ڕوونكردنەوەیەك بۆ گۆڤاری سڤیل  

 

 

لە ژمارە (41)ـی بەرواری (3/7/2010) گۆڤاری (سڤیل) بابەتێك بڵاوكراوەتەوە، كە تێیدا تۆمەتی ئەوە دەخاتە پاڵ بزووتنەوەی ئیسلامیی، گوایە وەزارەتی ئەوقافی ئیستغلال كردبێت.
ڕاپۆرتەكە پشتی بەچەند زانیارییەك بەستووە، كە لە خودی ڕاگەیاندنی وەزارەتەكەمانەوە بڵاوكراوەتەوە و هەوڵیداوە بەشێوەیەك ئەو زانیاریانە شرۆڤە بكات، گوایە كردنەوەی پەیمانگای لەبەركردنی قورئانی پیرۆز یاخود كردنەوەی خولی فێربوونی قورئانی پیرۆز لە مزگەوتەكاندا لە مادە قەدەغەكراوەكانبێت و چەند بەڕێزێكی دیكەش كە لە ڕاپۆرتەكەی (سڤیل)ـدا بۆچوونیان وەرگیراوە، واپیشاندەدەن كە ئەم خولانەی وەزارەتی ئەوقاف بۆ منداڵانی كوردستانی كردووەتەوە نایاساییە و هەندێ جاریش وەك هەنگاوی دەستوەردان لە كاروباری پەروەردە وەسفكراوە، بۆیە بە پێویستی دەزانین ئەم ڕاستیانە بخەینە ڕوو:
1ـ بزووتنەوەی ئیسلامیی وەك هەر هێزێكی سیاسیی كوردستانە و بەپێی ئیستیحقاقی ئینتیخابی بەشداری لەحكومەتی هەرێم كردووە و لەسەر ئەو یاسا و سیاسەتە دەڕوات، كە حكومەتی هەرێم كاری پێدەكات، دانانی بەڕێوبەری پەیمانگایەك یاخود زیادبوونی ژمارەی ئەو خولانەی فێربوونی قورئانی پیرۆز، كە لەمزگەوتەكانی كوردستاندا هەیە هەرگیز ئەوە ناگەیەنێت كە بزووتنەوەی ئیسلامیی ئیستیغلالی وەزارەتی ئەوقافی كردبێت، بۆ تەئكیدكردنەوەی ئەم بۆچوونەش چەندین ڕاوێژكار و بەڕێوەبەری گشتی و بەرپرسی ئیداری جۆراوجۆر لەناو وەزارەتی ئەوقاف كاردەكەن و لە هەموو بڕیارێكی هەستیاری وەزارەتدا ئەگەرچی زۆربەیان لەسەلاحیاتی خودی وەزیری ئەوقافە، بەڵام لەو بڕیارە هەستیار و چارەنووس سازانەدا پرس و ڕا لەگەڵ بەرپرسانی دیكەی وەزارەت ئاڵوگۆڕ كراوە و ڕاوبۆچوونی هەموو بەرپرسانی وەزارەت بەهەند وەرگیراوە و هەندێ جاریش بڕیارەكان لەسەر داواكاری و پێشنیاری خۆیان بووە، بۆیە ناحەقیەكی گەورەیە تۆمەتی ئەوە بخرێتە پاڵ وەزیری ئەوقاف كە ئەندامی مەكتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامییە گوایە وەزارەتی ئەوقافی ئیستیغلال كردووە.
2_ خولەكانی قورئانی پیرۆز لە مزگەوتەكاندا بۆ منداڵانی كوردستان هەموو هاوینێك لە هەموو كابینەكانی پێشووی حكومەتدا كراونەتەوە و گوێمان لێنەبووە وەك (محرمات) سەیربكرێت، ئاخۆ بۆچی ئێستا ئەم بابەتە وەك كەرەستەی ڕۆژنامەوانی بەكاردێنن؟
3_ بەپێی یاسای ژمارە (11 ی ساڵی 2007)ـی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی كە پەرلەمانی كوردستان موسادەقەی لەسەركردووە، گەشەپێدانی هۆشیاری ئیسلامیی و بڵاوكردنەوەی ڕۆشنبیری ئیسلامیی و پڕەنسیپە شكۆمەندەكانی یەكێكە لە ئامانجەكانی وەزارەت، مزگەوتەكانیش دامەزراوەی سەرەكی وەزارەتی ئەوقافن و ئەو مامۆستا ئایینیانەش لە مزگەوتەكان وانە دەڵێنەوە فەرمانبەری وەزارەتی ئەوقافن و بەپێی ڕەزامەندی بەڕێوەبەری ئەوقافەكان خولی فێربوونی قورئانی پیرۆز لە مزگەوتەكاندا كراوەتەوە، كە تەنها (45) ڕۆژ بەردەوام دەبێت، كەواتە وەزارەتی ئەوقاف بەپێی یاسا و ڕێساكان كاریكردووەو دەستی لەكارێك وەرنەداوە كە كاری خۆی نەبێت.
4_ پەیمانگای لەبەركردنی قورئانی پیرۆز لەئەنجامی پڕۆتۆكۆڵی نێوان وەزارەتی ئەوقافی حكومەتی هەرێم و مەشیەخەی ئەزهەر لە كوردستان كراوەتەوە و سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانیش ئاگاداری هەموو ڕێككەوتن و بڕگەكانی ئەم پڕۆتۆكۆڵەیە.
هیوادارین گۆڤاری (سڤیل) و هەموو كەناڵەكانی ڕاگەیاندن پشت بە پرەنسیپی ڕۆژنامەوانی ببەستن و لە ڕوانگەی سیاسەت و بیركردنەوەی شەخسی یاخود حزبی كارنەكەن، بۆ ئەوەی میسداقیەتیان لە دەست نەدەن.

* راگەیاندنی وەزارەتی ئەوقاف
 


 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com