تەنیا لەناوچە سنوریەكانی سلێمانی 535 خێزان بەهۆی تۆپبارانەكانی ئێرانەوە ئاوارە دەبن  

 

 

سڤیل: سەركەوت ئەحمەد




بەڕێوەبەری كۆچ و كۆچبەرانی سلێمانی رایگەیاند، كە تەنیا لەناوچە سنورییەكانی پارێزگای سلێمانی 535 خێزان بەهۆی تۆپبارانەكانی كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ئاوارە بوونە و لەرووی ئابوورییەوە زەرەری زۆریان كردووە و حكومەت و رێكخراوەكانیش بەئەركی خۆیان هەڵساون لەیارمەتیدانیان.
جەبار محەمەد عەلی، بەڕێوەبەری كۆچ و كۆچبەرانی سلێمانی، دەربارەی بارودۆخی ئاوارەكانی بناری قەندیل كە لەئەنجامی تۆپبارانەكانی ئێرانەوە ئاوارە بوون، باسی لەوە كرد لەسنوری پارێزگای سلێمانی لەسێ ناوچەدا ئاوارەكانی بناری قەندیل نیشتەجێ بوون، شوێنی یەكەم دۆڵی ڕەزگەیە، كە گوندەكانی ئاڵی ڕەش و دێوگە و سەرخانە، كەپێك دێن لە 64 خێزان.
جەبار محەمەد باسی لەشوێنێكی تر كرد، ئەو ئاوارانەی لێ كۆبۆتەوە، ئەویش پردی حەسۆیە، كە گوندەكانی ڕەزگە و مارەدوو و شناوە و ئەركەی سەروو، ئەركەی خواروو، گڵەسیئۆ، كە دواتر لەبەستەسێن لەلایەن ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانەوە كەمپێكیان بۆ دروست كراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەو خێزانانە ژمارەیەكی زۆر كەمیان لەكەمپەكەدان، ئەوانەی كە لەتوانایاندا هەیە خانویان گرتووە یان خانویان كڕیوە، یان لەماڵی خزمەكانیان بڵاوبونەتەوە، بۆ ڕانیە و قەڵادزێ و چوارقوڕنە و شوێنەكانی تر.
بەڕێوەبەری كۆچ و كۆچبەرانی سلێمانی باسی لەوەش كرد، زۆرترین رێژەی ئاوارە لەگوندەكانی دۆڵی سیوس هەیە، ئەوانەش نزیكەی 520 خێزان دەبن، كە لەدۆڵی شەهیدان نیشتەجێ بوون.
سەبارەت بەهاوكاریكردنی ئەو خێزانە ئاوارانە ئاماژەی بەوە كرد وەكو كۆچ و كۆچبەرانی سلێمانی توانیویانە دەستی زۆربەی ڕێكخراوە بیانی و مرۆڤدۆستەكان بگرن و بیان بەنە ئەو ناوچانە و كۆمەڵێكی زۆر هاوكاری باشیان پێشكەش بكرێت، لەكەلوپەلی ناوماڵ و خواردەمەنی و خێمە.
جەبار ئەوەشی خستەڕوو توانراوە لەڕێگای پارێزگاری سلێمانیەوە كێشەی ئاویان بۆ چارەسەر بكرێت، ئەویش بە دابینكردنی تەنكەر بۆیان و دابەشكردنی ئاو بەسەریاندا، گوتیشی "لەلایەكی ترەوە توانرا بەهەوڵ و كۆششی حكومەتی هەرێمی كوردستان منحەیەكی حكومەتی ناوەندی لەلایەن مالكی بۆ تەرخان بكرێت، بۆئاوارەكانی هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانی كە بڕی ملیۆنێك دینار بوو بۆ هەر خێزانیك و سێ ملیۆن و نیو بۆ ئەو خێزانانەی كە شەهیدی هەیە، دوو ملیۆن و نیو بۆ ئەو خێزانانەی كە برینداری هەیە".
ئەوەشی ئاشكرا كرد ئەو پارەیە بەشی هەموو خێزانەكانی نەكرد، بەڵام لەهەوڵی ئەوەدان بۆ خێزانەكانی تریش دابین بكەن، گوتیشی "داوامان لە بەڕێوەبەری ناحیەی سەنگەسەر كردووە لیستی ناوی ئەوانەمان بداتێ، كە سودمەند نەبوون بۆ ئەوەی بۆ ئەوانیش ئەو هاوكاریە تەرخان بكرێت".
باسی لەوەش كرد جگە لەو هاوكاریانە بڕی 64 ملیۆن دینار لەلایەن پارێزگاری سلێمانیەوە دابەشكرا، بەسەر ئەوانەی لە گۆجار نیشتەجێ ببوون.
جەبار محەمەد ئامادەیی خۆی دەربڕی لەسەر ئەوەی بەردەوام لەهەوڵدا دەبن، بۆ هاوكاریكردنیان و ئامادەیی خۆشی پیشاندا بۆ دابینكردنی پێداویستیەكانیان بەپێی توانا.
سەبارە بەژمارەی تەواو ئەو گوندانەی لەئەنجامی ئەو تۆپبارانەوە ئاوارە بوون، باسی لەوە كرد ئەوانەی لەدۆڵی شەهیدان نیشتەجێ بوونە ئاوارەی سیوسێ گوندن، هەروەها 3 گوندی سێوكە و ئاڵی ڕەش لەگەڵ 12 گوندی تر كە پردی حەسۆ نیشتەجێ بوون.
ژمارەی خێزانەكانی سەرجەم ئەو گوندانەشی بە 535 خێزان ڕاگەیاند و گوتیشی "باوەڕم وایە ژمارەكە لەوەزیاتربێت، ڕاستە زۆریان لەگۆجاڕ و دۆڵی شەهیدان نیشتەجێ بوون، بەڵام ژمارەیەكی زۆریش لەو خێزانە ئاوارانە هەیە، كە تۆمار نەكراوە بەهۆی ئەوەی گواستویەتیەوە بۆ ناحیە و قەزاكانی نزیك ئەو ناوچانە".
سەبارە بەكۆی زیانە گیانییەكانی ئەو تۆپباران و ئاوارە بوونە ڕایگەیاند: لەدۆڵی شەهیدان لەئەنجامی ئەوەی كە تۆپباران بوو، خەڵكەكە گوندەكانی خۆیان بەجێ هێشت، كارەساتێكی ئۆتۆمبێلی لێ كەوتوە و بووە هۆی گیان لەدەستدانی چوار هاوڵاتی، خێزانی ئەم شەهیدانەش ئەو مینحەیەی حكومەتی ناوەندیان وەرگرت، لەئەنجامی تۆپبارانەكەش هاوڵاتیەك بریندار بووە".
بەڕێوەبەری كۆچ و كۆچبەران كەچەند جارێك لەنزیكەوە بارودۆخی ئاوارەكانی بینیوە، باسی لەوە كرد ئەو ئاوارانە لەماڵ و موڵكی خۆیان بێ بەش بوون، لەباخ و ڕەزەكانیان دوور كەوتونەتەوە، ناتوانن ئاژەڵەكانیان بەخێو بكەن، جگە لەوە ژیان لەخێمەدا بەسەر دەبەن، گوتیشی "بەشێوەیەكی گشتی بارودۆخیان لەبارێكی خراپدایە، بەڵام حكومەت و ڕێكخراوەكان كەمتەرخەم نەبوون بەرامبەریان، هەرئەوەندەمان پێدەكرێ، چی زیاتریشمان پێبكرێ لەخزمەتیانداین".
سەبارەت بەزیانە ماددیەكان ئەوەی خستەڕوو لەئەنجامی ئەو تۆپبارانەی ناوچە سنوریەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی گرتۆتەوە، بۆتە هۆی سوتاندنی چەندین باخ و ڕەز، هەروەها ئاوارەكانیش لەئەنجامی نەبوونی پاوەنی تایبەت بەخۆیان لەشوێنی نیشتەجێبوونی ئێستایاندا ناچار ئاژەڵەكانیان بەزەرەر فرۆشتوە و ئەمەش زیانی بەلایەنی ئابوریان گەیاندووە، وتیشی "لەكۆمەڵگای كوردیدا هەر گوندێك پاوەنی خۆی هەیە بۆ ئاژەڵەكانی، بۆیە ئەو گوندە ڕێگە نادات بەگوندی تر پاوەنەكەی بەكار بهێنێت، ئەمەش وای كردوە ئەو ئاوارانە زۆربەی مەڕوماڵاتیان بفرۆشن".


 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com