دەرزی لێدان لەلایەن ناشارەزایان خزمەتكردنێكی ترسناكە  

 

 

 

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی سۆران:  شوانێك خۆی بە مەڕ و بزن فێری دەرزی لێدان كردووە و ئێستا لە مرۆڤیش دەدات

سڤیل: محەمەد قادر

چەندین هاوڵاتی لە دێهاتەكانی سۆران دەرزی لە نەخۆش دەدەن، خۆیان رووبەڕووی مەترسی دەكەنەوە، شارەزایانی تەندروستیش ئەو كەسانە ئاگادار دەكەنەوە، كە خزمەتەكەیان ترسناكە و رووبەڕووی كارەساتیان دەكاتەوە.
محەمەد عەبد، هاوڵاتیەكی تەمەن 36 ساڵە، دانیشتووی یەكێك لەگەڕەكەكانی شاری سۆرانە، ئەو نەیشاردەوە، كە ماوەی 10 ساڵ دەبێت، كاری لێدانی دەرزی دەكات، بێئەوەی خوێندەواری هەبێت، ئەو هاوڵاتیە گوتی "من ئەو كاتەی ماڵم لە گوند بوو، زۆر جار كاتێ ئەندامانی خێزانەكەمان لەنەخۆشخانە دەگەڕانەوە چەند دەرزیەكیان پێدەدان، بەهۆی ئەوەی كە هیچ بنكەیەكی تەندروستی لەگوندەكەی ئێمە نەبوو، بواری ئەوەشمان نەدەبوو، كە رۆژانە بیانهێنینە سۆران بەمەبەستی لێدانی ئەو دەرزیانە، هەربۆیەش دوای وەرگرتنی هەندێك رێنمایی لەیاریدەدەرێكی پزیشكی، خۆم دەستم دایە ئەو كارەوە و یەكەم تاقیكردنەوەشم لەسەر نەنكم بوو، كە دەرزیم لێدا، دواتریش دەرزیم لەئەندامانی خێزانەكەم دەدا، تا گەیشتە ئەو راددەیەی كە خەڵكی گوندەكەمان بەدوام دەهاتن، كە بچم دەرزیان لێبدەم، "ئەو هاوڵاتییە دان بەوە دەنێت، ئەو كارەی ئەو دەیكات ترسناكە، بە گوتەی خۆی جارێكیش رووبەڕووی مەترسی بۆتەوە، ئەو گوتی "جارێك دەرزیەكم لەیەكێكدا چەند مانگێك لەسەر جێگا كەوت". ئەو هاوڵاتیە لەو رووداوە ترساوە و دەڵێ "بەڵێنم داوە جارێكی دیكە دەرزی بۆ هیچ كەسێك دانەنێم، چونكە تەنها رۆژێك لە مرۆڤ دەقەومێت و ئامۆژگاریشم لەو گەنجە وەرگرت، كە بەهۆی لێدانی دەرزی منەوە خەریكبوو بەشێكی جەستەی لەدەست بدات".
زبێدە ئافرەتێكی تەمەن 45 ساڵەیە لەیەكێك لەگوندەكانی دەڤەری سۆران دادەنیشێت، كاری دەرزیلێدان دەكات، زبێدە گوتی "نزیكەی 15 ساڵ دەبێت كاری لێدانی دەرزی دەكەم، زۆرجار هاوڵاتیان داوایان كردووە دەرزیان لێبدەم، كەچی مەجالم نەبووە و ئەوان لێم توڕە بوونە، بەتایبەتی ئافرەتان كە زیاتر دەرزی لەوان دەدەم، بەڵام جگە لە خۆم 5 كەسی دیكەش لەم گوندەی كە لێی دادەنیشم دەرزی بۆ هاوڵاتیان دادەنێن". زبێدە باسی كوڕە گەنجێكی كرد، كە دەرزی لەخەڵك دەدات و بە سەیر وەسفی كرد، زبێدە گوتی "لەهەمووی سەیرتر كە یەكێكیان دەرزی لەخەڵك دەدات، كوڕە گەنجێكی شوانە و لەسەرەتاوە دەرزی لە بزن و مەڕەكانی داوە، دواتریش لەهاوڵاتیان". ئەو ئافرەتە گوتیشی "من ئەگەر لەسەر خواستی هاوڵاتیان نەبێت دەرزی بۆ كەس دانانێم، بەرلەوەی دەرزیشیان لێبدەم، دەڵێم هەر رووداوێكی ترسناك روبدات بار لەئەستۆی خۆتانە، تا ئێستاش حاڵەتێكی ئەوهام لەدەست روونەداوە، كە دانانی دەرزیەكەم كاریگەری خراپی لێبكەوتەوە و شانازیش بەكارەكەم دەكەم، كە بتوانم زیاتر لەورووەوە خزمەت بەخەڵكی بكەم، هیچ خۆشم لەو كەسانە بەناشارەزاتر نازانم كە بڕیارێكی وەزارەتی تەندروستی، بەبڕوانامەی سەرەتایی و خولێكی 6 مانگە كراونەتە پەرستار و دەرزی بۆ خەڵك دادەنێن، كەچی پێموانیە بەقەد من شارەزایان هەبێت، تەنها گرفتی من ئەوەیە بەهۆی نەخوێندەواریم، ناتوانم ئەم نوسینەی كەلەسەر دەرزیەكان نوسراوە بیخوێنمەوە، زۆربەی جار بەشێوە دەرزییەكان دەناسمەوە، كە بزانم دەرزیەكە هی چییە".
ئاسیە نەجیم، ئافرەتێكی دانیشتووی دەڤەری شاری سۆرانە، بە هۆی دەرزی لێدانەوە تووشی ئیفلیجبوون بووە، ئاسیە دەڵێ "بەهۆی لێدانی دەرزی لەلایەن كەسێكی بێ ئەزموون و ناشارەزا، قاچی چەپەم تووشی ئیفلیج بوو، بەمەبەستی چارەسەركردن، زیاتر لە 20 جار سەردانی نەخۆشخانە و نۆڕینگەكانم كردووە، تاكو دواجار لەلایەن یەكێك لەنۆڕینگەكانی شاری موسڵ چارەسەریم بۆكرا، جگە لەوەی لەو رێگەیەوە پارەیەكی زۆرمان خەرج كرد و توشی قەرزاری بووینەوە، ئەو كەسەی كە دەرزیشی لێدام، كەسێكی نزیكی خۆمان بوو، بۆیە نەمتوانی هیچ سكاڵایەكی لەسەر تۆماربكەم، لەلایەكی دیكەوە لەسەر خواستی خۆم بوو، كە دەرزیەكەی لێدام".
جاران لەگوندەكان ئەو حالەتانە زۆربوون، بەهۆی نەبوونی نەخۆشخانە لەو گوندانە، بەڵام ئەوەی ئێستا زۆرتر جێگەی نیگەرانییە كە تا ئێستا ناوچەگەلی وەها هەبن خەڵكی نەشارەزا دەرزی لە نەخۆش بدات، دكتۆر مەقسود ئیسماعیل، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتی سۆران لەلێدوانێكی تایبەت بە (سڤیل) گوتی "كاتێ پزیشك نەخۆشەكەی دەپشكنێ و دەرمانی بۆ دەنووسی زۆربەیان دەیانگوت دەرزی بۆ نەخۆشەكەمان مەنووسە، لەبەرئەوەی كەس لەشوێنەكەمان نییە دەرزیەكە دابنێت، هەندێكیشیان گوێیان پێنەدەدا و كاتێ دەچوونە ماڵەوە بێئەوەی تۆزقاڵێك زانیاریان هەبێت، دەرزیەكەیان بۆ نەخۆشەكە دادەنا، ئەوەش زۆرجار كاریگەری خراپی لێكەوتۆتەوە، بۆنموونە من گوێبیستی كەسی وابوومە گوتیانە ئێمە لەكاتی شوانەتی لە ئاژەڵەكانمان فێری دەرزی لێدان بووین، دواتریش دەرزیمان بۆ مرۆڤی نەخۆش داناوە، دیارە ئەو دیاردەیەش تا ئێستا بوونی هەیە، نەك تەنها لەگوندەكاندا، بەڵكو لەناو شار و گەڕەكەكانی سۆرانیش، كەسانێك هەن لەوانەیە خوێندەواریشیان نەبێت، كەچی دەرزی بۆ خەڵكی دادەنێن، سەرەڕای هەبوونی نەخۆشخانە و چەندەها بنكەی تەندروستی".

 


 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com