رێكخراوی تیمی ئێم ئەی جی تەنها لە سۆران كارەكانی رادەگرێت  

 

 

كارمەندانی تیمی رێكخراوەكە لە ســــــۆران بە ئەزمونی 17 ساڵیەوە بێكار ماونەتەوە

سڤیل: محەمەد قادر




دوای 17 ساڵ كاركردن، ساڵی رابردوو تیمی سۆرانی رێكخراوی ئێم ئەی جی لەسۆران كۆتایی بەكارەكانی هێنا، ئەو كارمەندانەی لەگەڵ رێكخراوەكەدا كاریان دەكرد، بەبێكاری ماونەتەوە و لەراپۆرتێكی (سڤیل)دا، نیگەرانی خۆیان بەرامبەر حكومەت و رێكخراوەكە دەردەبڕن، بەڕێوەبەری پەروەردەی وشیاركردنەوەی مینیش، ئاماژە بەوەدەكات "پێویستە حكومەت ئەوەی لەبەرچاو بێت، كە ئەو جۆرە كەسانە پشتگوێ نەخات، بەڵكو هەڵی كاریان بۆ بدۆزێتەوە، بەپێی ئەوەی كە ئەوان شارەزاییەكی باشیان لەو بوارەدا پەیداكردووە".
ئیسماعیل محەمەد خەلیل، دانیشتووی ناحیەی دیانا دەڵێ "من لە رێكەوتی 16-8-1992 تاكو رێكەوتی 31-7-2009، لەسەرجەم بەشەكانی ئەو رێكخراوە كارم كردووە، لەكاتی كاركردنمدا بریندار بووم، بەڵام نازانم هۆكارەكەی چی بوو، كە ئەو رێكخراوە لەناكاو بانگی ئێمەی كرد و پێیان گوتین، ئیتر كارەكانمان لەدەڤەری سۆران تەواو بوو، كەچی بەپێچەوانەوە زۆربەی حەقڵەكان بەنیوەچڵی جێماون، واتە نیوەی شوێنەكان پاككراونەتەوە، هەروەها هەندێ شوێنی مێنڕێژكراو مابوون تەنها نیشانەكرابوون، بەڵام ئەوان بەبیانووی ئەوەی گوایە پارەیان نەماوە تیمی سۆرانیان راگرتووە". ئیسماعیل پێیوابوو زەرەرمەندەكان تەنها كارمەندانی ئەو رێكخراوەن، دەیگوت "ئەگەر لەسەرەتاوە دەمانزانی ئەوهامان بەسەر دێت، پەنامان بۆ كارێكی دیكە دەبرد و خۆمان وەك فەرمانبەرێك دادەمەزراند، نازانین حكومەتی هەرێم بۆچی خۆی لێ بێدەنگ كردووین".
فەتاح مستەفا، دانیشتووی قەزای سۆرانە، ئەو هاوشێوەی ئیسماعیل محەمەد نزیكەی 16 ساڵە كارمەندی ئەو رێكخراوەیە، فەتاح دەڵێ "ئەوەی جێگەی داخە، كە تا ئێستا ئەو هەڵمەتە بە كۆتا نەهاتووە، كە چەندەها ناوچەی مینڕێژكراو لەسنورەكەمان بوونیان هەیە، كەچی رێكخراوەكەی ئێمە پێیگوتین ئیتر بوودجەمان نەماوە، ئێوەش بڕۆنە ماڵەوەتان، ئەو قسەیە لەدوولاوە كاریگەری تێكردم، یەكەم پاكنەكردنەوەی تەواوی شوێنەكان لەمین و تەقەمەنییەكان بوو، كە تا ئێستاش ناوە ناوە رووداوی دڵتەزێنیان لێدەكەوێتەوە و خەڵكانێك بەو هۆیەوە دەبنە قوربانی یان كەمئەندام دەبن، خاڵی دووەم بێكارمانەوەی ئەو كارمەندانەیە، كە چەندین ساڵە لەگەڵ ئەو رێكخراوە دەست بەكارن، كە زۆربەیان كاریشیان دەست ناكەوێت، پێویستە حكومەتی هەرێم ئەو جۆرە لایەنانە لەبەرچاوبگرێت، بۆ ئەو جۆرە كارە مرۆیانە بودجەی تەرخانكراو هەبێت، لەپێناو پاككردنەوەی ئەو دوژمنەوە و جوانكردنی ژینگەی كوردستان".
رەشید یەحیا، دانیشتووی گوندی بادلیانی سەر بە قەزای سۆران، دەڵێت "دوای 15 ساڵ كاركردنم لەناو ئاگر و ژیانێكی پڕ لەمەترسیانە، پێیان گوتم بڕۆ ماڵەوە ئیتر كارمان بە تۆ نەما، بێئەوەی خزمەتێكمان بۆ هەژمار بكرێت و مووچەیەكی رێزلێنانمان لەلایەن حكومەتەوە بۆ دیاریبكرێت، راستە ئێمە لەگەڵ رێكخراوێكی ناحكومی كارمان كردووە، بەڵام لەپێناو پاككردنەوەی شوێن و ناوچەكانی كوردستان لەمین و تەقەمەنیەكان بووە، لەلایەكی دیكەوە ئایا بۆچی رێكخراوەكە تەنها لەسۆران وەستا، لەشوێنەكانی دیكە كارەكانی بەردەوامە، دەبوایە بەرلەوەستانی رێكخراوەكە هەماهەنگی لەنێوان حكومەتی هەرێم و رێخراوی ئێم ئەی جی هەبوایە، كە حیسابێك بۆ ئەو كارمەندانە بكرابوایە، نەك بەشێوەی ئێستا كە نازانین پەنا بۆ كام كار بەرین، هیوادرین بەزووترین كات كێشەكەمان چارەسەر بكرێت و ئەو خزمەتەی چەندین ساڵەمان بەهەدەر نەڕوات".
ئیسماعیل رەسوڵ، دانیشتووی شاری رواندز، ئاماژەی بەوەكرد "زیاتر لە 15 ساڵ، كارم لەگەڵ تیمی سۆرانی رێكخراوی ئێم ئەی جی كرد، بەسەرپەرشتیكردنی تیمێك و بەشداریكردنم لەچەندین شوێن بە لابردنی مین و تەقاندنەوەی تەقەمەنییەكان، كەچی تیمی سۆران راگیرا و بە قوتابیەكانیان گوت بڕۆن بۆ ماڵەوە، بێئەوەی هیچ حیسابێكمان بۆ بكرێت، كە ژمارەی سەرۆك تیم و مین لابەرەكانی تیمی سۆران، نزیكەی 60 كارمەند بوو، جگە لەخزمەتگوزارەكان و شۆفێران، دوای ئەوە نزیكەی 15 لەو قوتابیانە، بەشێوەی تیروپشك لەدەزگای گشتی بۆ كاروباری مین، كە بارەگاكەیان لەحامیەی رواندزە وەرگیران، ئەوانی دیكەش تا ئێستا زۆربەیان بەبێ كاری ماونەتەوە، بەناچاری پەنایان بۆ كرێكاری بردووە".
فكری حەمەد، مشیر خدر، دوو كارمەندی تری ئەو رێكخراوە بوون، بەهەمان شێوەی هاورێ و هاوكارەكانیان گلەییان لەبێكاری هەبوو، سەبارەت بەو پرسە و چارەنووسی ئەو كارمەندانە پەیوەندیمانكرد بە ئاكۆ عەزێز، بەڕێوەبەری پەروەردەی وشیاركردنەوەی مین، رایگەیاند "دوای نەمانی رێكخراوی ئێم ئەی جی لەسۆران، ئێمە ژمارەیەكمان لەكارمەندەكان وەرگرتن كە لای ئێمە كاربكەن، لەمەودواش ئێمە بەپێی پێداویستی كارمەند وەردەگرین، بەڵام لەوانەیە ئێمە كارمەندێكمان بووێت ئەو مەرجانە لەو كارمەندانە بەدی نەكرێت، كە پێویستیمان پێیان هەیە، ئەگەرنا هەقی خۆیەتی تاكو ئەوان هەبن، كەسانی دیكە وەرنەگیرێن، راستیشە كارمەندانی ئێم ئەی جی لەسۆران، لەو چەند ساڵەی رابردوو كارێكی پیرۆزیان ئەنجامداوە، بەڵام كاری گرێبەست ئەوهایە هەركاتێك پێت بڵێن كارمان تەواو دەبێت وازبهێنیت، بەڵام پێویستە حكومەتیش ئەوەی لەبەرچاو بێت، كە ئەو جۆرە كەسانە پشتگوێ نەخات، بەڵكو هەڵی كاریان بۆ بدۆزێتەوە، بەپێی ئەوەی كە ئەوان شارەزاییەكی باشیان لەو بوارەدا پەیداكردووە".
ئاكۆ عەزیز، گوتیشی "لام سەیر بوو كە تەنها تیمی سۆران وەستا و گوتیان پارەكەمان تەواو بوو، كەچی لەشوێن و پارێزگاكانی دیكە كارەكانیان بەردەوامە، بەڵام دیارە ئەو رێكخراوانەی پارە دەبەخشن، بەپێی پارێزگاكانە، دیارە لەو مەجالە پارە بە پارێزگای هەولێر نەبەخشراوە".
 


 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com