|
سڤیل:
هێمن محەمەد
كەرتی ئاژەڵداری لە كێشەی فەرامۆشكردن و گرانی
و تای خوێنبەربووندا
جیا لە فەرامۆشكردن و كاریگەری وشكەساڵی بەسەر
كەرتی كشتوكاڵی و ئاژەڵداری، تای خوێنبەربوون
پەیدا دەبێت، شارەزایان پێیانوایە تایەكە
سنووردارە و تەنها یەك حاڵەتیش لەهاوڵاتیەكی
كوردستان بەدیكراوە.
بەپێی ئەو ئامارانەی لەبەردەستدان، ساڵ بە ساڵ
رێژەی ئاژەڵ لەهەرێمی كوردستان كەم دەبێتەوە،
هۆكارەكەش دیارە چەند ساڵێك بە هۆی وشكەساڵی
بوو، بەر لەویش ئەو ئابلۆقە ئابوریە
درێژخایەنە بوو، كە بەسەر عێراق بە هەرێمی
كوردستانیشەوە سەپا بوو، ئێستا نزیكەی سێ
ملیۆن و نیو مەڕ و بزن و 300 هەزار رەشەوڵاغ
لەهەرێمی كوردستاندا هەیە، بەبۆچونی شارەزایان
خاك و ژینگەی كوردستان بۆ بەخێوكردنی ئاژەڵ و
كشتوكاڵكردن لەبارە، كەچی ئەوەی ئێستا بۆتە
جێگای نیگەرانی خەڵك، بڵاوبوونەوەی نەخۆشی تای
خوێنبەربوونە لەنێو ئاژەڵاندا، وەزارەتی
كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و تەندروستی
هۆشیاریان بڵاو كردۆتەوە، بۆ ئەوەی رێگری لەم
نەخۆشیە بكەن.
خدر ئەحمەد كاسبكار باسی لەوەدەكرد لەوەتەی
نەخۆشی ئەنفلەوەنزەی باڵندە بڵاوبۆتەوە
خواردنی گۆشتیان كەمكردۆتەوە، لەترسی
ئەنفلەوەنزەی باڵندە مریشكی زیندوو ناكڕن و
لەترسی بەسەرچونیش مریشكی سەربڕاوی بەستوو
لەخۆیان قەدەغەكردووە، لەوەتەی باسی نەخۆشی
رەشەوڵاغیش پەیدابووە تەواوی گۆشتەكەیان لێ
حەرامبووە، خدر پێچەوانەی هەموو خەڵكی
ئاواتەخواز بوو نرخی گۆشتی سور بەرزتر بێتەوە،
چونكە بەگرانبوونی گۆشت بەلایەوە شەرم نییە
گۆشت نەكڕێت، بەڵام ناچارە لەهەفتەیەكدا جارێك
یەك كیلۆ گۆشتی سور بە 16 هەزار دینار بكڕێت.
د. خاڵس قادر بەرێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی
تەندروستی لەلێدوانێكی تایبەت بە (سڤیل)
پێناسەی نەخۆشیەكەی كرد و گوتی "پەتای خوێن
پژان نەخۆشیەكی توندی درمی ڤایرۆسی هاوبەشە
لەنێوان مرۆڤ و ئاژەڵ، بەشێوەیەكی سەرەكی
لەئاژەڵ پەتا دەنێتەوە، بەڵام گواستنەوەی
لەئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ روودەدات و حاڵەتی تاك
تاكی نەخۆشیەكە یان پەتا لەمرۆڤ دروست دەكات،
بەهۆی بەركەوتنی راستەوخۆ لەگەڵ خوێن و
شانەكانی ئاژەڵی توشبوو یان بەركەوتنی
راستەوخۆ لەرێگەی گەنە (قڕنە) نەخۆشیەكە
بەزۆری لەو كەسانە روودەدات، كە پەیوەندیان
هەیە لەگەڵ ئاژەڵ و ئاژەڵداری لەوانە
گۆشتفرۆشەكان و پزیشكانی ڤێتنەری".
بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی تەندروستی
گوتیشی "ئەم نەخۆشیە بەشێوەیەكی وەرزیی
دەردەكەوێت، بەتایبەت لەسەرەتای مانگی
حوزەیرانەوە تاكو مانگی ئەیلول، چونكە لەم
كاتانەدا چالاكی گەنە زیاد دەكات". د. خاڵس
قادر رەتیكردەوە كە ئەم نەخۆشیە بەشێوەیەكی
بەربڵاو لەهەرێمی كوردستان بڵاو بووبێتەوە، لە
لێدوانەكەیدا بۆ (سڤیل) گوتی "تەنها یەك حاڵەت
لەنێو گومانەكاندا دەركەوتووە، كەسێكە
دانیشتووی سنوری بەردەڕەشە بەمەبەستی
چارەسەركردن لەنەخۆشخانەیەكی هەولێر
خەوێندراوە".
د. میقداد ئیبراهیم بەڕێوەبەری تەندروستی
ئاژەڵ لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی سامانی ئاژەڵ و
بەیتەری، نكۆڵی لەبوونی ئەو نەخۆشیە نەكرد و
گوتی "سەرەتا لەموسڵ سەری هەڵدا، بۆ ئەم
مەبەستەش وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو
ئامادەباشی بۆ چۆنیەتی رێگەگرتن لەنەخۆشیەكە
گرتۆتەبەر، بەشێوەیەك هاتنی گۆشتی ئاژەڵ
لەموسڵ بۆ ناوەوەی هەرێم بەهەموو شێوەیەك
قەدەغەكراوە، هەروەها دەرمانی رشاندن بۆ
هۆڵەكانی ئاژەڵ بەكاردەهێنن".
دكتۆر میقداد ئیبراهیم كاتی زیادبوونی ئەو
نەخۆشیەی دیاركرد و گوتی "ئەم نەخۆشیە لەوەرزی
زاوزێ و زۆربوونی مەڕ و بزن زیاد دەكات و
دەرمانی پاككەرەوەش بۆ سەربڕخانەكان
دابینكراوە و سەربڕینی ئاژەڵ لەلاكۆڵانەكان و
گۆشتی بێ مۆر زیاتر چاودێری لەسەرە، مانگانە
10 _ 15 كەس بەهۆی سەرپێچیكردنی رێنماییەكان
سزادەدرێن و زۆرترین سەرپێچیەكانیش لەهەولێر و
سلێمانین". دكتۆر میقداد سەبارەت
بەمەترسییەكانی ئەم نەخۆشیە گوتی "رەنگە
ئاژەڵانی توشبوو كەمتر مەترسیان لەسەر بێت،
بەوەی كە بمرن، بەڵام لەحاڵەتی توشبوونیان
بەهیچ شێوەیەك نابێت سەر ببڕێت و گۆشتەكەی
بخورێت، بۆ مرۆڤیش رێژەی مردن 30%یە".
بەڵام ئەو قسەیەی دكتۆر میقداد ئەو بازرگانانە
ناترسێنێت، كە رۆژانە مامەڵە بە مەڕوماڵاتی
زیندوو دەكەن، حاجی محەمەد ساڵانێكە لەتەواوی
شارەكانی هەرێم كاری كڕین و فرۆشتنی ئاژەڵ
دەكات و تەنانەت بەبەردەوامی هاتوچۆی سنوری
ئێران دەكات، ئەو حاجیە بەپێكەنینەوە دەیگوت
"باسكردنی هەر جۆرە نەخۆشیەك چ لە رەشەوڵاغ
بێت، یان باڵندە ئەسڵ و ئەساسی نییە، ئەم
قسانەش ساردم ناكاتەوە لەهێنانی ئاژەڵ
لەدەرەوەی هەرێم". حاجی بە لەخۆرازیبوونێكەوە
گوتی "بەهیچ شێوەیەك سنورەكان كۆنتڕڵ ناكرێت،
ئەگەر بەئاسایی رێمان پێنەدەن، بەقاچاغ
دەیهێنین، جەرەب (ئاژەڵی زیندوو) رێگەی
لێناگیرێت".
ئەو سووربوونەی حاجی محەمەد لەوەوە دێت،
لەكوردستان نرخی گۆشت زۆر گرانە، داواكاریشی
لەسەر زۆرە، بەشێوەیەك كە شارەزایەكی كشتوكاڵی
لەبارەی نرخی گۆشتی سورەوە دەڵێ "ئەو نرخەی
لەكوردستان گۆشت هەیەتی، لەدونیا و هەرێمەكە
هاوشانی نییە". بوونی داواكاریش لەسەر گۆشتی
سوور وا لەچێشتخانەكان دەكات، كە گۆشتی سوور
تێكەڵ بەگۆشتی تر بكەن، یەكێك لەو خاوەن
كەبابخانەی شاری هەولێر، كە نەیویست نە ناوی
خۆی، نە ناوی كەبابخانەكەیشی ئاشكرا بكرێت،
بەنیگەرانیەوە دەڵێت "سەرجەم خواردنگەكانی
هەولێر لەبڕی گۆشتی سوری خۆماڵی گۆشتی رۆست
بەكاردەهێنن، لە هەر 50 كیلۆ گۆشتی كەباب،
تەنها دوو كیلۆ گۆشتی خۆماڵی تێكەڵ دەكرێت،
هۆكارەكەشی هەر لەبەر ئەو بەرزبوونەوەیەیە".
هاوڕێ رەشید شارەزا لەبواری ئابووری باسی
لەگرنگی كەرتی كشتوكاڵ كرد و رەخنەشی لەوە
هەبوو، كە ئەو كەرتە ئابووریە لەكوردستان
بەشێوەیەكی زانستی ناكرێت، گوتی "سامانی ئاژەڵ
بایەخێكی گەورەی ئابوری هەیە، چونكە
سەرچاوەیەكی گەورەی خۆراكە بۆ مرۆڤ لەكۆنەوە
تا ئێستاشی لەگەڵ دابێت، ئێستا سامانی ئاژەڵ
گرنگیەكی زۆری بازرگانی و خۆراكی هەیە، بۆیە
ناتواندرێت دەستبەرداری ببێت، لەكوردستان
خەڵكێكی زۆر بژێوی ژیانیان لەسەر كەرتی
ئاژەڵداریە، بەڵام بەخێوكردنەكەی بەشێوەیەكی
زانستیانە نییە، لەكاتێكدا ژینگەی كوردستان بۆ
بەخێوكردنی ئاژەڵ" لەبارە.
شارەزایانی ئابووری كەرتی كشتوكاڵ و ئاژەڵداری
بەفەرامۆشكراو وەسف دەكەن، پێیان وایە
كوردستان لەرووی خاكەكەیەوە بە پیتە بۆ
كشتوكاڵ، بەڵام ئەو هۆكارەی كە وا دەكات، ئەو
كەرتە بە دواكەوتوویی بمێنێتەوە، نەبوونی
پلانە، ئیسماعیل تاهیر مامۆستا لەكۆلێژی
كشتوكاڵی زانكۆی سەڵاحەدین لەبارەی
فەرامۆشكردنی كەرتی ئاژەڵداری دەڵێت "ئەم
كەرتە لەگەڵ كەرتی كشتوكاڵ تەواوكەری یەكترن،
هەر بایەخدانێك بەكەرتی كشتوكاڵ، بایەخدانە
بەكەرتی ئاژەڵداریش، بەڵام ئەوەی تێبینی
دەكرێت، خاكی كوردستان بۆ كەرتی كشتوكاڵ و
ئاژەڵداری لەبارە، بەڵام وەك پێویست
بەرنامەرێژی بۆ نەكراوە، بۆیە كەمی ئاژەڵ بۆتە
هۆی گرانبوونی نرخی گۆشت، یەك كیلۆ گۆشت
لەهەرێمدا، رەنگە پێوانەی بەرزی نرخی
شكاندبێت، لەهیچ وڵاتێكی دونیا هاوشێوەی
نەبێت، بۆیە پێویستمان بەپلانێكی تۆكمە و
درێژخایەن هەیە".
|