|
شەوانە
لە هەولێر بەسەدان كرێكاری عەرەب لەسەر شۆستە
و سەیارە بارهەڵگرەكان دەخەون
سڤیل: محەمەد گۆران
شەوانە بەسەدان كرێكاری عەرەب، كە زۆرینەیان
خەڵكی شاری موسڵن و بۆ كرێكاری هاتوونەتە شاری
هەولێر، لەسەر هەردوو شەقامی مەخمور و شەقامی
سەدمەتری بەلای گەڕەكی ماجیداوە، لەسەر شۆستە
و پشتەوەی سەیارە بارهەڵگرەكان و تەنانەت
هەندێكیان لەناو حاویەكانیش دەخەون،
لەبەرامبەریشدا وەزارەتی كار و كاروباری
كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان خۆی
بەلایەنی پەیوەندیدار بەكێشەكە نازانێت و
بەرپرسیارێتی دیاردەكە دەخاتە ئەستۆی
قایمقامیەتی هەولێر، بەهەمانشێوە قایمقامی
هەولێریش ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، كە قسەكردن
لەسەر مەسەلەیەكی ئاوا، ئیشی وەزارەتی كار و
كاروباری كۆمەڵایەتییە.
لەدوای ساڵی 2003 بەو لاوە، بەهەزاران كرێكاری
بیانی بۆ ئیشكردن روویانكردە شارەكانی
كوردستان، هەولێریش بەو پێیەی كە پایتەختی
هەرێمی كوردستانە و هەڵی كاركردنی تێدا
زۆرترە، پشكی شێری بەركەوت لەهاتنی كرێكارە
بیانییەكان، بەڵام ئەوەی كرێكارە بیانی و
كرێكارە عەرەبەكان لەیەكتری جیا دەكاتەوە،
ئەوەیە كە هاتنی كرێكارە بیانییەكان لەڕێگەی
كۆمپانیاكانەوەیە و تەواوی پێداویستی خواردن و
شوێنی مانەوە و نوستنیان بۆ دابینكراوە، بەڵام
كرێكارە عەرەبەكانی شارەكانی دیكەی عێراق،
لەسەر بڕیاری شەخسی خۆیان و دوور لەكۆمپانیا و
هەبوونی گرێبەستی پێشوەختە هاتوونەتە كوردستان
و دەیان كێشەی جۆراوجۆریان هەیە، كە وەكو
خۆیان ئاماژەی بۆ دەكەن، كێشەی سەرەكیان
لەكوردستان "نەبوونی شوێنی نووستن"ە.
گرفتێكی دیكەی ئەو كرێكارە عەرەبانە، پێنەدانی
هەقدەستەكەیانە لەلایەن خاوەن كارەكانیانەوە
(باسم حوسێن) یەكێ لەو كرێكارانەی شاری موسڵە
و ئاماژە بەوە دەكات، كە ئەوان سەرەڕای ئەوەی
كارێكی زۆر و هەقدەستێكی كەمیان پێدەدەرێت،
لەگەڵ ئەوەشدا زۆرجار هەقدەستەكەیان لێ
زەوتدەكرێت، ئەو كوڕە كرێكارەی موسڵ بۆ (سڤیل)
ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، كە رۆژانە 18 كاتژمێر
لەبەرامبەر 18 هەزار دینار لەچێشتخانەیەك
لەگەڕەكی نەورۆز لەشاری هەولێر كاری دەكرد.
بەسام ئەو رۆژەی كە بۆ (سڤیل) قسەی كرد، دەستی
لەكارەكەی هەڵگرتبوو، دەڵێت "من ئەگەر تەنها
یەك رۆژی دیكە ئەو كارە بكەم دەمرم، بۆیە هەر
ئەمڕۆ كارەكەم جێهێشت و خاوەنكارەكەشم پارەی
17 رۆژی لایە و پارەكەم پێنادا، بۆیە دەمەوێت
شكاتی لێبكەم"، بەڵام كاتێك (سڤیل) پەیوەندی
كرد بەخاوەنی چێشتخانەی (ب) لەگەڕەكی نەورۆز،
ئەویش قسەی خۆی هەبوو و گوتی "من پێشتر
گرێبەستێكم پێ واژۆ كردووە، كە ئەگەر یەك رۆژ
بمێنێت بۆ سەری مانگ، ئەو دەستلەكارەكەی
هەڵبگرێت، من پارەی ئەو رۆژانەی پێنەدەم كەوا
كاری كردووە"، بەڵام دواتر خاوەنی چێشتخانەكە
رازیبوو بەوەی پارەی كرێی گەڕانەوەكەی بۆ موسڵ
پێبدات و سەرەمانگیش بێتەوە و پارەی 17
رۆژەكەی خۆی وەربگرێت. كرێكارێكی دیكەی
عەرەبیش بەناوی (جاسم فەتاح) ئەویش ئاماژەی بۆ
ئەوە دەكرد، كە خاوەنكارێكی هەولێری پارەی 3
رۆژ كاركردنی ئەوی خواردووە.
شێوازێكی دیكەی ئیستیغیلالكردنی ئەو كرێكارە
عەرەبانە، لایەنە تەندروستی و
مرۆڤایەتییەكەیە، دوای هاتنی ئەو كرێكارانە،
فرۆشتنی گورچیلە خەریكە لەحالەتەوە دەبێتە
دیاردە. (سڤیل) بۆ ئەمە پەیوەندی
بەخانەوادەیەكی شاری هەولێر كرد، كە لەچەند
رۆژی رابردوو، دوای وەستانی گورچیلەی یەكێ
لەكوڕەكانی ئەو ماڵە، لەبەرامبەر 9 ملیۆن
دینار گورچیلەیەكیان لەیەكێ لەو كرێكارە
عەرەبانە كڕیوەتەوە، ئەندامێكی ئەو خانەوادەیە
كە برای كوڕە نەخۆشەكەیە، بۆ (سڤیل) ئەو
قسەیەی پشتڕاستكردەوە و گوتی كە "كرێكارەكە
لەسەر رەزامەندی خۆی گورچیلەكەی بەئێمە
فرۆشتووە"، ئەو كە نەیویست بەهیچ شێوەیەك
ئاماژە بەناوی خۆی و خانەوادەكەی بكرێت،
ئەوەشی گوت كە "دوو برا بوون و هەردووكیان بۆ
كرێكاری هاتبوونە هەولێر، دوای ئەوەی یەكێكیان
لەنەخۆشخانە خەوێنرا بۆ پێدانی گورچیلەكە،
دایكیان تەلەفۆنی بۆ براكەی دیكەی دەكرد و
دەیگوت، ئەوجارە زۆرتان پێچوو، بۆ نایەنەوە،
ئەوانیش بەبێ پرسكردن بەماڵەوە ئەو كارەیان
كردبوو، بۆیە براكەی دیكەی نەیدەتوانی راستی
مەسەلەكە بۆ دایكی رونبكاتەوە"، كوڕە
هەولێرییەكە ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، كە ئەو
كرێكارە عەرەبانەی هەولێر، پێشووتریش
لەبەرامبەر بڕێك پارە گورچیلەی خۆیان
بەخەڵكانی دیكە داوە و هەر كڕیارە كۆنەكانیش
ئەو دوو برایەیان بۆ ئەوان دۆزیوەتەوە".
ئەو رۆژەی كە چووینە لای كرێكارە عەرەبەكانی
سەر شەقامی مەخمور، كاتژمێر 7ی ئێوارە بوو،
تازە خەریك بوون پێخەفەكانیان كە لەناو گونیە
لولدرابوو، دەهێنایە دەرەوە و لەسەری
پاڵدەكەوتن. دیمەنێكی سەرنجڕاكێشیان
دروستكردبوو، لەشەقامی مەخمور بەلای گەڕەكی
بەهار، هەروەها لەسەر شەقامی سەدمەتری،
دیسانەوە بەهەردوو لای گەڕەكی ماجیداوە و
بەهار بەدرێژای چەند سەد مەترێك ئەو كرێكارانە
لەسەر شۆستە و پشتەوەی سەیارە بارهەڵگرەكانی
كە لەو ناوە راگیرابوون، تەنانەت لەناو
حاویەكانیش خەریكی راخستنی پێخەفەكانیان بوون.
ئەو كرێكارانە تەنها داواكاریان لەحكومەتی
هەرێم، دابینكردنی شوێنی نووستنیان بوو،
لەوەڵامی ئەوەش كە بۆچی لەهۆتێڵە هەرزانەكانی
ناوشار ناخەون، یەكێك لەوان دەیگوت "ئێمە
زۆربەمان رۆژانەكەمان لەنێوان 15 بۆ 20 هەزار
دینارە، جا چی بكەینە مەسرەف و چیش بۆ ماڵ و
منداڵ ببەینەوە كە چاوەڕوانی ئێمە دەكەن".
ئەوان وەكو خۆیان ئاماژەی بۆ دەكەن، زۆربەیان
15 رۆژ لەهەولێر دەمێننەوە و دواتر ماوەی چەند
رۆژێك دەگەڕێنەوە ماڵەوە و ئینجا دووبارە
دێنەوە (كازم عەلی) هێمای بۆ ئەوەكرد كە ماوەی
هەفتەیەك دەبێت تەنها یەكجار خۆی شوشتووە،
گوتیشی "ئێمە زۆر سوپاسی خەڵكی هەولێر دەكەین،
ئەوان وەكو هاوشاری خۆیان لێمان دەڕوانن"،
(هادی رەشید) كە دانیشتووی گەڕەكی بەهار
لەنزیك كرێكارە عەرەبانەكە، دەڵێت "ئەوە ئیشی
حكومەتە كە خەمێك لەو كرێكارانە بخوات، ئەگینا
خەڵك ئەوەی لەدەستی هاتبێت بۆیانی كردووە"،
ئەو گوتی "من چەند جارێك بینیومە
دەوڵەمەندەكانی هەولێر بەسەدان نەفەر كەباب
دەكڕن و دەیهێنن لێرە بەسەر ئەو كرێكارانە
دابەشی دەكەن"، یەكێ لەكرێكارەكان ئەو قسەیەی
(مام هادی) پشتڕاستكردەوە.
كرێكارەكان زۆربەیان خەڵكی ناوشاری موسڵن و
هەشیانە لەشوێنەكانی دیكەی وەكو بەعاج و
رەبیعە و گەیارە و مەخمور هاتوون و بەشێكی
كەمیان نەبێت، ئەگینا هەمووشیان خاوەن ژن و
منداڵن، یەكێ لەكرێكارەكان كە ناوی (موهەنەد
مەحمود محەمەد) بوو، لەناو ئەو حەشامەتەی كە
دەورەی ئێمەیان دابوو، هاتە پێشەوە و گوتی "من
نەخۆشێكم لەماڵەوە هەیە و لەعێراق چارەسەر
ناكرێت، داوا لەپارێزگاری هەولێر دەكەم
یارمەتیم بدات". كرێكارێكی دیكە كە ناوی
(عەردان حەمود موحسین) بوو، ئەویش باسی
لەوەكرد كە ئەگەر لەموسڵ ئیشوكارێك هەبووایە،
نەدەهاتن بەو شێوە ژیانە لەهەولێر كاربكەن،
دەڵێت "ئەگەر بڕوا دەكەی، ئێمە لەماڵەوە 10
كەسین و تەنها من هاتووم كە لێرە بڕێك پارە
ئیشبكەم بۆیان ببەمەوە".
سەبارەت بەو بارودۆخەی كە كرێكارەكان تێیدا
دەژین، پەیوەندیمان بە بەڕێوەبەرایەتی كار
لەوەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی كرد،
بەڵام ئەوان وتیان كە كێشەی شوێن و مانەوەی
ئەو كرێكارانە هیچ پەیوەندیەكی بەوانەوە نییە
و ئەمە كاری قایمقامیەتی هەولێرە.
نیهاد قۆجە، قایمقامی قەزای هەولێر، ئەویش
رەتیكردەوە كە كێشەی كرێكارە عەرەبەكان
پەیوەندی بەقایمقامیەتی هەولێر هەبێت و بۆ
(سڤیل) گوتی "ئەوانە بەموافەقەی ئاسایش
هاتوونەتە ناو هەولێر، بۆیە هیچ پەیوەندیەكی
بەئێمەوە نییە"، گوتیشی "ئەی ئەو سواڵكەرانەی
كە لەدەرەوەی هەولێر دێنە ناو ئەوشارە، ئەوان
پەیوەندی بەكێ هەیە، بۆیە بەهیچ شێوەیەك كێشەی
نووستنی ئەو كرێكارە عەرەبانە پەیوەندی
بەئێمەوە نییە".
|