زیاتر لە 100 قوتابی لە وەزارەتی ئەوقافبە بریـــــاری تایبەت نمــــــــرەیان بۆ زیاد دەكرێت  

 

 

بــــــــەڕێـــوبەری دیـــــوانی وەزارەت رەخنە لە وەزیری ئەوقاف دەگرێت

سڤیل: شوان سدیق




بەبڕیارێكی وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئاینی، زیاتر لە 100 قوتابی لەتاقیكردنەوەی خولی یەكەمی یەكسانی بڕوانامەی زانستی بەبڕوانامەی دەرچووی شەشەمی ئامادەیی خوێندنی ئیسلامی لە وانەی جیاجا نمرەی كەمیان بەدەست هێناوە، بەبڕیارێك نمرەكانیان بۆ زیاد دەكرێت، بەڕێوەبەری دیوانی گشتیش لەو وەزارەتە رەخنە لە وەزیری ئەوقاف دەگرێت و ئەمە بە سەرپێچی یاسا دادەنێت.
بەپێی ئەو نووسراوەی دەست (سڤیل) كەوتووە، تێیدا هاتووە لەدوای لێكۆڵینەوەی ئەندامانی لێژنەی رەخنەگرتن، لە نمرە و لە دانەنانی نمرە لەسەر وەڵامی هەندێك لە دەفتەرەكانی تاقیكردنەوەی خولی یەكەمی یەكسانی بروانامەی زانستی بەبروانامەی دەرچووی شەشەمی ئامادەیی خوێندنی ئیسلامی لەئەنجامی لێكۆڵینەوە و بەدواداچون، لەكۆكردنەوەی نمرەكان و دانانی نمرە لەسەر وەڵامی ئەو پرسیارانەی كە نمرەیان بۆ دانەنرابوو، بەم شێوەیەی لای خوارەوە گۆڕانكاری بەسەر نمرەكانیان هاتووە و دەرچوونە:
لەهەمان نووسراودا ئەو قوتابیانەی كە (108) كەسن، لەو رێژەیە تەنیا حەوت قوتابیان نەبێت، بە بریاری تایبەت دەرنەچنێراون، بەڵام ئەوانی تر كە وانەكانیشان ئاشكرا كراوە، (القران الكریم والتفسیر) و (علوم القران و التجوید)، الحدیث وعلومە)، هەروەها وانەكانی (المنطق) (الصرف) هیتد. ئەو وانانەی كە ئاماژەمان پێكرد، نزیكەی 101 كەسیان نمرەیان لە نێوان (20. 28. 31. 38)ی، تێدایەی كەچی بەبریاری تایبەت، لە نوسراوەكەدا نمرەی (بەهەڵەی پێشوو) لە بەرامبەریشدا نمرەی دوای راستكردنەوەی هەڵەدا نمرەكان بەرزكراونەتەوە بۆ (50)نمرە و دەرچێنراون.
سەرچاوەیەك لەوەزارەتی ئەوقاف كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێ، رایگەیاند كە دوای ئەوەی ژمارەیەكی یەكجار زۆر لەو قوتابیانە كەوتن، بەبڕیاری وەزیر لیژنەیەك پێكهات بۆئەوەی لەو مەسەلەیە بكۆڵێتەوە، ئەوەبوو بڕیاردرا جارێكی تر وەڵامەكان سەیر بكرێنەوە، كە ئەوەش لە هیچ سیستەمێكی تاقیكردنەوەدا نەبووە، ئەگەر نارەزایش هەبێت، ئەوا تەنیا دەرەجە دانراوەكان كۆدەكرێنەوە، نەك جارێكی تر سەیری وەڵامەكان بكرێتەوە، بۆیە وەك ئەو سەرچاوەیە گوتی جەمال خزر بەڕێوەبەری گشتی دیوان دوای ئەوەی لەدەرەوەی وڵات گەڕایەوە لەسەر ئەم بڕیارە رەخنەی هەبووە و بە سەرپێچی یاسای لەقەڵەم داوە.
مەلا جەلال خەیلانی ئەندامی لێژنەی لێكۆڵینەوەكان و نوێنەری یەكێتی زانایانی ئاینی لەو لێژنەیە باس لەوە دەكات، كە پێشتر تاقیكردنەوە كراوە، بەڵام لەكۆی (250) قوتابی تەنیا (30) كەسیان دەرچوون، مەلا جەلال گوتی "ئەوەی بۆ ئەو قوتابیانە ئەنجامدراوە پێی دەڵێن تەعدیل شەهادە لە تاقیكردنەوەكاندا، بۆ ئەمەش ژمارەیەكی زۆر لەمامۆستایان ئامادەی بوون، دواتر دیار بوو لەنەتیجەكەدا لەكۆی 250 كەس تەنیا 30 كەسێك دەرچووبوون، جا ئەوانەی دەرنەچووبوون وەك عادەتێك ئیعترازیان پێشكەش بە وەزارەتی ئەوقاف كرد، بۆ ئەو مەبەستە وەزارەتیش لێژنەیەكیان پێكهێنا، منیش وەكو نوێنەرایەتیكردنی یەكێتی زانانایانی ئاینی بەشداریمكرد". ئەو ئەندامەی لێژنەكە گوتیشی "دوای دیراسەكردنەوەی ئەو گلەیی و سكاڵانە دیارە لەبەرئەوەی دەفتەرەكان زۆربوون هەڵەی زۆر كرابوو. هەڵەكانیش بەروونی دیاربوون، دەفتەری واهەبوو ئیمزا نەكرابوو، دەفتەر هەبوو نمرەی كەمتری بۆ دانرابوو، بەهەرحاڵ ئەو كۆمەڵەیە چاككرانەوە لەو نەتیجەدا نزیكەی 80 كەس هەریەكەیان سودیان لە وانەیەك وەرگرتبوو".
لەو نوسراوەدا كە وێنەیەكی دەست (سڤیل) كەوتووە بەروونی ئاماژە بەوەكراوە، لەو 108 كەسە 101 قوتابیان بە بڕیاری تایبەت واتە (قرار خاص) نمرەكانیان لە (21، 28، 31، 36) كراوە بە (50) هەر بەپێی هەمان نوسراو ئاماژە بەوەشكراوە، كە نمرەی (44،43،31،) بەرزكراوەتەوە بۆ نمرەكانی (66، 70،60).
هەرچەندە مەلا جەلال ئەندامی لێژنەكەبووە، بەڵام ئەوە رەتدەكاتەوە، كە ئەو نوسراوەی بینبێت، مەلا جەلال دەڵێت "بەراستی من نەمبینیوە كە نمرەی (28) یان (31) بكرێت، بە (50) ئەگەر شتیواش كرابێت ناگونجێت، بەڵام مومكینە (44) كرابێت بە (50). لەبەرئەوە زۆرجار هەڵەی وادەكرێت مامۆستاكە وەڵامێك ئیمزا دەكات، كە نەی بینیوە یان بەوردی نەیخوێندۆتەوە، بۆیە دواتر نمرەش بەهەڵە دادەنێت. هەمان ئەندمی لێژنەكە گوتیشی "ئەوەی كرابێت لەلایەن ئیمەوە وەكو لیژنەكە بێ بنەما نەبووە، بەڵكو لەسەر ئەو وردبینیانە بووە، كە لێكۆڵینەوەمان لەسەری كردووە نەك بێین، 28 یان 30 بەبێ بنەما بكەینە 50".
لەسەر ئەو هەڵوێستەی بەڕێوەبەری گشتی دیوان و دەرچواندنی ئەو قوتابیانە بەبڕیاری تایبەتی، (سڤیل) پەیوەندی بە جەمال خزر بەڕێوەبەری دیوان لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی كرد، بەڵام ناوبراو بەهۆكاری جیاجیا كە پەیوەست بوو بەدەرچوانی ئەو قوتابیانە ئامادەيی دەرنەبڕی هیچ لێدوانێك بۆ (سڤیل) بدات".
 


 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com