لەمزگەوتی (حاجی قەرەنی) شاری هەولێر دوو پێشنــــوێــــژ و وتــــــــارخوێن دامــــەزراون  

 

 

"نوێشكەرانی مزگەوتی حاجی قەرەنی وەكو جەمــــاوەری بەرشــــلۆنە و ریال مەدرید وان"

سڤیل: زیاد ئیسماعیل




لەمزگەوتی (حاجی قەرەنی) لەشاری هەولێر، دوو مامۆستای ئاینی بەیەك ناونیشان دامەزراون، خەڵكی گەڕەكەكەش ئاماژە بەوە دەكەن، كە جەماوەری خوتبەی رۆژانی هەینی هەردوو مامۆستاكە، وەكو جەماوەری هەردوو یانەی بەرشلۆنە و ریال مەدریدی ئیسپانی دابەش بوونە و هەریەكەیان چاوەڕوانی رۆژی یاری تیپەكەی خۆی دەكات، هاوكات بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی ئەوقافیش، حاڵەتەكە بە شتێكی ئاسایی و نۆرماڵ لەكوردستان وەسفدەكات و دەڵێت "ئێمە مزگەوتێكمان هەیە لەگەڕەكی بەختیاری شاری سلێمانی 6 ئیمام و خەتیبی هەیە! چەندین مزگەوتی دیكەشمان هەیە چوار مەلا و پێنج مەلایان هەیە، دوو مەلا چییە؟!".
دوای ئەوەی سەردانی مزگەوتی (حاجی قەرەنی)مان لەگەرەكی (شەهیدان)ی پشت نەخۆشخانەی رزگاری، لەشاری هەولێر كرد، سەرەتا چووینە لای یەكێك لەمەلاكانی ئەو مزگەوتە بەناوی (مەلا جەمیل)، بەڵام مامۆستا بەبیانووی ئەوەی تاقیكردنەوەی دەرەكی هەیە، ئامادە نەبوو هیچ شتێك لەبارەی خۆی و وتارەكانی و مزگەوتی ناوبراو بڵێت، بۆ رۆژی دواتریش لەپەیوەندیەكی تەلەفۆنی لەگەڵیدا، بڕیار درا دوای نوێژی عیشا لەمزگەوتی حاجی قەرەنی یەكتری ببینین، بەڵام دوای تەواوبوونی نوێژ، مامۆستا جەمیل بۆ جاری دووەم ئامادە نەبوو هیچ قسەیەك لەم بارەیەوە بكات و گوتیشی "من كەی مەلام؟ بڕۆن لەگەڵ مەلایەكی گەنج قسە بكەن، من چی دەزانم".
مەلا مەحمود، ئەویش مەلایەكی دیكەیە لەهەمان مزگەوت و وەك مەلا جەمیل پێشنوێژو وتارخۆێنی مزگەوتی حاجی قەرەنییە، ئەو مامۆستا ئاینییەش رەتیكردەوە، كە هیچ قسەیەك لەبارەی هەبوونی دوو مەلای پێشنوێژ و وتارخوێن كە یەكێكیان خۆیەتی، بكات.
ئەبوبەكر كاكل، خزمەتگوزارە لەمزگەوتی حاجی قەرەنی، بەهۆی دووری لەمزگەوت، بێئاگا بوو لەناوەڕۆكی زۆربەی وتارەكانی هەینی ئەو مزگەوتە، تەنها ئەوەی گوت كە نزیكەی دوومانگ دەبێت جگە لەوتارخوێن و پێشنوێژ مەلا جەمیل، بەهەمان ناونیشان كەسێكی دیكە بەناوی مەلا مەحمود لەو مزگەوتە دامەزراوە.
مامۆستایەكی بنەڕەتی لەو گەڕەكە، كە نەیویست ناوەكەی ئاشكرا بكرێت، كێشەكەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، كە چەند ساڵێك لەمەوبەر، یەكێ لەمامۆستاكان كە سەر بە حیزبێكی ئیسلامییە بۆ ماوەیەك دەسگیر دەكرێت و لەو ماوەیەش رێكخراوی حیزبی گەڕەك مەلایەكی خۆیان هێنا و دایانمەزراند، دواتر كە مامۆستا كۆنەكەش دوای چەند ساڵێك لەزیندان هاتە دەرەوە، ئەویش بەهەمان ناونیشانی جارانی گەڕێنرایەوە مزگەوتەكە، بۆیە ئێستا وەك ئەو مامۆستایە دەڵێت "ئێمە وەكو جەماوەری بەرشلۆنە و ریال مەدریدمان لێهاتووە و كەسمان كەیفی بەجەماوەری لاكەی دیكە نایەت".
هێمن زاهیر، گەنجێكی تەمەن 32 ساڵە، بەهۆی نزیكی ماڵەكەیان لەو مزگەوتە، بۆ ئەنجامدانی نوێژ و وتاری هەینی بەبەردەوامی روو لەمزگەوتی حاجی قەرەنی دەكات. هێمن باس لەوە دەكات، كە رۆژی هەینی هەیە لەرۆژی هەینی پێش خۆی قەڵەباڵغترە، چونكە وەكو ئەو دەڵێت "هەر یەكێك لەو مەلایانە جەماوەرێكی تایبەتی خۆی هەیە، كە ئەمەش بەڕادەیەك هەستی پێدەكرێت، كە هەمووان دەزانن و شاراوە نییە"، دەشڵێت "ئەو كاتەی مەلایەكی دیكەیان بۆ ئەو مزگەوتە نارد، بەلامانەوە شتێكی سەیر بوو"، هێمن ئەوەشی ئاشكراكرد كە ئەگەر هەواداری یەكێك لەو مەلایانە سرەی وتاری ئەو مەلایە نەبێت، كە حەزی پێدەكات، روو لەمزگەوتێكی دیكە دەكات، تا سرەكەی دێتەوە لەهەفتەی داهاتوو. ئەو، سەرەڕای ئەوەی بوونی یەك مەلا بەباشتر دەزانێت، گوتیشی" تائێستا لەهیچ شوێنێك شتی وام نەزانییە، بەڵام ئەوە لێرە بزانم". سەبارەت بەقسەكردنیش لەگەڵ ئەو مەلایانەی گەڕەكەكەیان لەسەر ئەم كێشەیە، هێمن دەڵێت "كەسی لەمن گەورەتر هەیە كە بچنە لایان و پێیان بڵێن، دواتر ئەوقاف خۆی بڕیارەكەی داوە".
حاجی حەوێز شەریف، تەمەنی 44 ساڵە و وەكو خۆی ئاماژەی بۆ دەكات، ماوەی 24 ساڵە، ماڵی لەنزیك مزگەوتی حاجی قەرەنییە. حاجی حەوێز لەنزیك مزگەوتی ناوبراو لەناو دوكانێك دانیشتبوو، وەكو خۆی دەڵێت "لەوەتەی ماڵم لەو گەڕەكەیە، ئەگەر سەفەرێكم هاتبێتە پێش بۆ نوێژی هەینی، دەنا هەر رووم لەو مزگەوتە كردووە"، حاجی حەوێز، بەنیگەرانییەوەش باسی لەهەبوونی دوو مەلای یەك ناونیشان كرد و گوتی "دوومانگ دەبێت ئەم مزگەوتە دوو ئیمام و خەتیبی هەیە، هەر هەفتەی یەكێكیان خوتبە دەدەن".
حاجی حەوێز ئاماژەی بەوەشكرد، كە جاران مەلا مەحمود وتاربێژ و پێشنوێژی مزگەوتی حاجی قەرەنی بووە، بەڵام دواتر لەژێر كاریگەری حیزبی و بەر لە 9 ساڵ پێش ئێستا لادراوە و مەلا جەمیل لەشوێنەكەی ئەو دامەزرێنراوە، دواتریش لەگەڵ گەڕانەوەی مەلا مەحمود، هەموو شتەكان كراوە 50 بە 50 . حەوێز باسی لەوەشكرد كە هەبوونی دوو مەلای یەك ناونیشان، كاریگەری خراپی دەبێت لەسەر ئەو كەسانەی كە روو لەو مزگەوتە دەكەن. ئەو لەكاتی قسەكردنی، دەستی دایە كتێبێكی ژیاننامەی پێغەمبەر موحەمەد (د. خ) گوتی "ئێستا ئەمن ئەو كتابە دەخوێنمەوە بەجارێك تەواو نابێت، بابەتیش هەیە بەخوتبەیەك تەواو نابێت، بۆیە بەناچاری دەكرێتە چەند وتارێك تاهەقی بابەتەكە بدرێت، بەڵام لێرە بەهۆی ئەو نیوە بەنیوەیە هیچ وتارێكی لەو شێوەیە نەكراوە"، چونكە بەبۆچوونی ئەو هاوسێیەی مزگەوتەكە، هەر مەلایەك شێوازێكی تایبەت بەخۆی هەیە و لەسەر ئەو حیسابەش خەڵكی رووی تێدەكەن. دواجار، داواكاریشی ئەوەبوو كە وەزارەتی ئەوقاف ئەو كێشەیان بۆ چارەسەر بكات.
مەریوان نەقشبەندی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی، ئاماژەی بەوەدا كە زۆر مزگەوت لەكوردستان 6 ئیمام و خەتیبیشی هەیە نەوەك دووان، گوتیشی "لەمزگەوتەكانی ئێمە ئیمام و خەتیب و خزمەتگوزار بەشێوەیەكی رێكوپێك دابەشنەكراون، بەشێوەیەكی عەشوایی دابەشكراون، ئیدی مزگەوت هەیە 10 كەسی لێیە و مزگەوتیش هەیە كەسی لێ نییە"، مەریوان نەقشبەندی گوتیشی "خۆ ئەو گرفتە بەس لەمزگەوتێك نییە، لەدەیان مزگەوتی كوردستان كێشەی ئاوامان هەیە، ئێمە زۆربەی مزگەوتەكانمان هەر ئیمام و خەتیبی نییە، 1060 مزگەوت لەكوردستان خزمەتگوزار لەرێی خودا دەچێت، پێشنوێژی و خوتبەیان بۆ دەدات".


 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com