لە دهۆك 16 هەزار كەس مووچەی خانەنشینی وەردەگرن  

 

 

سڤیل، تایبەت:




بەگوێرەی یاسا و مەرجی خانەنشینبوون، هیچ فەرمانبەرێك لەمووچەی خانەنشینی بێبەهرە نابێت، ئێستا نزیكەی (16) هەزار كەس مووچەی خانەنشنیی لەشاری دهۆك وەردەگرن و لەوانەش 8500 كەس میراتگرن، بەم دواییانە ملیارێك دینار لەسەر مووچەی خانەنشینی زیادكراوە، نزیكی 40 كەسی لەدەرەوەی یاسای خانەنشینە، لەبەرئەوەش سزا دەدرێن.
ئازاد محەمەد مەمدوحی بەڕێوەبەری خانەنشینی شاری دهۆك لەسەر مەرجەكانی خانەنشینكردن بۆ (سڤیل) گوتی، "هەر فەرمانبەرێك مافی خانەنشینكردنی هەیە، ئەو فەرمانبەرانەی دەخوازن خۆیان خانەنشین بكەن، دەبێ لە 15 ساڵ زیاتر خزمەتیان هەبێ و تەمەنیان لە50 ساڵ كەمتر نەبێ، بەپێی خواستی خۆی ئەگەر تەمەنی بگاتە 63 ساڵیش، دەبێ خانەنشین بكرێت. لەو كاتەشدا ئەگەر خزمەتی ئەو لە 15 ساڵ كەمتر بوو، ئەوكاتە تەنیا مافی وەرگرتنی پاداشتی بەدوو مانگ خزمەت وەردەگرێ". بەڕێوەبەری خانەنشینی دهۆك لەسەر ئەو كەسانەی كە بەر لەتەواوبوونی ئەو ماوەیەی دیاریكردووە، تووشی نەخۆشیەكی گران بێن، یا ئەگەر لەو كاتەدا كۆچی دوایی بكەن، ئەوان هیچ مافی خانەنشینبوونیان هەیە؟، بۆ سڤیل گوتی "ئەگەر كەسێك چووە بەر دڵۆڤانی خودا و بەپێی یاسای خانەنشینی ئەو خزمەتەیان نەبێ و لەدامودەزگایەكی حكوومیش دامەزرابێ، ساڵی خزمەتی بۆ زیاد دەكرێت، تادەگاتە 15 ساڵ، تا خێزانی ئەو كەسە بتوانێ مافی وەرگرتنی مووچەی خانەنشنی هەبێ، ئەگەر تووشی نەخۆشیەكی گران بوو و توانای كاركردنی نەما، ئەگەر تا تەمەنی 75 ساڵیش نەخۆشی ئەو كەسە درێژەی كێشا، ئەوكات دەتوانێ راپۆرتی پزیشكیی خۆی نیشان بدات و بەپێی یاسای خانەنشینی دەتوانێ مووچەی خانەنشینی وەرگرێت".
لەسەر ئەوەی بۆچی فەرمانبەران پێیان خۆش نییە بێنە خانەنشینكردن، ئازاد محەمەد هۆكارەكەی روونكردەوە كە شوێنێكی تایبەت نییە، كە ئەو كەسانەی پێشتر فەرمانبەر بوونە، بتوانن كاتەكانی خۆیانی تێدا بەسەر ببەن، لەلایەكی تر پێیوایە ئەگەر كەسێك فێری كاركردن بوو، زۆر ئەستەمە بتوانی بێكار بژی، لەبەرئەوەشە زۆربەی فەرمانبەران حەز ناكەن، خۆیان خانەنشین بكەن، هەتا كارێكی تر بۆ خۆیان پەیدا نەكەن، ئەوكاتەش تەمەنی وان نزیك دەبێتەوە بۆ خانەنشینی، ئەوا یەكسەر كارێكی تر بۆ خۆیان پەیدا دەكەن. "چونكە كاركردن باشترە لەدانیشتنی چایخانەكان و سەرشۆستەكانی شار".
لەبارەی ئەو كەسانەی كە وەك میراتگر مووچەی خانەنشینی وەردەگرن، بەڕێوەبەر گوتی "(8500) كەس لەدهۆك وەك میراتگر مەعاش وەردەگرن، لە كۆی ئەو 16 هەزار كەسەی كە خانەنشین كراون".
لەبارەی دابەشكردنی ساڵانە، كە هەموو سەری ساڵێك ئەنجام دەدرێ، ئازاد محەمەد گوتی، ئەم ساڵ ئێمە زۆر پێداگیریمان لەسەر ئەوە كرد، ئەو كەسانەی خاوەنی مووچەی خانەنشینین، بێنە دیاریكردن و ئەو كەسانەی كە زۆر پەككەوتوون و لەنەخۆشخانەكانیش ئێمە فەرمانبەری بەڕێوەبەرایەتیی تایبەتی خۆمان دەناردە ماڵ و نەخۆشخانەكان، تا سەرساڵانە بەشێوەیەكی راست و دروست بێتە دابەشكردن.
بەڕێوەبەری خانەنشینی دهۆك هەروەها گوتی، تائێستا هیچ بەدواداچوونێكی یاسایی لەسەر ئەو كاسانە نەكراوە، بەڵام ئەمساڵ هەوڵدەدەین، ئەو كەسانە بێنە سزادان و سەرجەمی ئەو كەسانە نزیكی 40 كەس دەبن، كە خودانی موچەكان چوونەتە بەر دلۆڤانی خودا و كەفیلی ئەو كەسانە موچەكەیان وەرگرتووە، تائێستا ئێمە تەنیا مەعاشی ئەو كەسانەمان راگرتووە، بەڵام لەرێگەی یاساشەوە لەسەر ئەو كەسانە بەدواداچوون دەكەین.
لەسەر جیاوازی مووچەی خانەنشینی لەنێوان وەزارەتەكاندا، بەتایبەتی ئەو كەسانەی بەر لەساڵانی 91 خانەنشین كراون، بەڕێوەبەری خانەنشینی دهۆك گوتی، ئەو كەسانەی بەر لەساڵی 91 خانەنشین كراون، ئەوە مووچەی خۆیان بەشێوەیەكی ئاسایی وەردەگرن، تەنیا ژمارەی رەگەزنامەكانیان جیاوازە و هەموو فەرمانبەری وەزارەتەكان وەك یەك خانەنشین دەكرێن، تەنیا ئەگەر پۆلیسی وەزارەتی ناوخۆی تێدا نەبێ، چونكە پۆلیس دوای خانەنشینی 80%ـی موچەكە و دەرماڵەكەیان وەردەگرنەوە.
لەكۆتاییدا بەڕێوەبەری خانەنشینی شاری دهۆك باسی ئەوەیشی كرد، كە مووچەی ئەو كەسانەی لەو دواییانەدا خانەنشین كراون، هەر كەسێك 70 هەزاری بۆ زیاد كراوە، ئەو كەسانەی وەك میراتگر یا خێزانی خانەنشینكراوەكانن، ئەگەر زیاتر لەیەك كەس بێ، ئەوا 52 هەزاری لەسەر زیاد دەكرێت و ئەگەریش یەك كەس بێ، 42 هەزارە، بەڵام ئەگەر مووچەی ئەو كەسانە دوای ئەوەی زیاد دەكرێ، نەگاتە 200 هەزار و دووبارە زیاد بكرێت، ئەوا دەبێ كەمبكرێتەوە، چونكە رێژەی مووچەی خانەنشینی بەهەموو زیادكراوەكانیش لەبەڕێوەبەرایەتی گەیشتۆتە ملیارێك دینار.
 


 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com