی ئەندامی
پەرلەمانی كوردستان، نائەكتیڤی ئەنجومەنی
پارێزگاكان بە "رێژەیی" ناو دەبات، پێیوایە
ئەو حاڵەتەش پەیوەندی بە ئەندامانی
ئەنجومەنەكانەوە هەیە، پێشیوایە ئەو
نائەكتیڤییە كار ناكاتە سەر خانەنشینبوونیان،
چونكە وەك قاسم عەزیز سەرۆكی لیستی (109)ی
یەكێتی لەئەنجومەنی پارێزگای هەولێر گوتی
"ئێمە هەموومان خانەنشین دەكرێین". عومەر
نورەدینی گوتیشی "وەك پرەنسیپ ئەگەر بەباش
نەزانرا، ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاكان
خانەنشین بكرێن، ئەوە دیسانەوە دەبێت یان
لەناو ئەنجومەن پرۆژە یاسایەك پێشكەش بكرێت،
یان بۆ هەمواركردنەوەی ئەو بڕگەیە
ئەنجومەنەكان خۆیان پرۆژەیەك پێشكەش بكەن، یان
پرۆژە یاسایەك لەلایەن حكومەتەوە بێت بۆ
پەرلەمان، بۆیە بەو سێ حاڵەتە دەتوانرێت ئەو
بڕگەیە چارەسەر بكرێت".
|