كامێراكان دەبنە چاوی هاوڵاتیان و دەزگا ئەمنییەكان، هاوڵاتیانی هەولێر و سلێمانی دەتوانن بەكامێرای چاودێری شارەكەیان كۆنتڕۆڵ بكەن  

 

 

سڤیل: شوان سدیق

بەبریارێكی وەزارەتی ناوخۆ و دەزگا ئەمنییەكانی هەولێر و سلێمانی هاوڵاتیان و خاوەن دوكان و بازاڕەكان رێگایان پێدەدرێت، كامێرای چاودێری دابنێن، بەمەستی ئاگاداربوون و چاودێریكردن لە روودانی هەر حاڵەتێكی ئەمنی و تاوان. ئاسایشی سلێمانی و پۆلیسی هەولێریش دانانی ئەو كامێرانە بۆ چاودێریكردن بۆ خواستی خەڵك دەگەڕێننەوە.
ماوەیەكە بەبریارێكی وەزارەتی ناوخۆ دەزگاكانی ئاسایشی هەولێر و سلێمانی خاوەن دوكان و ماركێتەكانیان ئاگادار كردۆتەوە، كە دەتوانن كـــــامێرا دابنێن، بۆ ئەوەی هەر حاڵەتێك روویدا تۆمار بكرێت، عەمید حەسەن نوری بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی بە (سڤیل)ی راگەیاند "ماوەی دووساڵە ئەو بڕیارەمان دەركردووە، هەموو هاوڵاتیانیشمان لێی ئاگادار كردۆتەوە، كە شتێكی باشە ئەگەر بتوانن كامێرای چاودێریكردن دابنێن، لەدوكان و بازاڕ و ماركێت و ماڵەكانیش، بۆ ئەوەی باشتر بتوانرێت كۆنتڕۆڵی هەر حاڵەتێكی تیرۆریستی یان كاری نەخوازراو بكرێت".
لەلای خۆیەوە عەمید عەبدولخالق تەلعەت بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر ئەویش ئاشكرایكرد كە ماوەی سێ مانگە بڕیارەكە لای ئەوان دەرچووە، كە هەركەس لەلای خۆیەوە دەتوانێت، لەدوكان و سۆپەرماركێت و شوێنە گشتییەكان، كامێرای چاودێریكردن دابنێن. "بەڵام ئەو بڕیارە وەك خواست و ئارەزوویەك وایە، نەك ئیجباری بێت، چونكە ئێمە زۆر لەكەس ناكەین، خەڵك بەڕەزامەندی خۆی دەتوانێت كامێرا دابنێت".
ئەو كامێرانەی بۆ چاودێریكردن بەكاردێن، لەستوونی باڵەخانە یان لەجێگا نهێنییەكان دەبەسترێت، ئەمەش بۆ ئەوەیە كە ئەو حاڵەت و رووداوانەی لەو جێگایە روو دەدەن، لەرێگای كامێراكانەوە دەتوانرێت تۆمار بكرێت، چونكە هەر كامێرایەك بەپێی جۆر و مۆدێلەكەی و بەپێی جۆری هاردەكەی دەتوانرێت، بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێك خەزن بكرێ و دواتر لێدەدرێتەوە. ئەو كامێرانەش كە لەبازاڕ و شوێنە گشتییەكان دانراون، لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانەوە چاودێری دەكرێن، محەمەد حسێن بەڕێوەبەری شاری یاری لەبازاڕی راین مۆڵ دەڵێت "ئەو كامێرانەی ئێمە دامانناون، لەلایەن ئاسایش و دەزگا ئەمنییەكانەوە چاودێری دەكرێت"، بەگوتەی بەڕێوەبەری شاری یاری لەراین مۆڵ "لەو كاتەوەی ئەوان كامێرایان داناوە، تا ئێستاكە دوو حاڵەتی دزیكردن تۆماركراون و كەسەكانیش لەرێگای كامێراكانەوە دۆزراونەتەوە".
ئەو بەڕێوەبەرە لەئیدارەی شاری یاری بازاڕی راین مۆڵ كە لەئۆفیسەكەی خۆی دانیشتبوو لەرێگای زوومی كامێراكانەوە، سەیری هاتوچۆكردنی هاوڵاتیان و ئەو كەسانەی دەكرد، كە سەردانی بازاڕەكە دەكەن، روونیشكردەوە "ئێمە لەبازاڕی راین مۆڵ جگە لەناوەوە، لەدەرەوەش دوو كامێرامان داناوە بەتایبەی لەهێڵی هاتوچۆكردن بۆناو ماركێتەكە، ئەمەش بۆ ئەوەیە كە دەتوانرێت كۆنتڕۆڵی بازارەكە بكرێت".
ئاسایش و دەزگا ئەمنییەكان، دوكاندار و خاوەن كۆمپانیاكانی تایبەت بە كامێرای چاودێرییان ئاگادار كردۆتەوە، بۆ ئەوەی باشتر بتوانن چاودێری شوێنەكانیان بكەن، ئەمەش بەبڕوای چاودێران ئەم رێوشوێنەی دەزگا ئەمنییەكان زیاتر بۆ كۆنتڕۆڵكردنە، سەفین محەمەد رەسوڵ لەكۆمپانیای جیهانی كامێرا، دەڵێت "دەزگا ئەمنییەكان بۆ خۆیان بڕیاریان دەركردووە، بۆ ئەوەی باشتر بتوانرێت كۆنتڕۆڵی هەر حاڵەتێكی نەخوازراو بكرێت"، سەفین ئەوەشی نەشاردەوە كە دەزگا ئەمنییەكان پێیان گوتوون "پێویستە كامێراكان دەبێت كامێرایەكەی باش بێ و لەجێگای باشیش دابنرێت، بەبڕوای من ئەمەش كارێكی باشە".
نرخی ئەو كامێرانەی كە تایبەتن بەچاودێریكردن، ئێستا لەبازاڕ و كۆمپانیاكان نرخەكەی گونجاوە تەنیا لە 60 دۆلارێكەوە بۆ 200 دۆلارە، گرانتریشیان هەیە لە 800 دۆلار بۆ 1000 دۆلارە. بەڵام ئەو كامێرانەی كە ئێستا لەدوكان و كۆمپانیاكان دەفرۆشرێن، هیچ سانسۆرێكیان لەسەر نییە، سەفین محەمەد لەجیهانی كامێرا ئەوەی رەتكردەوە ئەوان "كامێرا بۆ كەسێك ببەستن كە "جێگای گومان بێت"، بەڵام ئاساییە هەموو كەسێك دەتوانێت كامێرا دابنێت، تەنانەت لەماڵەكانیش".
لەگەڵ ئەوەی دەزگا ئەمنییەكان ئێستا رێگا بەهاوڵاتیان دەدەن، كامێرای چاودێریكردن دابنێن، هاوكات ماوەی چەند مانگێكیشە بەبڕیاری وەزارەتی ناوخۆ و بەچاودێری پۆلیسی هاتوچۆ و لەزۆربەی رێگا سەرەكییەكانی ناو شار و دەرەوەی شار كامێرا دانراون، بەڵام جیاوازی كامێرای هاتوچۆ لەوەدایە، كە لەسەر بودجەی حكومەتی هەرێمە، فایەق تۆفیق بریكاری وەزیری ناوخۆ ئەو جیاوازییەی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، چونكە "حكومەتی هەرێم دەسەڵاتی ئەوە نییە بە مەلاین كامێرا بكرێت، لەبەرئەوە رێگاش بەهەموو كەسێك دەدات، لەدوكان و ماركێت و ئارایشگا و نادییەكان كامێرا ببەستن".
دانانی ئەو كامێرانە بۆ چاودێریكردنی دامودەزگا و رێگا گشتییەكان بەبڕوای هەریەكە لەبەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی و بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر و ئەندامێكی لێژنەی ناوخۆ لەپەرلەمانی كوردستان، ئامانج لێی زیاتر بۆ رێگاگرتنە لە كاری (ئاژاوەگێڕی یاخود هەر حاڵەتێكی تیرۆریستی و نەخوازراو)، عەمید حەسەن نوری بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی دەڵێت "دانانی كامێرای چاودێری كاریگەری باشی دەبێت لەرووی ئەمنییەوە، چونكە ئەمە لەهەموو دونیا شتێكی باوە، لەبەر ئەوەی ئێمەش پێمان باش بووە، هەموو خەڵكمان ئاگادار كردۆتەوە، بە ئاشكراش كامێرا دابنێن، بۆئەوەی هەركەسێك تاوان یان كارێكی خراپیكرد بەبەڵگەوە دەربكەوێت، تەسەوریش دەكەم خەڵكیش پێی باش بووە".
عەمید عەبدولخالق بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر ئەویش دەڵێت "دانانی كامێرا كاریگەری زۆر باشی هەیە، چونكە ئێمە لەماوەكانی پێشتردا توانیومانە بە هۆی كامیراوە دوو كەس بە تۆمەتی دزیكردن دەستگیر بكەین، ئەمەش كارێكی باشە بۆ رێگاگرتن لە هەر حاڵەتێكی تر". ئاواز عەبدولواحید پەرلەمانتار لەلێژنەی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، ئەویش دانانی كامیرا لەلایەن هاوڵاتیانەوە بە كارێكی باش دەزانێت و دەڵێت "وەزارەتی ناوخۆ رێگا دەدات بە دانانی كامێرا بۆ چاودێریكرنی شوێنە گشتییەكان و ئەو جێگایانەی كە جێگای گومان بن، ئەمەش بۆ ئەوەیە زیاتر گەر هەر حاڵەتێك رووبدات، زووتر ئاشكرا بكرێت، لەبەر ئەوە بەكارێكی باشی دەزانم و پێموایە ئیجابیاتی لەسلبیاتی زیاترە".
 


 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com